»  کاتژمێر یازدە
قوتی خەڵك لە نێوان مام و برازادا
شوان داودی





چوارشەممەی رابردوو بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2017 لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەنگی لەسەردراو پەسەندكرا.
دوای تێپەڕبوونی بودجە بە قۆناغەكانی ئامادەكردندا لە وەزارەتی دارایی لە تشرینی یەكەمی رابردوو لە ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەندكراو دوای پەسەندكردنی رەوانەی پەرلەمان كرا، لە 23ـی تشرینی یەكەم وێنەیەك لە پڕۆژەكەی بودجە لە لایەن بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كە كوردە درا بە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لێی ئاگاداربن و دیدو بۆچوونی خۆیان لە بارەوە بدەنە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن.
پڕۆژەكە لە پەرلەمانی عێراق رێچكەی ئاسایی خۆی وەرگرت و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ئەنجامدراو دواتر راپۆرتی لیژنەی دارایی لەبارەی پڕۆژەكەوە ئامادەكراو لە خوێندنەوەی دووەمدا خرایە بەرباس و زیاتر لە (80) پەرلەمانتار لە هەموو كوتلەكان قسەیان تێداكرد، بەمەش پڕۆژەكە كەوتە بواری ئامادەكردنەوە بۆ دەنگدان، تا ئێرە حكومەتی هەرێم نە بە باش و نە بە خراپ هیچ دەنگێكی لێوە نەهات، لە كاتێكدا هەمان بڕگەی ساڵانی پێشووی (2015 ــ2016)ـی سەبارەت بە رێكەوتنی نەوتی هەرێم و بەغدا پشكی (17%)ـی لەخۆگرتبوو.
دیارە دۆخی ئاڵۆزی ئابووری هەرێم و خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و خواستی فەرمانبەران و كارمەندانی هەرێم و داخوازی حیزبە سیاسییەكانی كوردستان و بێدەسەڵاتییان بەرانبەر سیاسەتی ئابووری هەرێم بوونە فشار بۆ سەر نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەری عێراق بۆ ئەوەی دەرچەیەكی یاسایی بۆ پرسی بودجەی هەرێم بدۆزرێتەوە كە دۆخی هەرێم لەو چەقبەستنە داراییە دەرباز بكات.
فراكسیۆنی گۆڕان پرسی مامەڵەكردنی بەغدایان لەگەڵ پارێزگاكاندا پێشنیازكرد كە كاردانەوەی لێكەوتەوەو شەقامی كوردی كرد بە دوو بەشەوە، لەكاتی پشووەكانی زیارەتی ئیمامی حوسێندا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای لە فراكسیۆنەكەی كرد كۆبینەوەو رایان لەو بارەیەوە پێ بدەین، بۆ ئەو مەبەستە ئێوارەی چوارشەممە 16 / 11 / 2016 فراكسیۆنی یەكێتی، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك كۆبونەوەیەكی گرێدا بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەكانی و تێیدا بە دوورودرێژی پرسی بودجە خرایە بەرباس و تاوتوێكردن و لەسەر دوو خاڵ رێكەوتین، یەكەم: پابەندكردنی هەردوو حكومەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەو لەكاتی پابەندنەبوونی هەر لایەك لاكەی تر پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵی، دووەم: دۆزینەوەی دەرچەیەكی یاسایی بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە زاخۆوە تا خانەقین، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەی لیژنەی فراكسیۆن لیژنەیەكی بچووكی لە ئەندامانی فراكسیۆنی راسپارد بۆ دۆزینەوەی ئەو دەرچە یاساییە.
بۆ ئەو مەبەستە پێشنیازەكان درانە دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، بڕیار وابوو پێنجشەممە 24 / 11 / 2016 فراكسیۆن لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیدا كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردنی ئەو پرسە، لەبەر تێكچوونی باری تەندروستی سەرۆكی دەستەی كارگێڕی ئەو كۆبوونەوەیە دواخرا بۆ رۆژی دواتر، لە نووسینگەی عومەر فەتاح ئەندامی دەستەی كارگێڕی كە بەڕێزیان لەگەڵ سەرۆك و هەشت ئەندامی فراكسیۆن پێش گەڕانەوە بۆ بەغدا كۆبوونەوە، ئەو پرسەو بیروڕاكان جارێكی تر خرانە بەرباس و بەڕێزیان وەكو مەكتەبی سیاسی ئەو پەیامەی پێداین كە هەرچیمان پێدەكرێت بۆ دابینكردنی مووچەی كارمەندانی هەرێم درێغی نەكەین بە مەرجێك قەوارەی سیاسی و جوگرافی هەرێمی كوردستان پارێزراوبێت.
كە گەڕاینەوە بەغدا پێشنیازەكەمان خستە بەرچاوی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، كە لە سەرەتاوە هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و كۆمەڵ پشتیوانییان كردین و بوو بە پڕۆژەی هەر سێ فراكسیۆنەكەو لەسەرەتاوە فراكسیۆنی پارتی رەتیكردەوەو دژایەتیكردو پێیانباشبوو پرۆژەكە لە حكومەتەوە چۆن هاتووە وا بڕوات، كە ئەمەش لای فراكسیۆنەكانی تر رەتكرایەوە.
هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ جێگیركردنی پێشنیازەكەمان لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كاتژمێر كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەكەدا ئەنجامدرا، لە هەمانكاتدا سەردانی لایەنە كاریگەرەكانمان لەناو پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی كرد وەكو حەكیم و مالیكی و عەلاوی و جبوری لە شیعەو سوننە بۆ ئەوەی پشتیوانییان بەدەستبهێنین.
لە جێگیركردنی پێشنیازەكەو دەستەبەركردنی پشتیوانی بۆ تێپەڕاندنی، سەركەوتنمان بە دەستهێنا، ئەوجا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی كە بێئومێد دەبێت لە پەكخستنی، داوا لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات راستەوخۆ خۆی بێتە ناو كایەكەوە، ئەگەرنا پڕۆژەكەی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ سەردەكەوێت، بڕیار وابوو پێنجشەممە 1 / 12 / 2016 بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام (53) پەرلەمانتاری شارەكانی باشوور لە بەسرەو ناسریەو عیمارە لە پێناو جێگیركردنی داواكارییەكانیان لە دابینكردنی پشكیان لە پترۆدۆلار، پەكیانخست.
رۆژی دواتر لە یادی سێیەمین ساڵەی راگەیاندنی رێككەوتنە نەوتییەكەی هەرێم و بەغدا، حكومەتی هەرێم روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە لە پێناو پەكخستنی پێشنیازەكەی فراكسیۆنە كوردییەكان و تیایدا پێشوەختە پڕۆژەیاسای بودجە رەتدەكاتەوە.. روونكردنەوەكەی حكومەت كۆمەڵێك ژمارەی تێدایە، پێچەوانەی هەموو لێدوانەكانی پێشووی بووە لەمەڕ داهاتی كوردستان و بودجەو موچە هەمان رۆژ نامەیەكی جێگری سەرۆكی حكومەت لە رێی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییەوە دەگاتە فراكسیۆنی یەكێتی و داوایان لێدەكات وردبن لە كارەكانیان، لە 4 / 12 / 2016 پرۆژەیاسای بودجە خرایە دەنگدانەوە، لەو بڕگەیەی كە پەیوەستە بە پێشمەرگە فراكسیۆنی پارتی هەرایەكیان دروستكردو هۆڵەكەیان بەجێهێشت، تەنها جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵیان چووە دەرەوە، فراكسیۆنەكانی تر بە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیشەوە لە هۆڵەكە مانەوە، جگە لە فراكسیۆنەكان پەرلەمانتاری سەربەخۆی كورد عادل نوریش مایەوە، لە كاتی گفتوگۆكردندا لەسەر بڕگەی پەیوەست بە پێشمەرگە لەلایەن رێبوار تەها پەرلەمانتاری یەكێتی رستەیەكی بۆ زیادكرا بەشێوەیەك (موچەی پێشمەرگە مسۆگەر بكات)و دەنگی لەسەر درا، بەمەش موچەی تێكڕای پێشمەرگە دابین دەكرێت، كە فراكسیۆنە سیاسییەكانی تر بەتایەبت شیعەكان پێیانوابوو ئەمە بەسەریاندا تێپەڕیوە!! دواتر دەنگ لەسەر پێشنیارەكەی فراكسیۆنە كوردییەكانیش درا، ئەو رۆژە لەسەر رێژەی سوننە لە حەشدی شەعبی دەنگدان بۆ یاساكە تەواو نەكراو دواخرا بۆ رۆژی دواتر، رۆژی دووشەممە جارێكی تر دواخرا بۆ رۆژی چوارشەممە 7ی كانونی یەكەم، لە 6 / 12 واتە دوای چوار رۆژ لە روونكردنەوەی یەكەمی حكومەتی هەرێم، روونكردنەوەیەكی تری بڵاوكردەوە بە كۆمەڵێ ژمارەی ترەوە كە پێشتر دانیپێدا نەناوە، جارێكی تریش یاساكەی رەتكردەوە!
لە 7 / 12 پڕۆژەكە دەنگی پێدراو بوو بە یاساو بڕگەی موچەی پێشمەرگە ئەوەی بۆ زیادكراوە كە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەو بە رەزامەندی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان رێكدەخرێت.
پێنجشەممە 8 / 12 / 2016 بارزانی مام لە پەیامێكدا پڕۆژەكەی بودجە رەتناكاتەوە، بەپێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێم و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا پێكەوە كۆببنەوەو بە وردی تاوتوێی بكەن، ئەگەر لە خزمەتی كوردستاندا بێت لەسەری رێككەون و بە پێچەوانەشەوە با راستییەكان دەركەون.
بارزانی مام و بارزانی برازا، یەكیان پێش دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە رەتیده كاتەوە ئەوی تریان دوای دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە داوای كۆبوونەوە دەكات.. لەم كەین و بەینەشدا كارمەندانی كوردستان لە چاوەڕی (گۆدۆ)دان مووچەكانیان بۆ بێنێت!
‌ 2878 جار بینراوه‌
12/9/2016 9:01:15 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved