»  چاوپێکەوتن
زانا رۆستایی؛ ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: جگە لە بەرەی توركمانی هیچ پەرلەمانتارێكی تری شیعەو سوننە لاریان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نییە
ئا/ رامان ساڵەیی




زانا رۆستایی؛ ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە كوتلە سیاسییەكان كار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كۆتایی مانگی چواری ساڵی (2018) دەكەن، تا لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت و هاوكات پێیوایە؛ تائێستا دەوڵەتی عێراق هیچ بڕیارێكی نییە بۆ ناساندنی پارێزگا هەڵەبجە وەك پارێزگا و ئەوەش رادەگەیەنێت:"جگە لە بەرەی توركمانی لە پەرلەمان، هیچ پەرلەمانتارێكی تری شیعە و سوننەكانیش لاریان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نییە".

* وادەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كەمی ماوە، چی كراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنێكی نوێ‌ بۆ كۆمسیۆن؟
ــ ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ماوەی شەش مانگی ماوە و سەرەتای مانگی (9) كاتی یاساییان تەواو دەبێت و پێویستە كۆمسیۆنێكی نوێ دەستبەكاربێت، هەر بۆیە ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەی شارەزایانی پێكهێناوە بۆ دیاریكردنی كۆمسیۆنێكی نوێ و جێگرەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران.
* بەو ماوە كەمەی لە بەردەستدایە، دەتوانرێت ئەنجومەنێكی نوێ‌ بۆ كۆمسیۆن دابمەزرێت و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە مانگی (9) بكرێت؟
ــ نەخێر فریا ناكەوین كە ئەنجومەنێكی نوێ‌ بۆ كۆمسیۆن پێكبهێنین و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە كوتلە سیاسییەكان كار بۆ ئەوە دەكەن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران یەكبخرێت، واتە دوابخرێت بۆ كۆتایی مانگی چواری ساڵی (2018).
* بۆچوونی لایەنە شیعی و سونیەكان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چیە؟
ــ حكومەت دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی نییە، بۆیە ئێستا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پەرلەمانە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەڵبژاردنەكە دوابخرێت، زۆربەی كوتلە سیاسیەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن بە جۆرێك لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، لەبەر سێ‌ هۆكار، یەكەم؛ دەستنیشانكردنی كۆمسیۆنێكی نوێ بۆ سەرپەرشتیكردنی كۆمسیۆن و دووەم؛ گەڕانەوەی بڕێكی زۆر پارە بۆ دەوڵەت، چونكە ئەو بڕە بودجەیەی لە دوو هەڵبژاردن خەرج دەكرێت، دەتوانرێت بە یەك بودجە خەرج بكرێت و سێیەم؛ بۆ هاوڵاتیان و حیزب و كاندیدەكانیش واباشترە یەك پرۆسە بەڕێوەبچێت لەوەی لە ماوەی ساڵێكدا دوو پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بۆیە زۆربەی كوتلە سیاسییەكان لە گفتوگۆكانی یاسای هەڵبژاردنەكان پێشنیازیان كردووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت بۆ كۆتایی مانگی نیسانی (2018)، ئەویش بە زیادكردنی مادەیەك لە یاساكە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
* لە 16ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەكرێت، پێت وانییە ناڕەزایەتی لێ بكەوێتەوە ئایا هیچ گرفتێك دروست دەبێت؟
ــ ئەگەر هاتوو بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن بە دەنگی تێكڕای كوتلە سیاسییەكانی پەرلەمان بدرێت، هیچ كێشەیەك دروست نابێت، چونكە بیانووەكانی دواخستنی هەڵبژاردن بەهێز و ڕەوان، بۆیە پێموانییە كێشە دروست بێت و تائێستاشدا هیچ كوتلەیەك بۆچوونی سلبیان لەسەر دواخستنی پرۆسەكە دەرنەبڕیووە.
* چارەنوسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك چی دەبێت، ئایا ئەمجارە هەڵبژاردن لە كەركوك دەكرێت یاخود وەك پێشوو بێبەش دەكرێت؟
ــ جگە لە بەرەی توركمانی پەرلەمان، هیچ پەرلەمانتارێكی تری شیعە و سوننەكانیش لاریان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نییە و ئەو چەند پەرلەمانتارەی بەرەی توركمانیش ناتوانن ببنە رێگر لە بەردەم یاساكە و بێبەشكردنی كەركوك لە پرۆسەكە، یاساكەش لە كەركوك و سەرجەم پارێزگاكانی تر وەك یەك جێبەجێ دەكرێت.
وەك لایەنە كوردییەكان رێگەدەدەن جارێكی كەركوك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بێبەش بكرێت؟
ــ نەخێر وەك لایەنە كوردییەكان رێگە نادەین و یەكدەنگین لەسەر ئەو پرۆسەیە و قبوڵ ناكەین كەركوك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بێبەش بكرێت.
* دەوترێت ئەو پرۆژە یاسایەی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رەوانەی پەرلەمانی كردووە، لە دژی كوردە، ئەمە تاچەند ڕاستە؟
ــ پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی پێشوش لە زیانی كورد بوو، بۆیە هاوپەیمانی كوردستانی لەكاتی پەسەندكردنی یاساكە پەرلەمانی بەجێهێشت و بایكۆتی كۆبونەوەكەی كرد، بەڵام عەرەبەكان بە زۆرینە پرۆژەیاساكەیان تێپەڕاند، زیانەكەش خۆی لەوەدا دەبینیەوە ئەگەر عێراق بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن بۆ كورد قازانجترە، چونكە دەنگە پەرت و بڵاوەكانی كورد كۆدەكرێنەوە، بەڵام دابەشكردنی عێراق بۆ (18) بازنە زیانی گەورە لە كورد دەدات، لەوانە، یەكەم؛ دەنگە بڵاوەكان كۆناكرێنەوە، دووەم؛ بەهای كورسیەكی پەرلەمانی لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر جیاوازی زۆر دەبێت، لە هەندێك پارێزگا نرخی كورسی كەمتر لە (20) هەزار دەنگ بووە، كەچی لە هەندێك پارێزگای هەرێم نرحی كورسی زیاتر لە (30) هەزار دەنگ بووە، ئەمەش نایەكسانییە، بۆیە ئەمساڵیش ئێمە وەك كوتلە كوردستانییەكان گفتوگۆمان لەناوخۆماندا كردووە بۆ ئەوەی بەجدی كاربكەین تا بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن، هەرچەند كارێكی ئاسان نییە، بەڵام هەوڵی تەواوی خۆمانی بۆ دەدەین.
* كورد زیاتر لە (10) ساڵە داوا دەكات عێراق بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بۆچی بەدیلی تر بۆ ئەم داواكارییەتان نادۆزنەوە؟
ــ ئەگەر یاساكە بە زۆرینە تێپەڕێندرێت و حیساب بۆ تەوافوقی نێوان پێكهاتەو لایەنەكان نەكرێت، عەرەبەكان دەتوانن بە زۆرینە پرۆژە یاساكە تێپەڕێنن و ئێمەش ناچارین بەشداری لە هەڵبژاردن بكەین، هەرچەند زیانمان بەردەكەوێت، تا بەشێكیش بین لە عێراق هیچ بەدیلێكی ترمان نییە.
* تاچەند لایەنە كوردییەكان پرۆژە یاساكەی سەرۆكایەتی كۆمار پەسەند دەكەن، كە لەلایەن راوێژكارێكی سەرۆك كۆمارەوە نوسراوە و سەر بەڕەوتی سەدرە؟
ــ پرۆژە یاساكە ئەمیر كنانی و خالید شوانی، راوێژكارانی یاسایی سەرۆك كۆمار نوسیویانە، ئەمەش لە ناو پەرلەمان گۆڕانكاری زۆری بەسەردا دێت و دەستكاری دەكرێت، بەڵام ئەوەی باسیان كردووە یەكێكە لە پێشنیازەكان، سەرجەم پێشنیازەكانی تریش بۆ دابەشكردنی كورسییەكان لایەنی باش و خراپی خۆیان هەیە و هیچ پێشنیازێكیش نییە (100%) راست و باش بێت یان (100%) خراپ بێت.
* هەڵەبجە لە ساڵی (2015)ـەوە لە یاسای بودجە وەك پارێزگا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت، ئایا لە یاسایی هەڵبژاردنیشدا حسابی پارێزگای بۆ دەكرێت و رێژەی كورسی بۆ دیاری دەكرێت؟
ــ دەبێت كۆمسیۆن لە كاتی دیاریكردنی پارێزگاكان ئەو بڕیارە بدات، چونكە لە ناو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی هیچ پارێزگایەك نەهێندراوە، شتێكی گشتی دادەنرێت، بەڵام دوای ئەوەی كۆمسیۆن دەست بەكارەكانی دەكات، لەبری ئەوەی عێراق بۆ (18) پارێزگا دابەش بكات دەبێت بیكاتە (19) پارێزگا و حیسابی پارێزگاش بۆ هەڵەبجە بكات، دەبێت لە رووی هونەریەوە بەشی هەڵەبجە لە نێو پارێزگای سلێمانی جیابكرێتەوە و بەپێی رێژەی دانیشتوانەكەی كورسی بۆ تەرخان بكرێت.
* وەك كورد هەوڵەكانتان چی دەبێت تا وەك پارێزگایەك كورسی بۆ هەڵەبجەش تەرخان بكرێت؟
ــ ئێمە وەك كوتلە كوردییەكان دەمانەوێت مەسەلەی پارێزگابوونی هەڵەبجە قوڵ بكەینەوە و لەسەرجەم رووەكانیشەوە رۆڵی پێبدرێت، تائێستا دەوڵەتی عێراق هیچ بڕیارێكی نییە بۆ ناساندنی پارێزگای هەڵەبجە وەك پارێزگا، هەرچەند ئەم كارە لە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانەو حكومەتی بەغداش لاریی نەبووە لەسەر ئەوەی ناوی هەڵەبجە لە یاسای بودجەش وەك پارێزگا بێت، بۆیە لە یاسایی هەڵبژاردنیش هەرچی پێویست بێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەیكەین، لەحاڵەتێكیشدا ئەگەر نەكرێت لەكاتی خۆیدا هەڵوێستمان دەبێت.
* لایەنی كورد پڕۆژە و بەرنامەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنێكی نوێی بۆ كۆمسیۆن چییە؟
ــ ئێمە لەسەر دوو هێڵ كاردەكەین، یەكێكیان بەپێی یاسا كۆنەكە ژمارە (11)ـی كۆمسیۆن ئەنجومەنێكی شارەزایان پێكهاتووە و دەستی بەهەوڵ و كۆبونەوەكانی كردووە بۆ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بەمەبەستی پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی نوێ، لەلایەكی تریش پرۆژە یاسایەك لەلایەن ئەندامانی لیژنەی یاسایی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، كە ئەم میكانیزمە بگۆڕدرێت و لەلایەن لیژنەی شارەزایانەوە ئەندامانی كۆمسیاران هەڵنەبژێردرێت، بەڵكو ئەندامانی كۆمسیاران خۆیان دادوەربن و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە دەستنیشان بكرێن و ئەوان جێگەی ئەو ئەنجومەنە بگرنەوە و هەروەها بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگاكانیش دادوەربن، هەرچەند دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق كەموكوڕی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەو ململانێ سیاسیەی هەیە لە دەسەڵاتەكانی باشترە و بێلایەن تر بوونە.
* ئایا شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمسیۆنی بێلایەن دەبێت، لە كاتێكدا كوتلە سیاسییەكان و حیزبەكان نوێنەر و ئەندامی خۆیان دەستنیشان دەكەن؟
ــ بۆ كۆمسیۆن داوا لە كوتلەكان ناكرێت نوێنەری خۆیان دیاری بكەن، بەڵكو بەمزوانە فۆرمێك لە هەموو میدیاكان بڵاودەكرێتەوە و بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق هەیە ئەو فۆرمە پڕبكەنەوە و سیڤی خۆیان رەوانە بكەن، دواتر لە رێگەی لیژنەی شارەزایانەوە باشترین كەس و سیڤی هەڵدەبژێرین، بە پاراستنی هاوسەنگی پێكهاتەكان دەیانگەیەنینە كۆمسیۆن، بەڵام لە ئەنجامدا ئەو كەسانەی دەمێننەوە رەچاوی پێكهاتەكان دەكرێت بەجۆرێك دەبێت دوو ئەندامیان كورد بێت و یەكێكیان مەسیحی بێت، توركمانێك و دوو كەسیان سوننە بن و سێ كەسیان شیعە بن، بەڵام بۆ ئەوەی بێلایەن بن، مەرجی ئەوە دانراوە پەیوەندیان بەهیچ حیزبێكی سیاسییەوە نەبێت، من وەك خۆم لە لیژنەی شارەزایان ئەندامم، ئەگەر بزانم هەر یەكێك لەو كاندیدانە پەیوەندی لەگەڵ حزبێكی سیاسیی هەیە و بەرپرسێكی باڵای حیزبێكە، ئێمە رێگە بەكاندیدبوونی نادەین.
* هاوڵاتیان بەگشتی لایەنگری حیزب و لایەنەكانن، كەسێك هەیە بێلایەن بێت تا ئێوە وەك ئەندامی كۆمسیۆن دیاری بكەن؟
ــ لە رووی سیاسیەوە هیچ كەسێك نییە بێلایەن بێت، چونكە هەموومان دەنگدەرین و دواجار دەنگ بە حیزب و لایەنێكی دیاریكراو دەدەین، بەڵام لەهەمانكاتیشدا رێژەیەكی زۆر خەڵك هەیە پەیوەندی رەسمی لەگەڵ هیچ حزبێك نییە، راستە بۆچوونی سیاسی هەیە و لەكاتی دەنگدان بەشداری دەكات، بۆیە مەبەستی ئێمە لەسەربەخۆیی و بێلایەنی ئەوەیە، كادرێكی پێشكەوتوو یان باڵای حزبێكی سیاسی نەبێت.
* كۆمەڵێك دۆسیەی گەندەڵی و كەمتەرخەمی درایە پاڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پەرلەمان هیچ بەرنامەیەكی بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن هەیە؟
ــ چەندینجار لە لیژنەی یاسایی ئەندامانی كۆمسیۆنمان بانگهێشتكردووە و پرسیارمان ئاراستەكردوون لەسەر ئەو بابەتانەی دەورورژێندرێن، بەڵام دۆسیەیەكی وامان دەستنەكەوتووە كە ببێتە مایەی لێپرسینەوە لێیان، بەڵام پەرلەمانتار ماجدە تەمیمی ئیستجوابێكی لە دژی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران پێشكەش كردووە، گوایە كۆمەڵێك بەڵگەی دەستكەوتووە دەیسەلمێنێت ئەو كۆمسیۆنە تێوەگلاوە لە گەندەڵی.








‌ 2551 جار بینراوه‌
3/4/2017 10:58:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved