»  کاتژمێر یازدە
وتاری سەرۆكی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی شیعری كوردی لە كەركوك
شوان داودی


 
میوانە بەڕێزەكان... ئامادەبووانی بەڕێز.. بەشداربووانی خۆشەویست: بە ناوی لیژنەی باڵای (فێستیڤاڵی شیعری كوردی لە كەركوك) بەخێرهاتنتان دەكەم سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم.
سەرەتا دەمەوێت سەبارەت بە كەركوك دوو حاڵەت بۆ ئێوەی بەڕێز بگێڕمەوە:-
لە یادمە ساڵی 2003 راستەوخۆ دوای رووخانی رژێمی لەناوچووی بەعس كە دەزگای هەواڵمان لە ئاوارەیەوە گەڕاندەوە كەركوك، تەنانەت تایپێستی كوردیمان لە شارەكەدا دەستنەكەوت تاكو بابەتەكانمان بۆ تایپ بكات، چونكە رژێمی بەعس ئەوەندە سیاسەتی تەعریبی لە كەركوك بە توندی پەیڕەو دەكرد، كە هەر كوردانی كەركوك بوون توانیان ناسنامەی كوردی خۆیان بپارێزن و بەرگەی ئەو هەموو فشارانە بگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداو هەر زوو لەگەڵ هەڵمژینی هەوای ئازادی بزافی رۆشنبیری كەركوك هاتەوە سەر راستە رێگەی خۆی، ئەوەش بەوەی چی حكومەتی هەرێم و چی لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتی یەكێتی و پارتی، هاوكاری تەواوی كەركوكییەكان بوون بۆ دروستكردنی ناوەندی روناكبیری و رۆژنامەوانی و كلتوری، بەڵام بەداخەوە ئەو پشتگیریە زۆری نەخایەند و بۆ ململانێ سیاسی و حیزبییەكان بەكارهێنران، دواتر پاشەكەشەیەكی گەورەو بەرچاو لەو پشتگیریە روویدا تا گەیشتە ئەوەی پەشیمانی پێوە دیاربێت بەوەی كە ئەو دوو ناوەندە روناكبیرییەی كە حكومەتی هەرێم و هەڤاڵ مام جەلال بۆ كەركوكییەكان دروستیان كرد، بەڵام بەداخەوە دیارییەكەی حكومەتی هەرێم درا بە حیزبێك و حیزبەكەش كردوویەتی بە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی خۆی، ئەو قەڵا رۆشنبیریەی كە مام جەلالیش كردیە دیاری بۆ رۆشنبیرانی كەركوك، دەرگاكەی كڵۆم دراوەو تاكو ئێستا هیچ كەسێك سوودی لێ نەبینیوەو خەریكە وەكو هەوارێكی خاڵی بەدەم باو بۆرانەوە كۆن دەبێت و هاوشێوەی ماڵێكی وێرانەی لێبێت.
حاڵەتی دووەمیش، لە سەرەتای قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە دەستپێدەكات تاكو ئەمڕۆ كە ئەم بۆنەیە ئێمەی لەم هۆڵە كۆكردۆتەوە، وەك دەزانن قەیرانی دارایی و جەنگی سەپێندراوی داعش و گوشارە هەرێمایەتییەكانی سەر عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، كاریگەریان لەسەر كەرتی گشتی و تایبەت و گشت بوارو چین و توێژو باری دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگە بەجێهێشتووە، لەو نێوەندەشدا بە حوكمی ئەوەی عەقڵیەتی حوكمڕانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم، وەكو پێداویستییەكی سەردەمیانە تەماشای كایەی مەعریفی ناكەن، بۆیە بواری كلتووری و رۆشنبیری گەورەترین گورزی بەركەوتووەو پشكی شێری لە دیاردەی ئیفلیجبوونی جومگەكانی حكومەت و كایەكانی ژیان هەیە، ئەگەر ئەم واقعە بۆ شارەكانی دیكەی هەرێم و عێراق، جارێك راست بن، ئەوە بۆ كەركوكی نزیك لە هەڕەشەی راستەوخۆی داعش و پیلانی هەرێمایەتی و میراتگری سیاسەتی تەعریب و كێشەی قانونی، 10 جاران راستە، بەڵام ئەوەی دەیبینین پێچەوانەی ئەو لۆژیكەیەو لە شارەكەدا بزافێكی رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری بەرچاوو دڵخۆشكەر دەبینین، چونكە هەر لەم ساڵەدا لە كەركوك چوار قاوەخانەی كلتووری كرانەوەو چەندین فێستیڤاڵ و كۆڕو كۆڕبەند و نمایشی شانۆیی و پێشانگەو چالاكی و خولی جۆراوجۆر لە بوارەكانی ئەدەب و هونەر و كلتوور و و وەرزش و رێكخراوەیی تیایدا ئەنجامدراوە، كە دواهەمینیان فێستیڤاڵەكەی ئەمڕۆیە، (فێستیڤاڵی شیعری كوردی لە كەركوك) كە لە سایەی قوربانی و پارێزگاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی دیكە بە ئازادی بەڕێوەدەچێت و شارەكەی كردۆتە قیبلەگای شاعیرانی كوردستان.
دیارە ئەم فێستیڤاڵە یەكەم هەنگاوو یەكەم ئەزموونە كە دەمانەوێت بە هاوكاری دڵسۆزانی هاوشێوەی بەڕێز فریاد رەواندوزی وەرزی رۆشنبیری عێراق، بیكەینە نەریتێكی ساڵانەو كەركوك بكەینە ژوانگەی عاشقانی شعیرو ئەدەب و بیكەینە باوشێكی بەسۆز بۆ شاعیرانی كەركوك و تەواوی كوردستان، چونكە بەراستی شاعیرانی كەركوك لە زۆربەی ئەو فێستیڤاڵانە بێبەش دەكرێن كە لە شارەكانی دیكەی هەرێم و عێراق سازدەكرێن و تەنانەت وەكو میوانیش لەچەند داوەتنامەیەك زیاتر ناكرێتە پشكی رۆشنبیرانی شارەكە، بۆیە بڕیارمان داوە ئەگەر ئەوان بانگێهشتمان نەكەن ئەوە ئێمە بانگێشتی شاعیران و رۆشنبیرانی شارەكانی دیكە دەكەین و لە خزمەتیاندا دەبین، تاكو حاڵەتێك لە ئاشنابوون و گۆڕینەوەی ئەزموون لە نێوان شاعیرانی كەركوك و باقی شارەكانیش رووبدات و گەنجانی كەركوكیش سوود لەم ئەزموونە وەربگرن كە دەرفەتێكی گونجاوە بۆ ئاشنابوونیان بە شیعر و شاعیرانی دەرەوەی شارەكەیان.
بێگومان دەستپێكی ئەم ئەزموونەش بێ كەموكورتی نابێت و پێویستمان بە رەخنەی بونیادنەرو پێشنیازی هەموو لایەك هەیە، تاكو لە ساڵانی ئایندەدا باز بەسەر ئەو كەموكروتیانەدا بدەین كە رەنگە لەمساڵدا بەبێ مەبەست بوونیان هەبێت.
هەر بۆ بەرچاوڕوونی ئێوەی خۆشەویستیش بە حوكمی ئەوەی كە بڕیاردەری لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی عێراقم ئاگادارم لە رەوشی رۆشنبیری و كلتووری شارەكان و گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی شاعیران پێویستان بە پێشبڕكێ نییە، بەڵكو پێویستە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و هیچ لیژنەیەكیش ناتوانێت سەد لە سەد هەڵسەنگاندن بۆ قەسیدەیەك یان پارچە شیعرێك بكات، چونكە شیعر دەربڕینێكی ئینسانییە و باش و خراپی دەقەكانیش پرسێكی رێژەییە، رەنگە شیعرێك بەلای كەسێكەوە باش بێت و بەڵام بەلای كەسێكی دیكەوە شیعرێكی دیكەی باشتر هەبووبێت كە شایانی یەكەمە، بۆیە ئێمە ئەو ئەركەمان بە ئامادەبووان سپاردووەو تا هەر كەسێك لە دیدی خۆیەوە لە ناخی خۆیەوە ریزبەندی بۆ شیعرەكان بكات و چێژ لە شیعری یەكەمی خۆی ببینێت، هەربۆیە ئێمە لەم فێستیڤاڵەدا تەنها دەرفەتمان بۆ شاعیرانی كەركوك و شارەكانی دیكەی كوردستانیش رەخساندووە تاكو شیعری خۆیان لە بناری قەڵا دێرینەكەی كەركوك بە گوێی شێخ رەزای تاڵەبانی و ئەسیری و رەنجووری و مامەند كەركوكی و سابریدا بچرپێنن و شارەكە شیعرباران بكەن.
دووبارە لە كەموكوڕیمان ببورن، كە رەنگە هەندێ كەس ئاگادار نەبووبێت، هەرچەندە ئێمە چوار مانگ دەبێت ئاگاداری لە مینبەرە جیاجیاكانی راگەیاندنەوە بڵاو دەكەینەوەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش باونگەوازمان بۆ كردوون، بۆیە ئەوەی لێرەدا بەشدارن ئەو بەڕێزانەن كە بەدەنگی بانگەواز و ئاگادارییەكانەوە هاتوونەو لەدەرەوەی ئەو سیاقەش كەس مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ نەكراوە.
لە كۆتاییدا دەمەوێت سوپاس ئەو بەڕێزانە بكەم كە رۆڵیان هەبوو لە سازدانی ئەم فێستیڤاڵەو سەرخستنی بەتایبەت هەردوو ستافی دەزگای هەواڵ و دەزگای داودی و شاعیری لاو ئەیاد ئەحمەد جاف.
بەهیوای ئەوەی ساڵێكی دیكەو لە دووەمین فێستیڤاڵی شیعری كوردی لە كەركوك لە كەشێكی ئارامترو نەمانی هەڕەشەی تیرۆرو بارو گوزەرانێكی باشتر، بەیەك بگەینەوە.. دووبارە سوپاس.



‌ 2417 جار بینراوه‌
1/7/2017 10:21:58 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved