»  شەکری تاڵ
بژاردەی پێشمەرگە یان نەوت
هێمن حەسیب


بۆ چەند جارێك و زیاتر لە چەند بۆنە وچاوپێكەوتنێكدا؛ لەلایەن هەندێك بەرپرسێكی سیاسی و سەربازییەوە، مەترسی دۆڕاندنی دەستكەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و جێگیربوونی لە سنوری كەركوك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا نەشاردراوەتەوە.
تا هەنووكە دۆخەكە وەك خۆیەتی، هیچ سازشێك بە دەستكەوتەكانی هێزی پێشمەرگە نەكراوە و هاوكاتیش هیچ دڵنیاییەكی زیاتریش بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان بەدەست نەهاتوون، ئەوەی هەیە تەنها دیفاكتۆیە و لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی دوای (داعش)، ئەم دیفاكتۆیە لە نێوان جێگیربوونی یەكجارەكی هێزی پێشمەرگە یاخود كشانەوەیی، دەبێت یەكلایی بكرێتەوە.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا، بریتیی نییە لەوەی كورد چی پێیە بۆ كەركوك لە قۆناغی دوای (داعش)؟، چونكە كورد نەك هیچ پڕۆژەیەكی بۆ ئەو قۆناغە نوێیە نییە، بەڵكو تائێستا نەشئەی ماددەی (140) بەرینەداوە، وەلێ‌ مەبەستم ئەوەیە، ئایا كورد چیی پێیە بۆ مانەوە و جێگیربوونی یەكجارەكی هێزی پێشمەرگە لە سنوری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان لە قوناغی دوای (داعش)؟.
هەڵوەستەكردن لەسەر بابەتێكی لەم جۆرە، لێكدانەوە و شیكاری زۆری دەوێت، بەڵام بە سودوەرگرتن لە مامەڵەی سیاسیانەی حكومەتی هەرێم بەرانبەر بە كەركوك لە سێ‌ ساڵی جەنگی دژ بە (داعش)، دەبینین تەنها نەوتی شارەكە و جێگیربوونی هێزی پێشمەرگە، كە زامنی ئەمنیەتی شارەكەیە، لە دەستی كوردایە و لەوە بترازێت دۆخی ئیداری و سیاسی شارەكە هێشتا لە دەستی بەغدایە، ئەمەش وادەكات بڵێین بوونی پێشمەرگە لە كەركوك و نەوتی شارەكە دوو كارتی سیاسی هاوتای یەكن، كە مەترسی بەكارهێنانیان لەلایەن نەیارانی كوردەوە لە قۆناغی پاش (داعش) ئەگەرێكی بەهێز و كراوەیە.
بە واتا ئەم دوو كارتە سیاسییە، كە بە دیفاكتۆ لە دەستی كوردە، لەلایەن نەیارانی كوردەوە لە قۆناغی پاش (داعش) دەكرێنە بابەتی گفتوگۆ و دانوستان و بە سازش پێهێنان بە كورد لە یەكێكیان، ئەوی دی پێی دەبەخشن، بەمەش جگە لە مانەوەی دۆخە ئیدارییەكەی كەركوك لە دەستی بەغدا، كارتێكی دیكەش (پێشمەرگە یاخود نەوت) لە چنگی كورد دەردەهێنن.
دیارە مەترسیەكی لەم جۆرە لە خۆڕا سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو لە غیابی پرۆژەی سەركردایەتی كورد بۆ كەركوكی دوای (داعش) و بێ‌ پلانی و دەرفەت نەقۆستنەوەی قۆناغی سەرهەڵدانی (داعش) بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی كەركوك سەرچاوەی گرتووە.
ئەگەر بۆ ئەم پرسە بگەڕێینەوە بۆ رای كەركوكیەكان، بێگومان خەڵكی شارەكە بژاردەی مانەوەی پێشمەرگە لە شارەكەیان لە بری مانەوەی نەوت لە دەستی حكومەتی هەرێم هەڵدەبژێرن، بەڵام ئایا دەسەڵاتی كوردی و بە دیاریكراوی حكومەتی هەرێم بە گوێی خەڵكی شارەكە دەكەن، یاخود بژاردەی مانەوەی پێشمەرگە دەكەنە قوربانی لە پێناو مانەوەی نەوتی شارەكە لە دەستی خۆیان؟!.

ئیمزا
هێمن حەسیب

‌ 608 جار بینراوه‌
2/11/2017 11:35:14 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved