»  راپۆرت
مەترسی ئەمنی و كێشەی كۆمەڵایەتی لێدەكرێت فرۆشتنی كامێرای قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێر لە بازاڕەكان سەرهەڵدەدات
ئا/ هاوار ستار

فرۆشتنی كامێرای قەڵەم و چاویلكەو كاتژمێری دەستی لە بازاڕەكانی عێراق و كەركوك سەر هەڵدەدات و ئەمەش مەترسی ئەمنی و كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە.

قەڵەم یاخود چاویلكەو كاتژمێری كامێرا، ئامرازگەلێكن لە جیهاندا بۆ كاری هەواڵگری بەكاردەهێنرێن، چونكە كەسی بەرانبەر هەست بە تۆماركردنی ڤیدیۆ و وتەكانی و هەڵسوكەوتی ناكات.
بەهۆی هەستیاری بەكارهێنانی چ لە دروستكردنی هەڕەشەی ئەمنی یاخود هەڕەشەی كۆمەڵایەتی، كە تاكەكان بەرانبەر یەكدی بەكاری بهێنن، لە جیهاندا فرۆشتنی ئەم جۆرە ئامرازی تەكنەلۆژیا بە یاسا سنورداركراوە، بە جۆرێك هاوڵاتی ئاسایی مافی كڕین و بەكارهێنانی نیە.
بە پێچەوانەی جیهانەوە، ئەمڕۆكە فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا لە بازاڕەكانی عێراق و كەركوك بۆتە دیاردەیەكی بەرچاو، كە هەموو كەسێك بە سانایی دەتوانێت وەدەستی بخات.
هۆكاری سەرەكی لە تەشەنەكردنی فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا لە بازاڕەكانی عێراق و كەركوك بۆ هەرزانی نرخەكانیان دەگەڕێتەوە، بە جۆرێك نرخەكانیان لە نێوان (25 بۆ 100) دۆلار دەبێت.
ئازاد جەباری؛ سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پاریزگای كەركوك، تایبەت بەو پرسە بۆ (هەواڵ)، راگەیاند:”لە راستیدا ئێمە وەك لیژنەی ئەمنی بەردەوام سەرقاڵی توندكردنی سنورەكانین و هەمیشە هەوڵی پاراستنی كەركوكمان داوە، بەڵام خەڵكانی نەفس نزم و تێكدەر سەرقاڵی ئێمە دەقۆزنەوە و هەوڵی شێواندنی ئارامی و ئاسایشی شار دەدەن لە پێناو بەرژەوەندی بازرگانی خۆیان”.
بە وتەی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كۆمەڵێك كاری نایاسایی دروستبوونە، وەك كاری مافیایی بۆیە هێنانی ئەو جۆرە كامێرا سیخوڕییانە زیانی هەیە، ئاماژەی بەوەشدا:”داوا دەكەین هاوڵاتیان لە بوونی شوێنی فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا لە كەركوك ئاگادارمان بكەنەوە، تا ئیجرائات بكەین”.
یەكێك لە مەترسیەكانی فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا بە سانایی لە بازاڕەكان، بەكارهێنانێتی لەلایەن گروپە تیرۆریستیەكانەوە، كە ئەمەش مەترسی ئەمنی لەسەر دۆخی شارەكە دەنێتەوە.
عەقید ئەفراسیاو كامیل؛ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك، تایبەت بەم راپۆرتە بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”وەك پۆلیسی كەركوك بە هاوكاری دەزگا ئەمنییەكانی تر، لە نێو شار بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكەین و هەر دوكانێك یان كەسێك یان كاری فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا لە بازاڕەكانی كەركوك بكەن، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت و دەست بەسەر كەرەستەكانیشی دەگیرێت، چونكە ناكرێت هەموو كەسێك بە ئاسانی كامێرای سیخوڕی دەست بكەوێت و مامەڵەی پێوەبكات”.
وەك وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك، ئاماژەی پێیدا:”راستە ئەو جۆرە لە یاسا دەرچوونە هەیە، بەڵام نەبووەتە شتێكی بە بەربڵاو و لە شوێنی ئاسایی و دوكانەكانی بازاڕ بفرۆشرێت”، باسی لەوەشكرد:”بۆ لەمەودا هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسیش هەڵدەستین بە گەڕان و پشكنین بۆ ئەو كامێرانە و بەپێی بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەین”.
جیا لە نانەوەی مەترسی ئەمنی، هاوكات فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا لە بازاڕەكانی كەركوك، مەترسی لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتیش دروستكردووە، بە جۆرێك لەلایەن خەڵكانێكەوە بۆ شكاندنی شكۆی بەرانبەر بەكاردەهێنرێت.
ژیلون سالار، چالاكوانی مەدەنی، پێیوایە فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا لە بازاڕەكانی كەركوك بە ئاشكرا مایەی هەڕەشەیە لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی.
ژیلون سالار، چالاكوانی مەدەنی، بۆ (هەواڵ)، دەڵێت:”دۆخی كۆمەڵایەتی خەڵكی لە دۆخێكی شڵەژاودایە و فرۆشتنی ئەو جۆرە ئامرازانەش دۆخی كۆمەڵایەتی زیاتر ئاڵۆز دەكات”، داواشیكرد:”پێویستە حكومەت رێكاری توند بەرانبەر بە فرۆشیارانی ئەو جۆرە ئامرازانە بگرێتەبەر”.
ماوەتەوە بڵێین؛ لەئێستا جیاواز لە بوونی چەند شوێنی بۆ فرۆشتنی قەڵەم و چاویلكە و كاتژمێری كامێرا، هاوكات بە شێوەی بەربڵاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەیسبووك ریكلام بۆ بوونی ئەو جۆرە ئامرازانە بە نرخی هەرزان دەكرێت.



‌ 439 جار بینراوه‌
2/11/2017 10:30:20 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved