»  بینین
ئێمە لە نێوان راستڕەوەكانی غەرب و توندڕەوەكانی شەرق!
دڵسۆزحەمە



ئەمڕۆ لە رۆژئاوادا، لەسەر ئاستی ژیانی گشتی و لەسەر ئاستی سیستەمی سیاسی و كارگێڕی دیاردەكانی گەڕانەوەی كەڵكەڵەی رەگەزپەرستی و رەفتاری نادیموكراسی وەكو یەكێك لە كاردانەوەكان لەهەمبەر پەلامارە تیرۆریستی وهەڵكشانی ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە رۆژئاوادا، سەری هەڵداوە، دۆناڵد ترامپ یەكێكە لەبەرهەمەكانی ئەو هەستی توڕەبوونە ناوەكییەی كە لەسەر ئاستی ژیانی گشتی ئامادەیی هەیە، كتێبی (تێكۆشانم)ـی هێتلەر دوای قەدەغەكردنی بۆ زیاتر لە هەفتا ساڵ ٢٠١٦ چاپ دەكرێتەوەو زیاتر لە سێ ملیۆن نوسخەی دەفرۆشرێت! لە فەڕەنسادا، فەرەنسای ژان جاك رۆسۆو شۆڕشی فەڕەنسا، فەڕەنسای یەكەمین ئەزمونی سیسستەمی دیموكراسی و كۆمەڵگای مەدەنی، فەڕەنسای سارترو درێداو بۆڤوار و رۆڵان بارت ..هتد، راستڕەوەكان زۆر بەخێرایی دەكەونە پێش پارتی سۆشیالست و چەپەكانەوە! لە هۆڵەندا پارتی ئازادی خێرت ڤێلدەر خەریكی دروستكردنی بەرەیەكی راستڕەوانەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا!
هاتنی بە لێشاوی پەنابەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو رۆژئاوا كە رێژەی هەرە زۆریان عەرەب و موسوڵمانن، ئەزمونی تاڵی رۆژئاوا لەگەڵ توندڕەوەكانی ئەم موهاجیرە موسوڵمان و عەرەبانەدا، هێز و گروپە چەپ و دیموكراتەكانی خستۆتە هەڵوێستێكی ئاڵۆزەوە، لە نێوان داكۆكیكردن لە بەها دیموكراتی و كراوەكانی رۆژئاواداو هەمان كات ئەرك و بەرپرسیاری دابینكردنی ئاسایش و ئاسودەیی ژیانی گشتی و چەسپاندنی دەوڵەتی هاوڵاتیبون و دەسەڵاتی یاساو دەوڵەتی هاوڵاتی، لە كاتێكدا ئەگەری هەبونی ئەو هاوڵاتیانە هەیە كە نەك ئینتیمای بۆ ئەو سیستەم و ستراكتۆرە یاسایی و سیاسیە نیە بەڵكو هەڵگری بۆمبێكی تەوقیتكراوە بۆ تەقاندنەوەو هەڵتەكاندنی جومگەیەك لە جومگەكانی ئەو سیستمە كە بەئەركێكی ئاسمانی و جیهادی و رۆحی پیرۆزی دەزانێت!
ئەم دۆخە بۆ هێزە دیموكراتخوازەكان پارادایمێكی نوێیە، بۆ هێزو گروپە راسیست و راستڕەوەكان هەلێكی مێژووییە كە هەژمونی خۆیان بەسەر دۆخی سیاسی و كارگێڕی و بەسەر ژیانی گشتییەوە ئەزمون بكەن، دۆناڵد ترامپ گوزارشتە لەوترسە ناوەكییەو لەسەركەوتنی راستڕەوەكان لە بەهێزترین سیستەمی سیاسی كەلتوری رۆژئاواییدا، كە رەنگە نمونەی تریشی بەدوادا بێت لە ئەوروپادا، ئایا هەڵكشانی راستڕەوەكان لە سیستەمی سیاسی رۆژئاوادا لە بەرژەوەندی خەونی دەوڵەتی كوردییە یان نا؟؟
لەملاشەوە ئەگەر هێزە توندڕەوەكان و ئیسلامی سیاسی و گروپە تیرۆریستەكان لە رووی سەربازی و توانای سەربازییەوە شكستبێنن، بەڵام بە دیوە سایكۆلۆژی و ئایدۆلۆژی و فەرهەنگییەكەدا هەژمونێكی مەترسیدارە بۆسەر خیتابی نەتەوەیی و پڕۆژەی دەوڵەت، بەتایبەتی بۆ كورد كە جگە لە ئامادەیی لاوازو بێبەرنامەو بێخەونی خۆی لە دنیادا، جگە لەوەی جەستەی سیاسی و مێژوویی ئەم بونەوەرە خەڵتانی پەشێوی و پاشاگەردانییە كە نەك ئامادەیی بیناكردنی دەوڵەتی پێ نیە، بەڵكو لە ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنی لۆكاڵیدا شكستی گەورەی هێناوە، جگە لەم كێشە گەورانە تەوژمی توندڕەوەی لە رۆژهەڵاتدا بە جیاوازی گروپ و هێزە تیرۆریستەكانەوە دیدێكی نامرۆڤانەو مەترسیداریان بۆ بوونی كوردو پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی هەیە، ئاخر ئیسلامی توندڕەو وەكو كۆمۆنیزم هەڵگری رەهەندێكی نێونەتەوەیی گشتگیرە، لە ژێر ئاڵای ئیسلام و دەوڵەتی ئیسلامدا شتێك نییە بەناوی نەتەوەو زمان و ئێتنیكی جیاواز! یەكەمین سەرزەمین بەر پەلاماری داعش كەوت كۆبانێ و شەنگال و خاكی كوردستان بوو! هەڕەشەی تیرۆرو توندڕەوەكانی رۆژهەڵات راستەوخۆ ئاراستەی دڵی كوردستانە!
راستڕەوەكانی رۆژئاوا بە بڕوای من ئێمە زۆر جیاناكەنەوە لە عەرەبەكان و ئەوانیتر ئاخر كۆمەڵگای كوردی لە قوڵاییداو لەسەر ئاستی ژیانی گشتی توندڕەوەی ئیسلامی داغانی كردووە! خۆ توندڕەوەكانی رۆژهەڵات، هەموو ئەو هێزو گروپ و حەشدو كەتائیب و عەسائیب و ئەو هێزانەی گوزارشتن لە هێزی ئیسلامی و ئایینی توندڕەو بە رەنگ و بەرژەوەندی و خەیاڵی جیاوازەوە نەك باوەڕی بە دەوڵەتی نەتەوەیی كوردستان نییە بەڵكو لەمساتەوەختەدا بێ دەوڵەتیش لەشەڕێكی سەختداین لەگەڵ ئەمانە!!
خیتابی عەقڵانی، سەركردەی حەكیم، بەرنامەی كۆنكرێت، فەراهەمكردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مۆدێلێكی سیاسی دیموكراتی ومۆدێرن زامنی بەرگەگرتن و مانەوەی ئەم جڤاتەیە لەهەموو پێچیدە مێژووییە سەختەكاندا .

‌ 1906 جار بینراوه‌
1/28/2017 10:10:09 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved