»  بینین
مێدیا و زمانبەدی
دڵسۆزحەمە




هیچ زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوس و راگەیاندنكارانەی بە مۆراڵی ڕۆژنامەوانی و بەرپرسیاری پیشەییانە كار دەكەن ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕێت، قسە لەسەر ئەو لەشكرە بێدادو بێشومارە نییە كە بەسەر ئێزگەو تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوكراوەی بەرهەتاوو بەرسێبەری بێئەندازە زۆری ئەم وڵاتەدا دابەشبوون و بەناوی پیشەی رۆژنامەوانی كەوتوونەتە جەستەی بیماری فەزای گشتی كە خۆی لە بنەڕەتدا فەزایەكە، پانتاییەكە بیماری دەیان دەردی بونیادی و ستراكتۆری و مێژوویی و ئینسانی قوڵە، فەزای گشتی كێشەی نەبوونی هۆشیاری و دابەشبوون و توندوتیژی و دواكەوتویی و نائارامی سیاسی و ئابوری و دەیان كێشەی ژیاری هەنووكەیی و درێژخایەن هەلاهەلای كردووە، هێزە سیاسی و ئابورییەكانی بە ئامرازەكانی گەندەڵی، دابەشكردن و پیادەكردنی نادادوەری كۆمەڵایەتی و لاوازكردنی ناوكۆیی كۆمەڵایەتی ئەم جڤاتەیان گەیاندۆتە دۆخێكی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی ترسناك و ناتەندروست، دۆخێك بەهاو مۆراڵی گشتی و فەزیلەت و چاكەی گشتی و گیانی متمانەو پێكەوەبوون بە جۆرێك پاشەكشەی كردووە كە جڤات بۆتە داهۆڵێكی بەر ڕەشەبا، هەموو هێز و تەوژم و شێوازێكی بیركردنەوە دەتوانێت دزە بكاتە ناو خەیاڵی گشتی و چۆن پێی خۆش بێت و بۆ كام ئامانج بخوازێت، پیادەی فەزای گشتی بكات، ئەمەش ترسناكترین قۆناغێكە كە كۆمەڵگایەكی ئینسانی پێی بگات، هەربۆیە پانتایی گشتی كوردستان، شەقام و ژیانی گشتی بۆتە پانتاییەك لێوانلێوی توندوتیژی، گومان، توڕەیی و هەڵكچوون و كاڵبونەوەی گیانی بەرپرسیاری و قوربانیدان و تەنانەت ڕێزو مۆراڵی كۆمەڵایەتیمان لە پاشەكشەی بەردەوامدایە!
یەكێك لەو هێزانەی ڕۆڵی گەورەو گرنگی گێڕاوە لە ناشرینكردنی ئەم دۆخە ئەو لەشكرە ڕۆژنامەنوس و راگەیاندنكارو كارمەندانەیە كە بە پانوپۆڕو پانتایی ئەو هەموودامودەزگا ڕاگەیاندنانەدا بڵاوبونەتەوە كە ناوسكی جڤاتی كوردی خواردووە!
ئاخر جگە لەوەی كارەسات لەوساتەوەختەوە دەستیپێكرد كە هەر هێزەو بگرە هەر بەرپرس ودەسەڵاتدار و گروپ و تاقمێكی پارەدارو دەسەڵاتداری ناو حیزب توانیویەتی بە پارەو ماڵی گشتی خەڵك دەزگای مێدیایی گەورەو تەلەفزیۆنی لۆكاڵی و سەتەلایت و ڕۆژنامەو گۆڤار بۆ خۆی بكاتەوەو چۆنی بوێ ئاوەها ئەودەزگایانە بكاتە مینبەرو ئامڕازێكی بەدەستی خۆیەوە، چۆنی بوێت ئاوەها پەیامەكانی هەڵڕێژێتە فەزای گشتی، كێ بخوازن بیكوتن، كامە هێز وگروپ و فیگەرو دەزگا بخوازن سوك و رسوای بكەن و پەلاماری هەر دیدو بۆچونێك بدەن كە بخوازن!
ئەم دۆخی مۆنۆپۆڵكردنی مێدیاو مینبەرەكان لە كوردستاندا لەهیچ جێگایەكی دنیا شێوەی نییە، تەنانەت لە تۆتالیترین ڕژێمە عەرەبیەكاندا، هەربۆیە تادێ ئەم مینبەرانە، ئەم دەزگایانە بە ئاگا و بێئاگا رۆڵی خراپ دەگێڕن لە فراوانكردنی ئاستی دڕدۆنگی و بێمتمانەیی و ناكۆكیی كۆمەڵایەتی تەنانەت ڕۆڵی خراپیش دەگێڕن لە بڵاوكردنەوەی رق و قینەو بێڕێزی و توندوتیژی و ئاساییكردنەوەی نەمانی ئەو بەهایانە، ئاخر مێدیایەك، دەستگیركردنی گومانلێكراوان بە گومانی تیرۆر بە (فڕاندن ) گوزارشت لێبكات، بە زۆری زۆرداری پێداگری بكات لە وشەی پیاوی ئایینی و پێشنوێژو وتارخوێن بۆ قوربانییەك، پێداگری لە وشەی پارێزەر بكات بۆ كچێكی قوربانی لە كاتێكدا هێشتا كاری پارێزەری نەكردووە، ئەمانە فوتێكردنی گومان و زمانبەدی و ئیحای بەدنیازی نەبێت چیترە؟
 ڕۆژانە دەیان ئیحاو ئاماژەو دەستەواژەی پڕ گومان و ژەهراوی لە شاشەو ماڵپەڕو دەزگاكانەوە دەڕژێتە پانتایی گشتییەوە كە بەشێكە لەو زمانبەدی و نیازخراپیەی هەندێك دەزگاو دامەزراوە بێباكانەو نابەرپرسیارانە پیادەی دەكەن!
ڕەنگە بەرپرسیاری هەرە گەورەی رۆژنامەنوس و مێدیاكار گەیاندنی زانیاری بێت وەكو خۆی، ورووژاندنی گومان بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی و زیادكردنی فشار بۆ سەردەسەڵات و دەزگاكانی هەتا مەودای چەوساندنەوەو چەواشەكاری خەڵك كەمكەنەوە! كەچی زۆر جار مێدیای ئەم وڵاتە رێك پێچەوانەی ئەم پرەنسیپانە كار دەكات، یان مێدیای حیزب و گروپ و شەخسەكانەو سەرقاڵی چەواشەكارییە، یان ئەمەی تریانە سەرقاڵی دووزمانی و بەرهەمهێنانی جۆرێكە لە گومان كە جڤات بەرەو هەڵوەشان و نائومێدی دەبات نەك گەڕان بەدوای راستیدا!

‌ 158 جار بینراوه‌
2/4/2017 12:06:15 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
12
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved