»  چاوپێکەوتن
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی: هەتا یەك مین لە كوردستان مابێت مەترسی لەسەر هاوڵاتیان بەردەوامی دەبێت
ئا/ رامان ساڵەیی

ئەحمەد فەتاح بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە هەتا یەك مین لەهەرێمی كوردستان مابێت مەترسی لەسەر هاوڵاتیان بەردەوامی دەبێت و هاوكات پێیوایە زۆربەی قوربانیەكانی مین ئەو كەسانەن كە دەستكاری مینەكان دەكەن نەك ئەوانەی بەدوای میندا دەگەڕێن، ئەوەش رادەگەیەنێت:”تەنها لەساڵی رابردوودا 10 ملیۆن مەتر دوجا لەمین پاككراوەتەوە”.

* قەیرانی دارایی تاچەند كاریگەری لەسەر كارەكانتان دروستكردووە؟
ــ شەڕی داعش و قەیرانی دارایی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كاروبارەكانی هەڵگرتنەوەی مین لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستان هەبووە، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە بتوانێت كاروچالاكییەكانی كاروباری هەڵگرتنەوەی مین رابگرێت، بەپێی ئەوەی لەساڵی رابردوودا وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی، وێڕای كاروچالاكی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، نزیكەی 10 ملیۆن مەتر دووجار لەمین و تەقەمەنی پاككراوەتەوە، كە ئەوەش بەراورد بەسێ ساڵی رابردوو زۆرترین رێژەیە لەچاو قەیرانی دارایی كە رووبەڕوومان بۆتەوە، ئەمساڵیش هەما پرۆسەی گەڕان و پشكنین بەدوای بۆمب و تەقەمەنی چێندراو بەردەوامی هەیە، ئەو كەسانەی لەلای ئێمە كاردەكەن لەپرۆسەی پاكسازی و لەناوبردنی تەقەمەنی، گرێبەستن و موچەكانیان بۆ 50% كەمكراوەتەوە، بەڵام كەمكردنەوەی موچە نەبۆتە هۆكار بۆئەوەی كە كارەكانمان سستی بەخۆوە ببینن یان پرۆسەكە رابگرن، بەپێی بارودۆخەكە كەم تا زۆر كارەكانمان بەجێگەیاندووەو رووبەڕووی قەیرانەكەش بووینەتەوە، ئێمە شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە چۆن وڵات دەپارێزن، ئێمەش هەوڵدەدەین ناوچە مەترسیدارەكان كەمبكەینەوە.
*ئەو رووبەرەی تا ئێستا لەمین و تەقەمەنی پاك نەكراوەتەوە، بەچەند مەزەندە دەكرێت؟
ــ دەبێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بگەڕێینەوە بۆئەوەی كە چەند پارچە زەویمان پاككردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە لەمساڵدا سەرجەم پرۆسەی پاكسازی لەلایەن كەرتی تایبەتەوە، كە لەلایەن كۆمپانیا ناوخۆییەكانەوە كارەكانیان جێبەجێدەكراو نزیكەی 12 كۆمپانیا بوون كارەكانیان راوەستاوە، چونكە هەموو پرۆژەكانی حكومەتی هەرێم جگە لەچەند پرۆژەیەكی زۆر گرنگی ئاوو كارەباو تەندروستی، سەرجەمیان راگیراون، ئەمەش بەیەكێك لەگەورەترین كاریگەرییەكانی بەردەم پرۆسەی پاكسازی دادەنرێت، ئەگەرنا دەتوانرا دەیان ملیۆن مەتر لەمین و تەقەمەنی پاكبكرێتەوە، بۆیە ناتوانین بڵێین بە 10 ساڵی تر یان بە 15 ساڵی تر ناوچەكانی هەرێم سەرجەمیان لەمین پاكدەكرێنەوە، چونكە بەراگرتنی كەرتی تایبەت لەپرۆسەی پاكسازی، واتە راگرتنی سەرجەم ئامێرو تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەكانی ئەو بوارە، بەپێی ئەو پرۆتۆكۆلێەی لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە واژۆی لەسەر كراوە، كە ناسراوە بەڕێكەوتننامەی ئۆتاوا، دەبوو حكومەتی عیراق تا ساڵی 2018 سەرجەم ناوچەكانی لەمین پاكبكردایەتەوە، بەڵام ئێمەش وەك هەرێم توانیوومانە پابەندبین بەو رێنمایی و خاڵانەی لەناو رێكەوتنەكەدا هاتوون، بەڵام بەڵێنمان نەداوە تا 2018 سەرجەم ناوچەكان لەمین پاكبكەینەوە، هەربۆیە ناوچە شاخاوییەكان و ناوچە دەشتاییەكان لەپرۆسەی پاكسازی میندا جیاوازییەكی زۆریان هەیە، لەمرۆ بەدواوە لەناوچە شاخاوییەكان كارناكرێت تا دەگەینە مانگی چوارو پێنج، بۆیە پێشبینی ئەوەناكرێت بەچەند ساڵی تر سەرجەم ناوچەكانی هەرێم لەمین پاكدەكرێنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چەندین ناوچەی بەرفراوانمان لەمین وتەقەمەنی پاككردۆتەوە، بەتایبەت ناوچەكانی كەركوك، قەرەناوو، دوبز، لەیلان، بەگشتی 85%ی سنوری كەركوك لەمین و تەقەمەنی پاك بكرێتەوە، لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش لەسنوری گەرمیان بەڕێژەیەكی بەرچاو پاككراوەتەوە، بەڵام لەناوچە شاخاوییەكاندا بەرێژەیەكی بەرچاو مین و تەقەمەنی ماون و تا ئێستا پاكنەكراونەتەوە.
*ئەو ناوچانەی تا ئێستا پرۆسەی پاكسازیان تێدا ئەنجام نەدراوە تاچەند مەترسیان لەسەر گیانی هاوڵاتیان دروستكردووە؟
ــ هەتا یەك مین لەهەرێمی كوردستان مابێت مەترسی لەسەر هاوڵاتیان بەردەوامی دەبێت، لەئێستادا گەورەترین كێشەی ئێمە لەم وەرزەدا كە باران و بەفرێكی زۆر دەبارێت، بەوهۆیەشەوە قەدپاڵی چیاكان رادەماڵێت، واتە ئەم شەپۆلی بەفرو بارانانە دەبنە هۆكار بۆ گواستنەوەی مین وتەقەمەنییەكان لەناوچەیەكی مینرێژكراوەوە بۆ ناوچەیەكی سەلامەت كە پێشتر پاكسازی تێداكراوەو دەركەووتوە مەترسی مین و تەقەمەنی تێدا نییە، ئەمەش گەورەترین مەترسی لەسەر گیانی هاوڵاتیان دروستدەكات، بۆیە ئێمە بەبەردەوامی لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوەو تیمەكانیشمان بەبەردەوام سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی هۆشیارین لەناوچەكانی دەرەوەی شار تا مەترسی لەسەر گیانی هاوڵاتیان دروست نەبێ.
*لەچەند ساڵی رابردوودا قوربانیەكانی مین تاچەند روویان لەزیادبون كردووە؟
ــ رێژەی قوربانییەكانی هەرێمی كوردستان لەزۆر وڵاتی وەك ئەفغانستان و پاكستان و چەند وڵاتێكی تریش كەمترە، بەڵام ئەوەش ناكاتە ئەوەی دڵمان خۆش بێت، لەگەڵئەوەشدا بۆمان دەركەوتووە زۆربەی قوربانییەكان بۆ دەستكاریكردن و گواستنەوەی مین و تەقەمەنی دەگەڕێتەوە، بەشێكی زۆر كەمی قوربانییەكان بۆ كاتی هەڵگرتنەوەی مین دەگەرێنەوە.
*رێنمایی و داواكاریتان چیە؟
ــ بۆئەوەی بتوانین رۆژ لەدوای رۆژ ناوچەی زیاتر لەمین پاكبكەینەوە، داوا لەهاوڵاتیان دەكەین دەستكاری ناوچە مینرێژكراوەكان نەكەن، بەڵكو پەیوەندی بەلایەنی پەیوەندیدارەوە بكەن بۆئەوەی دووربن لەرووداوی نەخوازراو، بۆیە هاوكاریكردنی هاوڵاتیان بەشێكە لەخێراتركردنی پرۆسەی پاكسازی و رەواندنەوەی مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی.

‌ 3063 جار بینراوه‌
12/24/2016 7:16:48 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved