»  بینین
كوڕوزانەوە و هەڵچون وەكو مۆدێل!
دڵسۆزحەمە



وەكو عەزیز نەسین لە كتێبی برایم زەبۆكدا بۆ گوزارشت كردن لە ئاستی فێڵبازی و زۆرزانی برایم زەبۆك نوسیویەتی : ئەگەر دەریاكان هەمووی مەرەكەب ودرەختیەكانش هەمووی ببنە قەڵەم، هێشتا ناتوانن گوزارشت لەو هەموو فێڵ و گوناهانە بكەن كە برایم زەبۆك كردوونی! ئەگەر ئەم گوزارشتە رەوا بێت بۆ بەرپرس وئەوانەی دۆخی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن، ئەوا ناكرێت خەڵك وعەوام وەكو بێگوناه و ستەملێكراوی رەها تەماشا بكرێت وەكو هەندێك نوسەری سادەگۆ و رۆژنامەنوس و چاودێر بە مەبەست یان بێ مەبەست دەیانەوێت وەها وێنای بكەن، بەڵكو ئەم دیاردەیە، دیاردەی بێگوناه كردنی خەڵك، شیرینكردن و پاككردنەوەی چەمكی خەڵك، وێناكردنی عەوام وەكو قوربانییەكی ئەبەدی، وەكو راستگۆترین بونەوەر، وەكو تەرەفی بێگوناهی ململانێیەكی خوێناوی، وەكو مەسیح، وەكو روخسارێكی فریشتەیی، ئەمە بۆتە دیاردەیەكی مێدیایی و رۆشەنبیری وسیاسی وتەنانەت كۆمەڵایەتی ترسناك، زۆرن ئەو پڕۆگرام و بەرنامانەی لە شاشەكانەوە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەم خیتابە ترسناكەیە، خیتابی بەرهەمهێنانی عەوام، ئاخر بەرەنگاربوونەوەی سستەمێكی گەندەڵ و نادادوەر، بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەموو پەرتبوون و كەرتبونە ناوەكیەی جڤاتی كوردستان، بە بەرهەمهێنانی خیتابێك ناكات سەراپای كوڕوزانەوەو هەڵچوون و جنێودان و سوكایەتیكردن بێت بە ژیانی گشتی، ئاخر كارەسات تەنها راكێشانی پەنجە نییە بۆ بەرپرسێكی گەندەڵ، بۆ دزینی سامانی گشتی و ئەو نادادوەریە بێئەندازەیەی لە كوردستاندا پیادە دەكرێت، بەڵكو كارەساتتر ئەوەیە كە هەیبەت وجەبەروت و شكۆی ئینسان بگاتە ئاستی ئاساییكردنەوەی كوڕوزانەوە و سواڵكردن، ئاساییكردنەوەی كوڕوزانەوە لەسەر شاشەی تیڤی و لەسەر مینبەرەكانەوە، ئەگەر ئەم وێنانە ئەم جۆرە خیتابە بۆ هەندێك هێزی سیاسی و بۆ هەندێك كۆمپانیای میدیایی و وێب سایت و هەندێك رۆژنامەنووس ئامرازی گرنگ بن بۆ دەستكەوتی سیاسی و راكێشانی سەرنجی بینەرو كۆكردنەوەی تەماشاچی لەدەوری شاشەكان ئەوا لە مەودای دوورتردا، لە ئاستی پرسە سیاسی كۆمەڵایەتییەكاندا كارەساتی زیاتر بەرهەم دێنێت، هیچ دەسەڵاتێكی سیاسی لە جڤاتێك ناترسێت كە شكۆ و هەیبەتی ئینسانی خۆی لەدەست دابێت، ئاخر مۆتیڤی گەورەی توڕەیی و راپەڕین و سەرهەڵدان بریتییە لەو ساتەوەختەی كە شكۆو كەرامەتی ئینسان بریندار دەەبێت، شەڕەكانی مرۆڤ لەسەر ماف و كەرامەت وبەهای ئینسانییە، دیارە موچەبڕین و نادادوەری و بێبەهاكردنی ئینسان، مەحرومكردنی خەڵك لە كوردستان لە ژیانێكی شایستەو لە فەراهەمكردنی خزمەتگزاری وسیستەمێكی ئیداری شایستە بەهۆی دینی و تاڵانی و گەندەڵی و دابەشبون و ململانێی دەسەڵات و هێزەوە هەمووی هۆكارن بۆ توڕەیی و راپەڕینی خەڵك، بەڵام كام خەڵك؟؟
هەمیشە میللەتان خۆیان ئەو سیستەمە فۆرمۆلە دەكەن كە دەیانبات بەڕێوە، رەنگە زۆرێك ئەم بۆچونە وەكو تاوانێكی گەورە لێكبداتەوە، بەڵام رەنگە ئێمەی كورد زۆر پێویستمان بەوجۆرە شۆك ودەربڕینە تیژانە هەبێت هەتا ژیرانەتر لە ئازارەكان و قوڵتر لە كێشەكانمان و ئازایانەتر لە كێشەكانمان ووردبینەوە لە جێگای كوڕوزانەوە و لاواندنەوەی كێشە قوڵەكانمان لە سەرزاری عەوام و مرۆڤگەلی سادەوە، لە جێگای هاندانی قسەی نزم و لێدوانی نابەرپرسیارانەو وروژاندنی هەست و بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێ شكۆ، مرۆڤێك بەرهەم بێنین كە هۆشیارانەتر ببینێت و بەرپرسیارانەتر مانیفێستی كێشەكانی بكات!
بەرپرس و هەموو ئەو نوخبە ئیداری و سیاسی وهونەری و فەرهەنگی وسەربازی و..هتد هەیە هەر هەمووی بەرهەمی ئەو جڤاتەیە، راستە بەرپرسیاری نوخبە جیاوازترە لە بەرپرسیاری عەوام و خەڵكانی دەرەوەی دەسەڵات، بەڵام هەر ئەو خەڵكانەشن كە دەتوانن لە جێگای درۆ و كوڕوزانەوە و شكاندنی شكۆ و رەمزە گشتییەكان، لە جیاتی نیشاندانی شكست و بێپارەیی و رسوایی شەخسی، دەتوانن كارێك بكەن سەرلەبەری كۆمەڵگا و ژیانی گشتی بگۆڕن، بەرپرس و دەسەڵاتی نابەرپرس هەڵدەنە زبڵدانی مێژوو!! بە ئیرادەو هەیبەت نەك هەڵچوونی بەر مایك و كوڕوزانەوەی سەر شاشە!!

‌ 3282 جار بینراوه‌
2/18/2017 10:45:01 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved