»  کاتژمێر یازدە
قۆناغێكی هەستیارو ئەركێكی قورستر
شوان داودی




لە دوو هەفتەی رابردوودا بە هێنانەوەی بیانووی جیاجیا، خۆم لە راگەیاندنەكان دزیوەتەوە و هیچ لێدوان و دیدار و چاوپێكەوتنێكم ئەنجامنەداوە، تەنانەت خۆم لە نووسینی وتارە هەفتانەییەكەم لە رۆژنامەی (هەواڵ)ـیش دزیەوە.
لە راستیدا دوو هۆكاری سەرەكی هەبوون بۆ ئەو خۆدزینەوەیەم، یەكەم: بە بۆنەی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێنەوە، پەرلەمان پشووی هەبوو، دووەمیش: پێویستم بەوە هەبوو زیاتر بەرچاوم روون بێت بۆ قسەكردن لەسەر پرسی بودجە؛ كە پرسێكی زۆر هەستیارە و پەیوەستە بە قووتی كۆمەڵانی خەڵكەوە، پرسی بودجەش ماوەیەكە هاتۆتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و دواتر لەلایەن لیژنەی داراییەوە راپۆرتی لەسەر ئامادەكراوەو لە پەرلەمانیشدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوە و گفتوگۆی تیرو تەسەلی لە بارەوە ئەنجامدراوەو بڕیاروایە لە ئەمڕۆوە كە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەستپێدەكاتەوە، تا كۆتایی هەفتە بخرێتە بەرنامەی كارو دەنگی لەسەر بدرێت.
تا ئێرە حاڵەتێكی زۆر ئاساییە، ئەوەی ئاسایی نییە، لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكومەتی هەرێم زۆر خەمساردانە و بێباكانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا كردووە، پڕۆژەكە هەمان بڕگەی ساڵانی (2015 ــ2016)ـی تێدایە، كە حكومەتی هەرێم رۆژانە (550) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بكات و لە بەرانبەردا حكومەتی فیدراڵ بڕی (17%)ـی بودجەی عێراق رادەستی هەرێم بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم، نەخۆی هاتۆتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن نە فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بانگ كردۆتە هەرێم بۆ ئەوەی لەو بارەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بكات یان هەر هیچ نەبێت پەیامێك یان راسپاردەیەكی بۆ ستافی كوردی لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق هەبێت، كە هەڵگری دیدی حكومەتی هەرێم بێت لەسەر ئەو پرسە.
بۆیە فراكسیۆنە كوردییەكان جگە لە فراكسیۆنی پارتی، بیریان لە كۆمەڵێك دەرەچەی یاسایی نوێ كردەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساكە لەو چەقبەستووییەی ساڵانی رابردوو دەربهێنن؛ لەوانە ئیلزامكردنی هەردوو حكومەتی بەغداو هەولێر بە جێبەجێكردن و پەنابردنە بەر دادگای فیدراڵی لە حاڵەتی جێبەجێ نەكردنی یاسایی بودجەو رێككەوتنەكەی نێوانیان، یاخود حكومەتی فیدراڵ بەپێی هەردوو مادەی (112) و (114)ـی دەستووری عێراق بۆ سامانی نەوت و كانزاكان و دەروازە سنوورییەكان مامەڵە لەگەڵ هەرێم و پارێزگاكانیدا بكات.
بۆ ئەو مەبەستەش زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمان و هێزو لایەنە كاریگەرەكان ئەنجامدرا، بڕیار وابوو لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەی رابردوودا لەكوردستان ئەم پرسە لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكاندا تاوتوێ بكرێت و بڕیاری گونجاوی لە بارەوە بدرێت بۆ ئەوەی لەگەڕانەوەماندا كار بۆ جێگیركردنی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بكەین، بەداخەوە لە (15 / 11 / 2016) لەكاتی خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی لە بەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق؛ ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق قسەی بۆ خۆپیشاندەران كرد و لەو بارەوە ئەو هەوڵەی فراكسیۆنە كوردییەكانی بەغدای بە هەڵە خستە بازاڕی سیاسەتەوە، بۆ بە هەڵە ؟ یەكەم: بەڕێزیان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە لە پشكی كورد، واتا دەبێت نوێنەرایەتی هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان بكات بە فراكسیۆنی پارتیشەوە، نابێت بە تەنها نوێنەرایەتی فراكسیۆنی حیزبەكەی بكات، دواتر بڕیاری فراكسیۆنەكانی تری لەگەڵدا نەبووە كە بەو شێوازە و بۆ مەبەستی تر بخرێتە بازاڕەوە، دووەم: لە راستیدا ئەو پرسە وەك دەرەچەیەكی یاسایی بۆ دەربازكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەو قەیرانە، نەك پارێزگایەكی دیاریكراو خرابووە روو، هەر ئەم رەفتارە وای لە فراكسیۆنی پارتی پەرلەمانی كوردستان كرد بە كاردانەوە مامەڵە بكەن و بە زمانی زبرو تەخوین بێنە گۆو هەروەها خودی بارزانیش لە (16 / 11 / 2016)  لە وتارەكەیدا لە باشیك-ەوە بە زمانێكی پڕ لە كاردانەوەی بێ باك لە دۆخی ئابووری هەرێم و هەستی هاوڵاتیان و هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا دوا؛ كە پاش كەمتر لە 24 كاژمێر روونكردنەوی لەسەر بەشێكی وتارەكەیدا؛ كە پەیوەست بوو بە عێراقەوە و گوایە بە هەڵە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی!! دوای (72) كاتژمێر لە (20 / 11 / 2016) لە پەیامێكی تردا و بە زمانێكی زۆر جیاواز لە زمانی وتارەكەی باشیك، دەستپێشخەرییەكی راگەیاند؛ كە تیایدا ئاسۆیەك بۆ كرانەوەو گفتوگۆكردن لەمەڕ دۆخی چەقبەستووی هەرێم خراوەتەڕوو، كە تا نووسینی ئەم وتارە، یەكێتی بۆ هەردوو پرسەكە رای روونی خۆی رانەگەیاندووە.
یەكێتی كاتێك توند قسە دەكات بەوە تۆمەتبار دەكرێت، كە كەوتۆتە ژێر هەژموونی گۆڕان و كە نەرمیش دەنوێنێت، دەكرێت بەشەریكی پارتی! بەڵام یەكێتی بۆ هەر دوو پرسەكە و كۆی پرسەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق، رای تایبەت بە خۆی هەیە.
سەبارەت بە پرسی بودجە، پێمانوایە بەرپرسین لە دابینكردنی قوتی خەڵك و پرسێكی لەمجۆرەش بەهەڵچوون و موزایدە و خۆدەرخستن و سینگ دەرپەڕاندن نابێت.. بەپێچەوانەوە پێویستی بەهێمنی و وردبینی و كارامەیی و متمانە دروستكردن هەیەو هیچ كاتیش یەكێتی نایەوێت و نەیویستووە هەرێم لە بەرگی پارتی ببینێت و بەپەرچەكردار مامەڵە بكات چونكە هەزاران شەهیدو قوربانی لەپێناو ئەم قەوارەیەدا بەخشیووەو نەك كار بۆ جیاكردنەوەی بەشێكی هەرێم ناكات، بەڵكو بەوپەڕی بڕواوە كار بۆ گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر هەرێم دەكات و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە و ئامادەیی قوربانیدانی ترە.
بۆیە هەموو هەوڵەكانمان چڕدەكەینەوە لە پێناو دەستبەركردنی مافە داراییەكانی هەرێم بە هەموو پارێزگاكانیەوە، چونكە لای یەكێتی جیاوازی ناكرێت لە نێوان هاوڵاتییەكی كورد لە دهۆك بێت یان لە سلێمانی.
سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكەی بارزانیش بۆ چارەسەركردنی دۆخی هەرێم، پێمانوایە ئاسۆیەك بەڕووی چارەسەردا كراوەتەوەو دەبێت دەستی پێوەبگرین، چونكە لە ماوەی (25) ساڵی رابردووی حوكمڕانی دەسەڵاتی كوردیدا، هیچ كات دۆخی هەرێم وەك ئێستا خراپ و مەترسیدار نەبووە و ئەگەر دۆخەكەش بەم خراپیە بەردەوام بێت، رەنگە تووشی نسكۆیەكی خراپتر لە نسكۆی (1975) ببینەوە.
بۆیە دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتی مێژووییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەین، چونكە عێراقی دوای (داعش)؛ عێراقی پێش (داعش) نابێت و كۆتایهاتنی (داعش) زۆر نزیكبۆتەوەو تائێستاش یەكێتییە توانیویەتی باڵانسی هەرێم لە یەك ئیدارەدا رابگرێت، ئەوەش بە مانەوەی لە حكومەتی هەرێمدا، هەر یەكێتیشە توانیویەتی دەست بە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانەوە بگرێت و پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپراكتیكیش دەركەوتووە هێزێك كار بۆ بەرجەستەكردنی دوو ئیدارەیی دەكات لەهەرێم و هێزێكیش باكی نییە لێی، هێزیش هەیە ئەوەندەی دەستی بە نەوتی كەركوكەوە گرتووە ئەوەندە پەرۆشی گەڕانەوەی خاكەكەی و خۆشگوزەرانی خەڵكەكەی نییە، بۆیە لەم قۆناغەدا ئەركی یەكێتی لەهەموو كات قورسترە، قۆناغەكە زۆر هەستیارە و گۆڕانكارییەكان زۆر خێران و جگە لەپاراستنی یەكپارچەیی هەرێم و گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی تر بۆ سەر هەرێم، رێگەیەكی دیكەمان لە بەردەمدا نییە و یەكێتیش نەبێت، خەڵكی تر باكیان بە یەكپارچەیی هەرێم و گەڕانەوەی كەركوك نییە.


‌ 3361 جار بینراوه‌
11/26/2016 9:32:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved