»  بینین
جەولەیەكی تری چاخواردنەوە!
دڵسۆزحەمە



هەرچەندە مرۆڤ بە هەلومەرجی قورس و دژواردا تێپەڕێت بەڵام هەبوونی ئومێدی ناوەكی بە كۆتایی دژوارییەكان، تیشكێكی بچوك لە كۆتایی تونێلەكەدا گەورەترین مۆتیڤە بۆ بەردەوامی وتێكۆشان و ئەگەری گەیشتن بە ئامانج، ئەوەی مرۆڤ لە ناوەوە تێكدەشكێنێت، ئەوەی ئیتر كۆتایی بە جوانییەكان دەهێنێت كوژانەوەی ئومێدی دەرچەیەكە بۆ چارەسەری كێشەكان!
ئەوەی ئێستا لە كوردستاندا دەگوزەرێت،چی لەسەر ئاستی رووبەری گشتی و چی لەسەر ئاستی زۆربەی چینی دەسەڵاتدار جۆرێكە لە نەبونی ئومێد، بێئومێدی لە دوو ئاست و دوو دنیای جیاوازدا، بێئومێدی تەبەقەی سیاسی كوردستان بەرهەم و بەرەنجامی دنیایەكەو نائومێدی خەڵكی ئاسایی لە ئاستێكی تر و رەنگێكی ترە لە نائومێدی!
تەبەقەی سیاسی كوردستان بە فیگەرو كاراكتەرە بەهێزەكانیشەوە لە ترۆپكی نائومێدیدا دەژین، نائومێدی هاوڵاتییەك نا لە وێرانبون و لەدەستدانی خەونەكانی، نائومێدی گەنجێك نا لە بیناكردنی پاشەڕۆژ و خەون بینین بە بەختەوەرییەوە، بەڵكو نائومێدی دەیناسۆرێكە لە قوتدانی زیاتری دەیناسۆرە نەیارەكان، نائومێدی لە پێكەوەژیانی دەیناسۆرەكان و بەردەوامی دان بە وێرانكردنی زیاتری ئەم جڤاتەی كە خۆی لە بنەڕەتدا وێرانەیەكی ڕۆحی و فیزیكی وكۆمەڵایەتییەو پێویستی بە بیناكردنەوەی سەرلەنوێ هەیە، بە دیدو جیهانبینی و رووئیای نوێوە، نائومێدی تەبەقەی سیاسی لە یەكترو لە نەبوونی یەكجارەكی متمانەو ئەستوربوونی ئەو لەمپەرە دەروونی و رۆحیەی نێوان هێزەكان هێواش هێواش جڤاتی كوردی لە ناوەوە دابەشكردووە بەسەر چەند جوگرافیایەكی كۆمەڵایەتی وێراندا، بەسەر چەند فەزایەكی سیاسی تەواو دوورو دابڕاو لە یەكتری، فەزایەك كە ئەگەر شەڕو مەترسی داعش و فشاری بەغدادو فشاری شەقام و گوزەرانی خەڵك نەیتوانیبێت هەتا ئێستا كۆیان بكاتەوە هیچ هێزێكی تر ناتوانێت جارێكی تر كۆیان بكاتەوە، ئەمە ناوەڕۆكی ئەو نائومێدییە سیاسییە قوڵەیە كە حاكمەكانی كوردستان تێیدا دەژین، ئەوان دركیان بە مەترسی ئەو دابڕانە گشتگیرە كردووە بۆیە دووچاری ئەو نائومێدیە بوون!
 هیچ هێزێك متمانەی بەوی تر نییە، هەمووی داوای دەستپێشخەری پارتی بوون، وەختێك بارزانی دەسپێشخەری دەكات و كەوتۆتە جوڵە، ئەوەی تێبینی دەكرێت نەبوونی متمانەیە تا ئەندازەیەكی كوشندە، جوڵەو هاتوچۆو كۆبونەوەو  سەردانەكانی پارتی بۆ لای حیزبەكان ئەوەندە هێواش و بێ رۆح و دەسكردو گوماناوی و كلاسیكییە كە پێناچێت كەس گرنگی پێبدات، بەوێنەی كۆوبونەوەكاندا دەردەكەوێت كە چەندە ئەم هێزانەی ئێمە نائومێدو بێباكن، چەندە سست و بێئاگان لە هونەری كارگێڕی و بەڕێوەبردنی ڕاستەقینەی كۆمەڵگە، لە كاتێكدا دۆخی ئابوری وێرانە، دۆخی كۆمەڵایەتی وسایكۆلۆژی گشتی ماندووە، دۆخی نیوەی كوردستان (گەرمیان و هەڵەبجەو سلێمانی ) لەوپەڕی نائارامیدایەو خۆپیشاندان بەردەوامەو خوێندن هەرەسی هێناوە، پێویستمان بە پڕۆژەی چارەسەری بەپەلەو زانستی هەیە، برادەران لە ئوتۆمبێلە گرانبەهاكانیاندا سەرقاڵی سەردان و چاخواردنەوەو پێكەنینی بەردەم شاشە مەهزوزەكانن!
یەكێك لە نیشانەكانی نائومێدی مرۆڤ جێهێشتنی كێشەكانیەتی وەكو خۆی و قبوڵكردنی دۆڕان و خلبونەوەیە، ئەم هێزو فیگەرە سیاسیانەی ئێمە بەو نائومێدییەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ دۆخی كوردستاندا دەكەن و كردوویانە، میكانیزمی چارەسەركردنی ئەم هەموو كێشە قوڵەی كوردستان بە دامودەزگاو كادری كاراو شەفاف و دەسپاك و سەركردەی ئیشكەرو ماندوونەناس دەبێت نەك كادری زۆر بڵی كە ئیشی سەرەكی پانبونەوە بێت لە بارەگا حیزبیەكانداو خواردنەوەی چاو قسەی زۆرو سەردانی ئەم حیزبی ترو ئەو بارەگاو وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتی زۆرو بەلاش!
شەقام ئەوەندە نائومێدو بێباكە كە رێزو بەها بۆ هیچ شتێك نەماوەتەوە، جڤاتی خاڵی لە ڕەمز، جڤاتێكی نائومێدە، ئێمە لەمساتەوەختەدا خاڵی بوینەتەوە لە هەموو رەمزەكان، لەهەموو ئەو بەهایانەی هەموومانی كۆ دەكردەوە، تەنانەت خوێنی شەهیدەكان لە هەستی ناوەكیدا لە جێگای شانازی هەست بە غوبن و بەهەردەچوونی بە ناهەقی ئەو خوێنە دەكەین!
پێشمەرگە.. كێ پێشمەرگەی لە بیرە ئەو رەمزە كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئینسانیەی كە هەموومانی كۆدەكردەوە، ئەم دەسەڵاتە زۆر هەوڵیدا وێنەو پێگەی رەمزی بچووك بكاتەوە، ئەوە نیە پێشمەرگەیان وا لێكرد لە شاشەكانەوە بگری و بكڕوزێتەوە ؟!
كێشەكانی ئێمە ئەوەندە كەڵەكە بوون، هێندە قوڵ بوونەتەوە بەم جەولەی چاخواردنەوانە چارەسەر نابن بێگومان!




‌ 2959 جار بینراوه‌
12/3/2016 11:12:31 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved