»  شۆک
خواست لەسەر خوێندنی ئەهلی روو لە زیادبوون دەكات
ئا/ شۆك

خوێندنی ئەهلی، یەكێكە لەو دیاردە نوێیانەی ماوەی (10) ساڵە بە شێوەیەكی بەرچاو كەرتی پەروەردەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان گرتووە، ئەمەش چەندین لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت.

لەئێستادا خوێندنی ئەهڵی لەسەر سەرجەم ئاستەكانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگا و زانكۆ بوونی هەیە و ژمارەیەكی زۆریش لە خێزانەكان منداڵەكانی دەبەنە بەر خوێندن لەو ناوەندە ئەهلیانە.
بەپێی زۆرێك لە بوچوونەكان، بەرزبونەوەی داهاتی خێزانەكان و لاوازبوون و دواكەوتنی كەرتی پەروەردەی گشتی، دوو هۆكاری سەرەكین بۆ تەشەنەكردنی خوێندنی ئەهلی بە شێوەی بەرچاو.
زۆرێك لەو خێزانانەی منداڵەكانیان دەبەنە خوێندنی ئەهلی پێیانوایە، كە خوێنی كەرتی گشتی لاواز بووە و هیچ بنەمایەكی بۆ پێگەیاندنی فێرخواز لە رووی زانستیەوە تێیدا نەماوە.
مەریوان حەسەن، باوكی ئەو منداڵە تەمەن (8) ساڵەیە، كە خراوەتە بەر خوێندنی ئەهلی لە یەكێك: لە قوتابخانە سەرەتاییە ئەهلیەكان، ئەو بۆ (هەواڵ)، وتی:”خوێندن لە قوتابخانە حكومیەكان زۆر لاوازە و تادێت لاوازتر دەبێت و هیچ بنەمایەكی زانستی و مەعریفی تێیدا نامێنێت”.
وەك مەریوان حەسەن، ئاماژەی پێیدا:”بۆیە منداڵەكەم بردە خوێندنی ئەهلی تا بە باشی فێری زانیست بە تایبەت زمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبی و كوردی بێت، چونكە لە خوێندنی حكومی نەك فێری زمانەكانی تر نابێت، بەڵكو بە جوانیش فێری زمانی دایكیش نابێت”.
بەپێی چەند بوچونێكی تر، ئەگەر ئامانجی خێزانەكان لە پەنابردنی بۆ خوێندنی ئەهلی بۆ بەرژەوەندی منداڵەكانیان بێت لە قوناغی سەرەتا و ناوەندی، ئەوە بۆ قۆناغی پەیمانگا و زانكۆ جیاوازە.
ئەو بۆچوونانە ئەوە دەخەنەڕوو، كە خوێندنی قوناغی پەیمانگا و زانكۆ بۆ زیاتر بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەیە لەو بوارەی فێرخواز خۆی دەیەوێت، چونكە لە كەرتی گشتی هەڵبژاردنی بواری خوێندن بە خواستی خوێندكار نییە و بەپێی نمرەیە.
ئیحسان محەمەد، توێژەری بواری پەروەردەیی، پێیوایە، پرسی پەنابردن بۆ خوێندنی ئەهلی هەمە لایەنە، كە هەر كەس و خێزانێك هۆكار و ئامانجی خۆی لە پەنابردن بۆ خوێندنی ئەهلی هەیە.
ئیحسان محەمەد، توێژەری بواری پەروەردەیی، بۆ (هەواڵ)، وتی:”خێزان هەیە ئامانجی لایەنە زانستی و مەعریفیەكە لە خوێندنی ئەهلی و خێزانیش هەیە، پێیوایە دەرچوونی منداڵەكەی مسۆگەرە، چونكە پارە دەدات”.
ئیحسان محەمەد، روونیشیكردەوە:”ئامانجی بەشێكی تر لە خێزانەكان بریتیە لەوەی منداڵەكانیان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بواری خوێندن هەڵبژێرن لە قوناغی پەیمانگا و زانكۆ، بە پێچەوانەی كەرتی گشتی، كە هەڵبژاردنی بواری خوێندن بە خواستی خوێندكار نییە و بەپێی نمرەیە”.
وەك ئەو توێژەرە؛ ئاماژەی پێیدا:”بە گشتی هۆكاری زۆری خواست لەسەر خوێندنی ئەهلی بە پلەی یەكەم بۆ لاوازی و دواكەوتوویی كەرتی گشتی پەروەردە و خوێندن دەگەڕێتەوە”.
‌ 203 جار بینراوه‌
2/11/2017 11:24:20 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved