»  کاتژمێر یازدە
سەركەوتنە گەورەكەی كەركوك و هەوڵە نەزۆكەكان بۆ شێواندنی
شوان داودی







بەرەبەیانی هەینی 21ـی تشرینی یەكەمی 2016 كەركوك رووبەڕووی كردەوەیەكی گەورەی  تیرۆرستی بوەوە كە بە گەورەترین كردەوەی تیرۆرستی ئەژمار دەكرێت لە جیهاندا بەهۆی زۆری بەشداربوو لە تیرۆریست و خۆكوژ لە دۆخێكی سەربازی و ئاسایشی دیاردا، كە پرۆسەیەكی بەرفراوانی سەربازی لە ئارادایە بۆ رزگاركردنی شاری موسڵ لەكاتێكدا كە كێشەی ئازادكردنی حەویجە ماوە، لێرەدا هەوڵی ئەوە دەدەم خوێندنەوەیەك بۆ ئەو پەلامارە گەورەیەو ئەو سەركەوتنە گەورەترەی كەركوكییەكان تۆماریان كرد لە شكستپێهێنانی تیرۆریستان بكەم كە جیهانی تووشی سەرسوڕمان كرد.
لە دوای رووخانی بەعسەوە كەركوك ئامانجێكی دیاری تیرۆریستان بووە بەناوە جیاجیاكانەوە، هەر لە بەعس و ئەنسار سوننەو سوپای نەقشبەندی و كەتیبەكانی شۆڕشی بیست و قاعیدەوە تا داعش و بە هەموو جۆرێك هەوڵی ئەوەدراوە سوود لە هەر دەرفەتێك وەرگیراوە بۆ زیانگەیاندن بە كەركوك، خۆشبەختانە بەردەوام بەشیان شكست بووە، لە (2003)ـوە تا ئێستا مانگانەو هەفتانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی عێراقەوە پۆلیس لەوە ئاگادار دەكرێنەوە كە دامودەزگا فەرمییەكانی دەوڵەت هێماكانی دەسەڵات چی تەلاری پارێزگا یان بەرێوەبەڕایەتی پۆلیس ئامانجی كردەوە تیرۆرستییەكان دەبن، هەرچەند تێكڕای ئەو ئاگاداركردنەوانە بە درێژایی ئەو چەند ساڵە وردەكاری پێویستی ئەو زانیارییانەی تێدا نەبووە لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ كردووە، بۆ ئەم كردەوەیەش دەزگای هەواڵگری هەوڵی ئەوەی دا كە پۆلیس كەمتەرخەم بكات لەوەی كە پێشتر ئاگاداری كردوونەتەوە، بەڵام وەكو ئاگاداركردنەوەكانی چەند ساڵە هیچ زانیارییەكی پێویست نەدراوەتە پۆلیس و پشتگوێ خرابێت و بەردەوام ئەو تەلارانە ئامانجی تیرۆرستان بوونە بۆ داگیركردن، بەڵام بەردەوام نەیانتوانیوە بەو خەونەیان شادبن.
ماوەیەكە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ رزگاركردنی حەویجە كە تا ئێستا دواخراوە، لە كاتێكدا ترسناكترینی تیرۆریستان كە مەترسییان لەسەر كوردستان و عێراق هەیە لەو سەركردەو ئەمیرانەن كە لە دیالەو ئەنبارو تكریت و پشتێنەی بەغداو شوێنەكانی ترەوە هەڵاتوون، لەوێدا كۆبوونەتەوە بەشێوەیەك حەویجە بۆتە گەورەترین مۆڵگەی كۆكردنەوەی هەموو عەقڵە ترسناكەكانی تیرۆر لە عێراق و ناوچەكە، جگە لەو چاوی تەماحە ترسناكەی توركیا لە خاكی عێراق و ئەو رۆڵە قێزەونەی كە دەیگێڕێت لە نانەوەی پشێوی لە رێگەی دۆسییەكانی موسڵ و كەركوكەوە بۆ بیانووی مانەوەی هێزە رەتكراوەكەی لە عێراق.
كەركوك شارێكی فرە پێكهاتەی جۆراوجۆری ئایینی و ئیتنی و مەزهەبییەو لە رووی ئابوورییەوە شارێكی دەوڵەمەندە لە سێكتەری كانزای نەوت و گاز و گۆگردو سێكتەری كشتوكاڵی و ئاودێری و سامانی ئاژەڵدارییەوە، لەسێكتەری بازرگانی و پیشەسازییەوە، جگە لە لایەنە كلتوورییەكەی كە رەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانیەتی، هەموو كەركوكییەكی رەسەن لانی كەم دوو زمان دەزانێت ئەگەر سێ و چوار زمان نەزانێت، بۆ شێواندنی جوگرافیا و مێژوو، بۆ تێكدانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و كلتوورییەكانی ئەم شارە، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئێستا سیاسەتی ناتەندروستی لەسەر پەیڕەو كراوە، سەدان یاساو بڕیاری نادەستوری بۆ دەركراوە، بەردەوام هەوڵی ئەوەدراوە هەژموونی دەرەوەی شارەكەی بەسەردا بسەپێندرێت، بەردەوام نەوتەكەی بردراوەو دووكەڵەكەی بە قورگدا كراوە، ئێستا كەركوكییەكان قوربانی هەرە گەورەی نێوان هەرێم و بەغدان.
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەم شارە زیاتر لە (105) هەزار خێزانی ئاوارەی شارەكانی فەلوجەو رومادی و دیالەو تكریت و موسڵ و حەویجەو تەنانەت بەشێكی بەغداشی لەخۆگرتووە، كە ژمارەیان لە (650) هەزار كەس تێدەپەڕێت، واتا سێیەكی دانیشتوانی شارەكە پێكدەهێنن، (كارەبا، ئاو، زانكۆ، قوتابخانە، نەخۆشخانە، داودەرمان، خانوو ماڵەكان، بژێوی و قووتی خێزانەكانیان) لەگەڵیان برابەش دابەشكراوە.
لە كاتێكدا هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغدا لەسەر نەوتی كەركوك رێكەوتنیان كردووەو بودجەی عێراقیان لەسەر بنەماكانی ئەو رێكەوتنە داڕشتووە، هیچ لایەكیان پابەندنین لەسەر مافە داراییەكانی شارەكەو هەردوولایان مامەڵەی هاوڵاتی پلە دوو لەگەڵ كەركوكییەكاندا دەكەن،  رۆژانەش بە كوردو عەرەب و توركمان و مەسیحیەكانیشەوە ئەو هەستەمان پێدەدرێت، كە ئێمە لە هەموو سێكتەرەكانی ژیان لە عێراقدا پلە دووین.       
لەوانەیە واهەست بكەن لە بابەتەكە دەرچووبێتم، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری خوێنەر بە پێویستمزانی ئاماژە بەو راستیانە بدەم.
هاوكات لەگەڵ پەلامارەكەدا چەندین كەناڵی نزیك لە وڵاتانی كەنداوو توركیاو هەڵگری بیری داعشی كەوتنە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی جۆراو جۆر، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تویتەرو فەیسبووكیش هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ ئەو مەبەستە لەكاردا بوو.
ئاشكرایە تیرۆریستەكان بە هیممەتی پۆلیسی شارەكە سەركەوتوو نەبوون لە داگیركردنی تەلاری پارێزگاو تەلاری كۆنی پۆلیس و چەند شوێنێكی تر، بۆیە چوونە سەر چەند تەلارێكی كۆن و هۆتێل و مزگەوتەكان، دواتر هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆر رۆڵی گەورەیان هەبوو لە شكستپێهێنان و كۆتاییهێنان بە كردەوەكە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان جگە لە پاراستنی سەنگەرەكان لە روبەروبوونەوەی تیرۆریستان لەناو شاریشدا كەمتەرخەمییان نەكردو، سەرباری هەموو ئەمانە هاوڵاتیانی شارەكەش رۆڵی گەورەو یەكلاكەرەوەیان لەو سەركەوتنە گەورەیەدا هەبوو، كوردەكان دوو رێگایان لەبەردەمدا بوو، یان چەك هەڵگرتن و بەرەنگاری یان ئۆتۆمبیلەكانیان پڕ لە بەنزین كردن و هەڵاتن و چۆڵكردنی شارەكە، خۆشبەختانە رێگای یەكەمیان هەڵبژاردو گەنجەكان هەمووی بوون بە هێزی ئەمنی و شاریان پاراست، عەرەبەكان دوو رێگەیان لەبەردەم بوو، یان بەدەنگەوەچوونی داعش كە گەڕەكەكانیان كۆنترۆڵ كرابوو، یان داخستنی دەرگاكانیان لە داعش و بێدەنگی هەڵبژاردن و لە هەمان كاتدا هاوكاریكردنی دەزگا ئەمنییەكان بە زانیاری، خۆشبەختانە دووەمیان هەڵبژارد.
شەقامی توركمانیش لەم نێوەندەدا هەڵوێستی جوامێرانەیان هەبوو لە هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكان، چونكە دڵنیان لەوەی تەنها ئەو هێزانە دەیانپارێزن.
لەگەڵ ئەو سەركەوتنە گەورەیەدا خەڵكانێك لە كوردو عەرەب و توركمانیش كە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدان بەداخەوە رۆڵی نێگەتیفیان نواند بۆ شێواندنی سەركەوتنەكان و بەلاڕێدابردنی، لەكاردانەوەی هەڵەو ئیجرائاتی ناقانوونی و موزایەی هەڵبژاردن و لێدوانی ناتەندروستانە بوونە كەرەستەی ئەو كەناڵانەی كە بە بەرنامە كار بۆ شێواندنی دۆخی كەركوك و چاندنی كینە لە نێو پێكهاتەكانیدا دەكەن.
من لەكەركوك دەژیم، رۆژانە كێشەی دەیان ماڵە عەرەب چارەسەر دەكەین، چونكە پەرلەمانتارە عەرەبەكانی كەركوك و ئەوانی تریش كە لە شاشەكانەوە زماندرێژی دەكەن و لە موناسەباتی قەومی و وەتەنیدا نەبێت كەركوك نابینن، لە پرسێكی لەمشێوەیەدا وەكو قارچك هەڵدەتۆقن بۆ چاندنی رق و كینە لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا، لێرەوە بەو پەرلەمانتارە گۆشەگیرو دوور لە جەماوەریان دەڵێم: ئێوە لە كوێن بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سەربەرزەكانتان بۆ ئەو ناوچانەی رزگاركراون لە دیالەو سەڵاحەدین و لە رومادی و دەپرسم: بۆ ئاوارەكانی مقدادیەو سلێمان بەگ و عوزێم نابەنەوە شوێنەكانی خۆیان، لەكاتێكدا گەورەترین خزمەت بە ئاوارە گەڕاندنەوەیەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆی، لەكوێن بۆ هاوكاریكردنی ئیدارەی كەركوك و خەڵكی كەركوك لە خزمەتكردنی جەماوەرە ئاوارەو بێ دەرەتانەكانتان؟.
هەر لێرەشەوە بەو دەنگە نەشازانەی توركمان دەڵێم لەبری ئەوەی پاكانە بۆ هاتنی توركیا بكەن، هەوڵی بەهێزكردن و پڕچەككردنی پۆلیسی شارەكەتان بكەن كە بەشێكی زۆریان لە رۆڵەكانی خۆتانن و قارەمانانە بەرگری لە شارەكەتان دەكەن  باشتر نییە، بەو بەرپرسە كوردانەی كە بەكاردانەوە هەڵەكانیان سەركەوتنەكان ناشرین دەكەن دەڵێم: لەوە زیاتر خوێنی رۆڵەكانمان مەكەنە قوربانی میزاجی خۆتان.   



‌ 2864 جار بینراوه‌
10/29/2016 9:56:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved