»  چاوپێکەوتن
زوبێر عوسمان؛ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەنجومەنی ناوەندی (ی. ن. ك): هیچ جیابوونەوەیەك لە ناو یەكێتی روو نادات هەڤاڵانیش لە یەكتر ناترازێن
ئا/ رامان ساڵەیی




زوبێر عوسمان؛ جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی (ی. ن. ك)، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە ئێستا لایەنە ناكۆكەكانی ناو یەكێتی هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەدەن و هاوكات پێیوایە؛ هیچ جیابوونەوەیەك لە ناو یەكێتی روو نادات و ئەوەش رادەگەیەنێت:"ئەگەر حكومەتی هەرێم بەكۆی كابینەكەوە بەدیلێكی باشتری لە پرۆژەكەی یەكێتی لە نێو بودجە هەیە، ئێمە پێشوازی لێدەكەین".

* ئەنجومەنی ناوەندیی (ی ن ك) لە دواین كۆبونەوەیدا، پرۆژەیەكی بۆ یەكخستنی بۆچوونە جیاوازەكانی ناو یەكێتی پەسەند كرد، ئەمە لە چیەوە سەرچاوەی گرتبوو؟
ــ لە كۆبونەوەی فراوانی ژمارە (76)ـی ئەنجومەنی ناوەندیی؛ كە لە رۆژی (1 / 9 / 2016) بەسترا، تاوتوێی دۆخی ناوخۆیی یەكێتی كرا و بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی (9) كەسی درا بۆ سەردانیكردنی ئاڕاستە جیاوازەكانی ناو یەكێتی، بەڵام بەهۆی سەردانی سكرتێری ئەنجومەن بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی چارەسەری، هەشت هەڤاڵمان سەردانەكانیان ساز دەدا و لە ئەنجامدا سێ سەردانی هەردوو لایەنی رازی و ناڕازی و سازكردنی (54) كۆبونەوەی تر لەگەڵ هەڤاڵانی ئۆرگانەكان، كۆمەڵێك ئامانج دەستەبەر كرا و پرۆژەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئامادەكرا و لە كۆبونەوەی (8 / 12 / 2016) پاش تاوتوێكردنی پەسەند كرا، بیرۆكەی ئەو پرۆژەیەش لە ئەنجامی سەردانەكانمان ئامادەكرا.
* بۆچوونەكان تاچەند لە یەكتر نزیككراونەتەوە و سەركردە باڵاكان تاچەند لەگەڵ چارەسەری كێشەكانن؟
ــ ئارامیەكی زۆر باش دروستبووە، جگە لەوەی ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندیی نێوەندگیری هەڤاڵان دەكەین، دۆستەكانمان و وڵاتانی دراوسێش لەو نێوەندەدا بوونیان هەیە، ئێستا هەڤاڵان پێكەوە دادەنیشن و یەكتر دەبینن و ئەوەی پەیوەندی بە ناكۆكیەكانیانەوە هەیە، ئێستا خۆیان باسی دەكەن و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن.
* كێشە و ناكۆكیەكان گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی جیابونەوە لەناو یەكێتی رووبدات؟
ــ بە خوێندنەوەی من هیچ جیابوونەوەیەك لە ناو یەكێتی روو نادات، هەڤاڵانیش لە یەكتر ناترازێن، ئەو پرۆژەیەی ئێمەش وەك ئەنجومەنی ناوەندیی ئامادەمان كردووە، ئەگەر بكرێت بە نەخشە رێگا بۆ ئەم قۆناغە، فرسەتێكی زێڕین دەبێت تا یەكێتی لەم قۆناغە دەرباز بكەین و بەرەو كۆنگرە بچین كە باڵاترین دەسەڵاتی حیزبە، ئەوكات و سەرجەم كێشەكان یەكلادەبنەوە.
* ئێوە تاچەند ئاگاداری پرۆژەكەی یەكێتی بوون كە بەهەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندكرا؟
ــ وەفدێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (22 / 11 / 2016) سەردانی ئەنجومەنی ناوەندییان كرد و پڕۆژەكەیان خستەڕوو و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ كاتژمێری پێكەوە تاوتوێمان كرد، ئەوە بوو زۆر بە باشی كاریان لەسەركردو بە راستیش ئەو پرۆژەیە بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، دەكرێت كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئومێدی لەسەر بنیاد بنێن، بۆ ئەوەی بگەنەوە كەناری ئارامی لە رووی داراییەوە؛ كە ئێستا بژێوی ژیانی خەڵك لەوپەڕی خراپیدایە، ئەگەر حكومەتی هەرێمیش شتی باشتری هەبێت لەو پرۆژەیە، بەدڵنیاییەوە فراكسیۆنی سەوز و هەموو لایەنەكان چاومان لە حكومەتەكەی خۆمان دەبێت، بەڵام ئێمە تائێستا بەشێكی دانەبڕاوین لە حكومەتی عێراق و تا ئەو رۆژەی هەرێم سەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێت، دەبێت كێشەكانمان لەگەڵ حكومەتی عێراق چارەسەر بكەین، لەو پرۆژەیەی یەكێتیش شتێك نەكراوە بچوكترین شكۆی نەتەوەیی یان خاكی هەرێم و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەكەدار بكات، بۆیە وەك ئەنجومەنی ناوەندی بەلاغێكیشمان دەركرد و دەستخۆشیمان لە فراكسیۆنی یەكێتی كرد و سوپاسی فراكسیۆنەكانی تریشمان كرد كە هاوكاربوون بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیە.
* وەزیرەكانی یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، یاسای بودجەی عێراقیان رەتكردەوە، واتا پرۆژەكەی یەكێتی و سێ‌ لایەنەكەیان رەتكردەوە، ئەمە دوفاقی سیاسی ناگەیەنێت؟
ــ ئەگەر حكومەتی هەرێم بەكۆی كابینەكەوە بەدیلێكی باشتری لە پرۆژەكەی یەكێتی لە نێو بودجەی عێراق هەیە، ئێمە پێشوازی لێدەكەین، بەڵام ئەگەر بەدیلی باشتریان پێ نەبێت و هەر بۆ ئەوە بێت شكست بەو هەوڵە بهێنن، پێویستە حكومەتی هەرێم لەگەڵ فراكسیۆنەكان دابنیشێت و رونكردنەوەی تەواو وەربگرێت بۆ ئەوەی هەم وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتی رادەستكردنی نەوت و هەمیش بۆ موچەو بودجەی بەكاربردن و خەرجیەكانی پێشمەرگە و داوو دەرمان و خۆراك گفتوگۆ بكات.
* ژیانی خەڵك خراپە و موچەیان نییە، رەخنە لە یەكێتی دەگیرێت بەوەی هیچ هەڵوێستێكی نییە، قسەی جەنابتان لە بارەوە ئەمە چیە؟
ــ بە دڵنیاییەوە یەكێتی نەك بەشدارە لە حكومەت بەڵكو یەكێتی داهێنەر و دامەزرێنەری حكومەتی هەرێمە، كەس خێری بە یەكێتی نەكردووە و لە پرۆسەیەكی جەماوەریدا دەنگی خۆی هێناوە، بەقەدەر دەنگەكانی و جەماوەر و شەهیدەكانی بەشداری لەم كابینەیەی حكومەت كردووە و ئەوەی لە توانایدا بووبێت كردوویەتی و بەردەوامیش دەبێت، ئەمەش مانای ئەوە نییە بە هەموو سیاسەتە راست و هەڵەكانی رازی بێت، ئەوەی كاری باش بێت یەكێـتی دەستخۆشی لێدەكات، ئەوەی هەڵەش بێت بەهەڵەمان زانیووە و بەشدارنابێت لە هەڵەكان، ئەوەی پەیوەندیشی بەنوێنەرانی ئێمە لە حكومەت هەیە، وەك شەخس لە حكومەت نیین، بەڵكو نوێنەری یەكێتین، دواجار پابەندن بە بڕیار و پرۆژەكانی حیزبەوە، بۆیە هەر تەمومژێك هەبێت یان دوفاقی هەبێت كە نوێنەرانمان بەجۆرێك كاردەكەن و حیزبیش بەجۆرێك كاردەكات لەبنەڕەتدا راست نییە، ئێمە لەگەڵ پارتی رێكەوتننامەی ستراتیژیمان هەیە و پێكەوە هێزی پێشمەرگەمان بەشدارە لە شەری گروپی تیرۆرستی داعش، بەڵام مانای ئەوە نییە بەهەموو هەڵەكانی پارتی رازین و پەردەپۆشی دەكەین.
* بۆچی یەكێتی كارە هەڵەكان لە پارتی قبوڵ دەكات؟
ــ بۆ خەڵكی كوردستان روونمانكردۆتەوە؛ كە یەكێتی بڕوای پێیەتی و لە هەڵبژاردنەكان كاری لەسەر كردووە، نوێنەرەكانمان لە حكومەتی هەرێم پیادەیان كردووە و كاری لەسەر دەكەن، مەسەلەش قبوڵكردن و قبوڵ نەكردن نییە یاخود ناكرێت بگەڕێینەوە بۆ دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی و لەتكردنی هەرێم، بەڵكو دەمانەوێت كاربكەین بۆ یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، تا لە دوای شەڕی داعش بەرهەمی خوێنی شەهیدەكان بۆ میلەت بچنینەوە و ناوچە دابڕێندراوەكان بگەڕێنینەوە سەر هەرێم نەك تازە بەتازە نێوماڵی كورد تێكبدەین و خەڵك حسابمان بۆ نەكات و پێمان بڵێن، ناتوانن ئیدارەی هەرێمەكەی خۆتان بدەن.
* كاڵبوونەوەیەك بە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان دەبینرێت، بۆچی؟
ــ ئێمە دوو رێككەوتنمان لەگەڵ گۆڕان هەبووە، رێكەوتنێكیان بۆ ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی كە جێبەجێكراوە لەگەڵ رێككەوتنی (17 / 5 / 2016)، كە بەشێكی جێبەجێكراوە و ئەوانەی تریشی پێویستە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ بكرێن، بۆیە رێكەوتنەكە گرنگ و چارەنوسسازە و رەنگە بەشێكی بە تەنها بە ئێمە و گۆڕان جێبەجێ نەكرێت، چونكە پەیوەندی بەكۆی بارودۆخی هەرێمەوە هەیە، هاوكات كێشەكانی نێوان پارتی و گۆڕان و شەڕی داعش و چەندین كێشەی دیكە لەگەڵ حكومەتی عێراق، هەموو بونەتە هۆكار بۆ جێبەجێنەكردنی بەشێكی رێككەوتنەكە، بەڵام رێكەوتنەكە كاڵ نەبۆتەوە و هەر لەم مانگەشدا وەفدی باڵای ئێمە و گۆڕان كۆبونەوەیان ئەنجامداو و یەكهەڵوێست و یەك دنیابینیان هەیە و هەر دوولا پابەندی خۆمان بە رێككەوتنەكە خستەڕوو.
* لە دوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی، پارتی زنجیرەیەك سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان دەستپێكردووە، بۆچوونی راشكاوی ئێوە چییە لەبارەی ئەو سەردان و هەوڵانە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێم دەدرێن؟
ــ جەنابی كاك كۆسرەت وەك یەكێتی پێشوازی لە پەیامەكەی بارزانی كرد، چونكە ئەو پەیامەی بارزانی لە پەیامەكانی تری جیاواز بوو و خوێندنەوەی زۆر باشی بۆ دەكرێت بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و كاراكردنەوەی پەرلەمان و گۆڕانكاری لە حكومەتی هەرێم، ئێمەش وەك یەكێتی بەشێكین لە چارەسەر و پێشوازیش لە پارتی دەكەین بەیەك ئاراستە لەگەڵیان كۆدەبینەوەو گوێبیستی وەفدەكەی پارتی دەبین تا بزانین چیمان پێ دەڵێن، ئەوكات یەكێتی دیراسەی خۆی دەكات و هەڵوێست و پەیامی خۆی دەبێت.
* تاچەند لەگەڵ داخوازی پارتیدان بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و پەراوێزخستنی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو؟
ــ نەخێر هەر لەسەرەتاوە، دامەزراندنی كابینەی حكومەتی بنكەفراوان بیرۆكەی یەكێتی بووە و كارمان لەسەر كردوە، ئێستاش بەهەمانشێوە تا ئەم كابینەیە كۆتایی دێت دەبێت حكومەت بە بنكەفراوانی بمێنێتەوە و لەگەڵ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێكی سیاسی نیین.


‌ 2621 جار بینراوه‌
12/17/2016 2:01:05 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved