»  بینین
تەخوین و تابیعەكانی
دڵسۆزحەمە




هێشتا دۆخی ئینسانی كورد لە مەینەتییەكانی تەرحیل و تەعریب و تەبعیس رزگاری نەبووە ئێستا دیاردەی تەخوین و پەنابردن بۆ نەیارەكان بۆتە دیاردەیەكی مەترسیداری ژیانی سیاسی ئەم هەرێمە.
زۆرێك لە هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەروەختی روودانی 31ـی ئابی 1996ـدا پێیان وابوو : یەكێتی زۆر پاڵی بە پارتییەوە نا هەتا كردی بە ناو بەغداداو ناچاری كرد پەنا بۆ هێزەكانی بەعس بەرێت!!
خیانەت لە دیدی ئایینی و ئەخلاقی و ئینسانیەوە ساتەوەخێكی مەترسیداری رووخان و دۆڕانە چی لەسەر ئاستی تاكەكەس، یان لەسەر ئاستی گروپ و هێزو حیزب و ڕێكخراوەكان، بەڵام خۆ دەبێت سنورێكی یاسایی و لۆژیكی و بابەتی هەبێت بۆ ناسینەوەی سنورەكانی خیانەت لە چوارچێوە مێژوویی و بابەتییەكەی خۆیدا، ئەوەی ڕەنگە بەلای هێزێك یان بەرەیەكەوە خائین بێت، ڕەنگە لەدیدو بۆچونی بەرەكەی تردا پاڵەوان و زاهید بێت!!
ئێمەی كورد لە تێكەڵكردنی ئەم بەهایانەشدا، لە ناسینەوەی خائین و راستگۆ، لە جیاكردنەوەی پاڵەوان و ترسنۆك، دزو دەستپاك، خائین و قارەمان، دڵسۆزو هەلپەرست، پێشمەرگەو خۆفرۆشدا هێندە سنورەكانمان تێكەڵاوكردووە بەحاڵ ئەمانە لە یەكتر جیادەكرێنەوە، هەربۆیە رووبەری گشتی و ژیانی گشتی دووچاری ئەو هەموو پشێوی و نائارامی و بێمتمانەییە بۆتەوە، دروستكردنی ئەم دۆخەش بە مەبەست و بەرنامەیە لە لایەن ئەو هێزو گروپ و فیگەرانەی كە لێوانلێون لە گەندەڵی و خیانەت و كەسری ئەخلاقی هەتا لە دۆخێكی وادا ئەمانە بە سانایی لە رووبەری گشتیدا جێگایان بێتەوەو چالاكیش بن و بەرەوڕووی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەكیش نەكرێنەوە!!
ئێستاش ڕەنگە زۆرێك لەو خەڵكە هەمان پاساو بۆ ئەو هێزانە بێننەوە كە داوای گەڕانەوە بۆ بەغداد دەكات نەك هەولێر، بەڵكو داوای بچوككردنەوەی ڕۆڵی هەولێر دەكات لە ناو مەشهەدی سیاسی كوردستان و بچوككردنەوەی ڕۆڵ و دەسەڵاتی ڕەمزی و ئیداری هەولێر لە كوردستاندا!!
 پێموانیە هیچ رۆح لەبەرێكی كورد بە ئینتیماو دیدو بیركردنەوەی جیاوازەوە، هێشتا زاكیرەی هێندە لاوازو عیزەتی نەفسی هێندە نزم بێت، هەستی نیشتمانی و ئینسانی هێندە رووخاو بێت، پێی باشتر بێت كە بەغداد ببێتەوە حاكم و دەسەڵاتداری سەربەخۆ بەسەر دۆخی كوردستانەوە، بەڵام ئەوەی روودەدات خیانەتی ئەم هێزە سیاسییە گەندەڵانەی كوردستانە كە بە دەرئەنجام ئینسانی كوردو دۆزی كوردیان بەو ئاستە نزمە گەیاندووە كە جارێكی تر پەنا بۆ سۆزو میهرەبانی و دڵسۆزی و دەستپاكی و براگەورەیی بەغداد بەرین!! بەغداد لە زاكیرەی گشتی ئینسانی كورد لە كوشتن و بڕین و عیدام و كیمیایی و ئاگرو ئاسن چی ترە ؟؟ ئاخۆ ئەوانی عێراق بەڕێوەدەبەن، ئەو هێزە عەرەبیە، عروبیە مەزهەبیانەی ئێستا عێراقیان بەسەر خۆیاندا دابەش كردووە لەم هێزانەی كوردستان گەندەڵترو مافیاترو خائینترو دزتر نین ؟؟ جگە لەوەش باوەڕیان بە مافەكانی ئینسانی كورد نییە!!
كارەساتی ئەم بونەوەرەی ناوی كوردە لەوەدایە ئەم هێزانەی بەڕێوەی دەبەن دۆخی ئیدارییان بەگەندەڵی و دزینی سامانی گشتی وەها داغان كردووە كە هاوڵاتی ئاسایی كورد شتێكی لە پرسی نەتەوەیی و نیشتمان و ئینتیما بۆ نەماوەتەوە جگە لە غوبن و توڕەیی و غەدر و هەستێكی قوڵ بە غەدر و خیانەت و سوكایەتی پێكردن! ئەم هێزانەی ناوەوەی كوردستانە، دەسەڵاتدارەكانی هەولێرن پێش ئەوانەی بەغداد كە ئینسانی كوردیان سووك و تڕۆ كردووە بەو ئاستەی پەنا بەرێتە بەر بەغداد، بەغدای پەت و سێدارە لە رابردودا، بەغدای نانبڕین و حەنان فەتلاوی و پەڕاوێزخستنی كورد لە ئێستادا!!
خائین ئەو هێزەیە، ئەو بەرپرسەیە كە دزی لە سامانی گشتی دەكات، ئەوانەی كە ملیۆنەها و ملیارەهایان لەسەر برسیكردنی خەڵك كۆكردۆتەوە، ئەوانەی خەریكی بازرگانی نەوت و دەرمان و عەقارات و چەك و بازرگانی سیاسین، ئەوانەی بونەتە هۆكار بەغداد سزای خەڵكی بدات و موچەكەیان ببڕێت، ئەوانەش خائینن كە بەغداد بە رزگاركەر و چارەسەر تەماشا دەكەن، لەدواجاردا خەڵكی كوردستان لە نێوان گەمەی خیانەتكارەكانی هەولێرو خیانەتكارەكانی روو لە بەغداد خەریكە كەرامەتی ئینسانی و نیشتمانی، خەریكە بەهای مەعنەوی و نەتەوەیی و ئینسانی خۆی دەدۆڕێنێت!!.

‌ 3363 جار بینراوه‌
11/19/2016 10:32:14 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved