»  چاوپێکەوتن
هەرێم كەمال ئاغا؛ لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: دەستێوەردانی هەرێمایەتی بە تایبەت توركیا، هۆكاری سەرەكییە بۆ دروستبوونی كێشە لە باشور و رۆژئاوا و باكوری كوردستان
ئا/ رامان ساڵەیی


هەرێم كەمال ئاغا؛ لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە بەردەوامی یەكێتی لە كابینەی هەشتەم بەبێ‌ بەشداری لە حكومەتی خۆجێی دهۆك، رەنگدانەوەی سایكۆلۆژی لەسەر كادرانی یەكێتی لە دهۆك دروستكردووە و هاوكات پێیوایە تائێستا كورد هیچ پلانێكی بۆ موسڵ لە قۆناغی دوای (داعش) نییە و ئەوەش رادەگەیەنێت:”ئەگەر حكومەت نەیەتە ژێرباری چاكسازی و جێبەجێكردنی پلانەكان و رازیكردنی دڵی خەڵك، دەبێت یەكێتی لە حكومەت دەربچێت”.

* دۆخی كادرانی یەكێتی لە پارێزگای دهۆك بە چ قۆناغێكدا تێپەڕ دەبێت؟
ــ ئەو گرفت و ئاستەنگانەی دێنە بەردەم یەكێتی لە دهۆك، لەلایەك رەنگدانەوەی ئەو كێشە و گرفتە سیاسی و ئابوری و ئیدارییانەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، لەلایەكی تریشەوە رەنگدانەوەی بەردەوامی یەكێتیە لە كابینەی هەشتەم بەبێ‌ بەشداری لە حكومەتی خۆجێی لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك، ئەمانە هەمووی ڕەنگدانەوەی سایكۆلۆژی لەسەر تاكی كادرانی یەكێتی لە دهۆك دروستكردووە.

* لە ماوەی رابردوودا لە بازگەكان رێگری لە ژمارەیەك كادری یەكێتی كرا، ئەمە بۆچی و بەردەوامی هەیە؟
ــ بەو جۆرە نییە رێگری لە كادرانی یەكێتی كرابێت، تەنها یەك حاڵەت روویدا، كە رێگری لە كادرێكی ئاكرێ كرا، پێدەچێت هەندێك كێشەی كەسی لە پشت ئەو رووداوەوە هەبێت.

* كێشە و ململانێی نێوان پارتی و پەكەكە پرشكی بەر یەكێتی كەوتووە؟
ــ بەگشتی نەبوونی ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسییەكان رەنگدانەوەی دەبێت، بەڵام یەكێتیش هەوڵی زۆریداوە بۆ چارەسەری كێشەی نێوان پارتی و پەكەكە و پارتی و گۆڕان، تا دۆخەكە بە ئاراستەیەكدا بڕوات زیان بە پرەنسیپە نیشتمانیەكان و ئەزمونی هەرێمی كوردستان نەگات، هەوڵی جدیش بۆ ئەو بابەتە دراوە، لە زۆر شوێنیش هەوڵەكانمان جێگەی خۆیان گرتووە.

* هۆكاری كێشەی نێوان پەكەكە و پارتی تەنها بۆ بوونی پەكەكە لە ناوچەكە دەگەڕێتەوە یان هۆكاری تریش هەیە؟
ــ كۆمەڵێك هۆكار هەن، دەستێوەردانی هەرێمایەتی بە تایبەت توركیا، هۆكاری سەرەكییە بۆ دروستبوونی كێشە لە باشور و رۆژئاوا و باكوری كوردستان، كاریگەری جوگرافیای هەندێك هەڵسوكەوتی پەكەكەش هۆكارێكی تری كێشەكانە.

* بۆچی یەكێتی نەیتوانی بۆشایی پارتی لە ناوچەكانی شەنگال پڕبكاتەوە، بە تایبەت كە لە ئەنجامی بەدەستەوەدانی شەنگال، ئەو دەرفەتە بۆ یەكێتی هاتە ئاراوە؟
ــ یەكێتی بەرپرسیارێتی ئەمنی شەنگال و سنورەكانی موسڵی لەسەر نەبوو، بەڵكو ئەو بابەتە لە ئەستۆی پارتی بوو، بۆیە ئەو بەرپرسیارێتیە لەسەرشانی ئێمە نەبوو.

* لە كاتی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەك كادری یەكێتی لە ناوچەی بادینان چوونە ناو پارتی، ئایا ئەمە گرفتی بۆ دروست نەكردوون لە ناوچەی بادینان؟
ــ هیچ كادرێكی ئەوتۆ و خاوەن كاریگەری لەگەڵ خۆی نەبرد، ئەو چەند كادرەی لە كاتی هەڵبژاردن پەیوەندیان بە پارتیەوە كرد، كاریگەرییان لەسەر یەكێتی دروست نەكرد، دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش ئەو ڕاستیەیان دوپاتكردەوە.

* كورد لە موسڵ چی پێیە بۆ قوناغی دوای داعش؟ بە تایبەتی وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟
ــ كورد یەك لەسەر سێی شاری موسڵ پێكدەهێنێت، بۆیە بوونی كورد لە موسڵ بەرانبەر بە ژمارەی كوردە لە كەركوك، بۆیە ئەركی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانە گرنگی تایبەت بە موسڵ بدەن، لەهەمانكاتیشدا هاوڵاتییەكی زۆر شمولی مادەی (140) دەكەن، بۆیە پێویستە گرنگییەكی تایبەتی پێ بدرێت، تا ئەو پلان و ئامادەكارییەی پێویستە بۆ موسڵ لە دوای داعش بگیرێتەبەر، گرنگی بۆ ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم هەیە، بەڵام تائێستا هەست ناكرێت هیچ پلانێك هەبێت و ئەوەش جێگەی نیگەرانیە.

* كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو كوێ دەڕۆن، بەرەو جیابونەوەی تەواوەتی یان دۆخەكە بەمشێوەیە دەمێنێتەوە؟
ــ وانابینم كێشەكان ببنە هۆكاری جیابوونەوە، بەڵام پێموایە دەبێت هەرێمی كوردستان لەوە تێبگات، كە چارەسەركردنی كێشەكانی لە بەغدایە نەك ئەنقەرە، جگە لەوەش پێویست دەكات مافە چەسپێنراوەكانی كورد لە دەستوری عێراق بە ئاسانی لە دەستی نەدەین، خاڵێكی تریش ئەوەیە، رێزگرتنی بەغدا بۆ هەرێم بپارێزرێت، بۆ نمونە ئێستا دەبینین توركیا چۆن تەماشای مافی نەتەوەكەمان لە باكور دەكات و ئێران چۆن تەماشای مافی نەتەوەكەمان دەكات، بۆیە دەبێت ئێمە رێز لە دەستور بگرین كە مافێكی زۆری پێداوین بەراورد بە پارچەكانی تری كوردستان، لەهەمانكاتیشدا مافی چارەی خۆنوسین مافێكی خۆمانە و نابێت كۆڵی لێ بدەین، بەڵام لەئێستادا ئەوەندەی لە راگەیاندنەكان باسی مافی چارەی خۆنوسین كراوە، بە كردار هەنگاوێكی ئەوتۆی بۆ نەنراوە، ژێرخانێكی ئابوری و ئاشتەواییەكی نیشتمانیی باشمان نیە، جگە لەوەش پەكخستنی پەرلەمان كێشەیەكی ترە، هەر ئەوانەش رەنگە ببنە هۆكار بۆ ئەوەی لایەنی دەرەكی بە جۆرێكی تر تەماشامان بكەن، بۆیە لەم قۆناغەی ئێستادا سەربەخۆیی كارێكی خراپە و نابێتە هۆكار بۆ دروستبونی ئاشتەوایی نیشتمانیی، نمونەی زۆریشمان لە بەردەستە، هەر لە سۆماڵ و سودان، كە دەوڵەتن و خۆشگوزەرانیان بۆ میللەتەكەیان نەهێناوەتە دی، بەڵام هۆنك گۆنگ دەوڵەتیش نییە و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەركردووە، بۆیە دەوڵەت خۆشگوزەرانی دروست نەكات نەكردنی باشترە، هەر بۆیە دەبێت گەلی كوردیش مافەكانی خۆی دەستەبەر بكات ئەوكات بیر لەسەربەخۆیی بكاتەوە.

* پێتوایە بەم هەنگاوانەی گیراونەتەبەر چارەسەری كێشەكانی هەرێم لە رووی دارایی و سیاسییەوە بكرێت؟
ــ لە رابردوودا كاك مەسعود پەیامێكی بڵاوكردەوە و جێگەی قبوڵی سەرجەم لایەنەكان بوو، دواتریش پارتی سەردانی لایەنەكانی كرد، چاوەڕوانیش دەكرێت لەكاتێكی نزیكدا چارەسەرێك بۆ كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و قەیرانی ئابوری و كێشەی ناوماڵی كورد بدۆزرێتەوە، چونكە ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستی بە مامەڵەی هەستیار و ورد هەیە، ئەگەر بە زوویی چارەسەری كێشەكان نەكرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەزمونی بە دەستهاتوو لە دەست بدەین و مێژووش رەحم بەكەس ناكات.
* گلەیی زۆر لە یەكێتی دەكرێت كە بەشدارە لەحكومەت و هیچ هەنگاوێكی كرداری نەناوە بۆ چارەسەری دۆخەكە، ئایا یەكێتی بەنیازی چیە؟
ــ راستە گلەیی لە یەكێتی دەكرێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیربچێت كە بەشدارە لە حكومەتێكی بنكەفراوان، واتە بەشێك لە سیاسەتەكەی دەتوانێت جێبەجێی بكات، سەرەرای قەیرانی دارایی و ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان، سەرباری هەموو ئەوانەش لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی هاوبەشی راستەقینە بێت و مەلەفەكانی نەوت شەفافتر بكات و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی گرنگ و زۆری داوە، بەڵام ئەگەر حكومەت نەیەتە ژێرباری چاكسازی و جێبەجێكردنی پلانەكان و رازیكردنی دڵی خەڵك، دەبێت یەكێتی لە حكومەت دەربچێت و نەمێنێتەوە لەو حكومەتە.
* غیابی سەرۆك مام جەلال تاچەند كاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆی یەكێتی و هەرێم بەگشتی دروستكردووە؟
ــ بێگومان غیابی جەنابی مام جەلال هەم لەسەر ئاستی عیـَراق و هەرێم و یەكێتیش دیارە، بەكورتیەكەی بێ مام جەلالی بەهەموو لایەكەوە دیارە، بۆیە كاریزمایی و وردبینی مام جەلال بۆ كورد و ناوچەكە گرنگ بوو.

* كێشەكان و بۆچونە جیاوازەكانی ناو یەكێتی بەكوێ گەیشتوون؟
ــ ئومێدی باش هەیە بۆ ئەوەی كێشەكان بەرەو چارەسەر بڕۆن، كۆبونەوەی ئەمڕۆ شەممە، بە سەرپەرشتی كاك كۆسرەت دەكرێت و ئومێد دەكرێت كێشەكان بەرەو باشبوون بچێت.

* پێتوایە كۆنگرە چارەسەری كێشەكان بكات یان كۆنگرە دەبێتە دابەشكردنێكی دیكەی یەكێتی؟
ــ بێگومان كۆنگرە مەسەلەیەكی گرنگە بۆ هەموو حیزبێك، یەكێتیش كۆمەڵێك پرەنسیپی نیشتمانیی بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و دیموكراسی و شێوازی حوكمڕانی هەرێم هەیە و لە كۆنگرەدا گرنگە ئەو پرەنسیپانە دووبارە بخرێنەوە بەرباس بۆ جێبەجێكردن.





‌ 958 جار بینراوه‌
2/11/2017 10:27:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved