»  چاوپێکەوتن
حیكمەت ئەحمەد؛ بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی گەرمیان: لە مەرزە نێودەوڵەتییەكان فەرمانگەی تایبەت بە چاودێری بازرگانی نییە
ئا/ رامان ساڵەیی

حیكمەت ئەحمەد؛ بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی گەرمیان، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە لە ماوەی ساڵی رابردوودا (500) فرۆشیار بە هۆی قۆرخكاری لە نرخ سزای دارایی دراون و هاوكات باس لەوەشدەكات؛ كە لە مەرزە نیودەوڵەتییەكان فەرمانگەی تایبەت بە چاودێری بازرگانی بوونی نییەو ئەوەش رادەگەیەنێت:”هەر هاوڵاتییەك سكاڵا بكات، كە خۆراكی ماوەبەسەرچووی پێ فرۆشراوە، فرۆشیارەكە ناچار بە قەرەبووكردنەوەی هاوڵاتییەكە دەكەین”.

* زیاتر كارەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی گەرمیان بریتین لە چی؟
ــ كارەكانی ئێمە بریتین لە گەڕان بە ناو بازاڕو شوێنە گشتییەكان بۆ رێگریكردن لە قۆرخكاری بازاڕ تا هەڵئاوسانی نرخ لە بازاڕەكاندا روونەدات، هەروەها چاودێریكردنی كوالێتی خۆراك و كەلوپەلەكان و گەڕان بە دوای كەرەستە ماوە بەسەرچووەكان، لە بارەی خواردنەوە بە بەردەوامی چاودێریمان خستۆتە سەر سۆپەرماركێتەكان بۆ ئەوەی هەم لە رووی نرخەوەو هەمیش لە رووی كوالێتییەوە، شتی گونجاو بە هاوڵاتیان بفرۆشن.
* بە چ رێگایەك كارتان لەسەر رێگریكردن لە قۆرخكاری بازاڕ كردووە، ئایا تێیدا سەركەوتوو بوونە؟
ــ یەكەم كارمان بریتی بوو لەوەی دەبێت هەر فرۆشیارێك نرخ لەسەر كەلوپەل و خۆراكەكانی دابنێت، بۆ ئەوەی لای هاوڵاتیان و تیمەكانی چاودێری روون بێت كە نرخەكان گران نەبوونە، بەهیچ جۆرێكیش رێگە نادرێت نرخی هەمان خۆراك یان هەمان كەلوپەل بەهەمان كوالێتی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جیاوازی هەبێت، ئەگەر جیاوازییەك هەبێت دەچێتە چوارچێوەی قۆرخكاری بازاڕەوە و ئێمەش رێوشوێنی یاسایی دەگرینەبەر و سزای سەرپێچیكاران دەدەین، تا ئێستاش چەندین فرۆشیار رەوانەی دادگا كراون بەمەبەستی لێپرسینەوەی یاسایی.
* لە ماوەی ساڵی رابردوودا چەند كەس بەهۆی قۆرخكاری لە نرخ سزادراون؟
ــ زیاتر لە (500) كەس بە سزای دارایی سزادراون، سزا داراییەكانیش لە (50) هەزار دیناریەوە دەستپێدەكات.
* جیاوازییەكی زۆر لە نرخی هەندێك كەلوپەل و خۆراك دەبینرێت، بەشێك لە فرۆشیارەكان هۆكاری ئەو جیاوازیەش بۆ جیاوازی لە كوالێتی دەگەڕێننەوە، ئێوە چیتان كردووە بۆ جیاكردنەوە و ناسینەوەی كوالێتییەكان تا لەو رێگەیەوە قۆرخكاری لە نرخ نەكرێت؟
ــ كوالێتی لەكەلوپەلەكان هۆكارن بۆ ئەوەی جیاوازی لە نرخ هەبێت، بەڵام كاتێك لێكۆڵینەوە دەكەین ئەگەر هەمان بابەت و هەمان ماركەبێت و نرخەكەی جیاواز بێت پسوڵەی سەرپێچی بۆ فرۆشیارەكان دەكەین و رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر دەگرینەبەر، بەڵام داواكارین لە هاوڵاتیان هەر كاتێك جیاوازییان لەنرخ بینی پەیوەندیمان پێوە بكەن تا بەدواداچوون بكەین.
* فرۆشیارەكان لە رادەستكردنی خۆراكی ماوەبەسەرچوو تاچەند هاوكارتانن و لەسەر داواكاری خۆیان خۆراكەكانیان لە ناو دەبەن؟
ــ زۆر سوپاسی فرۆشیار و هاوڵاتیان دەكەین، بەجۆرێك هاوكاریان كردووین كە دەتوانم بڵێم بە رێژەی (100%) هاوكاریان كردووین، چونكە بەپێی ئەو ئامارانەی ساڵانە بڵاویدەكەینەوە، هێندەی ئەو خۆراك و كەلوپەلانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، بەقەبارەی ئەوانە زیاتر لەلایەن فرۆشیاران خۆیانەوە رادەستی لیژنەكانمان كراون بۆ ئەوەی لە ناوی بەرین.
* توانراوە قەرەبووی ئەو هاوڵاتیانە بكرێتەوە، كە خۆراكێكی ماوەبەسەرچووییان پێدراوە؟
ــ هەر هاوڵاتییەك سكاڵا تۆماربكات كە خۆراكێكی خراپی پێدراوە، فرۆشیارمان ناچاركردووە كە قەرەبووی بكاتەوە، لەهەمانكاتیشدا سزایی دارایی فرۆشیارەكەمان كردووە.
* بەو پێیەی ناوچەی گەرمیان ناوچەیەكی هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئێران، توانراوە رێگری لە ساغكردنەوەی خۆراكی ماوەبەسەرچوو بكرێت؟
ــ لە رێگەی لیژنەكانەوە بەردەوام بەدواداچوون دەكەین تا رێگری لە خۆراكی ماوەبەسەرچوو بگرین، سەبارەت بەمەرزە نێودەوڵەتیەكانیش، هەرچەند لەو سنورانە فەرمانگەی تایبەت بە چاودێری بازرگانی نییە، بەڵام لەناو شارو قەزاو ناحییەكان لیژنەی چاودیری بازاڕمان هەیە، ئەو خۆراك و كەلوپەلانەی لەناو شار دەفرۆشرێن لە ژێر چاودێری ورددان.
* بۆچی هەوڵ نادەن هەر لە سنورەكانەوە رێگری لە هاتنی خۆراكی ماوەبەسەرچوو یان گرانفرۆشی بگرن بەر لەوەی بخرێتە بازارەكانەوە؟
ــ فەرمانگەی مەڵبەندی خۆراپاراستن و كۆنترۆڵی جۆری و كشتوكاڵیش لە سنورەكان هەیە، كە سەرجەمیان پەیوەستن بەئاسایشی خۆراكەوە، بەڵام هەندێكجار لە رێگەی نایاساییەوە خۆراكی ماوەبەسەرچوو دزەپێدەكرێتە ناو بازار و هەندێك بازرگان دەیانەوێت بەسەر هاوڵاتیاندا ساغی بكەنەوە، ئێمەش چاودیری وردیان دەكەین و دەست بەسەر خۆراك و كەلوپەلەكاندا دەگرین و لەرێگەی لیژنەی پسپۆریشەوە ئەو كەرەستانە لە ناو دەبەین.
* بەهۆی كارەكانتان هیچ رێگرییەكتان بۆ دروست نەبووە، بەوەی كەسانی باڵادەست لە پشت ئەو بازرگانانەوە بن، كە كاری قۆرخكاری دەكەن یاخود خۆراكی ماوەبەسەرچوو لە بازاڕەكان ساغ دەكەنەوە؟
ــ لە سەرەتای دروستكردنی بەرێوەبەرایەتیەكەمان تائێستا هیچ رێگریەك لە بەردەم كارەكانمان دروست نەبووە، بەپێچەوانەوە پشتیوانی لە بەرێوەبەرایەتیەكەمان كراوە و هاوكاریمان كراوە لەلایەن هاوڵاتیان و بەرپرسانەوە.


‌ 2291 جار بینراوه‌
1/7/2017 10:24:09 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved