»  باکور
لە پەراوێزی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی توركیا
شنۆ هیرانی

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەهەڵبژاردنی ئەمجارە رێژەی دەنگەكانی كەمی كرد، بەرێژەیەك لە نێوان 5 مانكدا لە 6ملیۆن دەنگ، یەك ملیۆن دەنگ ولە 80كورسیش لە پەرلەمان 21كورسی لەدەستدا، زۆر گرنگە لێكدانەوەیەكی ئۆبژەكتیفانە بۆ ئەم دیاریدەیە بكرێت، لەم ماوەیەدا دۆخێكی زۆر نائاسایی هاتە ئاراوەو كاریگەری زۆر كردە سەر گۆڕینی هاوكێشەكان و دەرئەنجامی هەڵبژاردن، هەدەپە لە حوزەیرانی ڕابردوو ستراتیژی خۆی لە یەك ناوەندا كۆكردبۆوە،كە ئەویش تێپەڕاندنی بەربەستی هەڵبژاردن بوو، هێنانی ئەم رێژە زۆرە لە دەنگەكان وا لەخەمڵاندنی ئاك پارتیش نەبوو،  پێچەوانەی ئەمجارە لەمبارەیەوە خەمساردی هەبوو لەوەی ئەم مەترسیەی بێتە پێشەوە، داود ئۆغڵو دوای دەرچوونی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوو یەكەم وشە ئەوەبوو وتی:" ئێمە پەیامەكەمان وەرگرت" بەمانایەك دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن كار كردن بوو بە ستراتیژێكی تایبەت لەسەر ناوەڕۆكی ئەم پەیامەی كە ئاك پارتی حیسابی ووردی لەسەر كرد.
یەكەم هەنگاوی ئاك پارتی لە 22ی تەمموزەوە دەستیپێكرد، كاتێك لە سووروچ تەقینەوە روویدا بەدوای ئەوەش شەڕ دووبارە دەستیپێكردەوەو كوژرانی بە دەیان كەس و فشارە زۆرەكانی دەوڵەت بۆ ناوچە كوردیەكان، ئەمەش زەمینەیەكی پڕ گرفتی بۆ سیاسەت كردن بۆ هەدەپە هێنایە كایەوە.
چونكەسەنتەری دەنگەكانی هەدەپە لەو ناوچانە بوون، باقیش ئەو كەسانەبوون كە دەیانویست پرسی كورد بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە توركیا چارەسەر بێت، خاڵێكی تریش ئەوەبوو كە هەدەپە لە 7ی حوزەیراندا خۆی وەك پارتێكی توركیای ناساند بوو، ئەوەش وایكرد كەئەو دەنگانەی مەبەست لەو توركانەی كەلە هەردوو پارتی مەهەپە و جەهەپە نائومێد بووبوون و بەهۆی پاشگەرای ئیسلامیشەوە دەنگیان بە ئاك پارتی نەدا هەموویان روویان لە هەدەپە كرد، كە ئەم دەنگانە پێچەوانە بوونەوە.
ڕنگە ئەمە هۆكارە تەكنیكیەكە بێ بۆ ئەوەی هەدەپە دەنگی كەمتر بهێنی لە جاری ڕابردوو، سەرەڕای هەموو ئەوانەش تێپەڕاندنی رێژەی %10 سەبارەت بە هەدەپە لە ناو سیاسەتی توركیادا لە پێگەیەكی تازەو بە هێزد جێگیری دەكات.
لە جەوهەردا ئەم هەڵبژاردنە یەكەم سەركەوتنی فاشیزمی توركیە بەناسنامەی ئیسلامی ئەردۆگانی، دووەمیش سەركەوتنی كوردانە بە ناسنامەی نەتەوەیی لە توركیا.
جێ ئاماژەیە كە ئەردۆگان پێگەیەكی زۆر لاوازی لە ناو كوردانی باكوور هەیە، دەسەڵاتی بەسەر هزری گەلی كوردا ناشكێت، تا دێت جەمسەرەكان لە توركیا لە یەكتر دوورتر دەكەونەوە، جەهەپە بەردەوام لەهەوڵی پارێزگاریكردن لە ناسنامەی كۆماری توركیاو كەمالیزم دا دەبێت و مەهەپەش دەیەوت فاشیزمی تورك وەك سینتەزێكی ئیسلام نیشان بدات، هەرچی كوردیشە تەنها دەنگ بە ناسنامەی نەتەوەی كوردو كوردستان دەدات.
ماوەتەوە بڵێن دوای هەڵبژاردنەكەی 1ی تشرینی یەكەم دووبارە پرسی پرۆسەی ئاشتی دێتەوە ئاراوە، كەدەبێتە یەكێ لە بابەتە هەرە هەستیارەكان لە توركیا، ئەگەری ئەوە هەیە پێداچوونەوەیەكی جددی بەم پرسە دا بكرێت، لێرەشدا سیاسییە كوردەكان لە توركیا تووشی ڕووبەڕوو بوونەوەیەكی سەخت دەبن كە پێویستی بە بڕیاری چارەنووس ساز هەیە، چوونكە دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن حكومەتە تازەكەی ئاك پارتی بە پێویستی دەزانێت سیاسەتەكانی دەرەوەی بەهێزتر بكات بە تایبەتی سەبارەت بە دۆخی سووریاو هاتنە ناو هاوكێشەكە لە لایەن رووسیاوە حساباتی زۆری توركیا تێك دەدات و هەڵوێستیشی بەرامبەر بەكوردانی ناوخۆ لە توركیا پەیوەندییەكی پتەوی بە پەیوەندیەكانی هەدەپە پەیەدە دەبێت،بەردەوامی شەڕ بەشێوەیەكی سیستماتیك بە واتای پەك خستنی پرۆسەی ئاشتیە لە ڕواڵەتدا، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەوە هێزێكی فشاری گەورەیە بۆ ئەوەی حكومەت ناچاری چاكسازی دەستوری بكات لەم بارەیەوە، بێگومان دەستپێكردنەوە شەڕ لەلایەن پەكەكەوە كارێكی بێ ناوەڕۆك و بی حیكمەتی سیاسیانە نیە، بەڵكو توركیایەكی شەڕی ناوخۆی تێدا هەبێت ناتوانی لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەكیدا ئارام بێت و لە ناوچەكەشدا هەژموونی خۆی فەرز بكات و ئابووریەكی سەركەوتوی هەبێت. سەبارەت بە پەكەكە ئەوە21 ساڵە شەڕ دەكات ئاساییە چەند ساڵێكی تریش درێژەی پێبدات، بەڵام بۆ توركیا هەر رۆژێك لە شەڕو پێكدادانەكان كۆمەڵك گرفتی گەورە كێشەی ریشە لەبن نەهاتووی بۆ دروست دەكات.
پێویستە توركیا بە شێوازێكی واقیعی كرداریانە دەست بۆ ئەم پرسە درێژ بكات، وا بزانم ئەگەر كەمێك گۆڕانكاری لە هزری شۆفێنیزمی توركی روویدا ئەوا ئاسانتر ئەم پرسە چارەسەر دەبێت، بە تایبەتی لە ئێستادا ئەردۆگان و حكومەتەكە كێشەیەكی ئەوتۆیان لەگەڵ فشارەكانی نەیارانیان نەماوە، ئەوەی جێ ترس بوو پارتی مەهەپە بوو كە لە بنەڕەتدا ئەم پرۆسەیەی رەتدەكردوەوە ئەوەتا لەم هەڵبژاردنە ئەوەند بێهێز ببوو كە بە زۆر توانی بەربەست تێپەڕێنێ، ئەگەر ئاك پارتی مەبەستی بێتە تاكە تێڕوانینی بۆ پرسی ئاشتی ئەوە نەبێ كە پەكەكە بێ چەك بكات ئەوا ئەتوانێ هەنگاوی جددی لەم بارەیەوە بنێت، چونكە خەیاڵی بێ چەك كردنی پەكەكە لەژێر هیچ گرەنتیەكی دەستوریدا بۆ توركیا خەیاڵێكی پڵاوە و تاماویشە ناتوانێ چەكەكان بێ دەنگ بكات، كەواتە ناتوانێ لە گێژاوی كورد هەرگیز رزگاری ببێت كەتوركیا لە دامەزراندنی دەوڵەتی توركیای نوێوە پێیەوە دەناڵێنی.

‌ 6272 جار بینراوه‌
11/17/2015 11:37:05 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
1
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved