»  چاوپێکەوتن
بەرهەم سەردار؛ سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان:لە 10 ساڵی رابردوودا 14 جار كرێی خانوو بەرزكراوەتەوە
ئا/ رامان ساڵەیی

بەرهەم سەردار؛ سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە لە ساڵی (2006)ـەوە بۆ (14) جار كرێی خانوو زیادیكردووە و و هاوكات پێیوایە؛ حكومەت گوێ لە كەسانێك ناگرێت كە دەیانەوێت چارەسەری قەیرانەكان بكەن و ئەوەش رادەگەیەنێت:”ژن و پیاو هەریەكەیان چوونەتەوە ماڵی باوكی خۆیان و ماڵەكەی خۆیان بەجێهێشتووە، تا ئەوكاتەی قەیرانی دارایی چارەسەر دەبێت”.

* بەهۆی قەیرانی داراییەوە كرێنشینان بە تەواوەتی كەوتونەتە ناڕەحەتیەوە، چ چارەسەرێكی هەنووكەیی پێویستە بگیرێتەبەر؟
ــ كلیلی چارەسەركردنی كێشەی كرێنشینانمان ئاراستەی پەرلەمان كردووە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان پەكخراوە و ئومێدەوارین كارا بكرێتەوە تا یاداشتەكەمان بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هیواداریشین حكومەت هاوكارمان بێت، چونكە بەو یاداشتە، دەتوانرێت كێشەی كرێنشینان چارەسەر بكرێت بە سوود وەگرتن لە یەكە نیشتەجێبوونەكان، بۆ نموونە؛ مۆڵەت بە (181) هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێم دراوە، لە بەرامبەریشدا نزیكەی (70) هەزار كرێنشینان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلان و پرس نەكردن بە كۆمەڵەی كرێنشینان نەتوانراوە بەو هەموو یەكە نیشتەجێبوونانە، گرفتی كرێنشینان چارەسەر بكرێت، هاوكات سەرەڕای ئەوەی زۆرجار زەوی بەبێ بەرامبەر دراوە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی تەماح و بوونی بەرپرسان لە پشت دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون، نەتوانراوە كێشەكان بە دروستكردنی ئەو یەكانە چارەسەر بكرێن.
* چۆن دەتوانرێت سوود لە یەكەكانی نیشتەجێبوون وەربگیرێت، كە بە شێوەی وەبەرهێنان دروستكراون؟
ــ لە یەكێك لەخاڵەكانی یاداشتەكەدا داوامان كردووە، رێگە بە هاوڵاتیان بدرێت تەنها یەكەیەكی نیشتەجێبوون بكڕێت و دواتر ڕێگەی پێ بدرێت یەكەی تر بكڕێت و بیداتە كرێ.
* بڕیارەكەی حكومەت بۆ كرێی نیشتەجێبوون تا چەند هاوكاربووە لە چارەسەری كێشەی كرێنشینان؟
ــ دابەزاندنی نرخەكان پەیوەندی بەخواست و خستنەڕووەوە هەیە، بەهیچ جۆرێك پەیوەندی بەو هەنگاوانە نەبوو حكومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی نرخی كرێنشینی گرتیەبەر، چونكە بەر لە بڕیارەكەی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی نرخی كرێی یەكەكانی نیشتەجێبوون بە رێژەی (30%)، نرخەكان بەشێوەیەكی سروشتی دابەزین، چونكە ئاوارەكان بەشێكی زۆریان گەڕاونەوە و یەكەی بەتاڵ هەیە، بێ موچەییش هۆكارێكی تری كەمردنەوەی كرێی نیشتەجێبوونە.
* وەك كۆمەڵەی كرێنشینان چیتانكردووە بۆ كەمكردنەوەی نرخی كرێی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون؟
ــ ئێمە بەنوسراو ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانمان كردۆتەوە، كە لەگەڵ كۆمپانیاكان قسە بكەن و فشاریان لەسەر دروستبكەن تا نرخ كەم بكەنەوە، جگە لەوەش بە نوسراو داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئەوقاف كردووە، لە رێگەی مینبەری مزگەوتەكانەوە داوا لە خاوەن خانووەكان بكرێت نرخ كەمبكەنەوە، وەك كۆمەڵەكەمانیش چەندین پارێزەری خۆبەخشمان هەیە، كار لەسەر كێشەكان دەكەین.
* دەوترێت بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و زۆری كرێی شوێنی نیشتەجێبوون، رووداوی كۆمەڵایەتی زۆر دروستبووە، ئەمە تا چەند دروستە؟
ــ بەداخەوە تائێستا دەیان رووداو نەخوازراوی كەوتۆتەوە و چەندین كەیسمان لەلایە، كە ژن و پیاو هەریەكەیان چوونەتەوە ماڵی باوكی خۆیان و ماڵەكەی خۆیان بەجێهێشتووە، تا ئەوكاتەی قەیرانی دارایی چارەسەر دەبێت، پێشمەرگە هەیە بەهۆی ئەوەی پارەی كرێ خانوی نەبووە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، مامۆستا هەیە خۆی خنكاندووە، ژن هەیە ناوی خۆی لەلامان تۆماركردوە بەهۆی نەبوونی كرێ خانوەكەیەوە ئامادەیە گورچیلەی خۆی بفرۆشێت، بۆیە ساڵی (2016) ناودەنرێت بەخراپترین ساڵ بۆ كرێنشینان، لەمەشدا شاری سلێمانی پشكی شێری بەركەوتووە.
* چارەسەری بنەڕەتی بۆ كرێی خانوو چییە؟
ــ ئەگەر حكومەت موچە نەدات، هاوڵاتیان كرێ خانویان پێ نادرێت، خاوەن خانووەكانیش هەیە گوزەرانیان لەسەر ئەو كرێیەیە كە مانگانە وەریدەگرن، ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی دروستدەبێت، بەڵام بەشێك لە خاوەن خانووەكان بە ویژدانن و سەرەڕای كەمكردنەوەی بەرچاوی نرخی كرێ، چەندین مانگ لەسەر كرێچیەكانیان دەوەستن، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە، بەڵكو دەبێت نرخی كرێی جێگیر بكرێت، چونكە لە ساڵی (2006)ـەوە تائێستا (14) جار نرخی كرێ خانوو زیادی كردووە، جێگیركردنی نرخیش بەو جۆرە دەبێت، ئەگەر خانوویەك (200) مەتر بوو، بۆ هەر مەترێك هەزار دینار یان دۆلارێك وەربگیرێت، بەڵام حكومەت گوێ لە كەسانێك ناگرێت كە دەیانەوێت چارەسەری قەیرانەكان بكەن.








‌ 2926 جار بینراوه‌
12/10/2016 10:28:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved