»  چاوپێکەوتن
مەروان گەڵاڵی؛ سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان: ئەو هەموو دانیشتن و بەزمەی ناوێت، تەنها كەسێك ئەو دۆخەی دروستكردووە
ئا/ رامان ساڵەیی




مەڕوان گەڵاڵی؛ سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە قەیرانەكانی هەرێم بەرنامە بۆ دارێژراون بۆ سزادانی جەماوەری كوردستانە. و هاوكات پێیوایە؛ بەشێكی یەكێتی و گۆران و حیزبە ئیسلامیەكان لە هەڵبژاردن بێ ئومێد بوونە و ئەوەش رادەگەیەنێت: “ئەگەر ئەم دۆخە وابڕوات، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پارتی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت و بە تەنها حكومەت پێكدەهێنێت”.

* تادێت قەیرانەكانی هەرێم روو لە زیادبوون دەكات و تەنها هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن، كێی سودمەندە لەم دۆخە؟
ــ بە داخەوە كۆمەڵێ‌ خەڵك لە هەرێمی كوردستان بەرژەوەندییان لە پشێوی و قورسكردنی ژیانی خەڵك هەیە، ئەگەرنا بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، لە رووی ئەمنیەوە هەرێم جێگیرییەكی زۆری پێوەدیارە، لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە خەڵك تەبایە و یەكتریان خۆش دەوێت، بەڵام ئەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانن ئەم دۆخەیان خوڵقاندووە، بۆیە بەگشتی پێموایە، قەیرانەكانی هەرێم بەرنامە بۆ دارێژراون بۆ سزادانی جەماوەری كوردستانە.

* بۆچی خەڵك سزا بدرێت، ئامانج لە سزادانی هاوڵاتیان چییە؟
ــ خەڵكی كوردستان دابەشبوون بەسەر لایەنە سیاسییەكاندا، بۆیە دەستبردنیش بۆ كورسی سەرۆكی هەرێم لەلایەن حیزبە سیاسیەكانەوە، كۆمەڵێك قەیرانی بە دوای خۆیدا هێنا، (مەسعود بارزانی) لە باشیك قسەی كرد و دەبوو هەڵوەستە لەسە ئەو قسەیەی بكرایە، پرسیارێكیش ئاراستەی برادەرانی دەڤەری سلێمانی كرد، كە دۆخی ئێستا باشترە یان پێش كودەتاكە، ئەم قسەیەی بارزانی لە كاتێكدابوو؛ كە قسە لەسەر بابەتێكی سرف یاسایی دەكات و بە كودەتا لە قەڵەمی دەدات، ئیتر چ ئومێدێك بە چاكسازییەكان و دادپەروەری دەبێت.

* مامۆستایانی ناڕازی دوای (100) رۆژ لە بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، بەبێ‌ هاتنەدی ئامانجەكانیان، بایكۆتیان شكاند و رەخنەش لەوە دەگیرێت، كە چوار حیزبەكە هیچ هاوكار و پشتیوانیان نەبووە؟
ــ بەراستی من یەك نمونە دەهێنمەوە؛ باوكم بەڕەحمەت بێت هەمووجارێك چیرۆكێكی بۆ دەگێڕاینەوە، رۆژێك تەورێك كەوتبوو لە تەنیشت كۆمەڵە دارێك، ئەو دارانەی بچوك بوون دەستیان كرد بەگریان، دارێكی بەتەمەن لێی پرسین بۆچی دەگرین؟ وتیان ترسمان هەیە ئەو تەورە هەموومان ببڕێتەوە، پیرە دارەكە وتی: بڕۆن تەماشای تەورەكە بكەن، ئەگەر دەسكی لەخۆمان بێت هەموومان دەبڕێتەوە، ئەگەر دەسكەكەشی لەخۆمان نەبوو لێی مەترسن و هیچمان لێ بەسەر نایەت، مامۆستایانیش خۆیان ئەوەیان بەسەرخۆیان هێنا؛ كاتێك بوونە چەند بەش، جارێ مامۆستایانی دەڤەری زەرد وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت و وڵات شامی شەریف بێت، تەنانەت جورئەتی ئەوەشیان نەدەكرد بچنە ماڵەوە و وانەش نەڵێنەوە، لەسنوری سلێمانیش كاتێك مامۆستایان یەكگرتوو بوون لەسەرەتاوە توانیان چۆك بە حكومەت دابدەن، حكومەت زۆر تەنگاو بوو، بەڵام نابێت مامۆستا ببێتە ئەڵقە لە گوێی حیزب، چونكە مامۆستا زۆر لەوە گەورەترە بە قسەی حزب بجوڵێتەوە و زۆر لەوە گەورەترە خزمەتكاری خەڵكی نەخوێندەوار بێت، بۆیە كە مامۆستایانی دەڤەری سەوز بوونە دوو بەش و بەشێكیان بایكۆتیان شكاند و چوونەوە هۆڵەكانی خوێندن، بۆیە ئەوەی حكومەت بەرانبەر مامۆستایانی نارازی نەیتوانی بیكات، خۆیان كردیان و هۆكارەكەشی بۆچوونی جیاواز و دابەشكاری ناو خودی مامۆستایان بوو.

* دانوستان لەنێوان لایەنەكان دەستی پێكردۆتەوە، بەمجۆرە دانوستانانە دەتوانرێت دۆخی هەرێم چارەسەر دەبكرێت؟
ــ  تەنها خۆڵكردنە چاوی خەڵكن، ئەو هەموو دانیشتن و بەزمەی ناوێت، تەنها كەسێك ئەو دۆخەی دروستكردووە، بەرێز مەسعود بارزانی بریاریداوە سەرۆكی پەرلەمان نەیەتەوە پەرلەمان، بۆیە پێویست بەم هەموو بەزم و شتانە ناكات، با ئەمر بكات كاك یوسف بگەڕێتەوە پەرلەمان و پەرلەمانی كوردستان كارەكانی خۆی بكات، لایەنە سیاسییەكان ئیش و كاریان نییە، بۆیە گفتوگۆو دانوستانەكان بەس بۆ كوشتنی كاتە، چونكە تا هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ شتێك ناكرێت، موماتەڵە بەردەوام دەكرێت و هەر مانگەو دانیشتنێك دەكەن و دواتریش دەڵێن، لێگەڕێن با پەرلەمانێكی نوێ و حكومەتێكی نوێ پێك بهێنین، دواتریش دەست بەتەزویراتی هەڵبژاردن دەكرێتەوە و دەست بە كڕینی خەڵك و ئۆتۆمبێل و پارە دابەشكردن دەكرێتەوە، بەڵام گرنگە ئەوكات خەڵكی هەرێمی كوردستانیش خاوەن هەڵوێست بن، دەسەڵاتداران رەنگدانەوەی جەماوەرن، بەشێكی خەڵك و جەماوەر فێری ماستاوكردن بوون و دەبینرێت بەرپرسێكی باڵا دەچێتە ناوچەیەك زۆربەی جەماوەرەكەی بەنیفاق پێیدا هەڵدەدەن و لە دەوری كۆدەبنەوە، بۆیە دەبێت خەڵكی هۆشیار بێت.

* پێتوایە هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجام بدرێت؟
ــ ئێستا بەشێكی یەكێتی و گۆران و حیزبە ئیسلامیەكان لە هەڵبژاردن بێ ئومێد بوون، بەڵام برادەرانی پارتی بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە كارتی دەنگدانی خۆیان نوێكردۆتەوە و ئامادەیی تەواوەتییان بۆ هەڵبژاردن دەربڕیووە، بە قەناعەتی (100%)م، ئەگەر ئەم دۆخە وابڕوات، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پارتی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت و بە تەنها حكومەت پێكدەهێنێت و كورسیەكانیش دەستەبەر دەكەن، برادەرانی لایەنەكانی تریش دەبێت وەك سەری مەنجەڵ تەماشای پارتی بكەن، ئەوكاتیش داخۆ پارتی مەرحەبایان دەكات یاخود نا، شتێكی دیكەیە.

* دابەشكردنی دووبارەی پۆستەكانی هەرێم، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان ئاسایی دەكاتەوە؟
ــ پۆست شتێكە و دەسەڵات شتێكی ترە، ئەو پۆستانەی هەیە هیچ دەسەڵاتێكی بەڕێوەبردن و جێبەجێكردنیان نییە، لە هەرێمی كوردستان پۆستەكان وەك كرێكارێك دێنەبەرچاو و كارەكانیان بۆ دیاریكراوە، لەوە زیاتر بۆیان نییە هیچ هەنگاوێك بنێن، بۆیە تا هەرێمی كوردستان بە دامودەزگایی نەكرێت، هیچ شتێك نابێتە جێگەی دڵخۆشی.

* باس لە دوو ئیدارەیی دەكرێت، پێتوایە لە دوای شەڕی (داعش)، دوو ئیدارەیی دروست بێت؟
ــ تائێستا دابەشكاریەكە نەبۆتە شێوەیەكی رەسمی، بەڵام بەشێوەیەكی عەمەلی هەرێم بۆ سەر سێ ناوچە دابەشبووە، كەركوك بە تەنها جۆرە سیاسەتێكی تێدا پەیڕەو دەكرێت، زۆنی زەرد و سەوزیش دوو ناوچەی ترن، دواین شت رێگریكردن بوو لە دوو پەرلەمانتاری كوردستان لە بازگەی پردێ، بەڵام لە شوێنەكانی تر پێشوازیان لێكرا، لە دێگەڵە دەچیتە ئەودیو جۆرە هەڵسوكەوتێكە و لەم دیوی دێگەڵەش جۆرە هەڵسوكەوتێكی تر دەكرێت، بەڵام تائێستا بریاری لەسەر نەدراوە، ئەگەرنا بەكرداری بۆتە سێ ئیدارە، ئێمە میللەتێكی سەیرو عەجایبین، بێ حیكمەت نییە خوای گەورە میللەتانی هەموو جیهانی كردۆتە دەوڵەت و تائێستا میللەتێكی (40) ملیۆنی وەك كوردیش دەوڵەتی نییە، بۆیە خوا پەنامان بدات.

* پێتوایە لایەنە سیاسیەكان بتوانن چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا بدۆزنەوە و كۆتایی بە كێشەكان بهێنن؟
ــ لایەنە سیاسییەكان هیچ شتێكیان بەدەست نییە، دوو لایەنی سیاسی شتیان پێدەكرێت، ئەوانیش پارتی و یەكێـتین، ئەو دوو لایەنە نە بە تەنها دەتوانن باشە بكەن نە بەتەنهاش خراپە بكەن، چونكە ئەگەر لایەنێكیان كارێكی باش بێ‌ ئەوەی تر بكات، ئەوی تر بەربەستی بۆ دروست دەكات، بۆ خراپەش بەهەمانشێوەیە، بۆیە ئەگەر كۆك بن دەتوانن دۆخی هەرێم چارەسەر بكەن، لەبەر ئەوەی هەر دوو دۆسیەی ئابوری و هێز لە لای ئەوانن.



‌ 2415 جار بینراوه‌
1/21/2017 10:01:02 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved