»  باران
 لە ماوەی (13) ساڵدا، زیاتر لە نیو ملیۆن حاڵەتی تەڵاق تۆماركراوە
ئا/ هاوار ستار

تادێت رێژەی تەڵاق لە عێراق روو لە بەزوبوونەوە دەكات، ئەمەش مەترسی لەسەر داڕووخانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی عێراقی كردووە.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق، لە ماوەی (13) ساڵی دوای روخانی رژێمی بەعس تا كۆتایی ساڵی (2016)، رێژەی تەڵاق لە عێراقدا نیو ملیۆن حاڵەتی تێپەڕاندووە، ئەمە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئامارەكە؛ لە هەرساڵێكدا زیاتر لە (50) هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆماركراوە، بە جۆرێك لە ساڵی (2016)ـدا بۆ هەر (10) خولەك، حاڵەتێكی تەڵاق تۆماركراوە.
بەپێی بۆچۆنی چاودێران و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، بەردەوامی هەڵكشانی رێژەی تەڵاق لە عێراق مەترسی جدی لەسەر داڕووخانی ژێرخانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی عێراقی دروستكردووە.
سرود محەمەد؛ سەرۆكی لقی كەركوكی رێكخراوی هیوای عێراقی و چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان، تایبەت بەم راپۆرتەی (هەواڵ)، رایگەیاند:”دۆخی عێراق لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی و ئاینی و گەندەڵی؛ راستەوخۆ كاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر خێزانەكان هەبووە، ئەمەش وایكردووە رێز بۆ ژیانی هاوسەری نەمێنێت و قودسیەتی خۆی لە دەست بدات، بە جۆرێك پیاو بتوانێت لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگدا دوو بۆ سێ ژن بهێنێت”.
بە وتەی سرود محەمەد؛ حكومەت كەمتەرخەمە لە ئاست چاودێری و بەدواداچون بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكان، ئاماژەی بەوەشدا:”دیاردەی تەڵاق پێویستی بە توێژینەوەی ئەكادیمی هەیە تا بیر لە چارەسەر و بنبڕكردنی بكرێت”.
هاوكات سەرۆكی لقی كەركوكی رێكخراوی هیوای عێراقی، پێیوایە تەكنەلۆژیا و راگەیاندن هۆكاری سەرەكین بۆ زۆربوونی رێژەی تەڵاق، چونكە نیشاندانی دراما و كلتوری جیاواز بەبێ‌ فلتەر و هۆشیاری گشتی دۆخێكی نەخوازراوی دروستكردووە و هاوكات تەكنەلۆژیا بۆتە ئامرازێك بۆ بەستنی پەیوەندی و خیانەت بە ئاسانی”.
لای خۆشیەوە، هێمن عەبدولقادر؛ توێژەری كۆمەڵایەتی، لەسەر بەرزبونەوەی بەرچاوی رێژەی تەڵاق، بۆ (هەواڵ)، وتی:”تەڵاق پەیوەندی بە زۆر بوارەوە هەیە، لەوانە بابەتی ئاینی و كلتوری و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و جەنگ و ئابوری و لادانی كۆمەڵایەتی، هەروەها هاوسەرگیری پێشوەخت، یەكێكی ترە لە هۆكارەكان، چونكە دوو مرۆڤی نا كامڵ لە رووی عەقڵی و بایۆلۆجییەوە سەرەنجام بە جیابوونەوە دەگەن”.
وەك هێمن عەبدولقادر؛ توێژەری كۆمەڵایەتی، ئاماژەی پێیدا:”تەڵاق شتێكی رێگە پێدراوە لە رووی شەرع و یاساوە، بەڵام بە داخەوە لە عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەموو یاساكان رەنگدانەوەی ئاین و كلتوری و دابونەریتی خێڵەكین، بۆیە نەتوانراوە رێكاری توندی بۆ بگیرێتەبەر”.


‌ 727 جار بینراوه‌
2/11/2017 11:29:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved