»  بینین
ساڵی تازەو گرفتی كۆن
دڵسۆزحەمە




ناتوانین و ناشكرێت بڵێین جڤاتی كوردی هەمان ئەو جڤاتەی پێش راپەڕینە، بەڵكو جڤاتیش وەكو هەموو بونێكی زیندوو لە پڕۆسەی گۆڕاندا بەردەوامەو وەستانی بۆ نییە، بەڵام چی گۆڕاوەو چۆن گۆڕانێك؟ گۆڕانی كۆمەڵگە جگە لە پانتاییە ئینسانی و بایەلۆژی و پریڤاتەكانی ئیتر، ئەوەی كە پەیوەستە بە دیوە مێژوویی و كۆمەلایەتی و ئابوری و یاسایی گشتییەكەوە پڕۆسەیەكە پێویستی بە رێنمایی و ئاڕاستەكردن و پیادەكردن هەیە، پێویستی بە سەركردایەتیكردنی هەیە لە لایەن ئەو هێز و گروپ و دەستەبژێرانەوە كە پیادەی كۆمەڵگا دەكەن.
لە جڤاتە دیموكراسی و ئازادو دامەزراوەییەكاندا، جڤات وەكو جەستەیەكی پیرۆز، وەكو بەرپرسیاریەتێكی ئەخلاقی و مێژوویی دەیان دەزگاو دامەزراوەی زانستی و سیاسی گرنگ هەن كە بیری بۆ دەكەنەوە، گرفتەكانی شرۆڤە دەكەن، چاودێری گەشەكردن و هەڵكشان و داكشانی ژیانی گشتی دەكەن، پلانی درێژخایەن و كورتخایەنی بۆ دادەڕێژن، لە هەمووی گرنگتر، دامەزراوەكانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە كە بەجۆرێك بیناكراوە، دەزگاكانی دیسپلین و چاودێری و لێپرسینەوەو بەشداریكردن لە دەسەڵات ئەوەندە شەفاف و روون و ووردە كە دادوەری فەرام بكات، ئەگەری گەندەڵی و جێكردنەوەی فێڵ و نادادوەری كەم كاتەوە یان هەر نەیهێڵێت!
ڕەنگە گرنگترین بەرپرسیاری نوخبەی دەسەڵات لەهەر جڤاتێكدا ئاڕاستەكردنی گۆڕانی ژیانی گشتییە بەرەو دۆخێكی باشترو جوانترو گەشاوەترو ئینسانیتر، بەرەو ژیانێك كە دادوەری تێیدا پایەی بەهێزی پێكەوە ژیان بێت.
ساڵەكان تێدەپەڕێت و ئەم جەستە بیمارەی ناوی كوردبوون و ئەو سەرزەمینە خوێناویەی ناوی كوردستانە بەردەوام خوێنی لێدەڕژێت، نیگەرانی و خەمباری و دڵشكاوی ئینسانەكانی ناویشی هەر لە هەڵكشاندایە، ئەو دۆخەی ئالەم ساتەوەختەدا لە باشوری كوردستان دەگوزەرێت شایەدی ئەم رایەن!
راستە لەدوای راپەڕینەوە گۆڕانی گەورە لە ژیانی گشتی جڤاتی كوردیدا روویداوە، شارەكان گەورەبوون، ستراكتۆری كۆمەڵایەتی خەریكە خۆی لە ستراكتۆری خێڵ دەردەهێنێت و دەبێتە كۆمەڵگای شارو خێزانی بچووك جێگا بە خێزانی گەورە لەق دەكات، ژنان زیاتر هاتونەتە ناو ژیانی گشتی، میعماری شارەكان گۆڕاون، جڤاتی شوققە و ماڵی بچووك زیاتر جڤاتێكە كە گوزارشت لە سەرهەڵدان وگەشەكردنی ئازادی تاكەكەسی و كەمبوونەوەی ژیانی كۆلیكتیڤانە دەكات، زیاد بوونی كافتریاو خانە و كتێبخانە رۆشنبیریەكان و ئەو جێگایانەی جێگای قاوەخوارنەوەو كۆبونەوەو دانیشتنە لەدەرەوەی ماڵ، ئەمانە دیاردەی گۆڕانن لە ژیانی گشتیدا كە بەشێكیشیان ئەنجامی بەریەككەوتنە بە هاتنە ژورەوەی بێمەرجی عەولەمە بۆ ناو جڤاتی ئێمەش، لە رێگای نێت و تەلەفزیۆن و تەلەفەفۆن و كاڵا بریقەدارەكانی عەولەمەوە! بەڵام... ئەم گۆڕانە چونكە خۆڕسكەو ئەم جڤاتە كەس خاوەنداری ناكات، بگرە ئەو نوخبەیەی دەیبات بەڕێوە، دەزگاكانی بەڕێوەبردنی جڤات خۆی كەوتۆتە دوای گۆڕانەكانەوە و بەدەست قەیرانی رو‌ویاو قەیرانی ئیدارەدانەوە دەناڵێنێت، نەیتوانیوە لەگەڵ گۆڕانەكاندا خۆی نوێ بكاتەوە هەربۆیە، ساڵەكان تێدەپەڕێت گۆڕان لەدەرەوەی جەستەی ئەم جڤاتەدا رودەدات، بەڵام لە ناوەڕۆكدا بە دەست هەمان گرفت و مەینەتی و كێشەوە دەناڵێنێت!
هیچ زیادەڕۆیی ناكەین ئەگەر بڵێین جڤاتی ئێمە ئەگەر لە رووی دیاردەكانەوە گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، ئەوا لە دیوی ناوەوە وەكو بوونێكی ئینسانی نەك گۆڕانی ریشەیی بە خۆیەوە نەدیوە بەڵكو پاشەكشەی كردوە، توندوتیژی، لێكترازانی كۆمەڵایەتی، لاوازبون یان نەمانی نوكۆیی كۆمەڵایەتی، نائومێدیەكی ترسناك لە ژیانی گشتیدا، بڵاوبونەوەی ئیسلامی سیاسی و توندڕەوی ئایینی بە ناو ژیانی گشتیدا، هەڵكشانی توندوتیژی بەرانبەر ژن و منداڵ، نەمانی هیچ متمانەیەك لەنێوان هاوڵاتیان خۆیان و لە نێوان هاوڵاتی ودەسەڵاتدا، ئەمانە زەنگی مەترسیدارن بۆ پوچ بوون و داڕووخانی هەر جڤاتێك!
ئەمساڵیش ئێمە بەم جەستە هەلاهەلا و بەو دۆخەوە خۆمان دەكەینەوە بەساڵی نوێدا، چونكە هیچ دەزگایەكی هەڵسەنگاندن و نوخبەیەكی بەرپرسیارمان نییە كە ساڵەكان هەڵسەنگێنێت و بەگرنگیەوە لە كات بڕوانێت، هەربۆیە ئەگەری دووبارەو دەبارە بونەوەی ئەم دۆخە لە ژیانی ئێمەدا ئەگەرێكی هەمیشەییە!
‌ 3295 جار بینراوه‌
1/7/2017 10:32:32 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved