»  چاوپێکەوتن
عەبدولڕەحمان موهەندیس؛ سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: نە یەكێتی و نە گۆڕان بەتەنها ناتوانن هاوسەنگی هێز بگەڕێننەوە
ئا/ رامان ساڵەیی




عەبدولڕەحمان موهەندیس؛ سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە جگە لە پارتی، چوار لایەنەكەی تریش لە چارەسەركردنی كێشەكان جدی نیین و هاوكات پێیوایە؛ بزوتنەوەی گۆڕان ئیستحقاقی خۆی لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی وەرنەگرتووە و ئەوەش رادەگەیەنێت:”نە یەكێتی و نە گۆڕان بەتەنها ناتوانن هاوسەنگی هێز لە كوردستان بگەڕێننەوە”.

* پرۆژەیەكتان بۆ دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەبوو، ئەو پرۆژەیەتان بەچی گەیشت؟
ــ وەك فراكسیۆن لە یاداشتێكدا داوامانكرد، قەرزەكانی سەر فەرمانبەران چ لە كارەبا و چ لەسەرجەم خزمەتگوزارییەكانی تر لە رێگەی سیستمی بانكیەوە و بەو پارەیەی فەرمانبەران بدرێتەوە، كە لای حكومەت ماوەتەوە، بە سوپاسەوە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پرۆژەكەی خستە بەرنامەوە، كردیانە پرۆژەیەكی تەواو و سەرجەم ئامادەبووانی ئەو كۆبونەوەیەش دەنگیان لەسەردا، دواتر كرایە نوسراو و بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەرزكرایەوە، ئەنجومەنی وەزیرانیش پرۆژەكەی رەوانەی وەزارەتی دارایی كردووە بۆ ئەوەی روونكردنەوە و بەرچاو روونیان پێبدات، بەڵام دیارە تائێستا وەزارەتی دارایی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی نەداوەتەوە، دوای بریارەكەی ئێمەش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك لەگەڵ پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، كۆبونەوەیەكیان كرد و لەو كۆبونەوەیەدا پشتگیری بریارەكەی ئێمەیان كرد و چەند خاڵێكیشیان زیادكرد و كردیانە پرۆژە پێشنیاز، ئەویش كرایە نوسراو و بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكرایەوە، بەڵام تائێستا هیچ زانیاریەكمان نییە لەسەر پرۆژەكە و نازانین بەكوێ گەیشتووە و وەڵامی ئەرێنیمان لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ نەهاتووە، راستە بریارەكەی ئێمە مولزەم نییە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام داوا لە ئەنجومەنی وەزیران كراوە، كە ئێمە وەك نوێنەرانی خەڵك، داوامانكردووە ئەم كارئاسانییە بۆ موچەخۆران بكرێت، واتا وەك موقایەزەی لێ بێت و لە رێگەی چەكەوە موچە خۆر قەرزەكانی بداتەوە.
* وەك بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر كۆمەڵێك پۆستان وەرگرت، ئێستا باس لەگۆرانكاری لە پۆستەكانی هەولێر دەكرێت، ئایا هیچ گفتوگۆیەكتان لەو بارەیەوە ئەنجامداوە؟
ــ لە دوای (12)ـی ئۆكتۆبەر، كە پەرلەمانی كوردستان ئیفلیجكرا و وەزیرەكانمان نێردرانەوە ماڵەوە، دوو پۆستی بەڕێوەبەری گشتیمان هەبوو، بەهەمانشێوە لێمان وەرگیراوەتەوە و كاندیدەكانمان رەواننەی ماڵەوە كران، دوای ئەو رووداوە هیچ دانیشتنێكمان لەگەڵ پارتی نەكردووە سەبارەت بە پشكە پۆستەكانمان لە هەولێر، چونكە سەرجەم پۆستەكان پەیوەستن بەبابەتە سیاسییەكان، كە سەرجەم كێشەكان پەیوەستكراون بە كێشەی سەرۆكی هەرێم، كە ئێستاش بە نایاسایی سەرۆكی هەرێمە و ماوەكەی بەسەرچووە، بۆیە كێشە سسیاسیەكان چارەسەر نەكراون، بەچارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، كێشەی دارایی و كێشە دروستكراوەكانی تریش چارەسەر دەكرێن.
* كۆمەڵێك دانوستان ئەنجامدران، ئایا ئەو دانوستان و گفتوگۆیانە چارەسەری كێشەكان دەكەن؟
ــ دەستپێشخەرییەك لەلایەن پارتیەوە كرا و هەر ئەو حیزبەش دەتوانێت چارەسەری كێشەكان بكات، بەڵام بەداخەوە ئیرادەیەكی جدی بۆ چارەسەری ئەو كێشانە نابینرێت، ئەوەش بەتەنها من نایخەمە ئەستۆی پارتی، بەڵكو دەكەوێتە ئەستۆی لایەنەكانی تریش، كە ژمارەی كورسیەكانیان (56) كورسی زیاترە لە پەرلەمان و دەتوانن بەو رێژەیە هەموو جۆرە فشارو كارێك بكەن بۆ ئەوەی پارتی بێتە سەر ئەو قەناعەتەی دەبیت چارەسەری كێشەكان بكرێت، بۆیە بەداخەوە لایەنەكانی تریش جدی نیین لە چارەسەركردنی كێشەكان، راستە پارتی هۆكاری سەرەكی كێشەكانە، بەڵام ئەو كەڵەگایەی پارتی بۆ لاوازی بەرامبەرەكانی دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەوان بتوانن یەكدەنگ و بەهێز بن پارتیش ناتوانێت وابكات.
* پێتواییە ئەگەر چوار لایەنەكە كۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدەن بەبێ‌ پارتی، گرنگی و بەهایی دەبێت و پارتی قبوڵی ئەنجامەكانی بكات؟
ــ مەبەستم لەوە نییە زەبری هێز بەكاربهێنن، بەڵام دەبێت هاوسەنگی هەبێت، پێشتر یەكێتی و پارتی هەبوون لە كوردستان و هاوسەنگی لەنێوانیان هەبوو، هیچیان نەیاندەتوانی بەبێ ئەوی تریان كارێكی وابكات كە كاریگەری لەسەر بەرێوەبردنی هەرێم بكات، بەڵام ئێستا ئەو هاوسەنگییە نەماوە و میزانی هێز تەنها لەلای پارتیە، پارتی حاكمی فیعلی كوردستانە و بەداخەوە ئەو هاوسەنگییەی جاران نەماوە، رێككەوتنی دەباشانیش لە نێوان ئێمە و یەكێتی بۆ ئەوەبوو هاوسەنگی بگەرٍێتەوە، چونكە نە یەكێتی و نە گۆڕان بەتەنها ناتوانن هاوسەنگی هێز لە كوردستان بگەڕێننەوە، ئەم هاوسەنگیەش بۆ ئەوە نییە شەڕی پێ بكەین، بۆ نمونە ئیسرائیل وڵاتێكی بچوكە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزی نەوەوی هەیە، سەرجەم وڵاتە عەرەبییەكان ناتوانن بەرانبەری بوەستن و هێرشی بكەنەسەر، خۆ ئەو هێزە ناوەكیەش بەكارناهێنێت، رێكەوتنەكەی ئێمەش بۆ دروستكردنی هاوسەنگی بوو لە كوردستان، بۆ ئەوەی لایەنێك هەست بەلاوازی نەكات لەگفتوگۆ و دانوستانەكان.
* پێتوایە دروستكردنی هاوسەنگی لە یەكگرتنی یەكێتی و گۆڕانە؟
ــ بەبۆچوونی ئێمە  دەبێت یەكێتی و گۆڕان لە ژێر چەتر و قەوارەیەكی سیاسیی كۆببنەوە، تا بە یەكدەنگ و بە یەك ڕەنگ پێكەوە هێزێك دروست بكەین دواتر بكەوینە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پارتی و بگەینە رێكەوتن لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و دروستكردنی هاوسەنگی لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات، ئەوكات دەتوانین بڵێین حكومەتێكی راستەقینە بە بەشداری لایەنە ئیسلامییەكان هەریەكەیان بەپێی قەبارەی خۆیان رۆڵیان  پێی بدرێت و هیچ كامێكیان بێبەش نەكرێن، ئەگەر ئەو هاوسەنگییە دروست بێت، سەرجەم كێشە چەقبەستووەكان چارەسەر دەكرێن.
*لە چەند رۆژی رابردوودا یەكێتی و  گۆران كۆبونەوە و بڕیاریاندا سەرجەم بڕگە و خاڵەكانی رێكەوتنەكەی نێوانیان جێبەجێ بكەن، ئَیوە لە هەولێر كارەكانی یەكخستنی فراكسیۆنەكانتان بەكوێ گەیشت؟
ــ ئیمە وەك فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، پەیڕەوێكی ناوخۆمان دانا، چۆنیەتی كاركردنی هەردوو فراكسیۆنەكەمان خستەروو، هەموومان ئامادەكرد و چاپمان كرد و بۆ سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆران بەرزكرایەوە، بەڵام بەداخەوە ماوەی هەشت مانگە رێكەوتنەكە كراوە و هیچ بەندێكی لێ جێبەجێنەكراوە، لەكاتێكدا ئێمە وەك هەردوو فراكسیۆنەكە ئامادەین، هەركاتێكیش سەركردایەتی هەردوولا بڕیاریان لەسەردا، ئێمە فراكسیۆنەوە هاوبەشەكەمان رادەگەیەنین، ئەو ئیتیلافەش تەنها هەر دوو فراكسیۆنەكە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ناگرێتەوە، بەڵكو لەسەر پەرلەمانی كوردستان و عێراقیش دەبێت، ئەوكات فراكسیۆنێكی بەهێز دروست دەبێت كە پێگە و ژمارەی بەهێز دەبێت و ئەوكاتیش هاوسەنگی دروست دەبێت.
* بۆچی سستی كەوتە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان؟
ــ ئێمە وەك گۆران كێشەمان نییە، بەڵام كێشەكە لەلای برادەرانی یەكێتیە و ئەوان سست بوون لەو بابەتە و ئومێدەوارین لەو دانیشتنانەی لە چەند رۆژی رابردوودا كراوە، ئەنجام و ئومێد بەخش بێت، چونكە بەڵێنیاندا ئەو لیژنانەی دروستكراون سەرجەمیان چالاك بكرێن و كارەكانی خۆیان راپەریێنن بۆ ئەوەی رێكەوتننامەكە جێبەجێ بكرێت بەتایبەت یەكگرتنی فراكسیۆنەكانمان.
* باس لە گۆڕانكاری گەورە لە دوای شەڕی موسڵ دەكرێت، پێتوایە ئەو گۆڕانكاریانە چین؟
ــ ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن بەغدا پاش شەڕی موسڵ بەهێزتر بێت و هەندێك لە هێزە عێراقییەكانیش نایشارنەوە كە نیەتی خراپیان بەرانبەر بەهەرێم هەیە، ئەوەش پێویست دەكات هەموومان یەكریز و تەبابین و ناوماڵی خۆمان یەكبخەین، چونكە بەمجۆرەی ئێستا ناپەرژێینە بەر شتی تر، یەكەمجار دەبێت ناوماڵی خۆمان رێك بخەین بۆ ئەوەی ئامادەكاری بۆ هەموو مەترسییەك و ئەگەرێك ئامادە بكەین، كە لە داهاتوودا روودەدات، ئەوەش تەنها بە گوتار و قسەی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان نابێت، بەڵكو دەبێت بەكرداری هەنگاوی بۆ بنرێت.
* گۆڕان هیچ پۆستێكی لە حكومەتی هەرێم نەماوە، بۆچی لە حكومەتی خۆجێی پارێزگاكانیش ناكشێنەوە؟
ــ ئێمە لە حكومەتی هەرێم دەركراین و كشێندراینەوە، تەنها لەسلێمانی ماوین و ئەوەش ناتوانین بكشێینەوە، چونكە لە هەڵبژاردنەكان لە سلێمانی دەنگی یەكەممان هێناوە و ئەو خەڵكەی دەنگیان بە ئێمە داوە بۆ ئەوەی بچینە دەسەڵات، بەڵام ئیستحقاقی خۆمان لە سلێمانی وەرنەگرتووە، كۆبونەوەكەی چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوە بوو ئیستحقاقەكانمان بگەرٍێتەوە و ببینە هاوبەشی راستەقینە، بۆیە ناكرێت بیر لەكشانەوە لە حكومەتی خۆجێی سلێمانی بكەینەوە، چونكە ئیستحقاقی خۆمانە.
* زۆرجار داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان دەكرێت ئایا دەستپێشخەرییەكی لەو جۆرە دەكرێت؟
ــ سێ مانگ لەمەوبەر كاك مەسعود پەیامێكی ئاراستەی حیزبەكان كرد و ئێمەش ئەو دەستپێشخەرییەكەمان لا پەسەند بوو، كە وەفدی پارتیش سەردانیان كردین، داوامان لێكردن میكانیزمێكی خۆیانمان پێ بڵین، ئێمە رازین گۆڕانكاری لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بكرێت، بەڵام نەك تەنها لە یەك سەرۆكایەتی و دەمانەوێت یەك پاكێج بێت، ئامادەیی تەواومان دەربڕی و عاشقی كورسی و پۆست و پلە و پایە نیین، كە دەبینین بەرژەوەندی خەڵك لە گۆڕانكاری هەر سێ سەرۆكایەتیەكەدایە، ئێمە ئامادەین.







‌ 2187 جار بینراوه‌
2/25/2017 10:39:18 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved