»  چاوپێکەوتن
كوێستان محەمەد؛ ئەندامی چڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان: ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت تەقینەوەی گەورەی لێدەكەوێتەوە دواجاریش زەرەرمەندی یەكەم پارتی دەبێت
ئا/ رەوان تالیب



كوێستان محەمەد؛ ئەندامی چڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، بۆتە هۆی سیستی كۆبونەوەكانی سەركرایەتیە هاوبەشەكەی یەكێتی و گۆڕان و هاوكات پێیوایە؛ ئەگەر پارتی ئامادەی هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت بێت، پرسی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش قابیلی گفتوگۆیە و ئەوەش رادەگەیەنێت:"نكۆڵی لە كاریگەری غیابی كاك نەوشیروان لەسەر كوردستان و گۆڕان ناكرێت".

* تاچەند غیابی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، كاریگەری لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان دروستكردووە؟
ــ نەوشیروان مستەفا یەكێكە لەو سەركردانەی بە درێژایی مێژوو موفاجەئەی دروستكردووە و لە هەموو قەیرانەكانی فریادڕەس بووە، هەر لە هەڵگیرساندیی شۆڕشی نوێ و دروستبونی یەكێتی و ناردنی مەفرەزە دوای كارەساتی ئەنفال و هەروەها ئەندازیاری راپەڕین بووە و لە دانوستانەكانی یەكێتی و پارتیش كاریگەری خۆی هەبووە و دواجاریش بۆ یەكەمجار ئەندازیاری ئۆپۆزسیۆن بووە لە كوردستان.
بۆیە كاك نەوشیراون، هەمیشە توانیوێتی كارێكی وابكات، كە هیچ كارەكتەرێك و سیاسیەكی پێش خۆی نەیكردبێت، پێشموایە هەر ئەو فریادڕەسە و ئەوەش دەبێتە هۆكاری چارەسەركردنی ئەو قەیران و كێشانەی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە.
* غیابی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان هەبووە؟
ــ بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەك دروستبووە، كە وەك حیزبە كلاسیكەكانی پێش خۆی نییە، تەنها سەرۆك و سكرتێری حیزب بڕیار بدەن و لە غیابی ئەوان ئەزمە دروست بێت، بەڵكو بە شێوازێكە سەرجەم ئۆرگانەكان بەشدارن لە دروستكردنی بڕیار لە ناو گۆڕان، بۆ نموونە؛ جڤاتی نیشیتمانی هەیە و ئەوان بڕیار لەسەر بابەتەكان دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا كاك نەوشیروان پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ جڤاتی نیشتمانی هەیە و بۆ بیروڕا گۆڕینەوە و بۆ ئەوەی بیروڕای خۆی پێیان بڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا نكۆڵی لە كاریگەری غیابی كاك نەوشیروان لەسەر كوردستان و گۆڕان ناكرێت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان پێكهاتەیەكی وایە، كە لە غیابی ئەودا تووشی ئەزمەی گەورەنەبێت.
* وەك بزوتنەوەی گۆڕان چۆن پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی پارتی دەكەن و پێتانوایە پارتی هیچی نوێی پێیە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان یاخود تەنها بۆ كات بەسەربردن و بەفیڕۆدانی سیاسیە؟
ــ هیوادارین ئەو پەیامەی مەسعود بەرزانی؛ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەكرداری كاری لەسەر بكەن و بۆ مەبەستی كات كوشتن نەبێت، ئێمە وەك گۆڕان ناچینە گفتوگۆی چەند مانگی و چەند كۆبونەوەیەك بۆ كات كوشتن بێت، بەڵكو دەمانەوێت چەند كۆبونەوەیەكی كورت و پوخت بكەین لە ماوەیەكی دیاریكراو بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، چونكە خەڵك چاوەڕێی شتی بەپەلە و ئانی دەكات و قبوڵ ناكات لە حیزبەكان شەش مانگ بۆ ساڵێك كۆبونەوە بكەن و كات بكوژن تا كاتی هەڵبژاردن، چونكە پێمانوایە گرنگترین شت لە ئێستادا چارەسەركردنی كێشەی دارایی و چارەسەركردنی موچەی فەرمانبەرانی خەڵكی كوردستانە.
* دەوترێت بزووتنەوەی گۆڕان بە هەڵوەشاندنەوەی سێ‌ سەرۆكایەتیەكە رازی نییە، وەك ئەوەی پارتی داوایكردووە، لە كاتێكدا پێشتر ئەوە داوای خودی گۆڕان بووە؟
ــ ئێمە وەڵامی كاك مەسعودمان دایەوە، كە ئامادەیی گفتوگۆین و پرۆژەمان ئامادەكردووە و هیچ گفتوگۆیەكش رەت ناكەینەوە، ئامادەین لەگەڵ پارتی دابنیشین و چارەسەری یاسایی و دەستوریشمان ئامادەیە بۆ سەرجەم كێشەكان و ئەو پرۆژەیەش دەكەینە بەردەمیان و هیوادارین ئەو پرۆژەیە ببێتە دەروازەیەك بۆ چارەسەكردنی قەیرانی دارایی و یاسایی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان.
* ئەو پرۆژە نوێیەی بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازترە لە پرۆژەكانی پێشووتری یان هەمان پرۆژەكانی پێشووە؟
ــ پڕۆژیەكی گشتگیرە و هەموو قەیرانەكانی دەستنیشانكردووە و رێگەی چارەسەریشی بۆ دۆزیونەتەوە، رەنگە هەندێك لە پرۆژەكانی پێشوتری تێیدابێت و شتی زیاتریشی تێدابێت، بەڵام ناوەڕۆكەكەی بڵاو ناكەینەوە، بەڵكو دەیكەینە سەر مێزی گفتوگۆ.
* رێكەوتنی سیاسی بزووتنەوەی گۆران و یەكێتی بەرەو كوێ‌ رۆشتووە، جۆرێك لە كاڵبونەوە و پاشەكشێ یاخود ساردبوونەوە لە نێوان هەر دوولا دەبینرێت؟
ــ رێككەوتنامەكە شتێكی زۆر باش بوو بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكدا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەكێتی كێشەی تێكەوتووە، جۆرێك ساردبونەوە لە كۆبونەوەی سەركردایەتیە هاوبەشەكە هەیە، چونكە سەركردایەتی هاوبەش هەبووە لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، سەركردە هاوبەشەكەی یەكێتیش لە هەردوو باڵەكە پێكهاتبوون، بۆیە لە ناوخۆیان ناكۆكی هەیە و ئەمە بۆتە هۆی خاوبونەوە و سستی لە بەرێوەچونی رێككەوتنامەكە.
* باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی لەسەر رێككەوتنامەكە ناكۆكیان هەیە یان تەنها كێشەی ناوخۆیی خۆیانە؟
ــ هەردوو باڵەكە جەختیان كردۆتەوە لەسەر ئەوەی لەگەڵ سەرجەم خاڵەكانی رێكەوتنامەكەن، هیچ خیلافیشیان نییە و داوای جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنامەكە دەكەن و هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئێمەدا نییە.
* قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان، هەرێم بەرەو كوێ‌ دەبات؟ هیچ دەرەچەیەك هەیە بۆ دەربازبوون؟
ــ ئەگەر ئەم كێشانەی لەئێستادا لە هەرێم هەیە، چارەسەر نەكرێن، بێگومان كێشەكان قوڵتر دەبنەوە، خەڵك تەحەمولی بێ‌ موچەیی و بێ‌ كارەبایی و قەیرانەكانی نەماوە و ماندووی كردوون، بۆیە پێموایە بەمشێوەیە بەردەوام بێت و چارەسەر نەكرێت، تەقینەوەی گەورەی لێدەكەوێتەوە دواجاریش زەرەرمەندی یەكەم لەم بابەتەیە پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.
* هەڵبژاردن لە كاتی خۆی ئەنجام دەدرێت یاخود قەیرانەكان دەبنە هۆكاری دواكەوتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن؟
ــ سالێك بۆ هەڵبژاردن ماوە، هێشتا كات لەبەرد دەستدایە بۆ هەڵبژاردن و هیوادارم لەكاتی خۆیدا بكرێت، چونكە یەكێك لە بنەماكانی دیموكراسی بریتیە لە هەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بۆیە ئەگەر ئەمە نەكرێت دەبێت (فاتیحایەك) لەسەر دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان بخۆینین، ناتوانم بڵێم هەڵبژاردن دەكرێت یاخود ناكرێت، بەڵام هیوادارم لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
* تێڕوانینی بزووتنەوەی گۆڕان بەرانبەر حیزبە ئیسلامیەكان چییە، بەتایبەت لە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان؟
ــ ئێمە و یەكێتی و یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی، پرۆژەیەكمان هەبوو بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم، تائێستاش ئەو لایەنانە پەشیمان نین لەسەر پرۆژەكەی خۆیان و پێداگیرن لەسەر ئەوەی سیستەمی هەرێم ببێتە سیستەمێكی پەرلەمانی و دەبێت سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و و هاوبۆچوونین لەسەر ئەوەی وادەی سەرۆكی هەرێم بەسەرچووە و بەناشەرعی ئێستا لەسەر كورسیەكەی دانیشتووە.
* وەك چۆن پارتی پێداگیری لەسەر مانەوەی مەسعود بارزانی لە كورسی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، بە هەمانشێوەش بزوتنەوەی گۆران پێداگیری لەسەر مانەوەی یوسف محەمەد لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، بۆچی ئێوە بە لابردنی دكتۆر یوسف ئەو پاساوەی پارتیتان نەبڕیوە؟
ــ سەرۆكی پەرلەمان نوێنەری خەڵكە و بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بۆتە سەرۆكی پەرلەمان و شەرعیەتی لە خەڵكەوە وەرگرتوە، كەسێكی دەستپاك و سەر راست و سەركەوتوو بووە لە ئیشەكانی و هیچ هەڵەیەكی سیاسیی و یاسایی نەكردووە، جیاوازیش بووە لەگەڵ سەرجەم سەرۆك پەرلەمانەكانی پێشوەی خۆی، كاك مەسعودیش لە وتەكانی باسی گۆِرینی هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكە پێكەوە دەكات، هەر كاتێك سەرۆكی هەرێم گۆڕدرا و حكومەتی هەرێم هەڵوەشێندرایەوە، ئەو كاتیش سەرۆكایەتی پەرلەمانیش قابیلی گفتوگۆیە.
* بزوتنەوەی گۆڕان بە لابردنی دكتۆر یوسف بە كەسێكی دیكە لە گۆڕان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رازی دەبێت؟
ــ هەر كاتێك سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشایەوە و سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ هەرێم هەڵبژێردرا و حكومەت هەڵوەشایەوە، ئەو كات ئێمەش گفتوگۆ لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەین، چونكە نە بزوتنەوەی گۆڕان و نە دكتۆر یوسف كوشتەی كورسی و پۆست نین، سەرۆكی پەرلەمان بێمنەتە لە كورسیەكەی خۆی و ئەوەشی وتووە بە كورسیەوە نەلكاوم، ئەگەر كێشەی هەرێم بە من چارەسەر دەكرێت، ئامادەم دەست لە كاربكێشمەوە.

‌ 2848 جار بینراوه‌
12/3/2016 11:07:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved