»  چاوپێکەوتن
جەمیل خدر؛ لێپرسراوی مەڵبەندی شنگالی یەكێتی: ئەو ناوچانەی تائێستا رزگارنەكراون، لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە بەبێ هێزی پێشمەرگە رزگار دەكرێن
ئا/ رامان ساڵەیی




جەمیل خدر؛ لێپرسراوی مەڵبەندی شنگالی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە رێنمایی هێزەكانمان كردووە بەوەی نابێت بەشداری لە هیچ ململانیەكی سەربازی ناوخۆیی بكەن و هاوكات پێیوایە؛ تائێستا یەكێتی بەپێی پێویست وەڵامێكی روونی بۆ داخوازی خەڵك نەبووە و ئەوەش رادەگەیەنێت:”ئەو ناوچانەی قەزای شەنگال كە تائێستا رزگارنەكراون، لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە بەبێ هێزی پێشمەرگە رزگار دەكرێت”.

* پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوری شەنگال؛ كارو چالاكی لە بەشێك لە حیزبەكان سنورداركردووە، ئایا بۆ ئێوە كاركردن چۆنە؟
ــ تەنها پارتی لە شەنگال نییە، بەڵكو حیزبە كوردستانیەكان لە شەنگال بوونیان هەیە و وەك مەڵبەندی یەكێتیش لە كار و چالاكی هیچ كێشەمان نییە و بە ئاسایی ئەنجامیان دەدەین.
* لە بازگەی سحێلا رێگری لە رەوانەكردنی خۆراك بۆ شەنگال دەكرێت، ئایا رێگری لە ئێوەش دەكرێت لەلایەن پارتیەوە؟
ــ راستە بازگەی سحێلا زۆر بەتوندی كۆنترۆلكراوە، بەجۆرێك ناردن و هاوردنی شتومەكیش ئاسان نییە، بۆ نموونە ئەگەر لە رێگەی رێكخراوەكانەوە كەلوپەل بگوازینەوە رۆتیناتێكی زۆری دەوێت و لەئەنجامدا ئەوەی كێشەی زۆری بۆ دروست دەكرێت تا هەر واز دەهێنین، هێندە رۆتینات و ئەمدەست و ئەودەستمان پێدەكەن.
* یەكێتی چ رۆڵێك لە كێشەكانی شەنگال دەبینێت، بەتایبەت ململانێ و ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە؟
ــ ئێمە نابینە لایەنگر بۆ كێشەكان، بەڵكو لایەنی خێر دەبین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەوڵ دەدەین هیچ كێشەیەك لە شەنگال روونەدات، چونكە دۆخی شنگال تەحەمولی كێشەی دیكە ناكات، ئێمە لە نیوان یەپەژە و پارتیش رۆلی خێرمان بینیووە، لە رێگەی ریشسپیەیەكانیشەوە هەوڵەكانمان خستۆتەگەڕ و خوانەخواستە ئەگەر شتێك رووبدات بەپەلە تەداخول دەكەین و كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر دەكەین.
* وەك یەكێتی خاوەن هێزی خۆتانن، ئایا ئەگەر شەڕ رووبدات هەڵوێستتان چی دەبێت؟
ــ وەك یەكێتی دوو جۆر هێزمان هەیە، جگە لە لیوای (111)ـی سەر بە هێزەكانی (70)، چەندین لیوای هاوبەشیشمان هەیە كە سەرجەمیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، هەر لە سەرەتای رزگاركردنی شەنگالەوە لە ناوچەكە جێگیربوونە و رێنمایی كراون بەوەی نابێت بەشداری لە هیچ ململانیەكی سەربازی ناوخۆیی بكەن.
* دۆخی كێشەكان لە شەنگال بە چ ئاراستەیەك دەڕوات، ئایا مەترسی شەڕی ناوخۆیی لێدەكرێت؟
ــ شەڕ هیچ ئەنجامێكی نابێت و هیچ رۆژێك سودمان لەشەڕ نەبینیووە، بەتایبەت شەڕی ناوخۆ، دەبێت لە یەكتر تێبگەین و كێشەی خۆمان لە ناوخۆمان چارەسەر بكەین و بیانوو نەدەینە دەست بێگانە كە دەست لە كاروبارەكانمان وەربدەن، بەڵكو هەر خۆمان ببینە فاكتەری چارەسەری كێشەكان.
* ئۆپەراسیۆنی قۆناغی دووەمی رزگاركردنی شنگال بەچی گەیشت؟
ــ ئەوەی ماوە پێكدێت لە نزیكەی شەش كۆمەڵگە و چەندین گوندێك كە تائێستا ئازادنەكراونەتەوە، رووبەرەكەیان فراوانترە لەو ناوچانەی ئێستا رزگاركراوەتەوە، بەڵام بەپێی رێكەوتنی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، هێزی پێشمەرگە بەشداری ناكات لە ئۆپەراسیۆنەكانی ترو ئەو ناوچانە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە رزگار دەكرێن، باشورو خۆرهەڵاتی شەنگال تا دەگاتە بەعاج رزگاردەكرێن، بۆیە ئێستا ئەو ئەركە لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە بەبێ هێزی پێشمەرگە جێبەجێ دەكرێت.
* خوێندنەوەتان بۆ دۆخی شاری موسڵ و شەنگال لە دوای رزگاركردنەوەیان چییە؟
ــ شەنگال ناوچەیەكی گرنگە، جوگرافیاكەی هاوسنورە لەگەڵ باكور و رۆژئاوای كوردستان و عێراق، خەڵكی شەنگال لە دوای جینۆسایدكردنیان لەلایەن (داعش)ـەوە پێویستیان بەموراعاتی تایبەت هەیە، بۆچوونێك دروستبووە ناتوانن لەگەڵ عەرەبی دەوروبەریان بژین و پەرچەكردارشیان بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە دەبێت لەلایەن هەرێمەوە شەنگاڵ ئاوەدان بكرێتەوە و هەرێم نازیان هەڵبگرێت، چونكە ئەو جینۆسایدەی بەسەریان هات كەم نەبووە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە دیراسەیەك هەیە تابتوانێت هەڵسوكەوت لەگەڵ واقعی شەنگال بكات، بەجۆرێك ئەو بۆچوونە دروست نەبێـت دژی گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان بوەستنەوە.
* ئەگەر بێینە سەر تەوەرێكی تر، تاچەند كێشەكانی ناو یەكێتی كاریگەری لەسەر كارەكانی ئێوە لەو ناوچەیە دروستكردووە؟
ــ ئەوەی لە ناو یەكێتی هەیە شاراوە نیە، ئێمە وەك مەڵبەندی شەنگال خۆمان دۆخێكی تایبەتمان هەیە و نەمانهێشتووە كێشەكان كاریگەریان لەسەرمان هەبێت، بۆیە هەوڵمانداوە فشار دروست بكەین بۆ پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی، لەبەر ئەوەی بە دوولەتبوونی یەكێتی كەس قازانج ناكات جگە لە نەیارەكانمان، لەو رووەوە نەمانهێشتووە بەو زەقییە دۆخی ناوخۆیی یەكێتی كاریگەری لە سەرمان هەبێت.
* هیچ هیوایەك بۆ بە یەكتر نزیكبوونەوەی نێوان سەركردەكان بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان؟
ــ لەكاتی خۆیدا جەنابی مام جەلال لە مەیدانەكە بوونی هەبوو، ئینشقاقی گۆڕان دروستبوو، ئەمە بۆ هاوسەنگی هێز لە كوردستان نەخوازراو بوو، ئێستاش چەندین قەیران روبەرووی هەرێم بۆتەوە، ئەگەر یەكێتی لەسەر هێزو پێگەی جارانی خۆی بمایە، برواناكەم دۆخەكە بەم ئاراستەیە بڕۆیشتایە، بۆیە ئێستاش ئەگەر ئینشقاقێكی تر رووبدات هیچ كەسێك لێی قازانج ناكات، تەنانەت هاوسەنگی هەرێم زیاتر تێك دەچێت، بۆیە بەرژەوەندییە باڵاكان دەخوازن هەموان كاربكەین بۆ پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی.
* تا چەند برگە و مادەكانی رێكەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان جێبەجێكراون؟
ــ ئەگەر پێشتر لەسەرەوە ناكۆكی سیاسی هەبووبێت، بەڵام قاعیدەی یەكێتی و گۆڕان بەهیچ شێوەیەك لەیەكتر جیاناكرێنەوەو هەمیشە لەیەك سەنگەردابوونەو لەیەكتر جیانەكراونەتەوە، قاعیدەی گۆڕان و یەكێتی یەك بۆچوونیان هەیە و بەیەك چاو سەیری كۆی مەسەلەكان دەكەن، ئەوەی كرا لەسەرەوە بوو، ئومێدەوارین لەسەرەوەش كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەگشتیش ڕێكەوتنەكە بۆ دەڤەری سلێمانی و دەوربەریەتی و رەنگە كاریگەریەكی ئەوتۆ لە سنوری ئێمە دروست نەكات، بەڵام سنوری سلێمانی تەحەمولی كێشەی تری سیاسی ناكات، بۆیە ئێمە هیواخوازین یەكێتی و گۆڕان بەرەو یەكگرتن و زیاتر لەیەكتر نزیكبوونەوە بچن، ئەو خاڵانەشی رێكەوتنی لەسەر كراوە جێبەجێ بكەن و تەنازول بۆ یەكتر بكەن، پێویستیشە تەنازول بۆ یەكتر بكەن بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتی كورد.
* یەكێتی رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەیە، هەندێك ئەندامی یەكێتی دەڵێن رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی مردووە، بەشێكی تریان دەڵێن ماوە، ئایا بۆچوونی تۆ لەو بارەیەوە چیە؟
ــ هەرێمی كوردستان لە دوای شەڕی ناوخۆ قازانجی زۆر لە رێكەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی كرد، واقعێك هەیە كە نە یەكێتی دەتوانێت پارتی بسڕێتەوە نە پارتیش دەتوانێت یەكێتی بسڕێتەوە و لەپرۆسەی سیاسی دەری بكات، ئێمە لەگەڵ پارتی و هەموولایەنەكان بە دانوستان و دیالۆك كێشەكانمان چارەسەر دەكەین، فرسەتێك هاتۆتە پێشەوە و ئەگەر فریای خۆمان نەكەوین خەریكی ململانێ ناوخۆییەكان بین و سەرقاڵ بین بە پۆست و پلەو پارەوە، ئەم فرسەتە مێژووییە لە دەست دەدەین، رێكەوتنی ستراتیژیش لەگەڵ پارتی بۆ قۆناغێك بوو، ئێستاش كە قۆناغێكی تر هاتۆتە پێشەوە پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە ئەو ڕێكەوتنە مردووە یان نەماوە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدام بەلێتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكرێن و دەرفتەكانی بەردەممان بقۆزینەوە.
* دوو بۆچوون لەسەر قەیرانی دارایی هەرێم دروستبوونە، بەشێك داوای گەڕانەوە بۆ بەغدا دەكەن و بەشەكەی تری دژی ئەم بۆچوونەن، ئەمە چۆن دەبینن؟
ــ لە دەستپێكی ساڵی (2017)ـداین و هەموومان تەحەمولمان كردووە، دەبێت هەموان تێبگەن گوزەرانی خەڵك زۆر خراپە، ئەم خەڵكەش تاسەر تەحەمول ناكات، بۆیە دەبێت هەرچی زووە بەرژەوەندی خەڵك لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر لەگەڵ عێراق بین دەبێت رێكەوتنەكان جێبەجێ بكرێن و كۆتایی بەم دۆخە بهێندرێت، ئەگەرنا لە رێگەی سەربەخۆی ئابوری نەتوانراوە ئیدارەی ئابوری بدەین و هەرئەوەش خەڵكی بەم دۆخە گەیاند، ئێمە بمانەوێت یان نا هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدایە، هەركاتێكیش دۆخەكە لەبار بوو دەتوانرێت بریاری سەربەخۆیی بدرێت، هیچ تاكێكی كوردیش دژی سەربەخۆیی نییە و هەموان لەگەڵ دەوڵەتداین، بەڵام ئەگەر ئێمە ئێستا بزانین لەم قۆناغەدا بەرژەوەندی خەڵك لەگەڵ عێراقە دەبێت ڕێكەوتنەكان وەك خۆی جێبەجێ بكەین تا كاتێكی گونجاو بۆ سەربەخۆیی.
* گلەیی لە یەكێتی دەكرێت بەوەی بەشدارە لە حكومەتی هەرێم و هەڵوێستێكی روونی لەسەر كێشەكان نیە، ئەمە چۆن دەبینن؟
ــ بێگومان لەبەر ئەوەی یەكێتی شەریكە لە حكومەت گلەیی لێدەكرێت، یەكێتی بەشداری ئەو حكومەتەیە و دەبێت بەرپرسیارێتیەكەی هەڵبگرێت، گلەییەكان لەسەر ئەدای حكومەتن، تەنها لەسەر پارتی نیین، راستە رێژەیەكی زۆر گلەییەكان دەكەوێتە ئەستۆی پارتی بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری جومگەكانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام یەكێتیش تەحەمولی بەرپرسیارێتیەكەشی كردووە.
* بە بۆچوونتان، یەكێتی وەڵامێكی روونی بۆ داخوازی خەڵك هەبووە؟
ــ تائێستا یەكێتی بەپێی پێویست وەڵامێكی روونی بۆ داخوازی خەڵك نەبووە.

‌ 2714 جار بینراوه‌
1/7/2017 10:26:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved