»  چاوپێکەوتن
رزگار ئەحمەد؛ لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی: لەئێستاشدا بەشێوەیەكی سەرەتایی خۆڵ و خاشاك دەخرێنە ژێرخاكەوە، ئەوەش مەترسی بۆ سەر خاك و كەشوهەوای ناوچەكە هەیە
ئا/ رامان ساڵەیی

رزگار ئەحمەد؛ لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، وەك شارەوانی سلێمانی رۆژانە (1200) تۆن خۆڵ و خاشاك فرێ‌ دەدەین و هاوكات حكومەتی هەرێم بە پەكخستنی پڕۆژەی ریسایكلینێك بۆ سلێمانی تۆمەتبار دەكات و ئەوەش رادەگەیەنێت:”تائێستا هیچ كارمەندێك لە بەشی خزمەتگوزاری بایكۆتی كاركردنی نەكردووە”.

* بەهۆی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانەوە، تاچەند لە پاكردنەوەی شەقامەكان و شوێنە گشتییەكان، رووبەڕووی گرفت بوونەتەوە؟
ــ جیاواز لە بەشەكانی تری سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و فەرمانگەكانی تر، تائێستا هیچ گرفتێك بەهۆی كارنەكردنی كارمەندانەوە دروست نەبووە، بۆ نموونە؛ لە (72%)ـی ئەركی پاككردنەوەی سلێمانی دراوە بە چوار كۆمپانیای پاككەرەوە، بەڵام تائێستا هیچ كارمەندێك مانی نەگرتووە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە خۆڵ و خاشاك پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە و ناكرێت لەسەر شەقامەكان بمێننەوە، چونكە مانەوەیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەكان مەترسی گەورە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەكات و دەبێتە هۆی دەردانی ژەهر، جگە لەوەش سیمای شار ناشرین دەكات، بۆیە گرفتمان لە رووی كۆكردنەوە و پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاك نییە، تەنها گرفتمان شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكەكانە كە تائێستا ریسایكلینمان نییە و لەئێستاشدا بەشێوەیەكی سەرەتایی دەخرێنە ژێرخاكەوە، ئەوەش مەترسی بۆ سەر خاك و كەشوهەوای ناوچەكە هەیە و لەم رووەشەوە، هاوڵاتیانی تانجەڕۆش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە، بۆیە تاكە فەرمانگە و تاكە بەش بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانیە كە بایكۆت و مانگرتن نەیگرتۆتەوە.

* رۆژانە چەند خۆڵ و خاشاك لە ناو شار كۆدەكرێتەوە؟
ــ لە رۆژانی ئاساییدا و لە ماوەی (24) كاتژمێردا، (1200) تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە، تیمەكانیش چەند بەشێكن كە كارمەندانی شارەوانی و تیمی كۆمپانیاكان لەخۆدەگرن، كۆی گشتیان (1600) ژینگەپارێز و (600) ئامێری پاككردنەوەن، لە رۆژانی بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكاندا و بەهۆی گەشتكردنی هاوڵاتیان بۆ گەشتوگوزار لە سلێمانی، رێژەی خۆڵ و خاشاك بەرزدەبێتەوە بۆ (1300) تۆن لە رۆژێكدا.

* بڕیاربوو ریسایكلینێك بۆ شاری سلێمانی دروست بكرێت، بۆچی ئەو پرۆژەیە دواكەوت؟
ــ كەموكورتی دواكەوتنی ئەو پرۆژەیە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە نەبووە، بەڵكو كەموكورتییەكان لە حكومەتی هەرێمەوە بوون، بەپێی گرێبەستێك كە لە ساڵی (2013) لەگەڵ كۆمپانیایەكی فەڕەنسی و گروپی كۆمپانیاكانی فاروق واژۆكرا، دەبوو لە مانگی هەشتی (2015) ریسایكلینەكە بكەوێتەكار و بەرهەمی هەبێت، بەڵام پڕۆژەكە پەكخراو و لە باربرا، ئەوەش بۆ (3) هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكەم؛ لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پارەكە بۆ كۆمپانیاكان خەرج نەكرا، دووەم؛ كارە خزمەتگوزاریەكان لەلایەن بەشێك لە فەرمانگەكانەوە جێبەجێنەكراوە، واتە سەرۆكایەتی شارەوانی بەپێی گرێبەستەكە هەڵنەسا بە دابینكردنی شەقامی سەرەكی بەمەبەستی قیرتاوكردنی رێگەی سەرەكی بۆ دانانی ریسایكلینەكە، فەرمانگەی ئاویش بۆری ئاوی بۆ رانەكێشا، وزەی كارەباشی پێنەدراوە، وەبەرهێنەرانیش مۆڵەتی كاركردنی بەهۆی نەبوونی ئاو و كارەبا و شەقامەوە پێنەداوە، لەبەر ئەوە پرۆژەكەمان لەباربرا.

* هیچ ئەلتەرناتیڤێكی كاتی لە بری ریسایكلینەكە نییە، تا خۆڵ و خاشاك لە تانجەڕۆ فڕێ‌ نەدرێت؟
ــ تاكە چارەسەر دروستكردنی فشارە لەسەر حكومەت بۆ ئەوەی پرۆژەی ریسایكلینەكە بخرێتەوە كار، چونكە كۆمپانیاكان تەنها نەسبكردنیان ماوە و هەموو ئامادەكارییەكی كردووە، تەنها خەرجكردنی بڕێك پارەی ماوە، بەڵام حكومەتی هەرێم رەزامەندی پێنادات، چونكە پەكخستنی ئەو پرۆژەیە پەكخستنی پرۆژە گرنگەكانی سلێمانیە.

* باس لە غەرامەكردنی هاوڵاتیان و خاوەن كارەكان دەكرێت لە كاتێكدا خۆڵ و خاشاك لەسەر شۆستە و شەقامەكان فرێ بدەن، ئەمە چۆن ئەنجام دەدەن؟
ــ تیمی تایبەت بە لێپرسینەوە و غەرامەكردن هەیەو رۆژانە بەدواداچوون بۆ ناوچە بازرگانییەكان دەكەن، كە پێكهاتوون لە چوار تیم و هەر تیمێكیش لە دوو كارمەند پێكهاتوون، بەڵام داواكاریمان لە تەواوی خاوەنكار و هاوڵاتیان هەیە، كە كاری جوان پێشكەش بكەن و لەوە تێبگەن پاكو خاوێنی شار هەر بۆخۆمان نییە، بەڵكو بۆ نەوەكانی دوای ئێمەش دەمێنێتەوە، بۆیە پێویست دەكات باخچە و شەقام و شوێنە گشتیەكان بەماڵی خۆمان بزانین، چونكە بە راستی سلێمانی شارێكی نمونەییە، بەپێی ئامارێك كە لە ساڵی (2012)ـدا ئەنجامدراوە، سلێمانی وەك جوانترین و پاك و خاوێنترین شار لە عێراقدا دیاریكراوە، داواش لە شۆفێران دەكەین چیتر لە جامی ئۆتۆمبێلەكانیانەوە خۆڵ و خاشاك فرێ نەدەنە سەر شەقامەكان و خاوەن كارەكان خۆڵ و خاشاكەكان لەلای خۆیان كۆبكەنەوە، داواش لە حكومەت دەكەین چاكسازی لە باری دەروونی و كۆمەلایەتی هاوڵاتیان بكات، كە هەركەسە و لەلای خۆیەوە ببێتە ژینگەپارێز.

* مەبەستم ئەوە بوو، بە چ شێوازێك سزادەدرێن؟
ــ لەرێگەی ئەو چوار تیمەی باسمكرد، سەرپێچییەكان تۆماردەكرێن، بەپێی ئەو دەسەلاتەی پێمان دراوە، لە (50) هەزارەوە تا (600) هەزار غەرامەمان هەیە، بەپێی قەبارەی خۆڵ و خاشاكەكان، غەرامەكانیش جگە لەوەی لە رێگەی تیمەكانمانەوە تۆمار دەكرێن، كامێرای چاودێریشیان لە چەندین شوێن داناوە و تۆماری ژمارە و جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكات كە خۆڵ و خاشاك فرێ دەدەن، یاخود لە جامی ئۆتۆمبێلەكانیانەوە فرێی دەدەن و دواتریش تۆماركراوەكان دەنێردرێنە پۆلیسی هاتوچۆ و غەرامەیان لێوەردەگیرێت.

‌ 3012 جار بینراوه‌
1/21/2017 9:56:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved