»  بینین
قەززافی لە كۆشكی سپی
دڵسۆزحەمە



دوێنی بە فەرمی دوناڵد ترامپ چل و پێنجەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا یەكەمین رۆژی دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی دەستپێكرد!
 بۆ ئێمەی كوردو بۆ تەواوی جیهانیش ئەو كەسایەتیەی لە نوسینگە هێلكەییەكەی كۆشكی سپیدا كاردەكات گرنگی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەم چركەساتە مێژووییەی جیهان كە پڕی لە پەشێوی و ناكۆكی و كێشەی گەورەیە.
ئێمەی كورد كە لە پەڕاوێزی نەخشەی هێزو پەڕاوێزی ململانێی ئابوری و سیاسی زلهێزەكانداین، بۆ ئێمەیەك كە وەكو قوربانی لە پێشەوەی ریزەكەداو وەكو دەسكەوتیش لە پشتی پشتەوەی مەحفەلی ئینسانیدا راوەستاوین، هەرگۆڕانێك لە جیهاندا، لە دنیابینی و سیاسەتی ئەمەریكادا وەكو گەورەترین هێزی سیاسی و ئابوری لە جیهاندا، بۆ ئێمەش جێگای تێڕامان و لەسەر وەستانە، بەو ئومێدەی گۆڕانی نەخشەی هێزو سیاسەت و ئابوری جێگای ئێمەش وەكو بونەوەرێكی بێدەوڵەت، بێناسنامە بگوزێرێتەوە بۆ جێگایەكی باشترو پێشتر!
ئەمەریكا لەسەدەی رابردودا هەمیشە پشتیوانی داگیركەرانی كوردستان بووەو بەشێك بووە لەو پرۆسەی سەركوت و داپڵۆسین و تواندنەوەیەی بەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد كەوتووە، مەلا مستەفای رەحمەتی بەدەردو زوخاوی بێباكی و سیاسەتی بێڕەحمانەی ئەمەریكاوە لەهەمبەر كورد سەری نایەوە، بەدرێژایی دەسەڵاتداری بەعس، كە ئاستی چەوساندنەوەو دڕندەیی و دڵڕەقی و زوڵم و زۆر گەشتە ئاستی ئەنفال و كۆمەڵكوژی و چەكی كیمیایی، ئەمەریكا لەو زلهێزە گەورانەی دنیا بوو كە نەك پشتیوانی لە كوردان نەكرد، بەڵكو تاریكی وەهایان خستەسەر تاوانەكانی سەددام كە ئەوانیش بوون بەبەشێك لەو پڕۆژە دڕندانەیەی كە ئینسانی كوردی تێدا دەهاڕی!
وەختێك سەددام كەوتە بەرغەزەبی ئەمەریكا، كوردو ئەمەریكا، پەڕاوێزترین نەتەوەی سەرزەوی و زلهێزترین هێزی دنیا رێكەوتەكانی مێژوو دەیانخاتە هەمان سەنگەرەوە!، لەدوای رووخانی سەددامەوە تا هاتنی داعش بەردەوام ئەم دوو هێزە هەرە ناهەوسەنگ و ناهۆمۆجین و سەیروسەمەرەیە لە پێچیدە مێژوویەكاندا دەكەونەوە هەمان سەنگەر، هەر بەڕاستی لە دەیان شەڕی دژی سەددام، دژی ئیسلامییەكان و دژی داعش پێشمەرگەو مارێنز پێكەوە شەڕیان كردووەو دەیكەن! بەڵام ئەم دۆستە زۆر زل و زلهێز و گرنگ و بەهێزەی ئێمە بە درێژایی ئەم بیست و پێنج ساڵەی دەسەڵاتی كورد لە كوردستاندا هەرگیزو هەرگیز وشەیەكی نەداوە بە ئێمە كە كەمێك دڵنیایی سیاسی بەبوونی ئێمە ببەخشێت لە كاتێكدا ناوچەكەی ئێمە لە سەر شەپۆلی ئاگرو بەردەوام لە تەقینەوەدایە!
هەرچەندە چارەكە سەدەیەكە دۆخی ئەم ناوچەیە لە گۆڕاندایە، عێراق گۆڕاوە، نەخشەی هێزو جوگرافیای سیاسی بەقوڵی گۆڕاوە، بەڵام هەڵسوكەوتی كۆشكی سپی نەك نەگۆڕاوە، بەڵكو بەردەوام خۆی دووبارە دەكاتەوە بۆیە ئەم كێشانەش قوڵتر دەبنەوە، بەڵام هاتنی ترامپ رۆژو رۆژگارێكی ترمان دەخاتە پێشەوە كە لە مێژووی ئەمەریكادا رووینەداوە!
ترامپ وەكو كاراكتەرێكی سیاسی تەواو هاوشێوەی قەززافیە، قەززافی هەرچی بەزاریدا دەهات نەیدەگێڕاوە تەنانەت جارێك رووبەڕوو بە شای سعودیەی گوت : ئەم گەوجە تێناگات! كەسایەتییەكی سایكۆپات و نەخۆشی هەبوو كە تەنانەت بەشێوازی ژیان و جلەكانیشەوە دیار بوو بەڵام هەمیشەو لە لوتكەی دەسەڵاتی بەعسدا نەی دەشاردەوە كە باوەڕی بە سەربەخۆیی كوردستان هەیە!
دۆناڵد ترامپ ئەوەندە قسان دەردەپەڕێنێت كە دەزگای موخابەرات هۆشداریان دەواتێ كە ئاگای لە زمانی خۆی بێت، رقی دنیای لە عەرەب و ئیسلامەكانە، دژی هاتنی كۆچبەرانەو ناسیۆنالستێكی عەیار بیست و چوارە، ترامپ وەكو قەززافی، بەڵام لەئەمەریكای مێدیای ئازادو هەبوونی دەزگای بەهێزی دادوەریدا، بیروباوەڕەكانی خۆی ناشارێتەوەو بە ئاشكرا بانگەشەی بۆدەكات!
زۆرێك لەدیدەكانی ئەم قەززافیەی كۆشكی سپی لە بەرژەوەندی كورد دەشكێتەوە هەرچەندە ترامپ بەشێكە لەو كۆمپانیاو سیستەمە داخراوەی ئەمەریكا بەڕێوە دەبەن، بەڵام بەداخەوە كورد خۆی بونەوەرێكە بیمارو پارچەپارچەو بێ پڕۆژە، هیچ ئامادەییەكی بەهێزی نیە كە زلهێزێك ئەوەندە رێزی بۆ دانێت بە جددی وەرمان بگرن!!

‌ 2669 جار بینراوه‌
1/21/2017 10:53:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved