»  بینین
دێگەڵە، سیمبولی ماڵە ترازاوەكەمان!
دڵسۆزحەمە


 

كاتی شەڕی ناوخۆی نێوان یەكێتی و پارتی و كاتێك هێزەكانی پارتی و حەرەس جەمهوری بەعس خۆیان كردەوە بە هەولێرداو یەكێتی هەولێری چۆڵكرد، ئیتر وەكو ئەمری واقیع دێگەڵە بوو بە دواخاڵی قەڵەمڕەوی دەڤەری زەردو لەمدیویشەوە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی سەوز، كە ئەوە چەندین ساڵە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەربارگرژی و ناكۆكی و هەڵكشانی ململانێی نێوان پارتی و هەر هێزێكی تردا دەگاتە خاڵێكی ئاڵۆز ئیتر گڵۆپە سورەكانی سنوری دێگەڵە زیاد دەكەن و لەو شوێنە جوگرافیایەی كە گوزارشت لە ساتەوەختێكی مێژوویی ئازاراوی ئەم نیشتمانە دەكات، دیسان مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، بازووەكان گرژ دەبنەوەو چەكەكان ئامادە دەكرێن، هێزەكان توڕەو شپرزەو ترسناكترو سازو ئامادەتر لە دێگەڵەدا گرد دەبنەوە، دێگەڵە لە یادەوەری گشتیماندا بۆتە جێگایەك بۆ گوزارشتكردن لەو لێكترازانە قوڵەی كە ماڵی كوردی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لێكترازان و ناكۆكییەك كە هەمیشە بەردەوام ئازارەكانی دەكولێتەوە!
لەدوای دەرچونی یەكێتی لە هەولێر هەتا پاش رێككەوتنەكەی واشنتۆن و كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ، دێگەڵە وەكو خەنجەر لەكەمەری ئەم جڤاتە خێرنەدیوەدا چەقیبوو، چەقی دابەشبونی شەرمەزارانەی كوردستان بوو بەدەستی كورد خۆی، هەرچەندە دوای كۆتاییهێنانی شەڕو رووخانی رژێمی سەددام و ئەو هەموو گۆڕانە سیاسی و ئابوری ومێژووییانەی بە خێرایی لە ناوچەكەو لە كوردستانیشدا روویدا، بەڵام لە خەیاڵی سیاسی نەخۆشی كورددا دێگەڵە هەروەكو پنتی رق و كینەو نیازپیسی دەمێنێتەوە، هەربۆیە ئەم بازگەیە بۆتە تێرمۆمەترێك بۆ پێوانەكردنی ئاستی تەبایی و ناتەبایی هێزەكان لەم نیشتمانەدا بە تایبەتی ئاستی توڕەیی و غەزەبی پارتی لە هەموو هێزەكانی تر بێ جیاوازی، ئەگەر دەڤەری زەردو هەولێر لە رووی جوگرافیای سیاسی و دۆخی دابەشبوونی سیاسییەوە بۆ پارتی ساغ و سەلامەت و هێمن بێت، ئەوا دەڤەرەكەی ئەمدیوی دێگەڵە جارێكی تر دابەشبۆتەوە بەسەر یەكێتی و گۆڕاندا كە ئەوەندەی غەرقی ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندی و كۆنە قین بوونە هێندە ئاگایان لە سەركەوتنی سیاسی و كارگێڕی نەماوە لە دەڤەری قەڵەمڕەوەكەی نیللی و سەوزدا، ئەمەش ئەوەندەی تر پێڕاكێشانی پارتی ئاسان كردووە بۆ دێگەڵەو ئەمدیوی دێگەڵەش!
ئەوەندەی دێگەڵە جێگایەكە بۆ گوزارشتكردن لە جەبەروت و دەسەڵات و هێزی پارتی، كە لەوێدا پارتی نیشانی داین كە هێزێكە لەسەرووی پارلەمان، سەرووی هەموو حیزبەكان و سەرووی هەموو ئەو مانا رەمزیانەی كە یاساو دامودەزگا شەرعیەكانی ئەم وڵاتە هەڵگریەتی، پارتی لە رێگای دێگەڵەوە پێمان دەڵێن كە تەنها حاكمی موتڵەقی هەولێرە، هەولێر وەكو سیمبولی سیاسی و رەمزی هەموو ئینسانی كورد!
دوای ئەوەی پارتی هێزو پارە و پەیوەندییەكان و هەولێری پایتەختی كەوتۆتەدەست، ئیتر دێگەڵە دەبێتە دواخاڵی ئەو هەرەمە هیراركیەی پارتی خۆی لەسەر بیناكردووە و دەتوانێ هەموو ئەو دەنگ و كەسایەتی و دەزگاو دامەزراوانەی بێزاری دەكەن لە سنوری دێگەڵەوە دەربكاتە دەرەوە!
پارتی لە دێگەڵە رێگری لە ئۆتۆمبێلەكانی (كۆسرەت رەسوڵ)گرت بەهێزترین پیاوەكانی یەكێتی، بەهێزترین فیگەرەكانی دەسەڵات لە كوردستاندا!، سەرۆكی پارلەمانی وەدەرنا و ناهێڵێت پێ بخاتەوە هەولێر!، ئیتر رێگریكردن لە سۆران عومەرو عەلی حەمەساڵح، بەشێكە لە هەمان ئەو دۆخە پاوانخوازی و بێڕێزی و ترازانە قوڵەی كە ئێمە تێیدا دەژین!!
دەركردنی ئەم پارلەمانتارو رێگری لەو فیگەرە لە سنوری دێگەڵە گوزارشتی قوڵە لەو لێكترازانە سیاسی و مێژوویی و ئەخلاقیەی جڤاتی ئێمە تێیدا دەژی لە كاتێكدا دۆخی سیاسی و مێژووی ئەم دەڤەرە هێندە نائارام و نادیارو ترسناكە ئەگەر ئێمە كۆك و تەبا و یەكڕیزیش بین رەنگە بەرگە نەگرین جاوەرە بەم دۆخەی ئێستاوە كە وەكو پوشی دەم رەشەبا پەرش و بڵاو  بەدەست دێگەڵەو ململانێ ناشرینەكانی ئەم هێزانەوە دەناڵێنین!!





‌ 1932 جار بینراوه‌
1/13/2017 11:19:53 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved