»  چاوپێکەوتن
هەڵۆ پێنجوێنی؛ ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای (ی ن ك): دەركردنی پەكەكە خواستی گەلی كورد نییە بەڵكو كێشەی نێوان دوو حیزبە
ئا/ رامان ساڵەیی




هەڵۆ پێنجوێنی؛ ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای (ی ن ك)، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، باس لە ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و پەكەكە لە شەنگال دەكات و پێیوایە، ئێستا بەشێكی زۆری ئێزیدییەكان بوونەتە پەكەكە و ناكرێت بە بیانووی ئەوەی پەكەكە-ن لە زێدی خۆیان دەربكرێن و هاوكات ئاماژە بەوە دەدات؛"یەكێـتی تەنها لەبەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێم لە ناو حكومەتدا ماوەتەوە"، هاوكات ئەوەش رادەگەیەنێت:"بەپێی رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و حكومەتی هەرێم، دەبێت هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكانی موسڵ بكشێتەوە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە".

* ناكۆكیەكانی نێوان پەكەكە و پارتی لەسەر شەنگال بە كوێ‌ گەیشتن، ئایا داوای پارتی بۆ كشانەوەی پەكەكە دروستە؟
ـ بابەتەكە كێشە و ململانێی سیاسین، هەر یەكێك لە پەكەكە و پارتی ئەجێندای خۆی هەیە و لە پشت ئەو مەسەلەیەوە بابەتی تر هەیە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو ناكۆكی و ململانێانە لە بەرژەوەندی دۆزی كورد نییە، چونكە كورد لە بەردەم شەڕێكی قورسدایە وهاوكات لە بەردەم ئامانجێكی گەورەدایە بۆ ئەوەی لە زۆربەی پارچەكانی كوردستان ئازادی بەدەست بهێنێت، بۆ نمونە لە هەرێمی كوردستان ئازادی بەدەستهاتووە و حكومەتێكی خۆی هەیە و لە رووی دەستورەوە دانی پێدانراوە، ئەگەر ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوا دروستبووە.. پشتیوانی بكرێت، دەستكەوتی گەورەتر بۆ كورد دابین دەكات و ئەو كات لە بری نەتەوەیەكی تر، نەتەوەكەی خۆمان دراوسێمان دەبێت، هاوكات دەركردنی پەكەكە چارەسەری كێشەكان ناكات و بەڵكو ئاڵۆز تری دەكات، چونكە بەشێكی زۆری ئێزیدییەكان بوونەتە پەكەكە و ناكرێت بە ناوی پەكەكەوە لە زێدی خۆیان دەربكرێن، بەپێچەوانەوە دەبێت پشتیوانیان بكرێت تا ئەو بەشەی دیكەی شنگالیش رزگاربكرێت.
* كەواتە دەركردنی پەكەكە بە واتای دەركردنی شەنگالیەكان دێت؟
ـ من پێموانییە نە پەكەكە و نە شەنگالیەكان ناوچەكە چۆڵ بكەن، چونكە دەركردنی پەكەكە خواستی گەلی كورد نییە، بەڵكو كێشەی نێوان دوو حیزبی سیاسیە، هێزی پەكەكەش تەنها لە شەنگال نییە، لە خواكوركەوە بگرە تا دەگاتە قەندیل گەریلای پەكەكە بوونیان هەیە، چەندین بارەگاشیان هەیە، ئەگەر لە شەنگال دەربكرێن، دەبێت لە هەموو سنوری جوگرافیای عێراق دەربكرێن، ئەمەش لە راستیدا ئیشی ئێمە نییە، بەڵكو ئەوەی لە سەرمانە دەركردنی (داعش)و یەكلاكردنەوەی كێشەی خاكە لەگەڵ حكومەتی عێراق تا ناوچە جێناكۆكەكان بگەڕێنینەوە سەر هەرێم، بۆیە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پەكەكە جەخت لەسەر گفتوگۆ و دیالۆگ دەكەین و هاوكات پێموانیە شنگال بۆ شەنگالیەكانە و هیچ هێزێك چ پارتی و چ یەكێتی و چ پەكەكەش ناتوانن هەژمونی خۆیان بسەپێنن بەسەر ئەو هێز و لایەنانەی لە ناوچەكەدان و رێگری كاری سیاسی لەوانی تر بكەن.
* دەنگۆی رێككەوتنی بەغدا و ئەنقەرە لەسەر كشانەوەی سوپای توركیا لە باشیك بەهێزە، لەم بارەوە هیچ جموجۆڵێك دەبینرێت؟
ـ تائێستا سوپای توركیا لە شوێنی خۆیانن، بەڵام لە ئەنجامدا لەبەر ئەوەی لە خاكی عێراقدان، ئەگەر ئێستا بێت یان داهاتوو، دەبێت سوپای توركیا بكشێتەوە، چونكە هێزێكی بێگانەن و بۆ ئامانج و ئەجێندای سیاسی تایبەت بە خۆیان هاتوون و دەرئەنجام هەر دەبێت بكشێنەوە.
* هیچ مەترسیەك بۆ پێكدادانی سوپای توركیا و حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی موسل لە ئارادا هەیە؟
ـ هەستكردنی لایەنەكان بە بەرپرسیارێتی دۆخەكە گەورەترە لەوەی پێكدادان رووبدات، بۆیە چاوەروانی شەڕ و پێكدادان ناكرێت، بێگومان هەموو چارەسەری كێشەكان بە رێككەوتنی سیاسی و گفتوگۆ دەبێت، شەڕ لە ناوچەكە لە بەرژەوەندی گەلی كورد و دەسەڵاتی موسڵ نیە، ئیتر شیعە بێت یان سوننە.
* ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ درێژەی كێشا، ئەمە پەیوەندی بە تاكتیكی سەربازییەوە هەیە یاخو بەهۆی ململانێە سیاسیەكانەوەیە؟
ـ ئۆپەراسیۆنی موسڵ زۆر بە باشی بەڕێوەچووە، شەڕ رۆیشتن نییە بە ئۆتۆمبێل تا لە كاتژمێرێكدا چەندین كیلۆمەتر ببڕدرێت، شەڕ تایبەتمەندی خۆی هەیە، كەس پێشبینی نە دەكرد زۆرینەی ناوچەكانی موسڵ و دەوروبەری رزگاربكرێت و نیوەی شارەكەش كۆنترۆل بكرێتەوە، بۆ تەواوكردنی نیوەكەی تریشی پلانی تۆكمە دانراوە و هەر لەبەر ئەوەیە خاوبونەوە بە شەڕەكە و ئۆپەراسیۆنەكەوە دیارە.
* ئێستا ئێوە لە سنوری باشیكن و ناوچەیەكی زۆرتان رزگاركردووە، ئایا پێشمەرگە لەو ناوچانەی رزگاریكردووە.. دەكشێتەوە؟
ـ پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو ناوچانەی سنوری موسڵی رزگاركردووە و بۆیە بە بڕوای من هەڵەیەكی گەورەیە، بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسیە لە رابردوودا كراوە، هێزی پێشمەرگە بكشێتەوە، بەڵكو دەبێت پێشمەرگە بەشێك بێت لەو هێزەی كە موسڵ دەپارێزێت.
* بەڵام بە پشتبەستن بە رێككەوتنەكەی بارزانی و عەبادی، دەبێت هێزی پێشمەرگە لە دوای ئازادكردنی موسڵ لە سنوری باشیك و خازر و رێكەوتنەكانی تر وەك ئاگاداربن پێشمەرگە بكشێتەوە؟
ـ بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ئەمریكاو حكومەتی هەرێم لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو واژۆكراوە، بەداخەوە ئەو خاڵەی تێدایە، كە پێشمەرگە بكشێتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی میللەتەكەمان نییە.
* تایبەت بە كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، پێتوایە كێشەكانی هەردولا بەبنبەست گەیشتوون یاخود هیوایەك ماوە بۆ چارەسەری كێشەكان؟
ـ من پێموانییە دەرگاكان داخرابن، ئەگەر نیەتی چارەسەركردن لای هەردوولا هەبێت، دەتوانین چارەسەری بەشێك لەكێشەكان بكەین، ئەگەر هەمووشی نەبێت.
* یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت، بەوەی دووفاقانە مامەڵە لەگەڵ قەبانەكاندا دەكات و لەلایەك وەكو ئۆپۆزسیۆن رەفتار دەكات و لەلایەك بەشدارە لە حكومەت.. ئەمە تا چەند راستە؟
ـ یەكێتی بەرپرس نییە لە كۆی قەیرانەكان و روداوەكانی رابردوو، چونكە یەكەم شت یەكێتی بەشدارییەكی كەمی هەیە لە حكومەتدا و تەنها لەبەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێم لە ناو حكومەتدا ماوەتەوە، بەرپرسی سەرەكی قەیرانەكان ئەو لایەنەیە كە مەلەفی بەغدا و نەوت و پەیوەندیەكانی دەرەوە و مەلەفی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی دارایی و توركیای لەبەردەستە كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی هەرێمە، دیارە كۆمەڵێك حاڵەتی تریش هەیە بۆ قەیرانەكان، كە نرخی نەوت لە جیهاندا دابەزیووە، بەڵام بەگشتی ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە هەیە، یەكێتی تێیدا بەرپرس نییە، چونكە یەكێتی پرسی پێنەكراوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە لەسەرەتاوە وتومانە، مەلەفی نەوت باش رێكبخرێت و سەرچاوەی داهاتەكان رێكبخرێن بۆ ئەوەی لانی كەم پێداویستییەكانی پێدابین بكرێت، بەڵام دیارە گلەیی و گازاندەی زۆری لەسەر داهاتەكانە، لەكاتێكدا دەبوو ئەو گلەیی و گازاندانە نەمانایە و بەرچاوی خەڵكی كوردستان روون بووایە، پەرلەمانێكیش هەبووایە بۆ ئەوەی چاودێری حكومەت و دامودەزگاكانی تر بكردایە.
* لە دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئەمجارەی نێوان لایەنەكان، تاچەند یەكێتی دەتوانێت رۆڵی سەرەكی بگێرێت؟
ـ یەكێتی رۆڵی گرنگ لە دانوستانەكان دەگێڕێت، بەڵام رۆڵی سەرەكی لای پارتیە و هەر ئەویش دەتوانێت رێككەوتنەكان بباتە پێشەوە و بیانگەیەنێتە مەنزڵ، دەشتوانێت بەبنبەستیان بگەیەنێت، چونكە لە رابردودا كردویەتی، لایەنەكانی تری وەك یەكێتی و گۆران و لایەنە ئیسلامیەكانیش رۆڵی گرنگیان هەیە، بەتایبەت یەكێتی زیاتر لەلایەنەكان ئەو رۆلە گرنگەی هەیە، چونكە یەكێتی لەسەر ئەرزی واقیع، خاوەن بەرپرسیارێتی و هێز و تایبەتمەندی خۆیەتی.
* لەئێستادا باس لە رێككەوتنی نوێی یەكێتی و پارتی دەكرێت، پێتوایە ئەم رێككەوتنە سەركەوتن بەدەست بهێنێت؟
ـ ئەگەر رێكەوتنەكە گشتگیر نەبێت، پێموانییە سەركەوتوو بێت، بەڵام ئەگەر رێكەوتنەكە گشتگیر بێت و هەموو لایەنەكان تێیدا بەشداربن و چارەسەرەكان لەسەر كۆی پرۆژەی لایەنەكان بێت، قازانجی گشتی تێدا دەبێت.
* دەوترێت یەكێتی دەیەوێت پشت لە گۆران و لایەنەكانی تر بكات و  روو لە پارتی بكات، ئەمە تاچەند دروستە؟
ـ بەهیچ جۆرێك ئێمە ناچینە ژێر ئەو بارە و هەرگیزیش لەگەڵ ئەوەدا نین لایەنەكانی تر پەراوێزبخرێن، بە پێچەوانەوە رێككەوتن و هەماهەنگی باش لەگەڵ لایەنەكانی تر هەیە و یەكێتی كار بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی نێوان پارتی و لایەنەكانی تر دەكات، هەوڵدەدات دەرگاكان بكرێنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی جدی لێبكەوێتەوە.
* بەڵام باس لە دابەشكردنەوەی پۆستەكان لە نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێت، بۆ نمونە،"پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی، سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكگرتوو"؟
ـ ئەوانە هەمووی بیروبۆچوونی شەخسەكانن و بەهیچ جۆرێك یەكێتی داوای پۆستی نەكردووە، بۆ بابەتی پۆستەكان دەبێت لایەنەكانی تر و گۆرانیش لەناو بابەتەكان بن، بەلای یەكێتیەوە كێشەی چارەسەركردنی قەیرانەكان گەورەترن وەك لە دابەشكاری پۆست.
* كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەكوێ گەیشتوون؟
ـ كێشە ناوخۆییەكان بە دۆخێكی هێوربوونەوە تێدەپەڕێت، ئێستا هەموو سەركردایەتی یەكێتی مشوری ئەوە دەخۆن، كە میكانیزمی كاركردنێكی گونجاو پەیڕەو بكەن تا دەگەینە كۆنگرە.




‌ 2626 جار بینراوه‌
2/4/2017 12:03:52 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved