»  بینین
یەكترمان رسوا كردوە!
دڵسۆزحەمە



ئەو فاكتەرە ناوەكیەی كە وای كرد جڤاتی كوردی لەهەمبەر دڕندەیی و سستەمی بێسنوری كوشتن و بڕینی بەعسدا خۆڕاگرێت و بەردەوانی بە خۆڕاگری و ململانێ بدات، لەهەمبەر جینۆسایدو پەت وسێدارەو ئەنفال و زیندەبەچاڵ كردن و ترس و تۆقاندن و مامەڵەی دڕندانەی ئەو رژێمەدا نەك خۆڕاگربێت بەڵكو شۆڕش داگیرسێنێت و لە هەناوی شارە ترساوەكاندا، لەناوجەرگەی شەقامە تۆقیوەكاندا رۆڵەكانی گەرای شۆڕش دابنێن و رێكخستنە نهێنیەكان لە قوڵایی جومگە دیسپلین و چاودێریكراوەكانی بەعسدا دەست لە دوژمن بوەشێننن و وێنەی ململانێ و قەبوڵنەكردنی جەورو سستەم و داگیركاری رەت كەنەوە، ئەو فاكتەرە ناوەكیە باوەڕی ئینسانی ئێمە بوو بە رەوایی پرسی ئازادی، باوەڕ بە پیرۆزی قوربانیدان و بە پیرۆزی سەرمایە رەمزیەكانمان، سەرمایە رەمزیەكانی وەكو نیشتمان، ئازادی، كوردبون، پێشمەرگە، شەهیدەكان، سەركردەو پارتیزانە خۆبەختكردوەكان كە هەندێكیان هێندە خۆشەویست بوون خرابوونە خانەی ئەفسانەو قەدیس و فریشتەكانەوە، ئەو فاكتەرە ناوەكیە هێندە مانا و رێزی بەخشیبووە پەیوەندی مرۆڤ و جڤات، مرۆڤ و شۆڕش، مرۆڤ و خاكەكەی كە نزیكبون لە شۆڕش و پێشمەرگەو تێكۆشانەوە چەندە بەدبەختی و نەهامەت و چەرمەسەری و ئەگەری تیاچونی دەبەخشی هەزاران ئەوەندە مانایەكی پیرۆز و پێگەیەكی رەمزی دەبەخشیە مرۆڤ، ئەمە جەوهەری نهێنی پێكەوەنوسانی شۆڕش و خەڵك بو، جەوهەری پشتیوانی شۆڕش بەو خەڵكە تۆقێنراوە، داگیركراوە، چەوساوەیەی لە ناخەوە ئومێدی بە شۆڕش و داهاتوو هەبوو.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت زۆر ترسناكترە لە بڕینی موچەو قوڵترە لە دەرهاویشتەكانی گەندەڵی، ئێمە لە ساتەوەختی خۆكوژیەكی ناوەكیدا دەژین، خۆكوژی جڤاتێك كە هێشتا هیچی بینا نەكراوە، وێنەكە لە بەدرۆخستنەوەی دوو قسەی یەكتری پارلەمانتاران و رەخنەگرتنی دوو وەزیرو، ناڕەزایی دوو سەركردەی سیاسی لە بۆچوونەكانی یەكتر و هەڵدانەوەی دوو دۆسیەی گەندەڵی و رسواكردنی دزەكان زۆر قوڵترو مەترسیدارترەو هیچ دامودەزگایەكی ئیداری و زانستی و ئەخلاقیش نییە سنورێك بۆ ئەم خۆكوژیە دابنێت!
ئەوەی رودەدات لە دنیای ئێمەدا سڕینەوەی رەمزەكانە، بەزاندنی هێڵی سور و رسواكردنی یەكترە هەتا سەر ئێسقان، ئەو جۆرە رسواكردن و شكانە ناوەكیانەی كە ئیتر چاكبونەوەی نیە بۆ ئەبەد، هەربۆیە ژیانمان لە نائومێدی و بێباكی و توندوتیژی نقوم بووە، ئاخر ئەو سێ دیاردەیە زۆر پەیوەستن پێكەوەو زادەی نەمانی هەموو هەستێكی ئینتیماو نەمانی هەستی بەرپرسیاریە لەسەر ئاستی كۆمەڵگە.
ئەوەی لە روبەری گشتیدا رودەدات بێڕێزی و رسواكردن و هەوڵی داماڵینی ئەم جڤاتەیە لەهەموو پایەیەكی ئەخلاقی و ئینسانی، لەهەموو پەیوەستبوونێكی گشتگیر و هێزێكی ناوەكی! ئەمەش لەدواجاردا لاوازی و پەرتەوازەیی لێبەرهەم دێت!! سۆشیال مێدیاو تەلەفزیۆنەكان و مێدیای بینراو بیستراو و روبەری گشتی، لێوانلێوە لە ناشرینی، لە قسەی زبر، لە جنێوی بازاڕی، لە سوككردنی خاك و نیشتمان، لە بچوككردنەوەی سەركردەو بەرپرس و تەنانەت رەمزە مێژویی و رۆحیەكانمان، لێوانلێوە لە گاڵتەكردن بە خۆمان، لە هاواركردن و قیژەقیژ و گوزارشتی نزم و ناشرین، جڤاتی ئێمە كە لەبنەڕەتدا جڤاتێكی ناشارستانیە خەریكە دەبێتە جڤاتێكی دڵڕەق و بەربەری!
ئاخر بەردەوام بەریەككەوتن لەگەڵ توندوتیژی و نادادوەریدا بە بێ هەبوونی ئەڵتەرناتیڤ و پیادەكردنی ژیرانەی ململانێكان ژیان دەبێتە فەوزایەكی توندوتیژتر!
دەسەڵات و ئەوانی ئیرادەو ژیانی ئەم جڤاتە بەڕێوەدەبەن ساڵەهایە وەكو مێرولە و نزمتریش تەماشای ئەم كۆمەڵگایە دەكەن، پڕیان كردووە لە نادادوەری و زوڵم وسستەم و ناشرینی، جڤاتیش بە دەوری خۆی بە چاوی پڕ گومان، بە چاوی نزم و ناهەقی بە چاوی دزو تاڵانفرۆش و سستەمكار لە كارگێڕانی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە دەڕوانیت، بە هەموو ئامڕازێك سوكایەتیان پێدەكات!
دواجار لە دۆخێكداین هەرهەموو جڤاتی كوردی سەرقاڵی شكان و رسواكردنی یەكترین بە ترسناكترین شێوازو مەترسیداترین ئامڕاز كە لە ململانێی سیاسی و دیباتی هێزەكان دەرچووەو بەڵكو خۆكوژیەكی كۆمەڵایەتیە.

‌ 3567 جار بینراوه‌
12/10/2016 10:31:00 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved