»  چاوپێکەوتن
وڵات نەهری كاندیدی سۆسیال دیمۆكرات بۆ هەڵبژاردنەكانی فینلاندا: پرسەكانی مافی مرۆڤ بوونەتە قوربانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كوردیش قوربانی ئەم ناعەدالەتییەیە
هونەر حوسێن - فینلاند



وڵات نەهری؛ سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە فینلاندا، لە ئێستادا كاندیدە لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دیمۆكراتی ئەو وڵاتە بۆ هەڵبژاردنەكانی شارەوانیەكان .
ناوبراو لە دایكبووی ساڵی (1974)ـی رۆژهەڵاتی كوردستانە و بڕوانامەی ماستەری لە تەكنولوژیای زانیاریدا هەیە و لە چوار ساڵی رابردوودا ئەندامی كۆمیتەی یەكسانی لە شارەوانیی هێلسینكی بووە.

* فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان، كەی دامەزرا و ئامانجی چی هەیە؟
ــ دوای هەوڵیكی زۆر و چەندین كۆبوونەوە توانیمان لە بەرواڕی (20 / 12 / 2014) لە شاری هڵسینگی بە بەشداری (24) كۆمەڵە و رێكخراو، فیدارسێونی كۆمەڵە كوردیەكان دابمەزرێنین، و ئامانجی فیدراسێونەكەش بریتیە لە سێ ئامانج.. یەكەم؛ هاوكاریكردنی كرردانی دانیشتووی فینلاندا، لەسەر چۆنێتی خوگۆنجاندن لەگەڵ كۆمەڵگەی فینلاندی و فێروبونی زمانی فینلاندی، تا بەشێوەیەكی باش سوود لە ئەزموونی ئەم وڵاتە وەربگرن، دووەم؛ هاوكاریكردنی كوردان بۆ پاراستنی زمان و كلتوریی كۆردی خۆیان و هاوكاریكردنی ئەو خێزانانەی پێویستیان بە زانیاری و فەرهەنگی كوردییە، سێیەم؛ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رێكخراوەكانی ئەم وەڵاتە تا بتوانین لەو ریگایەوە خزمەتی كوردەكانی دانیشتووی فینلاندا بكەین و پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان كورد و نەتەوە جیاوازەكانی ئەم وڵاتە بدەین.
* فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە ئاستی فینلاندا و وڵاتانی ئەوروپا توانیویەتی چی بكات؟
ــ سەرەتا فیدراسێونی كۆمەڵەی كوردییەكان تەنها كارو چالاكی لە وڵاتی فینلاندا ئەنجام دەدات و كارەكانمان بریتیە لە سازدانی كۆر و سیمینار و هاوكاریكردنی پەنابەرە كوردە تازە هاتووەكان بۆ فینلاندا، ئەویش بە ئەنجامدانی كۆرسی زەمان و فێربونی سیستەمی فینلاندی و خۆگونجاندنیان لەگەڵ كۆمەڵگە، هاوكات كردنەوەی كۆرسی خویندنی كوردی بۆ ئەو منداڵانەی لە فینلاندا لە دایكبوونە و هەروەها توانیومانە پەیوەندی پتەو لەگەڵ رێكخراوەكانی فینلاند دروست بكەین و ئێستا ئێمە وەك فیدراسێون لەگەڵ (10) فیدراسیۆن و تۆڕ و ریكخراوی فینلاندی لە بواری پەنابەران و خۆگۆنجاندن پەیوەندی بەهێزمان هەیە و لە هەمانكاتدا وەك فیدراسیۆنی كۆمەڵەی كوردی ئەندامین لە تۆڕێكی رێكخراوەیی بە ناوی ( MOniheli) كە نزیكەی (100) ریكخراوی لەخۆ گرتووە، كە ماوەی دوو ساڵ بەندە سەرۆكی ئەو ریكخراوە بوومە و ئێستا بۆ دوو ساڵە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنم و هەروەها فیدارسێونی كۆمەڵەی كوردییەكان ئەندامی كۆمیتەی ( ETNO)، كە كۆمیتەیەكە راستوخۆ لەلایەن وەزارەتی دادی فینلاندیەوە سەرپەرشتی دەكریت... یەكێكی تر لە كارو چالاكیەكانمان ناساندنی كەیسی كوردە لەم وڵاتە و ئێمە روژانە رەوش و بارودۆخی هەر چوارپارچەی كوردستان بە زمانی فینلاندی دەگەیەنین لەم وڵاتە.
* كی كۆمەك و پشتیوانی دارایی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان دەكات؟
ــ زوربەی ئەندامانی كۆمەڵەكە خۆبەخشن و لەهەمانكاتدا ئێمە هاوكاری لە رێكخراوی (moniheli) فینلاندی وەردگرین، بۆ نموونە؛ لە ساڵی (2016) بەپێی پرۆژەكانمان هاوكاریمان وەرگرتووە و لەئێستاشدا پرۆژەیەكمان لە بەردەستدایە چاوەڕێین بودجەی بۆ دابین بكریت، ئەویش كردنەوەی ناوەندێكی فەرمیە بۆ فیدراسیۆن.
* خوێندنەوەی ئەوروپیەكان بە گشتی چ وەك حكومەت و چ وەك رێكخراوەكان، بۆ رەوشی مافی مرۆڤ و ژنان و ئازادی تاك لە كوردستان چییە؟
ــ كە باسی رەوشی كوردستان بە گشتی بكەین، بێگومان بارودۆخی وڵاتانی داگیركەری كوردستان زاڵە و وڵاتانی ئەوروپیش زانیاریی زۆریان لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئەم وڵاتانە هەیە، بەڵام بەداخەوە زۆرجار پرسەكانی مافی مرۆڤ دەبێتە قوربانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و كوردیش بە زیاتر لە سەدەیەكە قوربانیی ئەم ناعەدالەتیەیە.
ئەگەر باسی ئەمڕۆش بكەین، كۆمەڵگەی نێودەڵەتی و یەكێتی ئەوروپا لە بارودۆخی ناڵەباری باكووری كوردستان بە دەست دیكتاتۆریی ئەردۆغانەوە ئاگادارن، ئەوان ئاگادارن لە ئازار و ئەشكەنجە و لەسێدارەدانی سەدان چالاكڤانی مەدەنی و سیاسیی كورد لەلایەن رژێمی ئیسلامیی ئیـَران، هەروەها ئاگاداری كیمیاباران و ئەنفال و تەعریبن لە باشور و زوڵم و زۆردار لە بەشی رۆژئاوای كوردستان بە دەست ڕژێمی بەعسی سوریی.
بەڵام ئێمەی كورد ساڵ بە ساڵ دەپرسین بۆچی سەرەڕای ئەم هەموو كێشەیانە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی فریای كورد ناكەوێت و ناچاریشین بۆ داهاتووش ئەم پرسیارە دووبارە بكەینەوە، ئەگەر لە بۆچوونی خۆماندا گۆڕانكاری بكەین، دەوڵەتانی زڵهێز ئامادەن هاوكاریمان بكەن، بە مەرجێك داواكانی كورد لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت، ئەم بەرژوەندییەش رۆژێك پێكدێت؛ كە ئەوان كورد وەك نەتەوەیەكی یەكهەڵوێست ببینن یاخود ئەم وڵاتانەی كە كوردستانیان داگیركردووە دژی بەرژەوەندیەكانی خۆیان ببینن.
* لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ و ژنان و ئازادی تاك لە هەرێمی كوردستان، چ تێبینیەك هەیە؟
ــ لە جیهانی ئەمڕۆمان حكۆمەتی هەرێمی كوردستان لە باشووری كوردستان وەك ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆ ناسراوە، بوونی دەیان كۆنسوڵگەری وڵاتان و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم، وایكردووە هەرێمی كوردستان لەچاو ناوچەكانی ژێر دەستی حكۆمەتی ناوەندی عێراق تا لە چاو وڵاتانی تری ناوچەكە وەك ئێران و سعودیە و سوریا و توركیای ئەمڕۆ پێشكەوتنی بەرچاوی هەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا جیاوازیی دەیان ساڵی هەیە لەگەڵ ئەم سیستەمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا جێگربوون، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و حیزبەكانی كوردی ئەم راستیانە بەرچاو بگرن و بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەلایەن ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وەك كۆسپ و كێشە دیاری دەكرێن، وەك كێشەكانی گەندەڵی و ئابووری و سیاسی و سنوورداركردنی كار و چالاكیەكانی میدیا و رۆژنامەنووسان و بوونی توندوتیژی بەرانبەر ژنان، ئەمانە بەشێكن لەو كێشانەی كە ریكخراوەكانی مافی مرۆڤ سەرنجیان داوەتێ، دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئەم كێشانە دەبێتە دەروازەیەك بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنی گەورە بۆ كورد و كوردستان لە ئەوروپا.
* ئەوروپیەكان چۆن دەڕواننە پرسی جینۆسایدی كورد هاوكات لە بواری ناساندنی جینۆسایدی كورد بە وڵاتانی ئەوروپا چی كراوە؟
ــ لە چەندین وڵاتی ئەوروپی چالاكوانانی كورد هەوڵیان بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد داوە و تا رادەیەك توانیویانە سەركەوتوو بن، بەڵام لەم پرسەدا دوو كێشەی سەرەكی هەیە، یەكەم؛ جینۆسایدی كورد هەموو بەشەكانی كوردستان دەگرێتەوە و ناساندنی جینۆسایدی نەتەوەییش زۆر ئەستەمە، چونكە قانعەت پێكردنی وڵاتان بۆ چاوپۆشی لە بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ چوار وڵاتی جیاواز شتێكی ئاسان نییە، دووەم؛ وەك كورد زۆرتر بە هەست و ئیحساسەوە سەیری ئەم پرسە دەكەین، بەڵام ناساندنی جینۆساید دەبێت بە دیدێكی بێلایەن بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە توێژینەوە و لێكۆلینەوەی فراوان هەیە و دەبێت لەلایەن ناوەندێكی دیاریكراو و باوەڕیپێكراو بكرێت، تائێستا لە كوردستان هیچ ناوەندێكی زانستی دانەمەزراوە، كە لە ئەم بوارەدا كاروچالاكی بكات.
* رۆڵی رەوەندی كوردی لە ئەوروپا و بە تایبەت لە فینلاندا لە چ ئاستیكدایە؟
ــ رێژەی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا لە دوو ملیون كەس تێپەڕیوە، ئاستی چالاكی رەوەندی كوردی لە چاو ئەم رێژەیە زۆر لاوازە، زۆربەی حیزب و لایەنە كوردییەكان چالاكی ڕێكخراوەییان بۆ ئەندامەكانیان هەیە، بەڵام لە بواری نەتەوەییەوە هەموویان كەمتەرخەمن، ئەگەر خۆمان لەگەڵ جولەكە و ئەرمەنی و تورك و زۆر نەتەوەی تر بەراورد بكەین، لۆبیمان نییە و پەیوەندیەكانمان لە ئاستی ناوەندەكانی بڕیار لە وڵاتانی ئەوروپا چ لە ئاستی نەتەوەیی و چ لە ئاستی حیزبە كوردییەكان یا بوونی نیە و یا زۆر لاوازە، چونكە وەك كورد خاوەنی ستراتیژیی نەتەوەیی نین و ئەو چالاكیانەی دەكرێن بە دڵسۆزیی تاكەكانەوە بەستراوە.
* ئەوروپیەكان دۆخی پەنابەری كورد لە پەنابەرانی دیكە جیا دەكەنەوە؟
ــ بەهۆی هاتنی رێژەی زۆری پەنابەران بۆ ئەوروپا، بە گشتی بە چاوێكی باش تەماشای پەنابەران ناكرێت و ئەو سیاسەتوان و حیزبانەی لایەنگری كەمكردنەوەی رێژەی پەنابەرانن و داوای گەڕانەوە پەنابەران بۆ وڵاتانی خۆیان دەكەن، زۆر زیاتر لە پێشوو دەنگ دەهێنن، هاتنی رێژەی زۆری پەنابەران بووەتە هۆی ئالۆگۆڕ لە سیاسەت و دەسەڵاتی وڵاتانی ئەوروپا، بە داخەوە شەپۆڵی ڕەگەزپەرستی و سیاسەتی دەستەڕاست ئەوروپای داگیركردووە، ئەم بارودۆخە تاڵە بە داخەوە كوردانشی گرتۆتەوە.
* كەواتە ئەوروپیەكان مامەڵەی جیاواز لە پەنابەرانی دیكە، لەگەڵ پەنابەری كورد ناكەن؟
ــ مەسەلەی پەناپەران جیاوازە، بەڵام لە چەند ساڵی پێشوو، زۆربەی خەڵكی فینلاند نەیاندەزانی كورد چییە و كوردستان لە كوێیە. ئێستا وانیە بەتایبەت بەهۆی شەڕی پێشمەرگە و شەرڤانانی كورد دژی (داعش)و هێزە تیرۆریستیەكانی تر، كورد وەك نەتەوەیەكی لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری و دژ بە تیرۆر ناسراوە، بە جۆرێك زۆرجار شانازیت پێوە دەكەن.
* رەوەندی كوردی توانیویەتی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی وڵاتانی ئەوروپا هەبێت، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەكانی فینلاندا كاریگەری هەبێت؟
ــ بەداخەوە بە گشتی دەتوانین بڵێین نەخێر، هەرچەند ژمارەی دانیشتووانی كورد لە چەندین وڵاتی ئەوروپی لە ئاستێكی بەرز دایە، بەڵام جگە لە سوێد كورد نەیتوانیە وەك پێویست كاریگەری لە ناو حیزبەكان و سیاسەتی وڵاتەكان هەبێت، سەركەوتوویی لە سوێدش تا ڕێژەیێكی زۆر دەگەرێتەوە بۆ سیستەمی هەڵبژاردنەی لەو وڵاتە هەیە.
لە فینلاند كەسایەتی كورد لە هەموو حیزبە سەرەكیەكانی فینلاند بونیان هەیە، بەڵام تائێستا تەنیا لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان چەند كوردێك توانیویانە دەنگی پێویست بە دەست بهێنن. بۆ ئەمەش شەش هۆكاری سەرەكی هەیە، یەكەم؛ رێژەی بەشداریی كوردەكان لە هەڵبژاردن زۆر لاوازە، كە بەپێی ئامارەكان ڕێژەی بەشداریی كوردان لە هەڵبژاردنەكان لە (20%) كەمترە لە ژمارەی خۆیان، هۆكاری ئەمەش؛ كەمی زانیاری كوردان لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن و تێكەڵاونەبوون لەگەڵ كۆمەڵگەی فینلاندییە، دووەم؛ زۆری ژمارەی كاندیدانی كورد وایكردووە دەنگی كورد پەرش و بڵاوببێتەوە و هیچ كاندیدێك سەركەوتن بە دەست نەهێنێت، سێیەم؛ كوردبوونی كاندیدە كوردەكانە، بە جۆرێك هەڵوێستی كاندیدە كوردەكان وەك ئەوەیە كاندیدی هەڵبژاردن بێت لە كوردستان و تەنها سەرەنجی لەسەر دەنگدەرە كوردەكانە، چوارەم: بەشداری لە سیاسەتی وڵات پرۆسەیەكی دوور و درێژە و ساڵانێكی زۆری دەوێت، بەڵام زۆربەی كاندیدە كوردەكان تەنیا لە كاتی هەڵبژاردن دەردەكەون، پێنجەم؛ نەبوونی بودجەی پێویستە بۆ ریكلام و راگەیاندن لە هەڵبژاردن و حیزب و لایەنە كوردییەكانیش لەم رووەوە پالپشتی كاندیدەكان ناكەن، شەشەم؛ نەبوونی یەكریزی و یەكهەڵوێستی لە ناو كوردەكان، كە زۆر جار لایەنەكان سەرەڕایی ئەوەی پاڵپشتی لە كاندیدەكان ناكەن، هەوڵیش دەدەن رێگری لە سەركەوتنی كەسانی تر بكەن.
* بە نیازی خۆت كاندید بكەیت؟ چۆنە و بۆ چ پۆستیك پەرلەمان یان شارەوانیەكان؟
ــ بەڵی كاندیدم بۆ هەڵبژاردنەكانی شارەوانیەكان، كە لە (9 / 4 / 2017) بەڕێوەدەچێت، ساڵانێكی زۆرە ئەندامم لە حیزبی سۆسیال دیمۆكراتی فینلاند و لە هەڵبژاردنەكانیش وەك ئەندامی ئەم حیزبە بەشداری دەكەم، پێشتریش لە ساڵی (2012) لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان و لە ساڵی (2015) لە هەڵبژاردنی پەرلەمان كاندید بوومە و لە ماوەی چوار ساڵی رابردووش ئەندامی كۆمیتەی یەكسانی لە شارەوانیی هێلسینكی بووم.
* ئایا فینلاندییەكان هاوپەیمان و دۆستی كوردن؟
ــ وەڵامی ئەم پرسیارە دوور و درێژە و تا رادەیەك لە وەڵامەكانی پێشوو وەڵامم داوەتەوە، بە گشتی هاوپەیمانی و دۆستی لە سیاسەتی وڵاتەكان دەگەرێتەوە بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكە لەگەڵ كورد، بۆ نموونە لە شەری دژی (داعش)، فینلاند هاوپەیمان و دۆستی كوردە و (100) پسپۆری سەربازی بۆ مەشق و ڕاهێنان بۆ پێشمەرگە ناردۆتە كوردستان، ئەم هاوكارییە لەلایەن وڵاتێكی چكۆلە و بێلایەن وەك فینلاند شتێكی یەكجار گەورەیە و هاوكات پەیوەندی ئابوری لەگەڵ كوردستان هەیە و رێگەی پەیوەندی دیبلۆماسی بە حیزبە كوردییەكان داوە، بەڵام بەهۆی لاوازی دیپلۆماسی و لۆبیی كوردی ئەم پەیوەندیانە زۆرتر لە ئاستی بیرۆكراسیدان تا سیاسی.
* چ حیزبێكی فینلاندی گرنگی بە دۆسیەی كورد دەدات؟
ــ حیزبەكانی فینلاندی بە گشتی نایانەوێت تێكەڵاوی سیاسەتی دەرەوەی وڵات ببن و ئەم ئەركەیان بۆ وزارەتی دەرەوە و سەرۆك كۆمار جێهێشتووە، ئەم سیاسەتەش بەپێی هەڵبژاردنەكان و زەمان دەگۆڕێت، بۆ نمونە ئێستا بە بەراورد بە پێشوو، گۆڕانكاری لە سیاسەتی حیزبەكانی فینلاند روویداوە، حیزبەكان هەر یەك بەپێی ئەجێندا و بەرنامەی خۆی سەرنج بە كوردەكان دەدات و سەرمایەدارەكان كوردیان خۆش دەوێت بەهۆی سامانە سروشتیەكان و سەركەوتنی كورد لە شەڕی دژی (داعش) و جیهادیە تیرۆریستیەكانی تر.
لە سیاسەتی حیزبەكانی سور و سەوز، واتە سۆسیال دێمۆكراتەكان، یەكێتی چەپەكان و سەوزەكان، سەرنجی زۆرتر دەدرێت بە كورد و نەتەوەكانی ژێردەست و پرسەكانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ، ئەو كاتەی خۆم چوومە ناو سیاسەتی فینلاند، یەكێك لە بابەتە سەرەكیەكان كە بووە هۆی ئەندامێتیم لە سۆسیال دیمۆكراتەكان، ئەم پرسیارە بوو. خەبات بۆ ئازادی، هاوپشتی لەگەڵ چەوساوەكان و بەدیهێنانی یەكسانی لە بەها و ئامانجە سەرەكیەكانی سۆسیال دیموكراسین.


‌ 3507 جار بینراوه‌
12/10/2016 10:29:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved