»  عێراق
داعش لە حەویجەپێنج هەزار كەسی بە تۆمەتی جیاجیا كوشتووەو بێسەروشوێن كردووە



لە حوزەیرانی 2014 ـەوە تائێستا چەكدارانی داعش زیاتر لە پێنج هەزار كەسیان لە حەویجەو دەورووبەری بە تۆمەتی جیاجیا كوشتووەو بێسەروشوێن كردووە.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:" لە سەرەتای داگیركردنی قەزای حەویجەوە لە حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعشەوە تا ئێستا،  زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی حەویجەو دەرووبەری كوژراون و بێسەروشوێن كراون".
بە وتەی سەرچاوەكەی نێو ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی، بەشێك لەو پێنج هەزار كەسە لەلایەن داعشەوە بۆ تۆمەتی جیاجیا گوللەبارانكراون و بەشەكەی تریشیان تائێستا چارەنووسیان نادیارەو لە گرتووخانەكانی داعش بێسەروشوێنكراون".
باسی لەوەشكرد:" بەشێكیش لەو پێنج هەزار كەسە، لە ئەنجامی هەڵاتنیان لە ژێر دەستی داعشەوە بۆ ناوچە ئارامەكانی كەركوك، لە رێگا بە گوللەی داعشەكان كوژراون یاخود لە ئەنجامی برسێتی و تینوێتی و خراپی كەشوهەوای زستان و هاوینەوە گیانیان لە دەستداوە، كە بەشێكیان ژن و منداڵ و پیرو پەككەوتە بوونە".
ئاشكراشیكرد:" ئەوانەی كە تائێستا لە لایەن داعشەوە كوژراون یاخود بێسەروشوێنكراون، بریتی بوونە لە ئەندامانی سەحوەو پۆلیس و سوپای عێراق و لەگەڵ چەندان كەسی تری سڤیل".
هاوكات هەفتەی پێشوو، ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقی بە دواخستنی ئۆپەراسیۆنی ئازاكردنی حەویجە تۆمەتبار كرد، كە تائێستا هاوڵاتیانی ژێر دەستی داعش لە ناوچەكانی حەویجەو دەورووبەری لە دۆخێكی مرۆیی سەختدا دەژین.





 




‌ 853 جار بینراوه‌
2/11/2017 10:03:25 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved