»  وەرزش
مۆرانەی دووبەرەكی وەرزشی كەركوك دەخوات!
سەنگەر کاکۆ



لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ئیدارەی سلێمانی و لە سەرووی هەمووشیانەوە هەڤاڵ مام جەلال، بەتایبەتی ئەو كاتانەی هێشتا قەیرانی دارایی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی نەگرتبوو، زۆرترین هاوكارییان پێشكەشی وەرزشی كەركوك كردو رۆڵی گرنگیان لە بوژانەوەی وەرزشی كەركوك و ژێرخانەكەی گێڕا، هەر لە دروستكردنی یاریگاو دابینكردنی ئۆتۆمبێل و كەرەستەو پَداویستی وەرزشی تا دەگاتە دابینكردنی هاوكاری مانگانە بۆ یانە وەرزشیەكان، بەشێكی گرنگی سەركەوتنەكانی یەكێتیش لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا لە شارەكە چنینەوەی بەری ئەو خزمەتانە بوون كە پێشكەشی وەرزشكارانی كەركوكی كردبوو.
ئەوسا دوور لە ئێستا هەموو كادرانی یەكێتی لەنێو بواری وەرزشدا   دەستەجەمعی بە یەك نەفەس و دوور لە باڵباڵێن و دەستەو گروپ كاریان دەكردو هەموو هەماهەنگ و تەواوكەری كاری ئەوی تر بوون، بەڵام بەداخەوە ئێستا دۆخی وەرزشی كەركوك، بە تایبەتی ئەو بەشەی لەلایەن كادرانی یەكێتییەوە بەڕێوەدەبردرێت، بەهۆی ململانێی كەسێتی و دەستەگەرییەوە  گەیشتۆتە ئاستێك نەك ئومێدی باشبوونی لێناكرێت، بەڵكو خەریكە ئەوەی لە رابردووشدا بە هەماهەنگی و هاریكاری یەكتر بنیاتیان ناوە دەیڕوخێنن، بە جۆرێك ململانێكان هەموو شوێن وجومگە وەرزشییەكانی شارەكەی گرتۆتەوە، وایلێهاتووە كەس بە  دۆی خۆی ناڵێ ترشەو كاری باشی بەرانبەرەكەشی زەربی سفر دەكاتەوە، لە كاتێكدا دەبوو هەموان دەست لەناو دەست و بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری دۆخی ناوخۆی یەكێتی و شارەكە برایانەو دوور لە باڵباڵێنەو دەستەو گروپ بەرنامەو پرۆژەی نوێیان بۆ پێشخستنی وەرزش هەبووایە نەك شكاندنی یەكتر.
ئەگەر لە هەر بوارێكی تر ململانێ و یەكتر شكاندن هەبێت بەتایبەت لە سیاسەت هێشتا كەمێك ئاساییە بۆ ئەم دۆخە ناتەندروستەی ئێستای كوردستان بە گشتی و یەكێتی بەتایبەتی، بەڵام ئاسایی نییە لە بواری وەرزشدا ململانێ هەبێت لە كاتێكدا وەرزش مانای خۆشەویستی و ئاشتییە، دەكرا ململانێكان لەسەر باشتر راپەراندنی ئیشوكارەكان بن نەك لەسەر شتی لاوەكی و كینەی كەسێتی.
ئێستا وەرزشی كەركوك بەتایبەتی ئەو بەشەی لەلایەن كادرانی یەكێتییەوە بەڕێوەدەبردرێت پێویستی بە چارەسەرێكی بنەڕەتی و خێرا هەیە، پێویستە یەكێتی كۆنفڕانسێك بۆ شكاندنی ئەو بەستەڵەك و دیوارەی لەنێوان كادران هەیە ساز بكات و هەمووان بە روحێكی وەرزشی و یەكێتییانەوە بەو ئەرك و لێپرسراوێتییە هەستن كە پێیان دەسپێردرێت، بەوەش هەم وەرزشی كەركوك پێشدەكەوێت و هەمیش رۆڵ و پێگەی یەكێتی بەرز دەبێتەوە لە كاتێكدا هەڵبژاردن لە پێشمانە.
‌ 397 جار بینراوه‌
2/11/2017 10:36:03 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved