»  پەڕەموچ
كامەران رەواندزی
ماریا ئەستێرەیە

ماریا ئەستێرەیەو
جوانیەكەی سەری لە زەوی تێك داوە
بە چاوەكانی شەڕ بە مانگ ئەفڕۆشێت
جاروبار كە هەورەكان دەنگی پێ دەدەن
تا بچێتە شوێنی مانگ
ئەوەی سەیری ئاسمان بكات
بەهەشتی لێ دیارە!
ماریا كچی بارانەو قەت داناكات
كە هەورێك توانای نەبێ
جوانیەكەی بتوێنێتەوە
چۆن ببارێ؟!
گوڵەكان تكا ئەكەن ماریا نەبارێ
گەر نا لەشوێنی گوڵ ئەڵماس دەڕوێ..
ئای ماریا!!
لەم غەریبیە
كە سەیری ئاسمان ئەكەم تۆ ئەبینم،
ماچ بۆ ئەستێرە هەڵئەدەم
وەك تۆ وەڵامێك ئەخاتە سەر لێوم
دوورم دوور
هیچ شتێكی ئەم شارەم خۆش ناوێت
شەو و ڕۆژی نەبێ
چونكە ئەوانیش لێرە
وەك دڵی من
لە ئاست عەشقت نەگۆڕاون
لە لەیادكردنت نەتۆراون.
خۆزگەدراوسێتان دەبووم ماریا !!
ئەگەر دراوسێتان بوومایە
شەوان دەبووم بەئێشكگری پەنجەرەكەت
نەبادا تەرزەیەكی بێویژدان بێت و
شووشەی پەنجەرەكەت بشكێنێ،
بەیانیانیش دەبووم بەپاسەوانی
دار هەنارەكەی حەوشەتان
نەبادا چۆلەكەكان لە خەو راتپەرێنن،
كاتی باران بارینیش دەبووم بەچەتر
نەبادا باران بێشەرمانە
بەبەر چاومەوە ماچت بكا و
قژت بئاڵۆسكێنێ،
ئای پەری نێو خەونەكانم!!
دراوسێتان بوومایەدەبووم بەباخەوان و
هەموو سپێدەیەك
بەبۆنی گوڵ سینەم پر دەكردی
بە لێوەكانم گوڵاوی ماچم لێ دەدای
ئەو دەمەی نەخۆشی لە دەرگای دایت
تۆ نازانی چەندە زوو
پێكەنینەكانم فەرامۆش بوون
ئەوسا پێم خۆش بوو شەقام و درەخت و
هەور و ئاسمان نەخۆش كەون..
بەڵام دڵی تۆ نا
كە دڵی تۆ نەخۆش بێ
شەمەندەفەرەكان پڕ دەبن لە مردن
شەقامەكان خەڵتانی تەنیایی و
ئاسمان خاڵی دەبێ لە فڕین
تۆ نەخۆش بیت
پردی ژێرپێم دەڕوخێ و
بەردەبمەوە نێو دەریای غەم.
ئەزانم دوای تۆ هەتیو دەبم
سەرگەردانی شاران دەبم
دەبمە مەستێكی سەرلێشێواو
كورێكی بەدبەخت
ماریا.. كە مەستم دەكەی
 بەشەرابی توڕەبوونێ
هاوار دەكەم خودایە بهێلە بژیم
گەر خەندەكانی مناڵیت بردم
خۆشی گەنجیم لێ مەبەوە
گەر سورەتەكانی گریانت بێ فەرزكردم
ماریاكەم لێ مەستێنەوە
خودا بهێلە بژیم
تاسورەتێكی تر و كتێبێكی تر ئەزبەركەم
بزانم لە كام دێر خۆشبەختی دەبینمەوە
تا قەسیدەیەكی تر و چیرۆكێكی تر دەنوسم
ئایا دڵی ماریا جێی منی تیا دەبێتەوە؟!
تا ژیان جوانتر ببینم
تا قومێك خۆشبەختی دەخۆمەوە.
گەر غەریب نەبام
شوێن بێی باران نەدەكەوتم
گلەییم لەچارەنوسم نەدەكرد
ئەوسا..خودام بەجوانترین شێوە دەبینی
روخساری خۆم نەدەشێواند،
من نامۆم لەدونیا
دەلێم كەی ماریا دەردەكەوێ و
غەریبیم هەپروون هەپروون دەكا؟!
ماریا.. تۆ قەسیدەیەكی هەرگیز تەواو نابی
نازانم باسی كامە غەریبی بكەم
غەریبی ئەو شەوانەی قسەمان دەكرد
یان ئەو ساتانەی بەدزییەوە عاشقت بووم؟!
یان ئەوشوێنانەی بەیەكەوە بۆی دەچووین
ماریا ئەو بەیانیانەی ئێرەم جیاوازبوو
تۆش هەمیشە دەلێی خۆش بژی خۆش
ئاخر كامە یاسای خۆشی رێگا بەدووری دەدا
كامە یاسا دەلێ:
تۆ شەوان لەدوری چاوی یار بخەوە
لێم گەرێ..
با لەنێوان ئەو هەموو هاتن و چونێك
 بیر لەتۆ بكەمەوە
بیر لەو ساتانەی بەیەكەوە بوونمان
بیر لەكاتی نۆشینی پێكی چاوت..
كە هەموو دونیا بەقەد یەك چركەی تۆ
باوەشی من پڕ ناكاتەوە
رەنگە دەریا نەتوانێ وەك تۆ هێورم بكاتەوە
كاپتن هەمیشە دەپرسێ كوا ماریا
ئاخر ئەو نازانێ تۆ لە روحمای
هەرچەند دەریا هێمن بێ
ناكاتە ئامێزی تۆ
لێرە رۆژەكان دەژمێرم كەی تەواو دەبێ
لەدوری تۆ رۆژێك سەدەیەكە
من گومانم هەیە
تۆ لە نەورەس دەچی
یان نەورەس رەنگی تۆی گرتوە؟!
وای لەدوری وای لەبێ نیشتیمانی ئامێزی تۆ
ماریا شتێك بلێ
بێ دەنگیت سەری كاس كردووم
دەسا جارێ بیربكەوە
من لێرەو تۆش لەوێ
ئاخر ناڵێی دڵ چۆن دەسرەوێ؟!
نازانم لەسەر دەستی كێ
تەریقەتی عیشقت وەرگرت
لەیاسای عیشقی من دووركەوتنەوە نیە
گومانم هەیەو وەك عاشق بمبینە
وەرە لەناو دڵما پەیكەری بێ باوەڕی بشكێنەو
خۆشەویستی خۆت بتاشە
ماریا بارگەی گلەیەكانت بپێچەوە
لەو ساتانەی دەموت :
بگەرێوە ماریا
لێرە دەنكە زەنگیانەكانی تەنیایی خڕ دەكەمەوە
با دەدەمەوە دەستی پاییز و
خۆم لە چواردەوری پێكەكان دەشارمەوە
ماریا.. دوای وەستان
باڵندەكانی بێزاری جەستەیان تاڵانكردم
ئەو كاتانەی مردن خۆی نیشان دەدا
ئەڵقەكانی ژیان كۆتایی دێ
ئەو كاتانەی پاییز دێ و گەڵا دەوەرێ
پرچم هێواش هێواش سپی دەبێ
بگەرێوە ماریا
سەرە مەرگمەو تۆ لە كوێی؟!

‌ 511 جار بینراوه‌
2/11/2017 11:01:54 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved