»  بینین
مێژوویەك دەسخەڕۆیی..كاك نەوشیروان بۆ؟
دڵسۆزحەمە



 یەكێك لە كارەكتەرە بەرپرسیارەكانی ئەم دۆخەی كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی نەوشیروان مستەفایە، حیزبەكەی كاك نەوشیروان نزیكەی حەوت ساڵە لە دەڤەری سلێمانی هێزی یەكەم و خەڵكی ئەوشارە دەنگی پێدان و چارەنوسی سیاسی وئیداری خۆی دایە دەستی بزوتنەوەی گۆڕان و كاك نەوشیران مستەفا، بەڵام لەم حەوت ساڵەدا ئەم شارە رۆژ بە رۆژ شكۆی ئیداری و مەعنەوی و شكۆی سیاسی دێتەخوارەوە هەتا بە خراپترین و ناشرینترین مۆدێلێكی سیاسی كۆتاییهات، شارێك كە تەنانەت پۆستی پارێزگارەكەی دوولەت بێت، شارێك هەموو دامودەزگاو جومگەكانی ژیان وئیدارەدانی توشی ئیفلیجی و داڕووخان هاتووە جگە لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و شپرزەیی و نائارامی سایكۆلۆژی لە ناو دانیشتوانەكەیدا!
 كاك نەوشیروان ئەگەر یەكێك لە فیگەرە گرنگ و مێژووییەكانی بزوتنەوەی چەكداری شاخ بوبێت لە پەنجا ساڵی رابردوودا، ئەگەر یەكێك لە فیگەرە هەرە ماندووەكانی بزوتنەوەی چەكداری بێت ئەوا تاكە سەرەوەرییەكی ئەم پیاوە لە قۆناغی خەباتی شارو دروستبونی ئیدارەی خۆماڵیدا ئەوەیە كە بە دەستپاكی و نەزاهەتی خۆیەوە ماوەتەوەو لەم دۆخەی لە چۆلەكەو دارو درەختی ناو مەڵبەند و لق و دامەزراوە حیزبیەكانیش لە دزی و گەندەڵییەوە ئاڵاون، لەم دۆخەی لە قارەمان و پاڵەوانەكانی شاخ ئێستا قارەمان پاڵەوان و بارۆنی كۆمپانیاو دزی و تاڵانی و گەورەكردن و فراوانكردنی سەرمایە وبزنسەكانیانن لەم دۆخە پڕ تەماع وبریق و كێبڕكێ سەختەدا نەوشیروان مستەفا سەركردەیەكەی خاكی و دەسپاك و نەفسبەرز و هەرگیز بۆ پۆست و پارە نەچەماوەتەوە ئەمە ئەو سەرمایە رەمزیەیە كە خەڵكی بە چاوی رێزو متمانەوە بۆ ئەم پیاوە دەڕوانێت، لە راستیدا ئەوە دۆخێكی سروشتییە كە لە مرۆڤێكی سادەوە هەتا كەسایەتیەكی مێژوویی كە هەڵگری بەها ئەخلاقییە سادەكانی وەكو دەسپاكی و نەفسبەرزی بێت، بەڵام چونكە لە دۆخی كوردستاندا دزەكان و زۆرینەی ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستە هەم دزن و هەم لە هەموو بەها ئەخلاقییەكانی دەسپاكی و راستگۆیی و هەستی بەرپرسیاری داماڵڕاون مانەوەی كەسێكی وەكو نەوشیروان مستەفا بەو بەهایانەوە بۆتە فاكتەرێك كە رێزو متمانەی لەناو خەڵكدا لە سەرەوە بێت، بەڵام وەكو كاراكتەرێكی سیاسی كاریگەر ئەم پیاوە لە قۆناغێ شاردا نەیتوانی و نەیتوانیوە بەرپرسیارانە لە ئاستی متمانەی خەڵكدا بێت، نەوشیروان مستەفا هەر كات كێشەو ئەزمەكان بگەنە بنبەست سەری خۆی هەڵدەگرێت و خەڵك و حیزب و نیشتمان و مرۆڤە سادەكانی دەسخەڕۆ دەكات، مێژووی سیاسی ئەم پیاوە پڕە لەو جۆرە خیشكردن و دووركەوتنەوەیە، لە كاتێكدا سەركردەی كاریزما لەو چركەساتە مێژوویانەدا دەبێت ئامادەییان هەبێت.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت بنەماڵەی ماڵی تاڵەبانی و زۆرێك لە قاعیدەی یەكێتی و زۆرێك لە سەركردە گرنگەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی ئیعتیباری سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەر بیروڕاو قسەكانی كاك نەوشیروان مستەفا دەكەن و ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەكێتی نەوشیروان مستەفا لە دەرەوەی خۆی نابێنێت هەندێك سەركردە نەبێت، ئەی ئیتر ئەم پیاوە بۆچی ئەو هێزەی لە دۆخێكی زۆر ناسكدا بە جێهێشت وبزوتنەوەیەكی نوێی كە كۆنە ئیخوان و كۆنە یەكێتی و خوێندەواری ئینتیهازی و هەندێكن خوێندەواری جدیش پێكهێنا، باشتر نەبوو ئەم ووزانە لەناو یەكێتی نیشتمانیدا كۆكاتەوە و ئەم كێشمەكێشمە لەناو ئەو هێزەدا بەهێزتر وبەبەرهەمتر و رەنگە ئەو كات بواریش زیاتر بڕەخسایە بۆ لە دایكبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی زیندوو لەو خوێندەوار و گەنج و جەماوەرەی نەوەیەكی دوای راپەڕین پەروەردە كردووە، بەڵام نەوشیروان مستەفا هەم رۆحی ئۆپۆزسیۆنی لە كوردستاندا خامۆش كردووە، هەم یەكێتی نیشتمانی بەو دەردە بردووە كە ئێستا پێوەی دەناڵێنێت و لەدواجاریشدا دۆخی كوردستان پێوەی دەناڵێنێت.
 لە شەڕی ناوخۆدا نەشیروان مستەفا كوردستانی بەجێهێشت، لەوەتەی داعش هاتووە لەكوردستان نییە، ئەگەر لەویش بێت ئامادەیی سیاسی زۆر لاوازە، فراكسیۆن و وەزیر و هەموو حیزبەكەیان لە هەولێر بەدەرنا كەچی بە رستەیەكیش كاردانەوەی خۆی بەیان نەكرد، دۆخی سیاسی سلێمانی لە خراپترین دۆخدایە، خۆپیشاندانی مامۆستایان، بڕینی موچە و بژێوی خەڵك، ئەو هەموو مەلەفانەی گەندەڵی و دزیكردن و مەلەفی خوێناوی نەوت، ئەم پیاوە نوتقی لێنایەت، بزوتنەوەكەی لەو مەیدانە بەجێهێشتوە كەس نازانێت خەریكی چین، هەندێك جار ئەندامەكانی ئەوەندە ئیحراجن لە غیابی ئەم پیاوە، سوێند دەخۆن كە ئاگای لێمانە!
 نەوشیروان مستەفا دەیتوانی بەهێزترین ئەڵتەرناتیڤی مەسعود بارزانی بێت، بەڵام ئەو هەمیشە دەتۆرێت و خەڵكی تر دەكات بە ئامڕاز، ئاخر هیچ سیاسیەكی موحەننەك و شارەزا و ئاگاداری مێژووی سایكۆلۆی و كۆمەڵایەتی كوردستان بێت، داوا دەكات د.یوسف محەمەد بكرێتە بەدیلی مەسعود بارزانی كوڕی مەلاستەفای بارزانی؟ بەهێزترین بنەماڵەی سیاسیی كورد لە ئاستی دنیاو ناچەكەش؟؟ ژیری سیاسی بەو مانایە دێت كە راستی و پێدراوەكان لە یەكتر نزیك بكەیتەوە، كاك نەوشیروان نەك ئەمە ناكات، بەڵكو هەمیشە لە ساتەوەختە پێویستەكاندا لەوێ نییە.
سەركردە مانای ئامادەیی هەمیشە لەناو رووداوەكاندا ئەگەر لە ئێستادا تەندروستی وتەمەن، هۆكارێك بن بۆ بێدەنگی ئەم پیاوە، بەڵام بێدەنگی ئەم پیاوە لە دەیان پێچیدەی مێژوویی گرنگدا ئەوەمان پێدەڵێن كە نەوەی نوێ بە نیازی ئەم پیاوە نەبن وەكو دۆخی سلێمانی دەسخەڕۆ دەبین، ئەم كەسایەتیە بۆ نوسین و رێسێرچ دەست دەدات نەك سەركردایەتی خەڵك ئە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا!!

‌ 2676 جار بینراوه‌
11/5/2016 11:47:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved