»  چاوپێکەوتن
عەمید محەمەد تاهیر؛ بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك: ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر پۆلیسی هاتوچۆ، دوای چەند رۆژێك لە دادگا ئازاد دەكرێن
ئا/ هاوار ستار

عەمید محەمەد تاهیر؛ بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك، لەم چاوپێكەوتنەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بە كەمی ژمارەی كارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ دەكات و هاوكات ئەوە دەخاتەڕوو:”پێویستمان بە دامەزراندنی (1000) كەس هەیە تا كاروبارەكان بە جوانی راپەڕێنین” و ئەوەش رادەگەیەنێت:”ئەو كەسانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر پۆلیسی هاتوچۆ، دوای چەند رۆژێك بەكەفالەت لە دادگا ئازاد دەكرێن”.

* لە ساڵانی رابردودا كێشەی كەمی پۆلیسی هاتوچۆتان هەبوو، ئایا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە؟
ــ كێشەی كەمی پۆلیسی هاتوچۆ وەك خۆی ماوەتەوە و تائێستا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نە دامەزراندمان بۆ دەكرێت و نە دەنگۆش هەیە بەم نزیكانە دامەزراندن لە پۆلیسی هاتوچۆ بكرێت.
* لەئێستادا ژمارەی فەرمانبەر و كارمەندی هاتۆچۆی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ چەندن؟
ــ ئێمە (495) فەرمانبەری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆمان هەیە و هەروەها (22) كارمەندی مەدەنیش لەگەڵماندا كاردەكەن، واتا لە بەڕێوەبەرایەتیەكەماندا (517) كەس كارەكانی ناوە و دەرەوە رادەپەڕێنن.
* لەكاتی كەمبوونەوەی ژمارەی كارمەندان لە بەڕێوەبەرایەتیەكەتان، وەزارتی ناوخۆ شوێنەكانیان پڕ دەكاتەوە؟
ــ نەخێر، لە ماوەكانی رابردوودا ئەو كێشەیە زۆر بووە و كارمەندمان كەمیكردوە بە هۆكاری جیا جیا وەك مردن و شەهید بوون، یاخود دوورخستنەوە بەهەر هۆكارێك بێت، یانیش كەسانێكمان تەمەنیان چوەتە سەرو (65) ساڵ و خانەنشینكراون، هەروەها كۆمەڵێكیش هەیە ئیجازەی نەخۆشی و نەشتەرگەریان بۆ كراوە یاخود مۆڵەتی درێژخایەنی وەرگرتووە بەهۆی نەخۆشیەوە.
* تائێستا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك چەند شەهیدی داوە؟
ــ ئێمە نزیكەی (12) شەهیدمان هەیە و برینداریشمان هەیە، هەروەها خانەنشینیەكی زۆریشمان بۆ دەرچووە و چونەتەوە ماڵەوە.
* حكومەتی ناوەند تا چەند ئاگادارە لە كەمی كارمەند و پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك؟
ــ ئێمە چەندجارێك داوامان لە حكومەتی بەغدا كردووە و هەروەها پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاش داوایان كردووە و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش نوسراویان كردووە، بەڵام بەغدا وەڵامی نییە و دامەزراندن بۆ كەركوك ناكات.
* بەچەند پۆلیسی دیكە دەتوانرێت روماڵی تەواوی پارێزگای كەركوك بكرێت؟
ــ لە شاری كەركوك پێویستیمان بە (1000) پۆلیسی هاتوچۆیە تا بتوانین بە تەواوی كارەكانمان راپەڕێنین و یاساكانی هاتوچۆ زیاتر توندوتۆڵتر بكەین و كارەكانمان هەڵسوڕێنین.
* ماوەیەك بەهۆی بوونی چەكدار و باندەوە یاسا و رێساكانی هاتوچۆ پێشێڵ دەكرێت و ئۆتۆمبێلی جام رەش و بێ ژمارە بەدی دەكرێت، چیتانكردووە بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە؟
ــ ئێمە رۆژانە رووبەرووی سەرپێچی و پێشێڵكاری دەبینەوە و ساڵیانە و مۆڵەتیشیان لێ وەردەگرین، ئەوانەشی روبەروی كارمەندەكانمان بوونەتەوە و دەستدرێژیان كردوەتە سەر پۆلیسی هاتوچۆ دراونەتە دادگا و بەندكراون، بەڵام بەداخەوە دوای چەند رۆژێك بەكەفالەت دەرچوون و تەنها مانگی رابردوو سێ كەسمان داوەتە دادگا.
* لە ساڵانی رابردودا پۆلیسی هاتوچۆ لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە دەمانچەیان وەرگرت ئایا دەتوانن لەحاڵەتی نەخوازراو بەكاری بێنن؟
ــ بەڵێ؛ بۆیە پێیاندراوە تا بەرگری لە خۆیان بكەن، بەڵام ئێمە وا رامانهێناون تا مەترسی تەواو نەكەوێتە سەرژیانیان بەكاری نەهێنن و دەبێت ئارامیان هەبێت و لەسەر خۆبن، كاتێك شەڕی دوو هاوڵاتییە لەكاتی روداوێك دروست دەبێت، ئەو پۆلیسە بۆی نییە چەك راكێشێت بەڵكو تەنها لەكاتی بەرگری لەسەر ژیانی خۆیان دەتوانن دەمانچە دەربهێنن و یان داواكراوێك ئەگەر نەوەستێت ئەوا بۆیان هەیە و یاساش رێی پێداون تەقەی لێی بكەن.
* چەند ساڵێك لەمەوبەر لە نێو شەقام و گەرەكەكان ترافیك دروست كران، بەڵام ئێستا زۆربەیان كارناكەن و لەجێی ئەوە جاروبار پۆلیسی هاتوچۆ ئەو ئەركە رادەپەڕێنێت، بۆچی؟
ــ ئەو ترافیكانە كێشەكەی هاوبەشە و لە ئەندازەی هاتوچۆی شارەوانی كەركوكەوە دەبێت دروست بكرێن و كارەبای بۆ دابین بكرێت، بەڵام لەبەر كەمی كارەبا ئێمە زۆرجار خۆمان دەیان كوژێنینەوە و لەهەندێك جێگەش لەبەر كردنەوەی هاتوچۆ كارناكەن، بەگشتی كارەبای پێویستیان لەسەر نییە، ئێمە تەنانەت لە نێو فەرمانگەی خۆمان موەلیدەی تایبەت بە خۆمان بەكاردێنین.
* لە پرۆسەی دەركردنی ژمارە تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ ئۆتۆمبێلەكانی ژمارە كاتی كێشەی زۆر دروست دەكرێت، ئەمە بۆچی؟
ــ بەڵێ بەپێی بڕیار دەبێت ئۆتۆمبێلی (ژمارە كاتی) و ژمارە كۆن (تەئمیم) نەمێنێت و هەمو تابلۆی نوێیان بۆ بكرێت، لە نێو ژمارە كاتییەكان دوو جۆر هەن كە (ئەلیف) و (ئار)ـیان پێدەوترێت ئەوانیش هەمو دەبێت بكرێن بە ژمارە نوێكە كە ژمارەی (ئەڵمانی) پێدەوترێت، ئاشكرایە (ئار)ـەكان كێشەیان زیاترە، چونكە ئەمانە كاتی خۆی كە مامەڵەیان بۆ كراوە، نە نێردراون بۆ گومرك تا وێنە بدات و باج بدات، بەڵام ئەویشمان كەمێك بۆ هاوڵاتیان ئاسانكردووە و ئێستا لە جیاتی گومركی رەبیعە و شوێنی تر دەیان نێرینە گومركی كەركوك تا كارەكانیان تەواو بكەن، چونكە فەرمانە و دەبێت ژمارە هەمووی نوێكرێتەوە.




‌ 1455 جار بینراوه‌
3/4/2017 10:57:53 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved