»  بینین
ماركس و ترامپ و بن لادن
دڵسۆزحەمە



بەهاری عەرەبی و راپەڕینی خەڵكی هەژار و رەشوڕوت وپەراوێزخراوی جڤاتی عەرەبی ئەوەی لە تیۆری ماركسیزمدا دەتوانرێت لە ژێر كەتاگۆری پڕۆلیتاریا ناویان بێنین، راپەڕین و توڕەیی ئەم توێژە لە دواجاردا ئیخوانەكانی لەمیسر هێنایە دەسەڵات و لە لیبیا وسوریا و عێراق وناوچەكەدا هێزێكی وەكو داعش و دەیان هێزی تر كە هەر هەموویان دەچنەوە سەرخوێن و رەفتارو دنیابینی داعش و هاوشێوەكانی، هێزە كوردییەكانی لێدەرچێت هەموو گروپە بەرهەڵستكارەكانی تری دنیای عەرەبی سەر بەئیسلامی سیاسی توندڕەون! تەنها لە ئاستی توندڕەویدا جیاوازن ئەگینا هەر هەمووی دەچێتەوە سەر ئیسلامی سیاسی بەهێزەكانی ناو عێراقیشەوە، تۆ بزانە لە عێراقی عەرەبیدا ئەوەی هەیە هێزی ئیسلامیە، بەڵام جیاوازییان تەنها ئەوەیە ئەمەیان شیعەی توندڕەوە، ئەوی تریان سوننەی توندڕەوتر! لە میسر ئێستاش هەڵبژاردن بكرێتەوە ئیخوانەكان دەردەچن، لە كوردستاندا ئەگەر هێزە ئیسلامییەكان یەكبگرن و بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن ئەوا شكست بەو نوزە نائیسلامییەش دەهێنن كە لەجڤاتی كوردیدا خەریكی گیانەڵلایە! ئاخر لەهەمبەر یەكێتی و پارتی سێ زڕتە هێزی ئیسلامی رەسمی كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزوتنەوەو دەیان هێزو گروپ و مەلاو بانگخوازو رێكخراوی ناڕەسمی لەو كوردستانەدا بەكەڵك وەرگرتن لە مێدیا ومینبەرو ئامرازەكانی پەیوەندی لەلایەك، توڕەیی و ناڕەزایی لە خەڵك لە دۆخی گەندەڵی و نادادوەری لەلایەكی ترەوە توانیویانە كۆمەڵگای كوردی بە جۆرێك بنكۆڵ و بۆش و خاڵی بكەنەوە كە پرسەكانی نەتەوەو نیشتمان لەهەموو مانایەك خاڵی كەنەوە!
سەدەی رابردوو سەدەی ئاڵتونی دەسەڵاتی ماركسیزم و ساڵانێكی درێژ تیۆری ماركسیزم و بیری سۆشیالیستی كاریگەری بەهێزی بەسەر تەواوی بزوتنەوە سیاسی وكۆمەڵایەتییەكانی جیهاندا كێشابوو، تەنانەت بەعس بەو هەموو دڕندەیی و شۆڤێنی ونەتەوە پەرستییەوە نەیتوانی لە كاریگەری ماركسیزم خۆی قوتار بكات! هەروا بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانیش، هەڵسانەوەی شۆڕش لەسەرەتای هەفتاكاندا بە سەر پایەكانی ماركسیزمدا خۆی هەڵسانەوەو دوایی بەم رۆژگارە گەیشتین كە ئێستا دۆخی سیاسی كوردستان تێیدا دەژی!
جێگای خۆیە بپرسین كوان هێزە چەپ و پێشكەوتنخوازو روناكبیرە یەكسانیخوازو هێزە شۆڕشگێڕە ژیاندۆست و هێزە نائایینییەكانی دنیای عەرەب؟ كوان حیزبە چەپ وپێشكەتنخوازەكان؟
ئەوەی لە دنیای ئەمڕۆدا دەگوزەرێت تیۆرەكەی كارل ماركسی بە درۆخستەوە، ئەوەتا هەژارو بەشمەینەت و پڕۆلیتاریای عەرەبی بە ئیرادەی خۆی دەنگ بۆ ئەو هێزە ئایینییانە دەدات كە دیسانەوە دەبنەوە ئامرازێك بۆ چەوساندنەوە، نەك ئەوەش بەڵكو خۆی دەكات بە سوتەمەنی و قوربانی بۆ هێزو دنیابینییەك كە رۆژگارێكی تاریك و پڕ نەهامەتی لە پێشەوەیە! لە ئەمریكای مۆدێرن ودیموكراتیشدا ئەوە زۆرینەی خەڵك وكرێكارو فەرمانبەرو ژنان و خەڵكی سادە بوون كە دۆناڵد ترامپیان هەڵبژارد! دۆناڵد ترامپ سەرمایەدارێك نەك ئەزمونی سیاسی نییە بەڵكو هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتیشی نیەو توانای دەربڕینی چەند رستەیەكی ماناداریشی نییە كە بەشێوازێكی هاوسەنگ و گونجاو دەریانبڕێت!
بن لادن و بەغدادی و زەرقاوی و عریفی وموفتی و بانگخوازە توندڕەوەكان شەپۆلی خەڵكی عەوام لێرەوە ئاڕاستە دەكەن، لە رۆژئاوادا جگە لە سەرهەڵدانی دیاردەكانی توندڕەوی و راستڕەوەكان و پێ راكێشانی زیاتری سەرمایەدارە گەورەكان و خۆشكردنی زیاتری ئاگری جەنگ و كێشەكان كەسانی وەكو ترامپ دێنە سەر سەحنەی سیاسی وڵاتێكی زلهێزی وەكو ئەمریكا!
 هەموو سەردەمێك سەركردەو رابەرو فیگەری كاریزمای خۆی هەیە، ئێستا لە ساتەوەختێكی مێژوییدا دەژین كە مرۆڤایەتی لە پاشەكشەیەكی ترسناكدا دەژی لە رووی بەهاو سیاسەت و ژیانی گشتییەوە دەركەوتنی ئەم جۆرە فیگەرانەش بەڵگەیەكی ترن بۆ خوێندنەوەی ئەم پاشەكشە ئینسانییەی ئێستا تێیدا دەژین!
هەرچەندە سیاسەتی ئەمریكاو میكانیزمی هەڵسوكەوتی ئەم زلهێزە لەسەر سەرۆك نەوەستاوەو بەڵكو سەرۆك رۆبۆتی دەستی هەڵۆكانی پنتاگۆن و كۆمپانیا گەورەكانی نەوت و بانك و وەبەرهێنان و كۆمپانیا هەمەڕەگەزەكانە، هەركاتێك ترامپ لەمپەر بێت لەبەردەم بەرژەوەندی ئەم هێزە ئابورییە گەورانەدا وەكو كەنەدی دەیكەنە قوربانی دوو فیشەك! بەڵام مرۆڤ جارێكی تر دەكەوێتەوە بەردەم ئەو پرسیارەی كە ئێمە لە چی سەردەم و قۆناغیكدا دەژین، كێشمەكێشمی ئایینەكان؟ كێشمەكێشمی بەرژەوەندی زلهێزەكان؟ یان سەردەمی گلۆربونەوەی بەهاكان و بەرهەمهێنانی مرۆڤی گێل و بێ ئیرادە؟!

‌ 2912 جار بینراوه‌
11/12/2016 9:04:20 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved