»  کاتژمێر یازدە
ئەنجومەنی كەركوك بۆ فەرهەنگی گینس
شوان داودی




ئەمجارەش وەكو جارانی پێشوو لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق گوێمان لەو دەنگە نەشازانە دەبێت كە بە ئەجێندای هەرێمایەتی كار بۆ دواخستنی یان راستتر بڵێم پەكخستنی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەكە دەكەن.
یەكەم و دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ساڵی 2005 سەردەمی یاساكانی پۆل برێمەر حاكمی مەدەنی عێراق ئەنجامدراوە كە لە (41) ئەندام پێكدێت و  زۆرینەیان لیستی برایەتی كوردەكانە كە لەو هەڵبژاردنە (26) كورسی ئەنجومەنەكەیان بەدەستهێناوە، عەرەبەكان كە پێكهاتەی دووەمی شارەكەن لەو سەردەمە بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردو خەڵكانێكیشیان بە نابەدڵی چوونە هەڵبژاردنەكانەوە بۆیە (6) كورسی ئەنجومەنیان دەستەبەركرد كە لە راستیدا ئەم رێژەیە زۆر لەرێژەی شایستەی خۆیان كەمترە، ئەمەش لە بەرژەوەندی توركمانەكان بوو كە (9) كورسییان بردەوەو بەوەش لە ئەنجومەنەكە پلەی دووەمیان مسۆگەركردو لە رێژەی كورسییەكان عەرەب بووە پلەی سێیەم.
خەڵكانێك لەناو هەموو پێكهاتەكاندا بە بیانووی پووچ و بێ بنەما، چونكە رێژەی راستەقینەی خۆیان دەزانن، ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دروستدەكەن لەكاتێكدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ لارییەكیان نییە! ساڵی 2009 و ساڵی2013 كەركوكییەكان لە مافێكی دەستوریی خۆیان بێبەشكران كە هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان و تازەكردنەوەی ئەنجومەنەكەیانە.
بەداخەوە حكومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانیش كەوتنە ژێر هەژموونی ئەو دەنگە نەشازانەو بۆ ئەو مەبەستە پێچەوانەی بەندەكانی دەستوور یاسایان دەركرد، ئێستا لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان حكومەتی عێراق یاسایەكی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان ناردۆتە پەرلەمان و لە مادەی (37)ـدا باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی مەرجدار لە شارەكە دەكات و دەنگە نەشازەكانیش داوای یاسایەكی تایبەت دەكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك.
بەو پێیەی جگە لە كەركوك لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، كەركوك كەوتۆتە دەرەوەی سیستمی ئیداری عێراق، چونكە شێوازی بەڕێوەبردن لەمشارەدا جیاوازە لە پارێزگاكانی تری عێراق و لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش، دەستوور بۆ هەموو وڵات دەنووسرێت هەموو هاوڵاتییەك بەدەر لە جیاوازی ئایین و نەتەوەو مەزهەب و رەگەزو رەنگ و ئیتنەكانی تر وەك یەك تەماشا دەكات، یاساش لە هەر وڵاتێكدا دەبێت بۆ هەمووان بێت و هەر یاسایەك بە هەر بیانوویەك خەڵكێكی لێ پەراوێزخرا یان دەركرا، ئەوە بەهای خۆی لەدەستدەدات و ناوەڕۆكەكەی پووچەڵ دەبێت، كەركوكییەكان بە هەموو رەنگ و دەنگە جیاجیاكانەوە دەنگیان بۆ دەستوری عێراق دا، بەڵام بەداخەوە حكومەت و پەرلەمانی عێراق كەركوكییەكانیان لەمافە دەستوریەكانیان بێبەشكردووە، ئەمەش چیتر مایەی قبووڵكردن نییە.
ئەگەر كەركوك پارێزگایەكی عێراقییە وەكو بانگەشەی بۆ دەكەن دەبێت بێ یەك و دوو وەكو تێكڕای پارێزگاكانی تر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدابكرێت، ئەوانەی بانگەشەی یاسای تایبەت بە كەركوك دەكەن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانە بەپێی یاسا نەك بەپێی رێژە.
ئەوە ئێمەش ئەو مافە بەخۆمان دەدەین داوای یاسای تایبەت بۆ پارێزگاكانی دیالەو سەڵاحەدین و نەینەواو بەغداش بكەین، چونكە رێژەی كورد لەدیالە هاوتای رێژەی عەرەبە لە كەركوك، رێژەی كورد لە سەڵاحیدین بەرانبەر بە رێژەی توركمانە لەو پارێزگایە، رێژەی كورد لە نەینەوا بەرامبەر بە رێژەی كوردە لە كەركوك و بەغداش بە رێژەی جیاجیا هەموو پێكهاتەكانی تێدایە.
بۆیە وەكو كەركوكیەكان بڕیارمان وایە یان دەبێت بێ جیاوازی وەكو پارێزگاكانی تر ئەو مافە دەستورییەی خۆمان پەیڕەو بكەین یان ئەو پارێزگایانەی بەڕێژەی جیاواز كوردی تێدایە هاوچەشنی كەركوك تایبەت بكرێن، ئەگەر وانەكەین ئەوە كەركوك دەچێتە دەرەوەی سیستمی ئیداری دەوڵەتی عێراق و چوونە ژێر باری هەر تایبەتمەندیدانیك بە كەركوك جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی هەرێمایەتییە بۆ جیاكردنەوەی كەركوك لە عێراق و لە هەرێمی كوردستانیش، ئەمەش هەم بۆ عێراق وەك دەوڵەت و هەم بۆ كورد وەك نەتەوە لە ئاكامدا  رەهەندی خراپی دەبێت.
ئەگەر ئەو هەوڵانە بۆ بچوككردنەوەی كورد لەو شارەدا ئەنجامدەدرێت، دەبێت ئەوانەی ئەو كارە دەكەن پەند لە مێژوو وەربگرن زۆر لە پێش ئەوان سەدام حوسێن بە هەموو جەبەرووتیەوە ئەو هەوڵەی داو هەموو سیاسەتێكی هەر لە تەعریب و تەرحیل و روخاندنی گوندەكان و دابڕاندنی چوار قەزای گەورەی وەك و (كفری، كەلار، چەمچەماڵ و خورماتوو).. دواتر گۆڕینی باری شارستانی كەسێتی كورد بۆ عەرەبی تاقیكردەوە، ئەوجاش شكستیهێناو خەونەكانی بۆ تەعریبكردنی كەركوك و بچوككردنەوەی كورد بوونە بڵقی سەرئاو.
دەبێت لەو راستییەش بگەن عێراقی دوای نەمانی داعش، عێراقی پێش هاتنی داعش نییە، كەركوكیەكان بڕیاریان وایە هەڵبژاردن ئەنجامبدەن و خوێنی تازە بخەنەوە بەر ئەنجومەنەكەیان و ئەنجومەنە پیرەكە كۆتایی پێبهێنن و هاوكات وەك  پیرترین ئەنجومەن لە مێژووی پارێزگاكانی عێراق بخرێتە فەرهەنگی گینسەوە.
‌ 3129 جار بینراوه‌
3/4/2017 10:16:31 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved