»  بینین
بازرگانی بە جەنگەوە!
دڵسۆزحەمە



دیسانەوە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، رۆڵەی چینە هەژار و زەحمەتكێش و بەرهەمی ژیانی هەزاران خێزانی هەژاری ئەم نیشتمانە رووبەڕوی ئاگری جەنگە سەختەكەن و رۆژانە قوربانی دەدەن، هەمیشە هەژار و چینەكانی ژێرەوەی جڤات دەبنە سوتەمەنی شەڕ و دەسەڵاتدار و چینە بەهێزەكانی كۆمەڵگەو ئێستاش لەسەردەمی گڵۆباڵیزەو جیهانگیریدا چینە بەهێزەكانی دنیا، خاوەنی پارەو پاوەرەكانی جیهان هەم چارەنوسی شەڕەكان دیاری دەكەن و هەم دەسكەوتەكانیشی دەچننەوە، رەنگە هیچ شەڕێك وەكو ئەمەی داعش لە عێراق و سوریادا نەیتوانیبێت گوزارش لەو بازرگانیە ناشرین و قێزەونە بكات كە جەنگ و ماڵوێرانی و كوشتارگە دەتوانێت دەستەبەری بكات بۆ بازرگانە گەورەكانی دنیا و بۆ وڵاتە زلهێزەكان.
من بە توندی دژی ئەوەم هەموو دیاردەیەكی توندڕەوی، هەمو كێشەكانی كۆمەڵگە، هەموو شەڕ و ناكۆكی و ناشرینیەكانی ژیانمان هەڵدەینە سەرشانی ئەمەریكا و رۆژئاوا و زلهێزەكانی دنیا، هەمو جەنگێك بە دروستكراوی ئەوان بزانین و هەموو قەیرانێك لە تیۆری موئامەرەوە بخوێنینەوە، بەڵام ناشكرێت چاو لەو هەموو نادادوەری و سەوداو مامەڵە ناشرین و قێزەونە بكرێت كە ئەم زلهێزانە بە ئاشكراو بێ پەردە بە شەڕی داعش و كێشەی سوریا و،ململانێی كورد و توركیا و كێشەی موسڵ و كەركوك و تەواوی ئەو دۆسیەو پرسە ئاڵۆزانەی ترەوە دەكرێت كە لەم ناوچانەدا دەیان ئاگری جەنگی كردۆتەوە و بە ملیۆنەها مرۆڤی ئەم ناوچانەی دووجاری ئاوارەبون و ماڵوێرانی و دەمار و كوشتن و بڕین كردۆتەوە!
ئاخر هاوپەیمانان چونكە بەرژەوەندی وەها دەیخواست لە ماوەی بیستوچوار كاتژمێردا سوپای عێراقیان لە كوێت راونا و میرو دەسەڵاتی كوەیتیان هێنایەوە ناو ووڵات، بەلام كۆمەڵێك چەكداری دەرەكی وەكو داعش بۆتە گرێیەكی زۆر زەحمەت و پڕۆسەیەكی سەربازی پڕ لە كۆسپ كە ئەوە دووساڵەو پێدەچێت چەند ساڵێكی تریش نەتوانرێت لەناوببرێن بە پێێ ووتەبێژی بنتاگۆن و دەسەڵاتدارانی ئەمێركا.
بە پێی لێكۆڵینەوەكان تائێستا پەنجا هەزار ئۆتۆمۆبیلی جۆری تۆیۆتا لە كۆمپانیای تۆیۆتا كڕدراوەو رادەستی داعش كراوە، ئەوەی هەستاوە بە كڕین و رادەستكردنی ئەو ئۆتۆمۆبیلانە چەند كۆمپانیایەكی سعودی و ئیماراتی و قەتەرین!! سعودیە بێپەردە و بە پێش چاوی دنیاوە هاوكار و هاپشت و هاودید و هاوپشتیوانی تیرۆریستەكانی داعشە و گەورەترین سەرچاوەی لۆجستی ئەوانە، توركیا كڕیاری سەرەكی نەوتی داعش و سەرەڕێگای ئاودیوكردی لۆجستی و ئاودیوكردی تیرۆریستەكانی ئەو گروپەیە كە لە ئەوروپاوە دێن، ووڵاتانی سوننەی عەرەب، بەلامانەوە سەیر نەبێت ئەگەر بڵێین عەرەبە سوننەكانی عێراق نەك پشتیوان و خانەخوێی داعشن بەڵكو سەرەڕای زەبرو زەنگ و بەكارهێنانی تۆقاندنی داعش هاوكاتیش ئەگەر ئەو هێزە لەناو سوننەكانی موسڵدا باوەشێكی گەرم و قەبوڵكردنی نەبوایە نەیدەتوانی بمێنێتەوە!! ئاخر شارێكی دوو ملیۆنی بەو ناوبانگە سەربازیەی سەردەمی بەعس وئێستایشەوە چۆن وەها لە ماوەی چەند سەعاتێكدا دەكەوتە بندەستی چەندسەد چەكدرایكی دەرەكی ئەگەر خەڵكی موسڵ خۆی ئەم هێزەی پێ قەبوڵ نەبێت؟؟ هێزێك كە ئێستا بۆ دەرپەڕاندنی خوێنی گەش وبەنرخی پێشمەرگەی بۆ دەڕژێ!
 ئاخر ئاودیوكردنی پەنجا هەزار ئۆتۆمبیلی تۆیۆتا هەروا كارێكی ئاسان نیە بە پێش چاوی سەتەلایت وكامێراكانی چاودێری وفڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی دەزگاكانی موخابەراتی ئەمەریكا و زلهێزەكانەوە! بەڵام چونكە ئەوە بەشێكە لە بازرگانیە قێزەونەكە كە لەم ناوچەیەدا دەگوزەرێت مەگەر لە دەزگاكانەوە قسەی لەسەر بكرێت ئەگینا كێشەیەك نیە.
لەگەڵ رەوایەتی هەندێك جەنگیشدا بەڵام هەمیشە جەنگ ترسناكترین شێوازی چارەسەرە، ئەم جەنگەی ئێستا لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت وهێزی پێشمەرگەی كوردستان خوێنی بۆ دەڕژێت شەڕێكی ناڕەوایە و جەنگێكە كە هەموو دەزانن كۆتایی بە كێشە ئاڵۆزەكانی ئەم دەڤەرە ناهێنێت، بەڵكو یاریكردنە بە چارەنوس وئازاری خەڵكە ئاساییەكان، مەسیحیەكانی دەشتی نەینەوا دەركران و ماڵ و حاڵیان تاڵان كراوە، یەزیدیەكان جینۆساید كران، شەبەك وكاكەیی وسابیئەی ئەو ناوچەیە لە ژێر هەڕەشەی كوشتن و جینۆسایدا شەڕی مانەوەی خۆیان دەكەن، كورد دەیەوێت ناوچەكانی 140بگەڕێنێتەوە كە خوێنی بۆڕشتوە بەڵام هەموو ئەوانی تر، زلهێزەكان و گەمەكەرە سەرەكیەكان خەیاڵێكی تریان پێیە كە زۆۆر دوورە لە خەیاڵی شەڕكەرە راستەقینەكانی ناو ئاگری جەنگەكە، ئەمەیە خۆی لوتكەی ناڕەوایی و نادادوەری ئەوەی كە لەم دەڤەرە دەگوزەرێت!!

‌ 3712 جار بینراوه‌
10/22/2016 10:48:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved