»  وتاری هەفتە
ئاش لە خەیاڵێك و ئەنجومەن لە پشوو؟
بورهان حاجی سلێمان



هەفتەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق، رایگەیاند كە بە هۆكاری ئەمنی (مانەوەی قەزای حەویجە لە دەستی داعش)، ناتوانرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك بەڕێوەبچێت كە بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش دەمانگەیەنێتە دەرەنجامی ئەوەی دواخستنی پاككردنەوەی ئەو قەزایەی خوارووی كەركوك لە تیرۆر، بەشێكە لەو هەوڵ و پیلانانەی كە چەندین ساڵە كەركوكی پێ لە هەڵبژارندنی ئەنجومەنێكی نوێ هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە بێبەش دەكەن، بۆیە پێشبینی ئەوەش دەكرێت، بۆ سەلماندنی ئەو پاساوەی كۆمسیۆنی باڵا، لە ماوەی داهاتوودا بەرەكانی جەنگ لە خوارووی كەركوك گەرمتر ببێت و داعش پەلامارو كردەوەی تیرۆرستی جۆری لە سنوری پارێزگای كەركوك (ئەگەر بۆی بچێتەسەر) لە ناو شارەكەش ئەنجامبدات، بۆیە لێدوانەكەی كۆمسیۆن هۆشدارییەكە بۆ دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك تاكو لەم حەوت مانگەی داهاتوودا چاوكراوەتر بن لە پاراستنی كەركوك لە هەر پیلان و ئەگەرێكی نەخوازراو.  
پێشتر قسە زۆر كراوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كەركوك و تەمەنی ئەنجومەنەكەی ئێستاو مافی دەنگدانی كەركوكییەكان و ... هتد، بۆیە لێرەدا ئەوەی مەبەستمە هەڵوەستەی لەسەر بكەم كاردانەوەی لاوازی ئەنجومەنەكەیە سەبارەت بەو لێدوانەی كۆمسیۆن، چونكە چاوەڕوان دەكرا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وەك لایەنی پەیوەندیداری یەكەم، بەر لە هەر لایەن و دەزگایەكی دیكەی پارێزگاكە كاردانەوەی توندی هەبووایە لە دژی هەوڵە نوێیەكان بۆ بێبەشكردنی كەركوك لە مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرەكانی، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەندامە بەڕێزەكانی ئەو ئەنجومەنە، تەكلیفیان لە خۆیان نەكرد كاتژمێرێك لە ماوەی پشووە زستانەكەیان بدەن بەو پرسە گرنگەو كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام بدەن و وەكو دەنگی هەموو كەركوكییەكان دژی ئەو هەوڵ و پیلانانە فشاریان لەسەر حكومەتی ناوەندی دروست بكردایە بۆ خێرا كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە، راستە هەر ئەو رۆژە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هاتە سەرهێڵ و دژی لێدوانەكەی كۆمسیۆن (لێدوانی خۆی دا) بەڵام لێرە قسە لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنەكە، یان چەند ئەندام ئەنجومەنێكی بەڕێزی سەر بە لیست و نەتەوە جیاجیاكان نییە، كە رۆژانە بە ئەركی خۆیان هەڵدەستن و دڵسوزانە كارەكانیان رادەپەڕێنن و پارێزگاری لەو هەیبەتەی ئەنجومەنە دەكەن كە ماویەتی! بەڵكو مەبەست لە خودی ئەنجومەنەكەیە وەكو دەزگایەك، كە ئێستا لەسەر شانی چەند ئەندامێكی كەمی بەڕێوەدەچێت، لە كاتێكدا ئەندامی هەیە بە شەش مانگ سەر بەشارەكەدا ناكات و سەرقاڵی بزنس و گەڕانە لە توركیاو ئەمریكاو ئەوروپا.
من ناڵێم با ئەنجومەن دەستبەجێ جەنگیان لە دژی بەغدا رابگەیاندایە! یان وەكو هاوینی ساڵی 2008 لە دوای گەلەكۆمەكەی 22ی تەمموزی ئەو ساڵە دژ بە كەركوك لە پەرلەمانی عێراق، بهاتبان لە شانۆگەرییەكیدا بڕیاری گەڕانەوەی كەركوكیان بۆ سەر هەرێم بدایەو ئەی رەقیب-یان لە هۆڵەكەی ئەنجومەن بچڕیایە، چونكە ئەوساو ئێستاش دەزانین كە هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنێتی! بەڵكو تەنها یەك كاتژمێری پشووەكەیان بدایە بەو پرسەو ئیدانەیان بكردایە، نەك وەكو ئەو پیرەژنە بێت كە هەموو گوند لەسەر ئەو شەڕیان بوو كەچی خۆی تەقەی سەری دەهات!!



 

 

 
‌ 837 جار بینراوه‌
2/11/2017 9:57:32 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved