»  بینین
یەڵدا لە كۆیەو بەرلین
دڵسۆزحەمە




رژێمی ئێران هەر بەتەنها سیستەمێكی سستەمكارو كۆنەپەرست و تۆتالیتار نییە بەسەر گەلانی ناو ئێرانەوە، بەڵكو سەنتەرێكە بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆرو كوشتن و بێنرخكردنی مرۆڤ هەتا نزمترین ئاست و ترسناكترین وێنە، مێژوی تیرۆری سیاسی ئەم رژێمە لە هەمبەر تێكۆشەران و سەركردەكانی كورددا مێژوویەكی ئەوەندە شەرمهێن و ئابڕوبەرانەیە كە هەموو سنورە ئەخلاقی و یاسایی و نێودەوڵەتییەكانی تێپەڕاندووە، ئەم رژێمە جگە لەوەی لە سەری سەرەوەی لیستی ئەو وڵاتە ناشرین و بەدناوانەدایە كە زۆرترین سزای لە سێدارەدانی تێدا جێبەجێدەكرێت، هەمان كاتیش لەو وڵات و سستەمە دڕندانەیە كە نەیارەكانی خۆی نەك هەر لە چوارچێوەی دادگاكانی ئێراندا لە سێدارە دەدات، بەڵكو دەستی دڕندەیی و تیرۆرو بكوژی ئەم رژێمە تۆتالیتارە دەگاتە هەموو جێگایەكی دنیاو نەیارەكانی خۆی، بەتایبەتی سەركردەو بەرهەڵستكارە كوردەكان زۆر بێشەرمانە تیرۆر دەكات .
شەهیدكردنی د.قاسملۆ و د.سادقی شەرەفكەندی لەناوجەرگەی ئەوروپا بەو شێوازە ئابڕوبەرانەیە مەگەر هەر لە سستەمی ئێرانی بوەشێتەوە .
هیچ یەكێك لەو بزوتنەوانەی لە پارچەكانی كوردستاندا بونیان هەیە هێندەی حیزبی دیموكراتی ئێران بە زمانی نەرم و دوور لە توندوتیژی، بە پەیامی دۆستانەوە لەگەڵ رژێمە داگیركەرەكاندا نادوێت و نەدواوە، حیزبی دیموكرات و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تریش ئەوەندەی من ئاگادارم هەمیشە ئامادەگی خۆیان نیشانداوە بۆ گفتوگۆ، بۆ بەشداریكردنی سیاسی، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ، بۆ ئاشتی و دانوسان و پێكەوە ژیان، بەڵام ئەو سستەمە تاریكپەرستە، پۆلیسیە، كۆنەپەرستە، ترسناكەی ناوی جمهوری ئیسلامییە، نەك بە بایەخەوە گوێی بەوپەیامانە نەداوەو نادات، بەڵكو هەمیشە بە ئاگرو ئاسن، بە تیرۆرو حیزفرسەتی دەستی كوشندەی لە تێكۆشەران و بەرهەڵستكارانی كورد وەشاندووە، ساڵێك تێناپەڕێت كە رژێمی ئێران دەستی تیرۆر لەو تێكۆشەرانە نەوەشێنێت كە لە كوردستانی باشوردا نیشتەجێن و خەبات دەكەن !
رژێمی ئێران نەك بەشداری سیاسی كوردو سستەمی سیاسی پلۆرالیزم قەبوڵ ناكات بەڵكو هاوشێوەی داعش و هاوشێوەی هەمو هێزو دنیابینیە توندڕەوە تیرۆریستیەكانی تری دنیا هەمیشە پڕۆژەی كوشتن و لەناوبردنی نەیارەكانی وەكو یەكەمین و دواچارەسەر پیادەكردووەو پیادەی دەكات، خوێنی تێكۆشەرانی كورد بەدەستی تیرۆریستەكانی دەوڵەتی ئێران بەردەوامە لە رۆشتن !
ئەوەی شەوی یەڵدا لە كۆیە روویدا دواهەمین پەلاماری خوێناوی ئەو رژێمە نابێت بۆسەر تێكۆشەرانی رۆژهەڵات، وەكو چۆن پەلامارە تیرۆریستییەكانی هێزە توندڕەوەكان بۆ سەر جیهان و رۆژئاوا بەردەوامی دەبێت، چونكە رژێمی ئێران و داعش دوو رووی یەك دراون بەتایبەت لە تەماشاكردنیان بۆ كوردو بزوتنەوەی ئازادی ئینسانی كورد .
شەوی یەڵدا هاوكات تیرۆریستێك بە شاحینەیەكەوە پەلاماری بازاڕی كرێسمسی دا، ئەو بازاڕەی تایبەت بۆ شتومەكی جەژن دەكرێتەوە ! وەكو ئەو تیرۆریستەی شەوی یەڵدایان لە كۆیە خوێناوی كرد !
ئێران بەم پەلامارە ترسنۆكانەیە هەم پۆلێك رۆحی تێكۆشەری شەهید كردو دڵی تەزانین هەمیش حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی وەكو هێزی باڵادەست و بەرپرسیار لەو دەڤەرە تووشی شەرمەزاری و بەرپرسیاری كرد !
ئەم رووداوە لەمساتەوەختەدا كە حەلەب كەوتۆتە دەستی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی و مەقاشی ئێرانییەكان، شەڕی داعش بەردەوامەو كوردستان بە خراپترین دۆخی سیاسی و كارگێڕی و ئابوریدا تێدەپەڕێت، لەم ساتەوەختەی كە شەڕێكی ساردی مێدیایی و فەیسبووكی لەنێوان هێزەكانی كوردستاندا لەوپەڕی هەڵكشان و داكشاندایە، شەهیدكردنی ئەو پۆلە تێكۆشەرانە لەناوجەرگەی كۆیەدا، لەقوڵایی كوردستاندا جگە لە بێڕەوشتی سیاسی سستەمی ئێرانی گورزێكی كوشندەشە لە ئیعتیباری سیاسی دەسەڵاتی كوردی، لە وێنەی دۆخی ئاسایشی هەرێم، لەوەش كەدەكرێت ئەم رووداوە وەبەرهێنانی سیاسی مەترسیداری تێدا بكرێت لە كاتێدا هێزەكانی كوردستان تا ئەوپەڕی بێڕێزی و یەكترشكاندن و سوككردنی یەكتری قوڵیان لێهەڵكێشاوە !
ئێران جگە لە لەناوبردنی نەیارەكانی و رشتنی خوێنی تێكۆشەران، دەشیەوێت بەردێك هەڵداتە گۆمە شڵەقاوەكەوەی باشور كە ئەوەندەی تر بشڵەقێت، ئاخر ئێرانی دوژمن وێرانكردنی كوردو هەر بستێكی كوردستان بۆ ئەو بە سەركەوتن دەزانێت !

‌ 2909 جار بینراوه‌
12/24/2016 7:37:16 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved