»  چاوپێکەوتن
محەمەد حەسیب؛ بەڕێوەبەری گشتی سوتەمەنی و كانزاكان لە پارێزگای سلێمانی: بۆ دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوت بۆ سەرجەم خێزانەكانی سلێمانی، پێویستمان بە (101) ملیۆن لیتر نەوتە
ئا/ رامان ساڵەیی

محەمەد حەسیب؛ بەڕێوەبەری گشتی سوتەمەنی و كانزاكان لە پارێزگای سلێمانی، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە گرانبوونی نرخی نەوت لە جیهان هەیە و هاوكات پێیوایە دەرفەت بە كۆمپانیای بیانیەكان نەدراوە روپێویەكی گشتی بۆ كانزاكانی سلێمانی بكەن، ئەوەش رادەگەیەنێت:”بۆ دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوت بۆ سەرجەم خێزانەكانی سلێمانی، پێویستمان بە (101) ملیۆن لیتر نەوتە”.

* پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەسەر خێزانەكان بە كوێ‌ گەیشت؟
ــ قەیرانێكی دارایی هەرێمی كوردستان هەموو جومگەكانی گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دابەشكردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیان بە هاوكاری و رەزامەندی حكومەتی عێراق بەردەوامە و لەئێستادا بەشێكی ناوچە سنورییەكانمان تەواوكردووە و بەردەوامیشین.
* ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بۆ شاری سلێمانی رەوانەی دەكات، تاچەند بەشی پێداویستییەكانی شارەكە دەكات؟
ــ بەپێی ئەو رەزامەندییەی پێشتر دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری پێشووی سلێمانی لە بەغدا وەریگرتبوو، بریاردرا (30) ملیۆن لیتر نەوت رەوانەی سلێمانی بكرێت، لەئێستاشدا بەردەوام لەو برە نەوتە رەوانە دەكرێت، ئەوەش رێژەیەكی كەمە، چونكە بۆ دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوت بۆ سەرجەم خێزانەكانی سلێمانی، پێویستمان بە (101) ملیۆن لیتر نەوتە، بۆیە ئەو رێژەیە كەمە و بەشمان ناكات.
* بۆ ئەمساڵ حكومەتی هەرێم نەوت دابەش ناكات، ئایا ئەم بڕیارە گرانبوونی نرخی نەوتی لێكەوتۆتەوە؟
ــ بێگومان نرخ گران دەكات، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەتی هەرێم و وەزارتی سامانە سروشتییەكان پارێزگاكانی سەرپشك كردووە بۆ دابینكردنی نەوت و چارەسەركردنی كێشەی سوتەمەنی پارێزگاكانی خۆیان، ئەو (30) ملیۆن لیترەی لە بەغداشەوە رەوانە دەكرێت، وەك وتم؛ رێژەیەكی كەمە و بەشی هەموو سلێمانی ناكات.
* بۆ ئەمساڵ چەند بەرمیل نەوت دابەش دەكەن؟
ــ تائێستا بریاردراوە تەنها یەك بەرمیل نەوت بدرێتە هاوڵاتیان.
* دەوترێت وەزارەتی كارەبا پێتانی راگەیاندووە، ئەگەر نەوت دابەش نەكەن، فشار لەسەر كارەبا زیاد دەكات، ئێوە وەڵامتان چی بووە؟
ــ راستە؛ بەڵام ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمە بێت قسوری ناكەین، ئێمە حەز دەكەین نەوت زۆر بێت و هەر خێزانێك دوو بەرمیل و سێ بەرمیلی پێبدرێت، خۆزگە بتوانرایە هەموو ماڵێك بە نرخی كەمتر لە (48) هەزار دینار چەند بەرمیلێك پێبدرایە، بەڵام كە نەبێت چی بكەین.
* لە رووی بەنزینەوە زۆرجار نرخەكان بەرزو نزم دەكرێت، ئێوە دەسەڵاتی كۆنترۆڵكردنی نرختان هەیە؟
ــ بەرزبوونەوە و نزمبونەوەی نرخی بەنزین پەیوەست نییە تەنها بە ناوخۆی هەرێم، چونكە لە بۆرسەی ئۆپیك و جیهانیدا نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە، بۆیە بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە جیهان كاریگەری لەسەر نرخی بەنزینیش دەكات، بۆیە بەشێوەیەكی كەمتر لە جاران هاوردە دەكرێت و خواستیش لەسەری زۆر دەبێت، ئێمە لە سلێمانی رۆژانە پێویستمان بە نزیكەی دوو ملیۆن و (500) هەزار لیتر بەنزین هەیە، ئەوەش دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخ.
* زۆرجار رەخنە لە خراپی كوالێتی بەنزین دەگیرێت، لەو بارەوە چیتان كردووە؟
ــ بەنزین و گاز لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە هاوردە دەكرێت و ئەوەی لە توانای ئێمە بێت لە رێگەی تاقیگەی گەڕۆك و تیمەكانەوە لە ئەنجامدانی پشكنین كردوومانە.
* سنوری سلێمانی فراوانە و چیتان كردووە بۆ برەودان بە كانزاكان؟
ــ توانراوە چوار كارگەی چیمەنتۆ دابمەزرێت بۆ كاركردنی جیۆلۆجیەكانی ناوخۆ بۆ دۆزینەوەو دیراسەكردن و ئامادەكردنی راپۆرتی زانستی، لە بواری ئاسنیش سێ مۆڵەت بۆ ئاسن كوڵێن لە ناوچەی پێنجوێن دراوە، جگە لەو كارگانەی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و پیشەسازی كاردەكەن.
* پرۆژەتان بۆ ناوچە كانزاییەكان چین؟
ــ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانین هیچ پرۆژەیەك ئەنجام بدەین و هەر پڕۆژەیەكمانیش هەبێت، بەهۆی قەیرانی دارایی رادەگیرێت و ناتوانین جێبەجێی بكەین، چونكە حكومەت هەموو توانایەكی خستۆتەگەڕ بۆ دابینكردنی موچە.
* تاچەند روپێوی تەواو بۆ سود وەرگرتن لە كانزاكان كراوە؟
ــ لەبەر ئەوەی پێش ساڵی (1991) رژێمی بەعس هیچ روپێوییەكی بۆ ناوچەكان نەكردووە و هاوكات تائێستا ئەو ناوچانە بەشێكی زۆری پاكنەكراونەتەوە لەمین و تەقەمەنی و روپێویكردنی ئەو ناوچانەش بودجەی تایبەتی دەوێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەت بە كۆمپانیای بیانیەكان نەدراوە بەو كارە هەستن، بۆیە لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر كانزاكانی سنوری سلێمانی نەكراوە، تا بتوانرێت سودیان لێ ببیندرێت.




‌ 2709 جار بینراوه‌
11/12/2016 9:19:18 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved