»  کاتژمێر یازدە
حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی یاسادا
شوان داودی




لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دوای پشووی چلەی ئیمام حوسێن، شەممەی رابردوو لەیەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (32)ـی 26ـی تشرینی دووەمی 2016 یاسای پێشنیاركراوی دەستەی حەشدی شەعبی دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە (قورئانی پیرۆز) دووەم بڕگەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بوو.
هەرچەندە رۆژانی شەممە پشووی فەرمی دامودەزگاكانی دەوڵەتە، بەڵام نوسراوێك بە بەرواری 26 / 11 / 2016 لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە گەیشتە پەرلەمان داوای كشانەوەی یاسا پێشنیاركراوەكە دەكات بە بیانووی ئەوەی لایەنی دارایی تێدایە.
دوای خوێندنەوەی نوسراوەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاجیاكانی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان لێی هاتنە دەنگ و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ ئەو نوسراوە رەتكرایەوەو لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە سوننەكان داوای دواخستنیان دەكرد بۆ ماوەیەك، تا ئەوانیش دەنگی بۆ بدەن، بەڵام دەرفەتی دواخستن نەدراو یاسا پێشنیازكراوەكە خوێندرایەوەو دەنگی بۆ دراو پەسەند كرا.
لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆری سوننەكان نەهاتنە ژوورەوە، بەڵام (208) پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكە بوون كە (144) یان لە هاوپەیمانی نیشتمانی فراكسیۆنە شیعەكان بوون، ئەوەی سەرنجی راكێشام فراكسیۆنە شیعەكان بەتایبەت حیزبی دەعوە ئیمزای ئامادەبوونی بە پەرلەمانتارەكانی دەكرد كە لە كۆی (58) پەرلەمان  (55) كەسیان ئامادەبوون، دوو كەسیان مۆڵەتی هەبوو، یەكێكیان لەسەفەر بوو.
فراكسیۆنە سوننەكان سێ بەشبوون، بەشی یەكەمیان (11) كەس بوون ئامادەی دانیشتنەكە بوون و دەنگیان دا، بەشێكیان هەر لە بنەڕەتەوە بوونی حەشدی شەعبی رەتدكەنەوەو بە هێچ جۆرێك لەگەڵ یاساكادا نەبوون، هەرچی سێیەمە دژی یاساكە نەبوون و داوای دیاریكردنی رێژەیەكی دیاریكراویان دەكرد بۆ سوننە دەستنیشانبكرێت ئەویش رێژەی (40%) بوو بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە شیعەكان لە گفتوگۆدا بوون، بەڵام ئەو بەشەی كە لە دژی یاساكەدا بوون لە راگەیاندنەكان هەڵمەتێكی شكاندن و ریسواكردنیان دژی ئەو بەشەی تر دەستیپێكردو فشارێكی زۆریان خستنەسەر تا بەشداری لە دانیشتنەكە نەكەن و دەنگ بە یاساكە نەدەن لە كاتێكدا سوننەكان (36) فەسیل حەشدیان هەیە.
كوردەكانیش سێ بەش بوون، هەردوو فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتوو نەهاتنە ناو هۆڵەكەو  ئەم دوو فراكسیۆنە نوێنەریان لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەماندا نییە، هەر یەك لە یەكێتی و گۆڕان و پارتی نوێنەریان لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان هەیەو بەپێی زانیارییەكانی بەندە لە گفتوگۆكانی لیژنەكەدا سەبارەت بە یاساكە هیچ كام لە نوێنەرە كوردەكان دژ نەبوونە، هەر سێ نوێنەرەكەی كورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بوون و دەنگیان بۆ یاساكە دا، فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان و پارتی بە شێوازی جیاجیا دەنگیان دا، بەم شێوەیە:
فراكسیۆنی گۆڕان كە ئێستا (7) كەسن (3) كەسیان لە هۆڵەكە بوون جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆن و ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەنگیان بۆ یاساكەدا، چوار كەسیان هۆڵەكەیان بەجێهێشت.
فراكسیۆنی پارتی بە پێچەوانەی فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆن و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنەكەو نیوەی پەرلەمانتارەكانیان نەهاتنە دانیشتنەكە نوێنەرەكەی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و بەشێك لە پەرلەمانتارەكانیان ئامادە بوون و دەنگیان دا.
فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرجەمیان ئامادەی دانیشتنەكە بوون و سەرۆكی فراكسیۆنەكە موداخەلەیەكی سەركەوتووشی كردو داوای كرد ئەوانەی بەشداری شەڕی داعشیان كردووە بە یاسا مافیان پێبدرێت و دەبێت پەرلەمان بە هەمانشێوەی حەشد مافی پێشمەرگە بدات و دەنگیان بەیاسەكە دا، پێشتر وەكو فراكسیۆن رای خۆمان سەبارەت بە حەشد بە سەركردایەتی خۆمان گەیاندووەو پێمان باش بووە حەشدی شەعبی بخرێتە چوارچێوەی یاساوە.  
دوای داگیركردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە لە 10/6/2014 مەرجەعی باڵای شیعە ئایەتوڵا سیستانی لە 13/6/2014 فەتوایەكی بۆ جیهادی كەفائی دەركرد، دوو جۆر جیهاد هەن كەفائی و عەینی، كەفائی واتا بۆ بەشێك لە خەڵكی گشتی لە موسڵمانان و بەپێی پێویست و ئەوەی پێی دەكرێت، عەینی ئەوە ئەركە بۆ هەموو تاكێك كە گەیشتبێتە تەمەنی شەرعی و پێویستە بەشداری بكات و هیچ كەسێك نابەخشرێت و لە مانەوەی لە ماڵ حەرام دەكرێت، خۆشبەختانە فەتواكە كەفائی بوو نەك عەینی، سەرۆك وەزیرانی ئەو كات نوری مالكی لە 18/6/2014 دوو فەرمانی دیوانی بەژمارەكانی (47)و(48) بە دامەزراندنی حەشدی شەعبی و ئیدارەدانی و مەشقپێكردن و تەجهیزكردن و دابەشكردن و مووچەو ئیستحقاقات (شایستەییان) دەركردو بەو فەتوایەی مەرجەع و فەرمانەكانی سەرۆك وەزیران سوپایەكی عەقائدی بەناوی (حەشدی شەعبی)دامەزرا، ئەم حەشدە رۆڵی گەورەی هەبوو لە پاراستنی بەغداو بەرگرتن لە داعش و دواتر هێرشكردنە سەر داعش و پاشەكشە پێكردن و رزگاركردنی بەشێكی زۆری ناوچە داگیركراوەكان لەلایەن داعشەوەو تا ئێستا بەو پەڕی هێزو بڕواوە شەڕی تیرۆر دەكات لە روبەڕوبوونەوەی داعشدا، ئەم هێزە بۆتە ئەمری واقیع لە عێراقداو كەس ناتوانێت لە رۆڵی كەم بكاتەوە، لە عێراقدا نزیكبووینەتەوە لە كۆتایی هاتن بە داعش و ناكرێت دوای داعش بەو هێزە بوترێ سوپاستان دەكەین و فەرموون بۆ ماڵەوە، پێویستە بخرێتە چوارچێوەی یاساو بەپێی یاسا مافەكانیان و مافی قوربانییەكانیان دەستەبەربكرێت و تەشكیلاتەكانیان بە یاسا رێكبخرێت و لەژێر دەستی حیزب و گرووپەكان دەربهێنرێن و بخرێنە ژێر فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان.  
ئیمە لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو بارەیەوە دیدی خۆمان بۆ سەركردایەتی روونكردەوەو لەگەڵ هێزە سوننەكان كە دۆستمانن قسەمان كردو بە ئاشكرا ئەوەمان راگەیاند كە لەگەڵ ئەوەداین ئەو هێزە بخرێتە چوارچێوەی یاسا بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بكەین، لەبەر ئەوەی ئێمە لە زۆنی سەوز (لە كەركوكەوە تاكو خوار خانەقین) سنورێكی فراوانمان لەگەڵ گرۆپە جیاجیاكانی حەشد هەیە كە وەكو دەرهاویشتەیەكی جەنگی تیرۆر بوونەتە دراوسێمان، ئەو فرە مەرجەعیەتەی حەشدیش لە پاشەڕۆژ ئەگەری سەرهەڵدانی كێشە لەگەڵیاندا بەهێزتر دەكاتـ بۆیە بە زەرورمان زانی سەرجەم گروپەكانی حەشد لە چوارچێوەی یاسا بخرێنە ژێر ركێفی یەك كەسەوە كە ئەویش فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، تاكو لەسەرهەڵدانی هەر كێشەیەكدا بزانین لەگەڵ كێدا مامەڵە بكەین.  
چونكە ئێمە كە نوێنەرایەتی خەڵك دەكەین دەبێت دوور لە عاتیفە بەرژەوەندی باڵای جەماوەرەكەمان لەبەرچاو بگرین و نەخۆمان بخەڵەتێنین و نە فێڵ لە دۆستەكانمان بكەین نە خۆڵ بكەینە چاوی جەماوەرەكەمان.
لە كۆتاییدا پێمخۆشە كاك مستەفا چاوەڕەش ئەو راستییانەی سەرەوە بخوێنێتەوە و حوكمێكی دادپەروەرانەو لۆژیكیانەو دوور لە عاتیفە و تۆمەتباركردنمان لەبارەی دەنگدانەكەمانەوە بدات.



‌ 3624 جار بینراوه‌
12/3/2016 10:16:54 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved