»  بینین
سەرۆكمانی.. بەڵام
دڵسۆزحەمە




بە پێچەوانەی زۆرێك لە نوسەران و رۆشنبیرانی ئێمە كە بە هەرهۆیەك بێت پێیوایە قۆناغی (قائد الچرورە)و سەركردەی پێشڕەو وەكو مۆدێلێكی سیاسی رۆڵی بەسەرچووە! بەڵكو پێیوایە ئەوە بۆچوونێكی تاسەر ئێسقان هەڵەیە، بەڵكو مۆدێلی دیكتاتۆرو دەسەڵاتی ئیستیبدادی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتی تاكڕەوانە لە مۆدێلی بەعس و رژێمەكانی وەكو حوسنی موبارەك و بن عەلی و قەززافی و كۆریای باكورو زۆرێك لە رژێمە عەرەبییەكان، ئەوانە ئەو مۆدێلە ناشرینانەن كە لەگەڵ ئەم سەردەم و قۆناغە مێژووییەدا نایەنەوە كە مرۆڤایەتی تێێدا دەژی، سەردەمی شۆڕشی پەیوەندییەكان و سۆشیال مێدیاو جهانگیری و پەڕینەوەی زانیاری و زانست و سەرمایە، ئیتر مۆدێلی دیكتاتۆرەكان لەهەمبەر شەپۆلی بەهێزی گۆڕانەكانی جیهانگیریدا ئەمانیش بچوكتر دەبنەوە، سیماو ترس و سام و هەیبەتی بەزۆر سەپێنراوی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام، سەركردەی پێشڕەو، رۆڵی رابەرو فیگەرێكی كاریزما ئێستاش و لەداهاتوشدا رۆڵی گرنگی هەیەو دەبێت لە گۆڕینی چارەنوسی كۆمەڵگەو گۆڕینی رێڕەوی مێژوو و بەرپاكردنی گۆڕانی ریشەیی! بەتایبەتی لەو جڤاتانەی كە هێشتا رۆڵ و پێگەی خێزان و بنەماڵەو كەسایەتییە كۆمەڵایەتی و مێژوویی و رەمزییەكان پێگەی كاریگەریان هەیە، ئەو جڤاتانەی كە هێشتا پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان لەوپەڕی سادەیی و ناكامڵێدایەو هێشتا كەلتوری (ئێمە) پەیوەندییەكان دەبات بەڕێوە، ئەو كەلتورە كۆمەڵایەتی و یاسایی و فەرهەنگییە فەراهەم نەبووە كە ماف و ئازادییەكانی(تاك) وەك بوونەوەرێكی یاسایی و كۆمەڵایەتی سەربەخۆ بناسێنێت كە ئەمەش وا بكات فەزای گشتی ببێتە رووبەرێك كە هەموو تاكێك، هەمو مرۆڤێك وەكو یەك و بە یەكسانی و بێ جیاوازی جێندەری و ئایینی و رەنگ و زمان و شێوازی بیركردنەوە هەمان چانسی بەشداریكردنی كۆمەڵایەتی هەبێت و بەهەمان میكانیزم و هەمان دوورایی بتوانن بگەن بە ئامانجەكانیان!
جڤاتی كوردی لەو جڤاتانەیە كە پێگەی بنەماڵەو خێڵ و عەشرەت لەپەڕی بەهێزیدایەو هێزە سیاسییەكان كەڵكی خراپیان لەم دۆخە وەرگرتووە!
فاكتەرێكی گرنگی تر بۆ بەرهەمهێنانی سەركردەو رابەر، قۆناغی ململانێ كۆمەڵایەتییە گشتییەكانە، ئەو قۆناغەی كە جڤات دەبێتە پانتاییەك بۆ ململانێ و ژان بە گۆڕانی گەورەوە دەگرێت، ژانی رزگاری نیشتمانی، شۆڕشی كۆمەڵایەتی، شۆڕشی رۆشنبیری، بەدەرنانی داگیركەران!، كەس ناتوانێت نكۆڵی لە رۆڵی نیلسۆن ماندێللا بكات لە باشوری ئەفریقا، ئەتاتورك بۆ توركەكان، جەمال عەبدولناسر، لینین و چەرچڵ و جۆرج واشنتن، ئەمانە مێژوویان گۆڕی، شۆڕشی باكور بێ ئۆجەلان مەحاڵ بوو بگاتە ئەم قۆناغەی ئێستا!
یەك لە فاكتەرە هەرە بەهێزەكانی ئەم پاشاگەردانیەی كوردستان نەبوونی فیگەری سەركردەی رابەرە! جگە لەوەی جڤاتی كوردی بۆ خۆی لە ناوەوە پەراش پەراش و بیمارە، جڤاتێكە لە ناو توندوتیژی و كارەساتدا بەردەوام سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و فەوزاو خیتابێكی لێوانلێو لە قیژەو هاوارو ناعەقلانییە، جڤاتێكە لە ناوەوە كلۆرو لاواز، شەفاف و بێدیوار، هەموو تەوژمێك، هەموو نامۆیەك بە سانایی كاری تێدەكات، هەربۆیە رابەرایەتیكردنی ئەم جۆرە جڤاتە بیمارانە، ئەم پێكهاتە شل و نائامادەیەش كارێكی زەحمەتە، هەربۆیە دەرئەنجام لە فەزای گشتیدا بارزانی ئامادەیەو جڤاتێكیش لێوانلێو لە كێشە!
هەموو خوێندەوارو رۆژنامەنوس و حیزب و هێز و گروپ و لایەن و دەسەڵات و ئەوانەی ناو ئۆپۆزسیۆنیش پێیانوایە : چارە لای بارزانییە! ئەمە گوزارشە لە دەسەڵات و پێگەی سەركردەی رابەر لەم جڤاتەی ئێمەدا، پێویستمان بە سەركردەیەكی رەمزی وەكو بارزانییە.. بەڵام بەداخەوە كارەساتی گەورە لەوێدایە كە بارزانی نەیتوانی سەركردەی رابەر بێت، لەسایەی ئەودا دزەكان، مافیاكان، كادرو بەرپرسە ئینتیهازی و كاسەلێسەكان، بازرگانە سیاسییەكان، وەزیرو خەبیرو موستەشارو لەشكری بندیوارو گیرفان قوڵەكان، دزە ئەكادیمییەكان، ئینتیهازی و خۆبەرەپێشەوەكان بە جۆرێك سیمای دەسەڵات و ستراكتۆری كورسییەكەی بارزانیان ناشرین و بێڕێز كردووە كە بارزانی خۆی زەرەرمەندی یەكەم بێت وەكو فیگەرێكی مێژوویی ئینجا خەڵك، بارزانیمان دەویست كە دەستی دزەكان لە بنەوە ببڕێت،نەك بیانپارێزێت لە لێپرسینەوە، كە مافیاكانی تاڵانی زەوی و عەقارات و نەوت و پارەی وڵات و لەشكرە دزەكانی خانەنشینی سزا بدات نەك وەها دەوری خۆی و كورسییەكەیان داوە كە بارزانی خەڵكی لێوە دیار نەماوە..!

‌ 2250 جار بینراوه‌
11/26/2016 10:25:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved