»  بینین
داعش گرفتەكە نییە
دڵسۆزحەمە



ئەوەی هەفتەی رابردوو لە كەركوك روویدا شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، هەموو پەلامارێكی لەوجۆرەش بۆ لە هەر پارچەیەكەی عێراق كە پێكهاتەی دیمۆگرافی وەكو كەركوك بێت پێشهاتێكی چاوەڕوانكراوە چی جای ئەو شوێنە هاوسنوری داعش بێت؟!
كارەساتی جەرگبڕ لەم نیشتمانەی ئێمە ئەوە نیە كە هێزێكی تیرۆریست لە ساتەوەختێكی غافڵگیریدا پەلامار دەدات و قوربانی دەخاتەوە، ئەم جۆرە رووداوانە لە ناوجەرگەی ئەمینترین پایتەختەكانی دنیادا روودەدات و چەندان دەزگا ودامەزراوەی گرنگ بەرپەلاماری تیرۆریستی كەوتوون كە خاوەنی سیستەمی پێشكەوتووی سیكیۆریتی پێشكەوتوشن، بەڵام كارەساتی گەورەی پەلاماردانی كەركوك و هەر ناوچەیەكی تری عێراق و كوردستان بەتایبەتی لەو مانا رەمزی و مێژووییانەدا خۆی دەبینێتەوە كە هەڵگریەتی!
هەموو كێشەیەكی ئێمە دەیان برینی تر دەكولێنێتەوە و دۆسیەی چەند ئازارێكی تر دەكاتەوە ودەمانخاتەوە بەردەم پرسیارە گەورەكەی كوردبوون لەم جێگا پڕ كێشەو ئاڵۆزەدا!
 كەركوك و موسڵ لە رووی پێكهاتەی دیمۆگرافیەوە كوتوموت لەیەك دەچن، موسڵ پێكهاتەی دانیشتوانەكەی كورد و مەسیحی وشەبەك وتوركمان و ئەرمەنی و یەزیدیە وكەمینەیەكی عەرەبی سوننەی موحافیزەكارن و لەهەمانكاتیشدا ئەم كەمینە عەرەبە كەمینەیەكی میللیتارین، بەڵكو عەرەبی سوننەی موسڵ لەگەڵ تكریتیەكان بڕبڕەی پشتی سوپای عێراق بوون لە سەردەمی بەعسدا! میللیتاریزەكردنی سوننە عەرەبەكانی موسڵ ئەگەر بەدیوێكدا بە مەبەست و بەرنامە بەشێك بوبێت لە ستراتیژی دەسەڵاتی سوننەی بەعسی عەرەبی ئەوە بە دیوەكەی تردا پێگەیەكی بەهیزی بەخشیوە بەو كەمینە سوننە عەرەبەی ناو موسڵ كە لە چاو باقی دانیشتوانەكەی تردا كەمینەیەكی زۆر بچوكن، بەڵام بەم میللیتاریزەكردنە بەهێزترین پێكهاتەی ئەم شارەبوون، ئەمەش یەكێك بوو لە فاكتەرەكانی كەوتنی ئەو شارە بەو شێوە دراماتیكیە بە دەستی داعش!
داعش گوزارشتە لە خەیاڵی ئیسلامی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی شۆڤینی عەرەبی، ئاخر ئیسلام و عەرەب لە دیدی عەرەبەكاندا دوو رووی یەك دراون و لەمەشدا زۆر راست دەكەن، ئاخر با سوپای داعشی ئەمڕۆ و لەشكری ئیسلام لە دوێنێدا نێونەتەوەیی و پڕ زمان وپێكهاتەو قەومی جیاواز بوبێت بەڵام لەدوجاراد لە ژێر ئاڵاو كەلتورو زمان و ئایینی عەرەبدا تواونەتەوە!
عەرەبەكانی كەركەك بەتایبەتی هاوردەكانیان پێكهاتەیەكن لەو چینە هەژارو جوتیارو دەستكورت و پەڕاوێزخراوانەی بەهۆی پڕۆسەی تەعریبكردنی كەركوكەوە هێنراونەتە سەر دڵ و سەرزەوی و ماڵ وموڵكی كوردەكان، ئەمانە جگە لە نزمی ئاستی ئابوری وكۆمەڵایەتی وئاستی هۆشیاریان هاوكات ئامڕازێك بوون بۆ پیادەكردنی سیاسەتی تەعریب، ئەمانە سەدان ساڵی تر لە كەركوكدا بژین هەرگیز ئینتیمایان بۆ كەركوك وخاكی كەركوك تێدا دروست نابێت بەڵكو هەمیشە پەیوەندی ئەمانە بە كەركوكەوە پەیوەندیەكی بەرژەوەندچێتی و ناسەقامگیر دەبێت، هەربۆیە هەمیشە بۆمبێكی تەوقیتن لە جەستەی كەركوكدا! ئاخر پاساوێكی زۆر نابەجێیە كە بەردەوام دروستبونی داعش بەوهەموو دڕندەیی و رەفتارە خوێناویانەوە دەگەڕێننەوە بۆ پەڕاوێزخستنی سوننەكان لە عێراقدا!! ئاخر سەدان ساڵ پەڕاوێزخستنی كورد و جینۆسایدا وئەنفال وكیمیایی و قەتڵ وعام وڕەفتارەكانی بەعس، ئەو هەموو داپڵۆسینەی بەعس بۆچی لەهەموو هێزی پێشمەرگەی كەردستاندا دوو سەربڕ و دوو قۆڵبڕەوەو و مەفرەزەیەكی ترسناك وتاوانبار و خوێنڕێژ ودڵڕەقی وەكو داعشی بەرهەم نەهێنا ؟؟!! بۆچی كاردانەوەی ئینسانی كورد وهێزی پێشمەرگە بۆ عەرەب و بەعسیەكان سەربڕین و شمشێروەشاندن نەبوو، هەربۆیە ئەوەی ئەو پاساوە بۆ سوننەكان دەهێنێتەوە بەشێكە لە قایلبوون بە هەڵسوكەوتی توندڕەوانەی داعش و هاوشێوەكانی!
ئەو دۆسیە ئازاراویەی كە روداوی پەلاماردانی كەركوك دەیكاتەوە دۆسیەی بێ خاوەنی كەركوك وپەرت وبڵاوی و هەلاهەلابونی ماڵی كوردە لەم دەڤەرە ئاڵۆزەو لەم هەموو كێشەئاڵۆزانەی دەوری تەنیوین، پەلاماردانی كەركوك خەتای دەسەڵاتی كوردی نیەو لە هەموو پارچەیەكی زەوی ئەم ئەگەرە هەیە! بەڵام مانەوەی دۆخی ئیداری وسیاسی و ئەمنی كەركوك بۆ چەندەها ساڵ بەوجۆرە، مەحرومكردنی كەركوك لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەتكردنی كەركوك لە بەینی یەكێتی وپارتیدا وئینجا ئێستاش دۆسیی نەوت و كێشەكانی ئەو دۆسیەیە كە خەریكە دەبێت بە كێشەی ئێران و توركیا ئەمانە هەمووی مایەی شەرم وشەرمەزاریە بۆ كورد و دەسەڵاتی كوردستان نەك دزەكردنی چەند چەكدارێك!!

‌ 2223 جار بینراوه‌
10/29/2016 10:29:04 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved