»  وەرزش
باشترینەكەی كەركوك پرۆژەی هەیە ئامال خدر: هاوكاری كچە وەرزشكارە كەمدەرامەتەكان دەكەم


ئامال خدر، یاریزانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، دوای ئەوەی وەك باشترین كچە وەرزشكاری كەركوك بۆ ساڵی 2016 دەستنیشانكرا، لە ئێستادا پرۆژەیەكی بۆ هاوكاری ئەو كچە وەرزشكارە كەركوكیانە هەیە، كە باری داراییان خراپە و دەیەوێت لە رێگای مووچەكەی خۆیەوە هاوكارییان بكات.

لەبارەی پرۆژەكەیەوە، ئامال بۆ لاپەڕەی وەرزشی (هەواڵ) رایگەیاند:” وەك بەرپرسیارێتییەك بەرانبەر شارەكەم و بەرانبەر  بەو متمانەیەی كە وەرزشكاران بە منیان بەخشی و بووە هۆكاری ئەوەی وەك باشترین وەرزشكاری كچ  بۆ ساڵی 2016 لەسەر ئاستی كەركوك دەستنیشان بكرێم، پێمخۆشە لە رێگای پرۆژەیەكەوە هاوكاری ئەو كچە وەرزشكارانەی كەركوك بكەم كە باری داراییان خراپە”.
ئامال وتیشی:” پرۆژەكەم بریتییە لە دابینكردنی جلوبەرگ و پێداویستی وەرزشی بۆ كچانی وەرزشكار”، ئاماژەی بەوەشدا:” ئەو هاوكاری و یارمەتییە لەو مووچەیە دابین دەكەم، كە لە یانەی وەرزشی پێشمەرگە وەریدەگرم و بڕەكەی (400) هەزار دینارە”.
هەروەها ئامال داواشی لە بەرپرسان و سەرمایەداران كرد، هەر كەسێ دەیەوێ هاوبەشی پڕۆژەكەی بكات، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێدەكات، بۆ ئەوەی بتوانن لەو رێگایەوە خزمەتێك بەو كچە وەرزشكارانەی كەركوك بكەن كە باری داراییان خراپەو توانای دابینكردنی پێداویستییە وەرزشییەكانیان نییە.
لە كۆتاییدا ئامال باسی لەوەشكرد:” هەرچەندە ئەو پرۆژەیەی دەمەوێت ئەنجامی بدەم، پرۆژەیەكی زۆر بچووكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە ئاسوودەیی دەكەم و دەمەوێت ئەمە ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی كاری باشتر بە دوادایدا بێت”.



‌ 374 جار بینراوه‌
2/11/2017 10:49:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved