»  چاوپێکەوتن
ئەبوبەكر هەڵەدنی؛ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان: كورد خۆی بۆ هیچ یەكێك لە ئەگەرەكانی قۆناغی دوای (داعش) ئامادە نەكردووە
ئا/ رامان ساڵەیی




ئەبوبەكر هەڵەدنی؛ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە لە رووی دیموكراسیەوە، هەرێمی كوردستان ساڵی (1992) زۆر لە ئێستا باشتر بووە و هاوكات پێیوایە؛ كورد خۆی بۆ هیچ یەكێك لە ئەگەرەكانی قۆناغی دوای (داعش) ئامادە نەكردووە، و ئەوەش رادەگەیەنێت:”وڵاتانی رۆژئاوا دیموكراسیەتی راستەقینەیان بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات ناوێت، لەرابردودا و لەئێستاشدا پشتگیری رژێمە شمولی و دیكتاتۆرەكان دەكەن”.

* كێشەكانی هەرێم بەرەو چ ئاڕاستەیەكدا هەیە، تاچەند هیوایەك بۆ چارەسەركردنیان لە ئارادایە؟* ئایا كێشەكان گەیشتونەتە بنبەست؟
ــ تائێستا ئاسۆكانی چارەسەر لێڵ و تاریكن، چونكە ئیرادەیەكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بوونی نییە، هاوكات لایەنە ناكۆكەكان ئامادەنیین سازشی هەمەلایەنە بۆ یەكتر بكەن، بەڵكو هەر لایەنێك دەیەوێت خواستەكانی خۆی بێتەدی، ئەو پەیامەی كاك مەسعود بارزانی لە (20 / 11 / 2016)، كە لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە پێشوازیی لێكرا بە بزوتنەوەی گۆرانیشەوە، بەڵام دوای سێ مانگ، جگە لە خولێكی دانوستان هیچ هەنگاوێكی دڵخۆشكەری لێنەكەوتەوە، بۆیە ئەم هەوڵانە هەمووی خۆسەرقاڵكردن و كات كوشتنە، ئێستاش كە لە كۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان نزیك دەبینەوە، بەخوێندنەوەی من هەوڵێك لە ئارادایە بۆ ئەوەی پەرلەمان رۆڵی نەمێنێت و دامودەزگای یاسادانان بە تەواوی پەكبخرێت، ئەو كاتە رووبەرووی دۆخێكی نوێ دەبینەوە و دەگەڕێنەوە بۆ بەرەی كوردستانی ساڵی (1992).
* لە مانگی 11ی ئەمساڵ ماوەی پەرلەمان كۆتایی دێت، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، چۆن درێژە بە كارەكانتان دەدەن، ئایا تەمەنی پەرلەمان درێژ دەكەنەوە یاخود پەرلەمان هەڵدەوەشێننەوە؟
ــ لە بنەڕەتدا ئامانجەكە بریتیە لەوەی پەرلەمانتاران لە ئیحراجیدا بهێڵنەوە، وەك چۆن ئێستا زۆربەی دامودەزگاكانی هەرێم بەسەرچوون، لە نمونەی سەرۆكایەتی هەرێم، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ و تەنانەت یەكێتی مامۆستایانیش، بە هەمانشێوە دەیانەوێت پەرلەمانیش بخرێتە بەردەم دوو ڕیانێكەوە، یان وادەی خۆی درێژبكاتەوە یان بچینە بەردەم هەڵبژاردن، بۆیە ویستەكە بە ئەنقەست ئەنجام دەدرێت تا پەرلەمان بەیەكجاری پەكبخرێت، ئێمە ئەم ئیرادەیەمان لەكاتی پەكخستنی پەرلەمان خستەڕو، پێشبینی دۆخەكەشمان كردووە.
* لە دوای كۆتایهاتنی وادەی یاسایی تەمەنی پەرلەمان، چ ئەلتەناتیڤێك دەگرنەبەر؟
ــ بەداخەوە واقیعی هەرێم زۆر جیاواز و تایبەتمەندە، هەژمونی حیزبی بەسەر هەموو جومگە و كایەكانی حوكمڕانی تۆخكراوەتەوە، بۆیە پێناچێت پەرلەمانتاران بەبێ ئاراستەی حیزبەكانیان هەنگاوێكی ئەوتۆ بنێن، بۆیە خولی چوارەمی پەرلەمان بۆتە زەحیە و قوربانی ئەو دۆخەی هەیە و هاوكات پێموایە؛ حیزبەكان نایانەوێت پەرلەمانێكی ئەكتیڤ و چالاكمان هەبێت و دامودەزگای یاسادانان رۆڵی خۆی ببینێت.
* پێتوایە لایەنی دەسەڵاتدار بە مەبەست دەیەوێت دۆخەكە بەوە شێوەیە بمێنێت؟
ــ ئەوەی روویدا بە مەبەستی نائومێدكردنی خەڵكە لە هەڵبژاردن و گۆرانكاری، ئامانجێكی تر گەیاندنی ئەو پەیامە بوو، كە ئەوەی دواهەمینجار گرەوەكە دەباتەوە، ئەو لایەنانە كە هێزی چەكدار و سەروەت و سامانی لایە، واتا چ حیزبێك هێزی لەلا بێت، ئەو بریار دەدات نەك ئەوەی رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەگرێت، ئەمەش پاشەكشەیەكی گەورەیە لە پرۆسەی دیموكراسی، بۆیە دەلێم لە رووی دیموكراسیەوە ساڵی (1992) زۆر زۆر لە ئێستا باشتر بووین.
* لە نێو گێژاوی بارودۆخی ناوچەكە و ناكۆكیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بارودۆخی هەرێم بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟
ــ ئەگەر پێشتر تاقە كارتێك بەدەستی كوردەوە هەبێت، تەبایی ناوماڵی خۆی بوو، كە بەداخەوە لەئێستادا لە هەموو كات زیاتر ئەو تەباییە بوونی نەماوە و ناوماڵی كوردیش پەرش و بڵاوترە، میللەتەكەمان بەرەو تونێڵێكی تاریك دەڕوات و هیچ زەمانەتێك نییە كە كۆی ئەو دەستكەوتانەی بەسەدەیەك لە قوربانیدان و خەبات بەدەستهاتوون لە دەستنەچن.
* سەرجەم لایەنەكان ئامادەیان بۆ چارەسەری كێشەكان دەربڕیووە، كەواتە چ لایەنێكە نایەوێت كێشەكان چارەسەر بێت؟
ــ ئامادەیی دەبێت لەسەر ئەرزی واقیع رەنگبداتەوە و هەنگاوی كرداری بۆ بنرێت، ئەو لایەنە زەبەلاحانەی هێزی چەكداریان لەبەردەستە، دەبێت هەنگاوی كرداری بۆ چارەسەر بنێن، لەبەر ئەوە ئامادەیی بون بۆ چارەسەر و ئاسایكردنەوەی دۆخەكە بە دروشم نابێت، ئەوەندەی بە سازشی راستەقینە دەبێت، تائێستا سازش نییە و بە پێچەوانەوە هەندێك لەو هێزانە هیچ گرفت و كێشەیەكیان نییە، چونكە ناوچە و حوكمڕانی خۆیان هەیە و دەزگای تایبەت بەخۆیان هەیە.
* پارتی دیموكراتی كوردستان، چوار لایەنەكەی تر بە دژایەتیكردنی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ تاوانبار دەكات، ئایا ئێوە دژی دەوڵەتی سەربەخۆ وەك پارتی باسی دەكات؟
ــ سەربەخۆیی خەونێكی لە مێژینەی گەلی كوردە، هەموو هێزە سیاسییەكانیش لەگەڵیدان، بەڵام سەربەخۆیی و ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بەچوار كۆڵەكە هەیە، یەكەم كۆڵەكەی ناوخۆ و یەكخستنی ناوماڵی كورد و دڵخۆشكردنی میللەتە، حەماسەت بۆ میللەت دابین بكرێت، چونكە خەڵك بە برسێتی و گیرفان بەتاڵیەوە چێژ لە گۆڕانكارێكان وەرناگرێت، دووەم كۆڵەكەش دەبێت تێگەیشتنمان لەگەڵ بەغدا هەبێت، سێیەم كۆڵەكەش دەبێت دراوسێكانمان ئێران و توركیا دڵنیا بكەینەوە لەوەی دەوڵەتی كوردی نابێتە زیان بۆ ئەوان و لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی هاوبەش خزمەت بە ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكات، چوارەم كۆڵەكەش دەبێت گرەنتی نێودەوڵەتی لە نەتەوەیەكگرتووەكان وەربگرین، لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا وەربگرین، ئەو چوار كۆڵەكەیەش بە تاكە حیزب و سەركردەیەك بەڕێوەناچێت، بەڵكو بەتیم و رۆڵ دابەشكردن و شان دانەبەری سەرجەم لایەنەكان و نوخبەی رۆشنبیران دەبێت.
* كورد چی پێیە بۆ قۆناغی دوای (داعش)؟
ــ  بەداخەوە هەموو وڵاتانی ناوچەكە و توركیا و ئێران و حكومەتی عێراق و روسیا و ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاواش بەگشتی رۆژ دوای رۆژ پلان و ئەجێندای خۆیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكە و قایمكردنی شوێن پێی خۆیان لە دوای (داعش) دەكەن، ئەوەی لەم نێوەندەدا شپرز و پەرتەوازەیە و بەرچاو رۆشن نییە، لایەنی كوردییە، هەموو ئەو هەوڵانەشی هەیە تاك و تەرا رۆڵی حیزبین، هەموو خوێندنەوەكانیش ئەوەمان پێ دەڵێن؛ كە كورد خۆی بۆ هیچ یەكێك لە ئەگەرەكانی قۆناغی دوای (داعش) ئامادە نەكردووە، كە بەشێكی زۆری ئەگەرەكان مەترسیدارن بۆ كۆی دەستكەوتەكانی كورد.
* فراكسیۆنە كوردییەكان كۆمەڵێك هەوڵیان بۆ چارەسەری كێشەی دارایی هەرێمدا، بۆچی سەرینەگرت؟
ــ خەڵكی هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی دەسەڵاتی شۆڤێنیانەی كاربەدەستەكانی بەغدا و سیاسەتی نابەرپرسیارانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە نێوان هەردولا هاوڵاتیانی هەرێم بونەتە قوربانی، بەداخەوە لایەنی كەمتەرخەم بە پلەی یەكەم دەسەڵاتدارانی هەرێمن، چونكە لەگەڵ بەغدا ڕێك ناكەون و پابەندی یاساكانی بودجە نابن، هاوكاتیش بە فرۆشتنی نەوتیش بە شێوەی سەربەخۆ، موچەی خەڵكی كوردستان دابین ناكەن.
* رەخنەت لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ هەیە، بەڵام لە كاتی خۆیدا پەرلەمان پشتگیری خۆی بۆ فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ دەربڕی؟
ــ بەڵی كاتی خۆی حیزبە سیاسییەكان و پەرلەمانی كوردستان لەبەر دوو مەبەست پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت دەربڕی، یەكەم: تەنها بۆ ئەوەی موچەی خەڵك لەكاتی خۆیدا دابین بكرێت و دووەم؛ ئەگەر بەغدا كارتی توندتری بەرانبەر هەرێم بەكارهێنا، هەرێمی كوردستان لە رووی ئابورییەوە كێشەی نەبێت و لەسەرپێی خۆی راوەستابێت.
* وەك یەكگرتووی ئیسلامی تا كەی تەماشاكەر دەبن و هەنگاوی كرداریتان بۆ داهاتوو چی دەبێت؟
ــ یەكگرتوو تەماشاكەر نییە و بەشێكە لە پرۆسەی سیاسی هەرێم و بەشێكە لە پەرلەمان و حكومەت و لە هەوڵی هێنانەكایەی ئاشتەواییە لە نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكان، خاوەنی دونیا بینینی خۆیەتی  و پێیوایە دەبێت سیستمی حوكمرانی لە هەرێم پەرلەمانی بێت، هاوكات هەموو هێزەكان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن حزوریان لە حوكمڕانی هەبێت، نابێت هیچ كەس و لایەنێك لە پرۆسەی حوكمرانی دووربخرێتەوە، هاوكات پێمانوایە دەبێت خۆئامادەكردن هەبێت بۆ روبەروبونەوەی ئەو دۆخە مەترسیدارەی روبەروی ناوچەكە بۆتەوە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەك هەیە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای رۆڵ دابەشكردن بێت.
* چەند هەوڵێكی بیانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نران و لەو چوارچێوەیەشدا چەند وەفدێك سەردانی لایەنەكانیان كردووە، بۆچی ئەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون؟
ــ ئەو وەفدانەی سەردانی یەكگرتوو یاخود فراكسیۆنەكەی ئێمەیان كردووە، هەمویان جەخت لەوە دەكەنەوە، كە رۆڵی ئەوان یارمەتیدەرە نەك دەستێوەردان و پییانوایە دەبێت خۆمان چارەسەری كێشەكان بكەین، گلەیی ئەوەشیان لێمان هەیە، كە بەم هەموو قەیرانەوە، لە نێو خومان نا تەبایین، پێیانوایە دەبوو زۆربەی كێشەكانمان كۆتایی پێ بهێنایە، بەداخەوە لەسەرێكی تریشەوە وەفدە بیانییەكان ئەوەی بەلایانەوە گرنگە بەرژەوەندییەكانی خۆیانە، زۆر مەعنی نیین بە دیموكراسی و شەفافیەت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بەڵكو ئەوەی بەلایانەوە گرنگە، دوورخستنەوەی پریشكی شەڕی داعشە لە وڵاتەكانی خۆیان بە شێوەیەك تیرۆرستانی (داعش) لەم ناوچانە قەتیس بن، لەلایەكی تریش ئەوەی بەلایەنەوە گرنگە، بەرژەوەندییە ئابورییەكانیانە بە تایبەت كۆمپانیا زەبەلاحەكانی خۆیان كە لەبواری نەوت كار دەكەن، بەگشتی وڵاتانی رۆژئاوا دیموكراسیەتی راستەقینەیان بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات ناوێت، لەرابردودا و لەئێستاشدا پشتگیری رژێمە شمولی و دیكتاتۆرەكان دەكەن، ئەگەر لە شوێنێكیش نوزەیەكی دیموكراسی هەبووبێت لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خۆیان نەبووە پشتگوێیان خستووە.





‌ 1604 جار بینراوه‌
2/18/2017 10:38:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved