»  کاتژمێر یازدە
دەردی ئێمە بۆ پارتی دەرمانە !
شوان داودی


بۆ چارەسەركردنی هەر نەخۆشییەك، سەرەتا پێویستە كەسی نەخۆش دان بەوەدا بنێت كە نەخۆشە، بۆ ئەوەی ببرێتە لای پزیشك، كاتێك كە سەردانی پزیشك دەكات، دوای باسكردنی حاڵەتەكەی، پزیشك چەندین پشكنین و شیكاری و رێكاری تر دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی جۆری نەخۆشییەكە دەستنیشان بكات، كە زانی نەخۆشییەكە چییە.. ئەوكات چارەسەری گونجاوی بۆ دیاریدەكات.
ئەم حاڵەتە تەواو بۆ كایەی سیاسیش دروستە، ئەم دۆخە سیاسیە ناهەموارەی هەرێمی تێكەوتووە نەخۆشییەكی كوشندەیەو هەموو ئەو هێزانەی هۆكارن بۆ ئەو نەخۆشییە كوشندەیە، پێویستە لە سەریان دان بەوەدا بنێن كە ئەو درمەی هەرێمی گرتۆتەوە پەتای خۆیانە هەرێمەكەیانی ئیفلیج كردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێن كە نەخۆشن بۆ ئەوەی رێكارەكانی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
من لەم وتارەمدا نامەوێت قسە لەسەر نەخۆشی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم، چونكە پێموایە غروری ئەو حیزبە هەرگیز رێگەی پێ نادات دان بە نەخۆشییەكەیدا بنێت، بەڵكو تەواو مەبەستمە لەسەر هێزەكانی بەرانبەر بە پارتی هەڵوەستەیەك بكەم كە دەردەكانیان بۆ پارتی بۆتە دەرمان.
بۆ یەكلاكردنەوەی هەر پرسێكی سیاسی لە نێوان ركابەرەكاندا پەنا بۆ دوو رێگا دەبردرێت، یەكەمیان هێزی لۆژیكە ئەویش پەنابردنە بۆ رێكارە یاسایی و دەستوری و دیموكراتیەكان و فشارە مەدەنییەكان، رێگای دووەم لۆژیكی هێزە واتا بەكارهێنانی هێزی چەكداری بۆ یەكلاكردنەوەكە.
ئێمەی كورد ئێستا لەبەردەم دوو حاڵەتی پێچەوانەداین كە بوونەتە رێگر لە بەرەوپێشبردنی پرسی ستراتیژی نەتەوەییمان، ئەویش پێكهێنانی قەوارەی سیاسیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی نەتەوەییدا، بەڵام ئێمە لە كوێ پێویستمان بە بەكارهێنانی لۆژیكی هێز بووە، دەستمان بۆ هێزی لۆژیك بردووە، لە كوێ پێویستمان بە هێزی لۆژیك بووە، لۆژیكی هێزمان بەكار هێناوە.
یەكەم: لە هەرێمی كوردستان، چوار لایەنی سیاسی براوەی هەڵبژاردن و بەشدار لە حكومەتدا پەنایان بردە بەر هێزی لۆژیك بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دوای كێبڕكێ و بێنەو بەردەیەكی زۆر هێزەكەی بەرانبەریان بە لۆژیكی هێز توانی شكست بە هەوڵەكانیان بهێنێ و رێگری لە گۆڕینی سیستمەكە بكات و پەرلەمان پەكبخات و حكومەت ئیفلیج بكات و بە تەواوەتی بیخاتە خزمەتی خۆیەوەو كۆی جومگەكانی ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی بۆ خۆی لە رێگەی هێزەوە قۆرخبكات و خۆی بۆ قۆناغی ئایندە ئامادە بكات و بۆی بچێتەسەر، لە بەرانبەریشدا ئەو هێزانە دەستەوەستان بوەستن و چارەنووسی وڵاتێك رادەستی قەدەر بكەن.
دووەم: پرسی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، ئەو كاتەی دەوڵەت بوونی نەما، دەبوو بە لۆژیكی هێزو دیفاكتۆ یەكلایی بكرایەوە، كەچی خۆمان بووین بەبەشێكی بنەڕەتی دروستكردنەوەی دەوڵەتە دارووخاوەكەو پرسی یەكلاییكردنەوەی ئەو ناوچانە بخەینە چوارچێوەی یاساو دەستورو بیدەینەوە دەستی قەدەر.
وەك لە سەرەتاوە باسم كرد كە باسی پارتی ناكەم، چونكە نەخۆشییەكانی ئێمە بۆ ئەو بۆتە دەرمان، ئەم چوار هێزە سەرمان لە خۆمان و خەڵكیش تێكداوە، وڵات كاول و وێران بووە، دۆخی خەڵك خراپە.. بەڵام ئەوان لە بەزم و سەفای خۆیان نەكەوتن و تا ئێستا نایانەوێ‌ لە خەونی گۆڕینی سیستمەكە هەستنەوە، جگە لەمە ئەم هێزانە چی لەگەڵ یەكترو چی هەر یەكە لە هەناوی خۆیدا، هەم متمانەیان بە یەكتری نییەو هەم بە خودی خۆیان.
پارتی هەم سوود لەكات وەردەگرێت و هەم لە بێ سەرو بەری و پەڕشوبڵاوی ئەو هێزانە بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی و پووچەڵكردنەوەی یەكجارەكی خەونەكانیان؛ ئەم دۆخەی خوڵقاوە سەد دەر سەد دەڕژێتە بەرژەوەندی پارتییەوە.. چۆن؟
دەبێت دان بەوەدا بنێین كە نەمانتوانی سیستمی سیاسی بگۆڕین و گۆڕانكاری لە یاسای سەرۆكایەتی و هەڵبژاردن بكەین، و تازە بە تازە لەم خولەدا هیچمان پێناكرێت، چونكە تا ئێستا پەرلەمان پەكخراوە لە ئێستا بەدواوەش ئەگەر وەگەڕبخرێتەوە ئەوەندە دەرفەتی لەبەردەمدا نەماوە دەست بۆ ئەو یاسایانە بەرێت، چونكە زۆر لە هەڵبژاردن نزیك بووینەتەوە.
كە نەمانتوانیوە یاسا بگۆڕین كەواتا دەبێت هەر بە یاسا كۆنەكە بڕۆینە پرۆسە هەڵبژاردنەوەكانەوە، بەیاسا كۆنەكەش بارزانی ناتوانێت خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام پارتی ئەلتەرناتیفی هەیە.. كوڕەكەی یان برازاكەی بارزانی كاندید دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەیەكی داخراوو جەماوەرێكی مسۆگەری خۆی هەیە؛ كلیلەكانی ئابووریشی بەدەستەو هێزی چەكداریشی هەیە، واتا پارتی دەزانێت چی دەوێت و چی دەكات؟
پرسیارەكە لێرەدا روو لە خۆمان دەكات واتا لە چوار هێزەكە:- ئایا بە یاسا كۆنەكە دەڕۆینە هەڵبژاردنەكانەوە یان بایكۆتی دەكەین؟ ئەگەر چووین بە كاندیدی هاوبەشەوە دەڕۆین یان هەر لایەنە كاندیدی سەربەخۆی خۆی دەبێت؟ ئەگەر لە باشترین حاڵەتدا كاندیدی هاوبەشمان هەبێت؟! كێیەو چۆن بیكەینە كارێزما بۆ كێبڕكێ و كەی كاری بۆ بكەین؟!
دەبێت دان بەوەدا بنێین كە واقعێكمان دروستكردووە نازانین بەرەو كوێمان دەبات، لە ناوچەكانی سلێمانی كەس باسی پارتی ناكات، دروشمی خۆپیشاندەران روویان لەو چوار هێزەیە (بەكۆمەڵ و یەكگرتوو سلێمانیان دا بەشوو) و (بە یەكێتی و بە گۆڕان سلێمانییان دۆڕان)!!
لە كەركوكیش لە كاتێكدا لە كۆتایی جەنگی داعش نزیك دەبینەوەو پارتی بەردەوامە لە بردنی نەوتەكەی، بەڵام ئێمە، هیچمان پێ نییە بۆ خاك و خەڵکەکەی قۆناغی داهاتووی ئەوشارە لە دروشم زیاتر.
ئەمانە زەنگن و زەنگێكی مەترسیدارن بۆ ئەو هێزانەو لە بەرژەوەندی پارتیدایە، چونكە لە بەرانبەر ناوچە داخراوو سەقامگیرەكەی پارتی، ناوچەكانی ئێمە تووشی پەشێوی بۆتەوەو جەماوەرەكەی متمانەی بەو هێزە تەقلیدیانە نەماوە، ئەو جەماوەرە خۆپیشان دەكەن و ئەو دروشمانە بەرز دەكەنەوە، بۆیە ئەو خەڵكە ناڕازییە شەوو رۆژ لەسەر جادە بن وەك بارزانی وتی: با هەڵپەڕن؛ چونكە تا بەیانی هەڵپەڕن هیچ كاریگەری لەسەر پارتی نابێت و وەكو ئەوە وایە گوێزی بۆ بژمێرن.. بە پێچەوانەوە تەنهاو تەنها بە زەرەری ئەم هێزانە دەشكێتەوە، بۆیە دەبێت ئێستا لە خەمی ناوچە پشێوەكانی خۆماندا بین، چونكە هاكا پارتی لە سلێمانیش بەڕەی لەبەر پێماندا راكێشا، ئەگەر باوەڕ ناكەن تەماشاكەن رۆژانە ئەدەهەم بارزانی چۆن وەكو خاوەن ماڵ پێشوازی لە خەڵكە ناڕازییەكەی دەڤەرەكە دەكات و دیوەخانەكەی پارتی لە سلێمانی چەندە گەرمە؟
بۆیە وەكو پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا و لە سونگەی بەرپرسیارتیمەوە بە چوار هێزەكە دەڵێم: تەنانەت پەرلەمانتارە عەرەبەكانی بەغداش بە نەخۆشییەكەتان دەزانن و رۆژانە دەیدنەوە چاوماندا.. ئیدی بەسە ئینكاری .. دان بە نەخۆشی خۆتاندا بنێنن و سەردانی حەكیمێك بكەن و چارەسەری خۆتان و ئەم هەرێمە نەخۆشە بكەن!!
‌ 3470 جار بینراوه‌
1/13/2017 11:51:11 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved