»  کاتژمێر یازدە
لەسایەی پەرتەوازیدا قۆناغی دوای داعش سەختتر دەبێت
شوان داودی







ئەو عێراقە كە هەموومان بە دروشم هیچمان بۆی نەهێشتۆتەوە، لەراستیدا هەموومان سەرقاڵی بنكۆڵكردنین، بەدۆخێكی دژواردا تێدەپەڕێت، نیشتمانی بوون ئێستا لە دروشمێكی بریقەدار بترازێت هیچ مانایەك نابەخشێت، هەموومان بێ بەدەركردنی كەس گوزارشت لە پێكهاتەكانمان دەكەین و بەرژەوەندی پێكهاتەمان لەلا لە سەرووی بەرژەوەندی وڵاتەكەوەیە، ئەگەر زیاتر وردی بكەینەوە ئاستی گوزارشتی سیاسی ئێستا لە گوزارشتكردن لە پێكهاتە نزمترە، بەڵكو گوزارشتمان بۆتە گوزارشتی ئاراستەی حیزبیمان، وا لەناو وڵاتاندا خۆمان بچوك كردۆتەوە ئەوەندە وەكو پێكهاتە مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت، وەكو دەوڵەت نامانخوێننەوە، لەناو پێكهاتەشدا وەكو حزب و ئاراستەی سیاسی مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت نە وەكو پێكهاتە، تەنانەت لە ناو حیزبیش وەكو كوتلەو باڵ مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت نەك وەكو حیزب!
وامان لێكراوە هیچ پێكهاتەیەك متمانەی بە پێكهاتەكەی تر نەبێت و لەناو هەر پێكهاتەیەكدا هیچ هێزێك متمانەی بەوی تر نەبێت، گەیشتووینەتە ئاستێك هیچ پێكهاتەیەك ناتوانێت گوزارشت لە عێراق بكات، لەناو پێكهاتەكانیشدا هیچ هێزو حیزب و لایەنێك ناتوانێت گوزارشت لە پێكهاتەكەی خۆی بكات.
لەسەر كۆی پرسەكان دابەش بووینە، یەك پرس نییە لەسەری كۆك بین بە پرسی داعشیشەوە، هەموومان داعشمان كردۆتە بیانوو بۆ دواخستنی چارەسەری پرسە سیاسییە هەڵپەسێراوەكان، هەموو پرسە سیاسییە جیاوازییە لەسەرەكانمان سڕكردووە بۆ قۆناغی دوای داعش، ئەوەش قۆناغی دوای بۆ تەواوی عێراقییەكان سەختتر و مەترسیدارتر دەكات.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی داعش سەرەتاكانی سەرهەڵدانەوەی ئەو پرسانە بە شێوازی جۆراوجۆر دەردەكەونەوە، بۆ بەراوردكاری لەم وتارەمدا باس لە سێ رووداو دەكەم كە لەماوەی یەك هەفتەدا روویانداوە، كە هەم پەیوەستە بە عێراق و هەم بە پێكهاتەكانی:-
* خۆپیشاندانەكانی هەینی (10) ی شوباتی بەغدا كە رەوتی سەدر یەك ملیۆن هاوڵاتی رەشوڕووت و برسی و نەداری پێكهاتەی شیعەی هەر لە بەسراوە تا بەغدا هێنایە گۆڕەپانی تەحریرو بەناوی داواكاری گەلەوە خواستێكی سیاسی خۆی خستە بازاڕەوە، چەند خۆپیشاندەرێكیش بەدەستی هێزەكانی حكومەت (كە لە بنەڕەتدا ئەوانیش شیعەن) بە كوشت دا، لەم رووداوەدا قووڵی جیاوازییەكانی ناو شیعەكان بەدەركەوت كە رووداوەكە زیاتر شیعە بە شیعە بوو، كوردو سوننەش تەماشاكەر بوون، سەدرییەكان لە رێگەی خۆپیشاندانەوە دەیانەوێت ئەوە بڵێن كە شەرعییەت لە شەقامەوە وەردەگرن، حكومەت لە بەرپەرچدانەوەیاندا شەرعییەت لەدامودەزگاكانی دەوڵەت وەردەگرێت كە لەرێگەی سنووقەكانی دەنگدانەوە شەرعییەتی وەرگرتووە.
* كۆنگرەی (15)ـی شوباتی ژنێف كە لە لایەن پەیمانگەی ئەوروپی بۆ ئاشتی لە برۆكسل بە هاوكاری ئەنجومەنی ئەتڵەنتی لە واشنتۆن، لەژێر ناوی (پارێزگا زیان پێكەوتووەكانی داعش و تیرۆر) بۆ گفتوگۆكردنی لەسەر دروستبوونی هەرێمی سوننە كە بەشێكی بەرچاوی سەركردە سوننەكانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەوانەی زیاتر بە تایفی ناسراون بەشدارییان كردووەو لە هەمانكاتدا بەشێكی بەرچاوی سەركردەكانی سوننەی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق رەتیانكردۆتەوە بەشداری لەو كۆنگرەیەدا بكەن كە دیاریترینیان د.سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، ئەمەش جیاوازی قووڵی دیدو ئاراستەی سیاسییەكانی سوننە دەردەخات.
* لە هەفتەیەكدا سێ بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان، (بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن، سەرۆكی فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم)، بەناوی گەلی كوردەوە سێ لێدوانیان داوە كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن، ئەمە لە كاتێكدایە هیچ هێزێكی سیاسی كوردی بەدەر لە پارتی ئاگای لە شتی وا نییە، بە پێچەوانەوە هەموو هێزە كوردییەكان بە پارتیشەوە!سەرقاڵی خۆئامادەكردنن بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن.
بە خوێندنەوەی ئەم سێ رووداوە بۆمان دەردەكەوێت نە سەدر گوزارشت لە شیعە دەكات، نە دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا گوزارشت لە خواستی كۆی شیعەكان دەكات، نە د. سەلیم جبوری گوزارشت لە خواستی سوننەی پڕۆسەی سیاسی دەكات لە بایكۆتكردنی كۆنگرەی ژنێف نە ئەوانەی بەشدارن دەتوانن نوێنەرایەتی كۆی سوننەكان بكەن، هەروەها نە پارتی بەو لێدوانانە گوزارشت لە ئیرادەی كوردی دەكات لە بەشداریكردن یان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، نە هێزە كوردییەكانی تر دەتوانن گوزارشت لە لە كۆی بڕیاری سیاسی كوردی بكەن.
ئەم پەرتوبڵاوی و سەرلێشێوانە لە كاتێكدایە لەبەردەم دوو قۆناغی گرنگ و هەستیارداین، یەكەم قۆناغی دوای داعش، دووەم هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنەكان، بۆیە پێموایە كاتی ئەوە هاتووە راستگۆیانەو بە دەنگی بەرز بیربكەینەوەو دووركەوینەوە لە دروشمە بریقەدارە وەهمییەكان و كاتی ئەوە هاتووە بیر لە عێراقێك بكەینەوە كە هەموومان بتوانین لەسایەیدا بە ئارامی بژین نەك عێراقێك لە پێناویدا یەكتر بكوژین.
عێراق بەم شێوەیەی ئێستا نابێتە عێراقی هیچ پێكهاتەیەك و كەسمان خێری لێ نابینین، رۆژ لەدوای رۆژ بچوكتر دەبینەوەو رۆڵەكانمان دەبنە خۆراكی زەردەخەنە درۆزنانەكانمان، چونكە سروشتی ئەم وڵاتە وایە.. یان دەبێت بۆ هەمووان بێت یان كەس خێری لێ نابینێت.

‌ 3057 جار بینراوه‌
2/18/2017 10:08:18 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved