»  چاوپێکەوتن
سالار حوسامەدین؛ بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی: ئەو بڕە كارەبایەی پێمان دەگات راستەوخۆ دابەشی دەكەین و هیچ رۆڵێكمان نەماوە جگە لە دابەشكردنەكەی نەبێت
ئا/ رامان ساڵەیی

سالار حوسامەدین؛ بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە دابەشنەكردنی سوتەمەنی بەسەر ماڵان، وایكردووە هاوڵاتیان بۆ خۆگەرمكردنەوە پەنا بۆ زۆر بەكارهێنانی كارەبا بەرن و هاوكات پێیوایە؛ دەستگرتنی هاوڵاتیان بە كارەباوە، ماوەی پێدانی كارەبا زیاتر دەكات و ئەوەش رادەگەیەنێت:”ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا وەك یەكێك لە بریكارەكانی خۆراكی لێهاتووە و ئەو بڕە كارەبایەی پێمان دەگات راستەوخۆ دابەشی دەكەین و هیچ رۆڵێكمان نەماوە جگە لە دابەشكردنی كارەبا نەبێت”.

* هۆكارەكانی خراپبوونی رەوشی كارەبا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ــ هۆكارەكانی خراپبوونی كارەبا دەگەڕێـتەوە بۆ ئەوەی ئێستا لە سەرەتای وەرزی زستانداین و سوتەمەنی بەتایبەت نەوت لەماڵەكاندا نییە و لەلایەن حكومەتەوە هیچ بڕە نەوتێك دابین نەكراوە، بۆیە هاوڵاتیان بە ناچاری كارەبا وەك بەدیلێك بۆ نەبوونی سوتەمەنی بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاردەهێنن، ئەگەرنا ئەو بڕە مێگاواتە كارەبایەی ئێستا پێمان دەگات، هەمان ئەو بڕە مێگاواتە كارەبایەیە كە لە وەرزەكانی تر پێمان دەگەیشت، بەڵام ئێستا خواستێكی ئێجگار زۆر لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەسەر كارەبا دروستبووە و چەندین ئامێر هەر لە سپلیت و گیزەر (بۆیلەر)و هیتەرو ئامێری تری گەرمكەرەوە بەكاردەهێندرێت و وایكردووە ماوەكانی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بەڕێژەیەكی بەرچاو روو لە كەمبونەوە بكات.
* چ هەنگاوێك بۆ باشتركردنی رەوشی كارەبا گیراوەتەبەر؟
ــ دوو رێگا بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی هەیە، یەكەم؛ دەبێت بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكەین، كە ئێستا لە تواناماندا نییە، دووەم؛ دەبێت هاوڵاتیان دەست بەكارەباوە بگرن و بە ڕێژەیەكی كەم بەكاریبهێنن، چونكە ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا وەك یەكێك لە بریكارەكانی خۆراكی لێهاتووە و ئەو بڕە كارەبایەی پێمان دەگات راستەوخۆ دابەشی دەكەین و هیچ رۆڵێكمان نەماوە جگە لە دابەشكردنەكەی نەبێت، هاوڵاتیان چەند كارەبا كەمتر بەكاربهێنن، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەیەكمان بەدەستەوەیە كە پرۆژەی (20) ئەمپێرییە و بەنیازین ئەو پرۆژەیە بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، كە هەر ماڵێك بەكارهێنانی كارەبای لە (20) ئەمپێر بۆ سنوردار بكەین و بەم پرۆژەیە، دەتوانین كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد بكەین.
* بەپێی قسەكانت، سەرەڕای كەمبوونەوەی ماوەی پێدانی كارەبا، بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی نەكردووە، بەڵكو ئەوەی زیادی كردووە خواستە لەسەر سێكتەری كارەبا؟
ــ بەڵی بێگومان، هەمان ئەو بڕە كارەبایەی پێشتر پێمان دەگەیشت ئێستاش پێمان دەگات، بەڵام بەكارهێنانەكەی زیادی كردووە، زۆرجار ئێمە ئەو بابەتە دەشوبهێنین بەتانكییەكی ئاوی خواردنەوە، هاوڵاتیان ئەگەر مەبەستیان بێت دەتوانن دەستی پێوە بگرن و تانكیەك بەشی هەفتەیەكیان بكات، بەڵام ئەگەر دەستی پێوەنەگرن، رەنگە بەشی یەك ڕۆژیانیش نەكات، بۆیە ئەگەر دەست بە كارەباوە بگرن دەتوانن كاتژمێری كارەبای زیاتر وەربگرن، بەڵام ئەگەر دەستی پێوە نەگرن و بەڕێژەیەكی زۆر بەكاری بهێنن، بێگومان كەمترین كاتژمێری كارەبایان پێدەگات.
* لەگەڵ خاوەن موەلیدە ئەهلییەكان هەماهەنگیتان چۆنە، بەشێك لە خاوەن موەلیدە ئەهلییەكان پابەندی مەرج و ڕێنماییەكان نەبوونە، بە نیازنین هەماهەنگی لەو رووەوە دروست بكەن؟
ــ زۆرێك لە خاوەن موەلیدە ئەهلییەكان بەسوپاسەوە پابەندی ڕێنماییەكان بوون، بەڵام بەشێكیان سەرپێچی رێنماییەكان و پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان دەكەن، دیارە بۆ ئەوەش لیژنەكانمان بەردەوام بەدواداچوون دەكەن و سزای داراییانیش دەدەن، لە رووی یاساییشەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكەن، بەشێكیشیان ئەگەر بزانین نیگەرانی زۆر بۆ هاوڵاتیان دروست دەكەن، دەیاندەینە دادگا بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی توندیان لەگەڵ بكرێت، بەڵام بەگشتی خاوەن موەلیدە ئەهلییەكان پابەندی ڕێنماییەكانن و هاوڵاتیان لێیان ڕازین.
* لەم دۆخە خراپەی كارەبا، نرخی موەلیدە ئەهلییەكان لەسەر هاوڵاتیان زیاد دەكرێت؟
ــ بە دڵنیاییەوە بەم جۆرەی ئێستا هەیە گران دەبێت، بۆیە بەرنامەمان داناوە لە كاتژمێر (12)ـی نیوەڕۆ تا یەكی شەو، لە كاتژمێر حەوت تا هەشتی بەیانیش كار بە موەلیدەكان بكرێت و لە كاتژمێر هەشتی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆش پشوو بدرێتە موەلیدەكان بۆ ئەوەی نرخ لەسەر هاوڵاتیان گران نەكەن.
* ئەو نوسراوانەی كردووتانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هیچ بەرهەمێكی نەبووە؟
ــ لە سەرەتای وەرزی پایزەوە نوسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە، هاوكاری هاوڵاتیان بكرێت لە دابینكردنی نەوت، تا ئێمە توشی قەیرانی بێ كارەبایی نەبینەوە، بەڵام تائێستا هیچ شتێك دیار نییە و بڕێكی زۆر كەم لە نەوت دابەشكراوە، كە بەشی پێداویستی هاوڵاتیان ناكات.
* ساڵی رابردوو پارێزگاری پێشووی سلێمانی لە سەردانێكی بۆ بەغدا، توانرا كۆمەڵێك كێشەی بێ‌ كارەبایی و نەوت چارەسەر بكرێت، بەنیاز نین بۆ ئەمساڵیش هەوڵێكی لەو جۆرە ئەنجام بدەنەوە؟
ــ نەخێر بەم نزیكانە لەبەرنامەماندا نییە سەردانی بەغدا بكەین، ئەو هەوڵانەشی هەبوون، سەرجەمیان دانراون و گەنجینەكانمان بەگشتی بەبێ مەوادی كارەبایین و ئامێری یەدەگمان نەماوە.
* وتت هیچ ئامێرێكی یەدەكتان نەماوە، ئەی ئەگەر ئامێرێك تێكبچێت، چیدەكەن یاخود بەو تیمانەی هەتانە دەتوانرێت چارەسەری گرفتەكان بكەن؟
ــ ئێمە بەشی ئالیات و وەرشەی محاویلەمان هەیە، ئەوەی لە توانامان بێت چاكی دەكەینەوە، ئەوەی لە تواناشماندا نەبێت، ناتوانین بۆیان چاك بكەینەوە.
* ئایا دەوام نەكردنی فەرمانبەرانتان بە هۆی پاشەكەوتكردنی موچەوە نەبۆتە هۆكاری سیستی لە چاكردنەوەی هێڵەكانی كارەبا ؟
ــ كارمەندانمان كوالێتی كاركردنیان زۆر دابەزیوە، موچەكانیشیان كاریگەری زۆری لەسەر دروستكردون، وەك ساڵانی پێشوو ناتوانین بیاننێرینە سەركار، بۆیە كاركردن و خەمخۆری كارمەندەكانمان بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر جیاوازە.
* باست لە حاڵەتی نەخوازراوی كارەبا كردووە، ئایا ئەو حاڵەتە نەخوازراوەی رووبەڕووی هاوڵاتیان دەبێتەوە؛ چین؟
ــ حاڵەتە نەخوازراوەكان بریتییە لەوەی ئێمە لە حاڵەتی نۆرماڵ و ئاساییدا دەتوانین (10) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین بكەین، بەڵام ئەگەر پلەكانی گەرما زیاتر بێنە خوارەوە بە دڵنیاییەوە رەنگە لە (24) كاتژمێردا؛ تەنها چوار كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان بدەین.

‌ 2598 جار بینراوه‌
12/3/2016 11:06:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved